دەرفەتێک بۆ ڕزگاربوونی ڕژیم ڕچاو ناکرێ….

0

عەزیز ئاجیکەند

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ قووڵترین قەیرانی مەشرووعییەت، ئابووری، سیاسی، ناوخۆیی و دەرەکی، دەست و پەنجە نەرم دەکات. تان و پۆی کۆمەڵگای ئێران، بە خەبات و بزووتنەوە و ناڕەزایی جەماوەری بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و ڕزگاری لە دەسەڵاتی فاشیستی ئایینی تەنراوە. ڕژیمی ئێران وەکوو حکوومەتی کوشت و بڕ و سەرکوتی خەڵکی ناڕازی زیاتر لە جاران ناسراوتر و کەوتۆتە پەراوێزەوە. بزووتنەوەی ڕووخانی حکوومەت و ئاخێز و ڕاپەرینەکانی خەڵک، مانگرتن و ناڕەزایی بەرین، وای لە دەسەڵاتی سیاسیی ئێران کردووە کە تەنها بە سەرکوت و کوشتن دەتوانێ دەسەڵاتی خۆی بپارێزێ. ڕژیمی ئێران دەبێ بڕووخێ و ڕێگەیکی بۆ ڕزگاری لەو چارەنووسە نییە. خامنەیی و ڕژیمەکەی لەگێژاوێکدا گیریان خواردووە کە دەرفەتێک بۆ ڕزگاربوونیان نابینندرێ. دەسەڵاتی ٤٧ ساڵەی ڕژێمی ئێران ژیان و داهاتووی زیاتر لە ٩٠ میلیۆنی کردووەتە قوربانیی سیاسەتە فاشیستییەکانی. 

ئەمڕۆ لە ئێران تەنانەت شرۆڤەکارانی حکوومەتیش ناتوانن حاشا لە بوونی بزووتنەوەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتیی بکەن کە خوازیاری نەمانی ئەم دەسەڵاتەیە. ئەم بزووتنەوەیە سەرەڕای سەرکوتی خوێناویی، بەڵام لە دامرکانەوەدا خۆی نابینێ و بڕیاری داوە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی یەکلایی کاتەوە. ئەوەی لە شەقامەکانی شارەکاندا دەیبیندرێ بەرخۆدان و سەرهەڵدانێکی شۆڕشگێرانەیە کە سەنگەر بە سەنگەر دەچێتە پێش بۆ شکانی بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتێکی پڕچەک و خوێنمژ. چەخماخەی شۆڕش و ململانێ لێدراوە و پاشەکشەی پێناکرێ. سازان و پاشەکشەی کۆماری ئیسلامیی و بە چۆک داهاتنیشی لە بەرانبەر ئەمریکا و زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکانیش ناتوانێ مانەوەی ڕژیم زەمانەت بکات. ئەمڕۆ“شەقام” بۆتە بەستێنی خەباتی پڕگوڕوتینی کچان و کوڕانی لاو و تازەلاو کە لەم ڕێژیمە بێزارن و دەخوازن ئەم ڕێژیمە بخەنە گۆڕستانی مێژووەوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری کەبەدوای هەڵاوسان و ناجێگیریی بێ‌وێنەی بازاڕی دراو و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا پێویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک دەستی پێکرد، لەڕاستیدا هەڵچوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی ٤٧ساڵی ڕابردووی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە دژبە دەسەڵاتی ئیسلامیی. تووڕەیی و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکە بەرانبەر بە داسەپاندنی هەژاری و برسییەتی، دیکتاتۆری و زەبر و زەنگ و سەرکوت و کوشتار. خەڵکی وەگیانهاتوو پشتێندیان توند کردووە کە بە کەمتر لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ڕازی نەبن. ئەم ئاخێزانە سات بە سات روو لە هەڵکشان دەکەن و جەماوەریتر و ڕێکخراوتر دەبن و بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن کە جەماوەرێکی زیاتر لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا بەرەو خۆیان ڕاکێش کەن . لە خۆپیشاندانەکانی ئێستادا، لاوان بەتایبەت ژنان بەشداری و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕێکخستن و بەکارهێنانی تاکتیکی مەیدانی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامییدا هەیە. کە ئەمەش خاڵی هەرە بەهێزی ئەم خۆپیشاندانانەیە. کوردستان و خەڵکی کورد پێگەیەکی تایبەتیان لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا هەیە. لێرە لە کوردستان، جەماوەر دژی داگیرکارین و سەنگەر بەسەنگەر لەگەڵ ڕژیم لەشەڕدان و لە بەرانبەر تاوانەکانی ڕێژیمدا نەک بێدەنگ نین بەڵکوو دەنگی هەر تاکێک ترسی مەرگ دەخاتە جەستەی کاربەدەستانی ڕژیم. لە کوردستان خەڵک یەکدەنگ و هاو ئاهەنگن و لە بەرانبەر پەلەقاژەی کۆماری ئیسلامییدا، خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزن. خەڵکی کورد پەیام و دەنگی خۆی گەیاندووەتە تاران و شێلگیرانە هەموو دەسەڵاتی کۆماری داگیرکەری ئیسلامیان کردووەتە ئامانج. شۆڕشی کوردستان هاواری ئینسانی سەردەمە. خەڵکی کوردستان دەسەڵاتی فاشیستیی ناوێ و ئازادی و خاوەن مافبوونی ژنان و ڕەگەزەکانی دیکە بە مەرجی ئازادیی خۆی دەزانێ. خەڵکی کورد خوازیاری دەسەڵاتی ئاینیی نین. کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی لە خەبات بۆ وەدەسهێنانی سەروەریی سیاسی و مافی چارەی خۆنووسیندا هەیە، لەم ڕێگە دووروودرێژەدا کوردستان خەباتێکی گەش و ڕوو لە پێشکەوتنی بووە و هەموو کاتێک پێشڕەوترین ئامانجە یەکسانیخوازانە و ئینسانییەکان تێیدا بەرچاو بووە. شۆڕشی یەکسانی لە کوردستان، لووتکەی گەشەی بزووتنەوەی کوردستانە بۆ بەردەوامی لە پێشەنگایەتیی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی. کوردستان بەردەوام ئامادەی شۆڕش و بەرخۆدانە و شێلگیرانە هاندەر و موژدەبەخش و دەنگی دلێری ڕزگاری، ئازادی و یەکسانیخوازی دەبێ تا لە گۆڕنانی داگیرکەران و ڕژیمە خوێنمژەکان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *