ئەنوەر حوسێن: کوردی ڕۆژهەڵات نابێت هەڵەکانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان دووبارە بکەنەوە
لە کاتێکدا ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی سیاسی، ئابووری و ئەمنی بووەتەوە و ملمـلانێکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل داهاتووی ناوچەکەیان خستووەتە بەردەم ئەگەرە جیاوازەکان، پرسی چارەنووسی کورد و ڕۆڵی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی تر بووەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆ و مشتومڕە سیاسییەکان.
لە نێوان ئەگەری ڕێککەوتن و بەردەوامبوونی ملمـلانێی سەربازی، پرسیارەکان لەسەر داهاتووی کۆماری ئیسلامی، ڕۆڵی سوپای پاسداران، کاریگەریی سیاسەتی ئەمریکا و توانای حیزبە کوردستانییەکان بۆ بەشداری لە گۆڕانکارییە سیاسییەکان زیاتر بوون.
هاوکات، پێکهاتنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ ئەو هیوایەی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا دروستی کرد، پرسیاری گرنگی لەبارەی یەکگرتوویی، جیاوازییە ئیدیۆلۆژییەکان، سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و پەیوەندیی ئەم هێزانە لەگەڵ زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان هێناوەتە ئاراوە.
دوو حەوتوونامەی دواڕۆژ بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتانە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ئەنوەر حوسێن، چاودێری سیاسی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، ئەنجام داوە.
ئەنوەر حوسێن لەم چاوپێکەوتنەدا بە ڕەخنەوە لە سیاسەتی ئەمریکا، ڕۆڵی تورکیا و ئیسرائیل و هەروەها هەڵوێستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڕوانێت. ئەو پێی وایە هاوپەیمانیی ئێستای حیزبە کوردستانییەکان، سەرەڕای گرنگیی پێکهاتنی، نەیتوانیوە بە تەواوی دەرفەتە سیاسییەکان بقۆزێتەوە. لە هەمان کاتدا، پێشنیاری دروستکردنی هاوپەیمانییەکی سیاسی لە نێوان ڕەوتە جیاوازەکانی کۆمەڵە دەکات و ئەوە بە هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێت.
تەوەری یەکەم: دۆخی ئێران و داهاتووی کۆماری ئیسلامی
دواڕۆژ: دۆخی ئێستای ئێران چۆن دەبینن؟ بە بڕوای ئێوە، لە بارودۆخی ئێستادا کێ بڕیاری سەرەکی لە ئێران دەدات و ئایا کۆماری ئیسلامی دەتوانێت لەم قەیرانە دەرباز بێت؟
ئەنوەر حوسێن: بە بڕوای من، دۆخی ئێستای ئێران لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ئێستا، ڕەنگە هیچ کاتێک بەم ئەندازەیە خراپ نەبووبێت. هۆکارەکەشی ئەو ملمـلانێ و شەڕ و ئاڵۆزییانەیە کە لە نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە هەیە، لەگەڵ ئەو فشار و گەمارۆ ئابوورییانەی خراونەتە سەر تاران.
من پێم وایە ئێران ناتوانێت بە ئاسانی بگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی پێش ڕووداوەکانی شوباتی ٢٠٢٦. ئێستا کۆماری ئیسلامی لە بەردەم دوو ئەگەری سەرەکیدایە.
ئەگەری یەکەم ئەوەیە کە ناچار بێت سازشێکی گەورە لەگەڵ ئەمریکا بکات. بەڵام بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، ئەم سازشە نرخی سیاسی و ئیدیۆلۆژییەکی زۆری هەیە. ئەوان دەزانن کە قبووڵکردنی مەرجەکانی واشنتۆن دەتوانێت بە مانای لەدەستدانی بەشێکی گرنگ لە دەسەڵات و ئامرازەکانی کاریگەرییان بێت.
لە هەمان کاتدا، ئەزموونی وڵاتانی وەک عێراق، لیبیا و سووریا لەبەر چاویانە و لە ڕووی ئیدیۆلۆژی و مەزهەبیشەوە، دەستبەرداربوون لەو بنەما و بیروباوەڕانەی کە دەسەڵاتیان لەسەر دامەزراوە، بۆیان کارێکی ئاسان نییە.
ئەگەری دووەم ئەوەیە کە ئەگەر سازش ڕوو نەدات، ئەمریکا فشارەکانی تا ئەو ئاستە بەردەوام بکات کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستەمی سیاسیی ئێراندا ڕوو بدات. ئەو گۆڕانکارییەش لەوانەیە لە سەرەتادا هەر لە ژێر ناوی کۆماری ئیسلامیدا بێت، بەڵام کەسانێک بێنە سەر کار کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەبەر چاو بگرن.
بە بڕوای من، ئەو شەڕ و قەیرانانەی ئێستا ڕوویان داوە، دەکرا لە سەرەتادا و لە ڕێگەی دانوستانەکانی عومانەوە ڕێگەیان لێ بگیرێت. کۆماری ئیسلامی دەیتوانی بە سازشێکی کەمتر لەوەی ئێستا لێی داوا دەکرێت، لەگەڵ ئەمریکا بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام ئەو دەرفەتەی لەدەست دا.
ئێستا داواکارییەکانی ئەمریکا تەنیا بە بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکەکان و هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا سنووردار نییە، بەڵکوو گەرووی هورمزیش بووەتە بەشێکی گرنگ لە ملمـلانێکە.
گەرووی هورمز دەروازەیەکی ستراتیژییە و ئەمریکا دەیەوێت کاریگەری و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییەدا زیاتر بکات. لەم ڕووەوە، ئێران ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر گەورە بووەتەوە.
سەبارەت بەوەی کێ ئێستا ئێران بەڕێوە دەبات، من پێم وایە سوپای پاسداران ڕۆڵی سەرەکی هەیە. ئەگەر مەبەست بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بڕیارە گرنگە ئەمنی و سیاسییەکان بێت، سوپا بەشێکی زۆر گەورە لە دەسەڵاتی لە دەستدایە.
بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەو گەمارۆ قورس و تاقەتپڕووکێنانەی ئەمریکا خستوونیەتە سەر ئێران، توانای دەسەڵات بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و پاراستنی دۆخی ئاسایی زۆر سنووردار کردووە.
لەبەر ئەوە، داهاتووی ئێران ڕوون نییە و هەرچی ئەم بارودۆخە زیاتر درێژە بکێشێت، بە بڕوای من زیاتر لە زیانی کۆماری ئیسلامی دەبێت. دەسەڵاتدارانی تاران تا ئێستا پاشەکشەی زۆریان کردووە، قوربانییان داوە و بەشێکی گرنگ لە کارت و ئامرازەکانی فشاریان لەدەست داوە.
هەروەها پێم وایە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و پاشەکشەی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی سێی تشرینی دووەم، بەو مانایە نییە کە واشنتۆن دەست لە سیاسەتی خۆی بەرامبەر ئێران و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبگرێت.
ئەو سیاسەتە تەنیا پەیوەندی بە ترامپ یان حیزبی کۆمارییەوە نییە، بەڵکوو بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکاوە گرێدراوە. من ئەمریکا بە زلهێزێک دەزانم کە شەڕ و ملمـلانێی سەربازی بەشێکی گرنگ لە سیاسەتی دەرەوەی پێک دەهێنێت.
تەوەری دووەم: ڕۆڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی ئێران
دواڕۆژ: بە بڕوای ئێوە، حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت چ سیاسەتێک پەیڕەو بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێراندا ڕۆڵێکی کاریگەرتر ببینن؟
ئەنوەر حوسێن: لە ڕاستیدا، بەو ئەندازەیەی من ئاگادارم، حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا نەخشەڕێگایەکی سیاسیی ڕوون و ئەجێندایەکی دیاریکراویان بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران نییە.
گوتاری سیاسیی ئەم حیزبانە لە زۆر شوێندا پڕە لە پارادۆکس و ناکۆکی. جگە لەو ڕەخنە باوەی کە دەگوترێت حیزبەکان یەکگرتوو نین، کێشەیەکی بنەڕەتیتر ئەوەیە کە هێشتا نەیانتوانیوە بە ڕوونی دیاری بکەن چییان دەوێت و بە چ ستراتیژییەک دەیانەوێت بگەنە ئامانجەکانیان.
بە بڕوای من، پێویستە ئەم حیزبانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و ئەو هێزە ئەورووپییانەی کە خوازیاری گۆڕانکاری لە ئێرانن، باشتر بکەن. بەڵام ئەم پەیوەندییانە نابێت تەنیا لە ئاستی حیزبی و تاکەکەسیدا بمێننەوە، بەڵکوو دەبێت لە چوارچێوەی ئەجێندایەکی هاوبەشی سیاسی و هاوپەیمانییەکی کاریگەردا ڕێک بخرێن.
پێکهاتنی هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوێکی باش بوو، بەڵام بەداخەوە ئەو هاوپەیمانییە تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵەی کە چاوەڕوان دەکرا ببینێت.
لە سەرەتاوەش دەرکەوت کە هێزەکانی ناو ئەم هاوپەیمانییە خاوەنی بیروبۆچوون و ئەجێندای جیاوازن. هەندێک جار وا دەردەکەوێت کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییە زیاتر ئەوە بووە کە بە ئەمریکا و هێزە دەرەکییەکان نیشان بدات کورد یەکگرتووە، نەک ئەوەی بەرنامەیەکی ڕوون بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابنێت.
من پێم وایە لە سەرەتای شەڕەکانی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، ئەمریکا چاوەڕوانییەکی زۆری لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو. واشنتۆن حسابی لەسەر ئەوە کردبوو کە ئەم هێزانە بتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە گۆڕانکارییەکاندا ببینن.
بەڵام بە هۆی ئاشکرابوونی بەشێک لە پلانەکان و دەستێوەردانی تورکیا، ئەو هەوڵانە نەگەیشتنە ئەنجامی چاوەڕوانکراو.
لە هەمان کاتدا، هەندێک لە حیزبەکان داوای دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین و زەمانەتی ئەمنییان لە ئەمریکا دەکرد. بە بڕوای من، حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت هەموو مەرجەکانی خۆی بەسەر زلهێزێکی وەک ئەمریکادا بسەپێنێت.
سیاسەت پێویستی بە ئامادەکاری، توانای خۆسەلماندن و قبووڵکردنی مەترسی هەیە. ئەگەر هێزێکی سیاسی دەیەوێت لە گۆڕانکارییەکی گەورەدا بەشدار بێت، دەبێت ئامادەی ئەوەش بێت کە بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکان لە ئەستۆ بگرێت.
بە بڕوای من، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی شەڕی چل ڕۆژەدا دەرفەتێکی گرنگیان هەبوو کە دەیانتوانی ڕۆڵێکی گەورەتر ببینن، بەڵام ئەو دەرفەتەیان بە تەواوی نەقۆستەوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەش ئەوەیە کە ئەم حیزبانە لە دوای پاشەکشەیان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاتنەخوارەوەیان لە قەندیل، زیاتر بوونەتە حیزبی ئۆردووگا. نەیانتوانیوە وەک هێزێکی کاریگەری مەیدانی توانای خۆیان نیشان بدەن.
لە سیاسەتدا هاوسەنگیی هێز زۆر گرنگە. ئەگەر هێزت هەبێت، دەتوانیت داواکارییەکانت بەهێزتر بخەیتە ڕوو. بەڵام ئەگەر تەنیا چاوەڕوانی ئەوە بیت کە هێزێکی دەرەکی هەموو شتێکت بۆ ئامادە بکات، ناتوانیت ڕۆڵێکی دیاریکەر ببینیت.
لە هەمان کاتدا، نابێت ڕۆڵی تورکیا لەبەر چاو نەگیرێت. تورکیا بە جدی هەوڵ دەدات ڕێگە نەدات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتەیەکی سیاسی و ئیداریی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق دروست بێت.
بە بڕوای من، تورکیا و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئامادەن سازشی گەورە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بکەن، بەڵام ڕێگە نەدەن کورد و نەتەوەکانی تری ئێران بگەنە پێکهاتەیەکی سیاسیی سەربەخۆ یان خۆبەڕێوەبەر.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، من پێم وایە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی کۆمەڵە و دێموکرات، هێشتا توانای ئەوەیان هەیە ڕۆڵێکی گرنگ لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا ببینن.
ئەم دوو ڕەوتە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی، مێژووی خەبات، کادر، ئەندام و بنەماڵەی شەهیدیان هەیە. ئەمانە سەرمایەیەکی گرنگی سیاسی و کۆمەڵایەتین.
بەڵام پێویستە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو فێر بن. نابێت هەڵەکانی دەیەی هەشتای زایینی دووبارە بکەنەوە، نابێت هەندێک لە هەڵەکانی حیزبەکانی باشووری کوردستان دووبارە بکەنەوە و نابێت بەبێ زەمانەت و دەستکەوتی سیاسی بچنە ناو دانوستانێکەوە کە لە کۆتاییدا هیچ شتێکیان دەست نەکەوێت.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و نابێت ئەزموونی پارچەکانی تری کوردستان بە هەمان شێوە دووبارە بکاتەوە. بەڵام دەتوانێت لە هەڵەکانیان فێر بێت و بە ئەجێندایەکی ڕوونترەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێت.
تەوەری سێیەم: خاڵە بەهێز و لاوازەکانی هاوپەیمانیی حیزبە کوردستانییەکان
دواڕۆژ: هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەنگاوێکی گرنگ لە مێژووی هاوکاریی سیاسی ئەم هێزانە دادەنرێت. بە بڕوای ئێوە، خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم هاوپەیمانییە چین و چۆن دەتوانرێت کاریگەرتر بکرێت؟
ئەنوەر حوسێن: خاڵی بەهێزی ئەم هاوپەیمانییە ئەوە بوو کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕوانی هەنگاوێکی لەم جۆرە بوون. پێکهاتنی هاوپەیمانییەکە لە بارودۆخێکی سیاسیی تایبەتدا ڕووی دا و توانی هیوایەک لە ناو کۆمەڵگەدا دروست بکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەم هاوپەیمانییە زۆر درەنگ پێک هات.
دەکرا دوو، پێنج یان تەنانەت دە ساڵ پێش ئێستا ئەم هێزانە هاوپەیمانییەکی سیاسیی بەهێز دروست بکەن. دەکرا بارەگایەکی هاوبەشیان لە دەرەوەی وڵات هەبێت، میدیایەکی بەهێز و هاوبەش دروست بکەن، لە ڕووی ئیدارییەوە هاوکاری بکەن و تەنانەت بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەش بەرنامەیەکی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام ئەم کارانە لە کاتی خۆیدا نەکران و کاتێک هاوپەیمانییەکە پێک هات، ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکان پێشتر گەیشتبوونە قۆناغێکی هەستیار، لەگەڵ ئەوەشدا، من پێم وایە بۆ کارێکی باش هەرگیز زۆر درەنگ نییە.
کێشەی بنەڕەتیی ئەم هاوپەیمانییە ئەوەیە کە هێزەکانی ناوی لە ڕووی سیاسی و ئیدیۆلۆژییەوە هاوشێوە نین. کۆمەڵە و دێموکرات مێژوویەکی پڕ لە ملمـلانێ و ناکۆکییان هەیە. لە ناو ڕەوتەکانی کۆمەڵەشدا کێشەی جیابوونەوە و جیاوازیی بیروبۆچوون هەیە.
پژاک بە هۆی پەیوەندیی فکری و سیاسیی لەگەڵ ڕەوتی پارتی کرێکارانی کوردستان، جۆرێکی جیاواز بیر دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا، سەبارەت بە ڕۆڵ و پەیوەندیی ڕێکخراوی خەبات لەگەڵ موجاهیدینی خەلقیش ڕەخنە و پرسیار هەیە.
ئەم هەموو جیاوازییە سیاسی و ئیدیۆلۆژییانە لە ناو هاوپەیمانییەکەدا ڕەنگیان داوەتەوە و بوونەتە هۆی دروستبوونی پارادۆکس و ناکۆکی.
بۆ نموونە، کاتێک یەکێک لە ڕابەرانی پژاک گوتارێک دەخاتە ڕوو کە پەیوەندی بە پرسی ئینتیگراسیۆن و بیروباوەڕەکانی ڕەوتی پەکەکەوە هەیە، ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە هەمان گوتار خواستی کۆمەڵە، دێموکرات یان ڕێکخراوی خەباتیشە.
ئەم جیاوازییانە کێشە دروست دەکەن، بە تایبەتی کاتێک هاوپەیمانییەکە نەیتوانێت گوتار و ئەجێندایەکی هاوبەش دیاری بکات.
هەروەها ئەم هێزانە نەیانتوانیوە تەنانەت لە ئاستێکی هێماییشدا هێزی پێشمەرگەیان یەک بخەن. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا لە کێشە مێژووییەکانیان دەرباز نەبوون.
لە ناو ئەم حیزبانەدا هێشتا بیرکردنەوەی ئەوە هەیە کە کام حیزب یەکەمە و کام حیزب دووەمە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم هاوکاریی سیاسی.
خاڵێکی تری لاوازی ئەوەیە کە هاوپەیمانییەکە لە ژێر کاریگەریی ڕووداوەکانی شوبات و شەڕی چل ڕۆژەی ئێران و ئەمریکادا پێک هات. لە کاتێکدا پێویست بوو ئەم هاوپەیمانییە بە شێوەیەکی ئاسایی، لەسەر بنەمای گفتوگۆ و بەرنامەی سیاسی، پێک بهاتبایە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم کێشانە، بوونی ئەم هاوپەیمانییە باشترە لە نەبوونی.
ئەگەر بتوانێت ئەجێندایەکی ڕوون هەبێت، دەتوانێت وەک نوێنەر و قسەکەری هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕۆڵ ببینێت، بەڵام من پێم وایە ئەم هاوپەیمانییە نابێت هیچ جۆرە هاوپەیمانییەکی سیاسی و ستراتیژی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت. بە بڕوای من، نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل مەترسییەکانی بۆ بزووتنەوەی کورد زیاترە لە دەستکەوتەکانی.
من پێم وایە سیاسەتی بنیامین ناتانیاهۆ بەرامبەر پرسی کورد زیاتر لە چوارچێوەی گوتارێکی پۆپۆلیستیدایە و نابێت حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چارەنووسی خۆیان بەو سیاسەتەوە ببەستنەوە.
لە هەمان کاتدا، هاوپەیمانییەکە نابێت هەموو هێلکەکانی بخاتە یەک سەبەتە، واتە هەموو چاوەڕوانییەکانی لە ئەمریکا بێت.
ئەمریکا نایەت هەموو کارەکانی کورد بۆ ئەنجام بدات، کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت و هەرێمێکی سیاسی بۆ کورد دروست بکات. حیزبەکان خۆیان دەبێت ئامادەکاری بکەن، گوتارێکی ڕوونیان هەبێت و بتوانن لە ڕووی سیاسی و ڕێکخراوەییەوە توانای خۆیان نیشان بدەن.
هاوپەیمانییەک کە تەنیا بەیاننامە دەربکات، بەڵام نەخشەڕێگا و بەرنامەیەکی ڕوونی نەبێت، ناتوانێت لە گۆڕانکارییە گەورەکاندا ڕۆڵێکی دیاریکەر ببینێت.
هەروەها پێویستە دەرگای هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکە کراوە بێت، لەوانە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هێزە سیاسییەکانی تر.
هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی و سیاسی نابێت تەنیا بە چەند حیزبێکی دیاریکراو سنووردار بێت. دەبێت بتوانێت هێزە بچووک و گەورەکان لەسەر بنەمای ئەجێندایەکی هاوبەش کۆ بکاتەوە.
هاوپەیمانیی کۆمەڵەکان؛ پێشنیارێک بۆ هاوسەنگیی سیاسی
دواڕۆژ: ئێوە ڕەخنە لە ناکۆکییەکانی ناو هاوپەیمانییەکە دەگرن. ئەگەر ئەم هاوپەیمانییە نەتوانێت بە شێوەی ئێستای بەردەوام بێت، چ ئەڵتەرناتیڤێک پێشنیار دەکەن؟
ئەنوەر حوسێن: ئەگەر هاوپەیمانیی ئێستا نەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەردەوام بێت، دەتوانرێت هاوپەیمانییەکی سیاسی لە نێوان کۆمەڵە و دێموکرات دروست بکرێت.
ئەگەر ئەمەش نەکرا، من پێم وایە یەکێک لە ئەگەرە گرنگەکان دروستکردنی هاوپەیمانییەکی سیاسی لە نێوان ڕەوتە جیاوازەکانی کۆمەڵەیە.
کۆمەڵەکان، سەرەڕای هەموو ناکۆکی و جیابوونەوەکانیان، خاوەنی مێژوویەکی هاوبەشن. بەشێکی زۆر لە بنەما سیاسی و فکرییەکانیان لە یەک نزیکە. کادر، پێشمەرگە، شەهید، بنەماڵە و ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتیی هاوبەشیان هەیە.
بە بڕوای من، هاوپەیمانییەک لە نێوان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و بەشێک لە ڕەوت و کەسایەتییە مێژووییەکانی ئەم بزووتنەوەیە، دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ ببینێت.
ئەم هاوپەیمانییە دەتوانێت بە بنەمایەک بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە ڕابردوودا هاوسەنگییەکی سیاسی لە نێوان کۆمەڵە و دێموکراتدا هەبوو، بەڵام بە هۆی جیابوونەوەکانی ناو کۆمەڵە، ئەو هاوسەنگییە تێکچووە.
ئەگەر کۆمەڵەکان بتوانن لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سیاسیی هاوبەشدا کۆ ببنەوە، دەتوانن ئەو هاوسەنگییە تا ڕادەیەک بگەڕێننەوە.
ئەمە بەو مانایە نییە کە هاوپەیمانیی کۆمەڵەکان دەبێت ببێتە بەرەیەک دژی حیزبی دێموکرات. بە پێچەوانەوە، دەتوانێت لەگەڵ دێموکرات و هێزەکانی تر هاوپەیمانییەکی فراوانتر و بەهێزتر دروست بکات.
کێشەیەکی گرنگی ئێستای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە هاوسەنگیی هێز لە نێوانیاندا ڕوون نییە. هەندێک حیزب خۆیان بە هێزی یەکەم دەزانن و هەندێکی تر هەوڵ دەدەن کاریگەریی خۆیان فراوانتر بکەن.
هاوپەیمانیی کۆمەڵەکان دەتوانێت ئەم هاوسەنگییە ڕێک بخاتەوە و ڕێگە لەوە بگرێت کە یەک هێز بە تەنیا خۆی بە نوێنەری سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزانێت.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوەش، کۆمەڵەکان پێگەیەکی هاوبەشیان هەیە. بۆ نموونە، لە شارەکانی وەک سنە، سەقز و مەهاباد، هەر یەکێک لە ڕەوتەکانی کۆمەڵە دەتوانێت بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی ڕەوتەکانی تری کۆمەڵە لە دەوری پەیامێکی سیاسی کۆ بکاتەوە.
ئەم نزیکییە کۆمەڵایەتییە لە نێوان کۆمەڵە و هێزەکانی تردا بە هەمان ئەندازە بوونی نییە.
بۆیە من پێم وایە هاوپەیمانیی کۆمەڵەکان واقیعیتر و نزیکترە لە ڕووی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە.
بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم هاوپەیمانییە سەربەخۆ بێت. نابێت وابەستەی هیچ هێزێکی سیاسی لە باشووری کوردستان، پەکەکە، موجاهیدینی خەلق یان هێزێکی ناوچەیی بێت.
دەتوانێت لەگەڵ ئەمریکا یان هێزە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەجێندایەکی دیاریکراو ڕێک بکەوێت، بەڵام نابێت بڕیاری سیاسیی خۆی بداتە دەست هیچ لایەنێکی دەرەکی.
هەر هاوپەیمانییەکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵکی ڕۆژهەڵات دروست بێت، نەک لەسەر بنەمای ئەجێندای هێزەکانی دەرەوە.
تەوەری چوارەم: سیناریۆکانی شەش مانگی داهاتووی ئێران و کوردستان
دواڕۆژ: بە بڕوای ئێوە، نزیکترین سیناریۆ بۆ ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان لە شەش مانگی داهاتوودا چییە؟ ئایا ئەگەری ڕێککەوتن زیاترە یان بەردەوامبوونی شەڕ و گۆڕانکاریی سیاسی؟
ئەنوەر حوسێن: بە بڕوای من، ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێران سازش لەگەڵ ئەمریکا نەکەن، ئەگەری ئەوە زۆرە کە ئەم ملمـلانێیە لە ڕێگەی شەڕەوە یەکلا بکرێتەوە.
بەڵام ئەگەر سازش بکەن، لەوانەیە گۆڕانکارییەکی سیاسی لە ناو سیستەمەکەدا ڕوو بدات؛ بۆ نموونە لە ڕێگەی کودەتایەکی سپی یان هاتنەسەرکاری کەسانێک کە بتوانن لەگەڵ ئەمریکا ڕێک بکەون.
من پێم وایە ئەمریکا زیاتر حەزی لە سیناریۆیەکی هاوشێوەی ڤەنزوێلا هەیە؛ واتە گۆڕانکاری لە سەرەوەی دەسەڵاتدا، بەبێ ئەوەی هەموو پێکهاتەی دەوڵەت تێک بچێت.
هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەمریکا نایەوێت ئەزموونی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە ئێران دووبارە ببێتەوە.
عێراق دوای زیاتر لە دوو دەیە لە ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، سەرەڕای داهاتی گەورەی نەوت، هێشتا ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی، ئابووری و خزمەتگوزارییە. بەغدا و زۆرێک لە پارێزگاکانی باشووری عێراق هێشتا لە کێشەی گەورەی ژێرخان و بەڕێوەبردندا دەناڵێنن.
بۆیە من پێم وایە ئەمریکا نایەوێت ئێران بگاتە ئەو دۆخەی کە هەموو دامەزراوەکانی تێک بچن و وڵات بکەوێتە ناو ئاژاوەیەکی فراوانەوە.
چونکە ئەگەر ئێران تووشی ئەو دۆخە ببێت، دەکرێت هێزە ناوچەییەکان دەستێوەردان بکەن، کورد، بەلووچ، عەرەب و نەتەوەکانی تر داواکارییەکانیان بخەنە ڕوو و تورکیا، عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات و ئیسرائیل هەر یەکەیان بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان دەستێوەردان بکەن.
ئەمریکا لەوانەیە ئەوە بە مەترسییەک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بزانێت.
لەبەر ئەوە، ئەگەری گۆڕانکارییەکی کۆنترۆڵکراو لە سیستەمی سیاسیی ئێراندا بە بڕوای من یەکێکە لە سیناریۆ گرنگەکان.
بەڵام بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە سیستەمی سیاسیی ئێرانەوە نییە. گەرووی هورمز و سەرچاوەکانی وزە ڕۆڵێکی بنەڕەتییان لەم ملمـلانێیەدا هەیە.
گەرووی هورمز تەنیا ڕێڕەوێکی ئاویی نییە، بەڵکوو خاڵێکی ستراتیژییە بۆ بازرگانیی جیهانی، گواستنەوەی نەوت و گاز و ملمـلانێی ئەمریکا و چین.
بە بڕوای من، ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچەیەوە کاریگەریی خۆی بەسەر ڕێڕەوەکانی وزە و بازرگانیی چینەوە زیاد بکات.
هەروەها پڕۆژەکانی گواستنەوە و بازرگانیی چین، لەوانە ڕێگای ئاوریشمی نوێ، بەشێکن لە ئەو ملمـلانێیە ستراتیژییە.
چین دەیەوێت لە ڕێگەی پاکستان، ئێران، دەریای قەزوین، قەفقاس و ئاسیای ناوەڕاستەوە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ئەورووپا فراوان بکات. ئەمریکاش دەیەوێت کاریگەریی خۆی بەسەر ئەم ڕێڕەوانەدا بپارێزێت.
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوە گەورەکانی نەوت و گازی ئێران، عێراق و وڵاتانی کەنداو گرنگییەکی ستراتیژییان بۆ زلهێزەکان هەیە.
بۆیە من پێم وایە ئەمریکا بە ئاسانی دەست لەم ملمـلانێیە هەڵناگرێت.
ئەو هێز و سەرباز و ئامرازە سەربازییانەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاوەکانی کەنداو کۆی کردوونەتەوە، تەنیا بۆ نیشاندانی هێز نین، بەڵکوو بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و ئیمتیازی ستراتیژین.
لە ڕووی ئابوورییەوەش، ئەم شەڕ و ملمـلانێیە زیانێکی گەورەی بە ئێران، ئەمریکا و ئابووریی جیهانی گەیاندووە. من پێم وایە ئەو تێچووانەی کە تا ئێستا هەبوون، نیشان دەدەن کە ئەمریکا بێ بەدەستهێنانی ئامانجە سەرەکییەکانی بە ئاسانی پاشەکشە ناکات.
بە بڕوای من، هەر سەرکەوتنێکی ستراتیژیی ئەمریکا لەم ملمـلانێیەدا بە مانای پاشەکشەیەکی زیاتر بۆ کۆماری ئیسلامی دەبێت.
بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە خەڵکی ئێران و ناوچەکە نەبنە قوربانیی زیاتر.
تەوەری پێنجەم: داهاتووی سیاسیی کورد لە ئێران و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
دواڕۆژ: بە بڕوای ئێوە، داهاتووی سیاسیی کورد لە ئێران و ناوچەکە بە چ هۆکار و گۆڕانکارییانەوە گرێدراوە؟ ئایا دۆخی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەتێکی نوێ بۆ کورد دروست دەکات یان مەترسییەکان زیاتر بوون؟
ئەنوەر حوسێن: بە بڕوای من، داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە ئەو گۆڕانکارییانەوە گرێدراوە کە لە دوای شەڕەکانی شوباتی ٢٠٢٦ لە ئێران و ناوچەکەدا ڕوویان داوە.
چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کۆماری ئیسلامی لەم قەیرانەدا چۆن دەردەچێت.
ئەگەر ئێران بتوانێت هێز و دەسەڵاتی خۆی بگەڕێنێتەوە و بگاتە دۆخی پێشووی، ئەوە بە بڕوای من دەبێتە هۆی پاشەکشەی زیاتر بۆ بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە کە فشارەکان بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان زیاتر ببن و ئەم هێزانە ڕووبەڕووی سنووردارکردنەوەی زیاتری چاڵاکییەکانیان ببنەوە، بەڵام بە گشتی، من دۆخی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە باش نابینم.
ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان نموونەیەکی گرنگە. لەوێ، هێزە کوردییەکان لە ساڵی ٢٠١١ەوە توانییان بەشێکی گرنگ لە ناوچەکانی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن و پێکهاتەیەکی سیاسی و سەربازی دروست بکەن.
بەڵام بە بڕوای من، بەشێک لە هەڵە سیاسییەکانیان و وابەستەبوونیان بە سیاسەتی پەکەکە، بووە هۆی ئەوەی ئەو ئەزموونە تووشی پاشەکشەیەکی گەورە ببێت.
من پێم وایە ئەو هێزانە نەیانتوانی لە کاتی گونجاودا سیاسەتێکی سەربەخۆ و واقیعی پەیڕەو بکەن.
هەروەها نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل، بە بڕوای من، یەکێک لەو هۆکارانە بوو کە نیگەرانیی تورکیای زیاتر کرد.
دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە هەشتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، هاوسەنگیی هێز لە سووریا گۆڕا و تورکیا هەوڵی دا کاریگەریی خۆی لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە زیاد بکات.
بە بڕوای من، ڕێککەوتن و سازشەکانی نێوان تورکیا، دەسەڵاتی نوێی سووریا و هێزە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا، کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر دۆخی کورد لە ڕۆژئاوا هەبوو.
من پێم وایە ئەمریکا لە نێوان بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و دەسەڵاتی نوێی سووریا لە لایەک و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە لایەکی ترەوە، بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی پێشخست.
ئەنجامی ئەو سیاسەتەش بە بڕوای من پاشەکشەیەکی گەورە بوو بۆ ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەم ئەزموونە دەبێت وانەیەکی گرنگ بێت بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە باشووری کوردستانیشدا بارودۆخەکە ئاسان نییە. ملمـلانێی نێوان پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکنەخستنی هێزی پێشمەرگە و ناکۆکییە سیاسییەکان، هەرێمی کوردستانیان لاواز کردووە.
بە بڕوای من، ئەمریکا لە سەرەتای شەڕی ئێراندا چاوەڕوانییەکی لە هێزەکانی باشووری کوردستان هەبوو، بەڵام ئەو هێزانە ئامادە نەبوون بەو شێوەیەی واشنتۆن دەیویست بەشدار بن.
ئەمەش کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان داناوە.
لە هەمان کاتدا، حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات دەسەڵاتی ناوەندی بەهێزتر بکات و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا فراوانتر بکات.
هەندێک لە سیاسەتمەدارانی باشووری کوردستان پشت بە دەستووری عێراق دەبەستن و دەڵێن مافەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا پارێزراون.
بەڵام من پێم وایە دەستوور تەنیا کاتێک بەهای ڕاستەقینەی هەیە کە دەسەڵات لە دەستی هێزێکی دێموکراتیکدا بێت و ڕێز لە بنەماکانی بگرێت.
ئەگەر دەسەڵات لە دەستی هێزێکی میلیشیایی یان تۆتالیتاردا بێت، نووسینی مافەکان لە دەستووردا بە تەنیا ناتوانێت زەمانەتی پاراستنیان بکات.
مێژووی پەیوەندیی نێوان ئەریتریا و ئەسیوپیا نموونەیەکە کە دەکرێت لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بکرێت. کاتێک هاوسەنگیی هێز لە نێوان دوو لایەندا یەکسان نەبێت، دەستوور بە تەنیا ناتوانێت مافە سیاسییەکان بپارێزێت.
بە بڕوای من، ئەگەر کۆماری ئیسلامی لاوازتر ببێت، ڕەنگە هەرێمی کوردستان بتوانێت بۆ ماوەیەکی تر دۆخی خۆی بپارێزێت. بەڵام ئەگەر ئێران وەک هێزێکی کاریگەری ناوچەیی بگەڕێتەوە، ئەوە فشارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن.
چونکە ئێران بەردەوام هەرێمی کوردستانی بە بەشێک لە کێشە ئەمنی و ستراتیژییەکانی خۆی زانیوە.
لە باکووری کوردستانیشدا دۆخەکە جێگەی نیگەرانییە. ئەو پرۆسەیەی تورکیا بە ناوی «تورکیای بێ تیرۆر» پێناسەی دەکات، بە بڕوای من هێشتا نەیتوانیوە دەستکەوتێکی سیاسیی ڕوون بۆ خەڵکی کوردستان بەدی بهێنێت.
پەکەکە لە ماوەی نزیکەی پێنج دەیەدا خەباتێکی درێژخایەنی کردووە، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا پاشەکشەیەکی گەورەی کردووە و نەیتوانیوە بە ئەندازەی ئەو قوربانییانەی دراون، مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بەدەست بهێنێت.
بە گشتی، من پێم وایە دۆخی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا ڕووبەڕووی قەیران و مەترسییەکی گەورە بووەتەوە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە زلهێزەکان و هێزە ناوچەییەکان هەوڵ دەدەن دەوڵەتە ناوەندییەکان بەهێزتر بکەن و ڕۆڵی هێزە نادەوڵەتییەکان سنووردار بکەن.
ئەم ئاراستەیە دەتوانێت کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بزووتنەوە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کوردستان هەبێت.
لەبەر ئەوە، من پێم وایە هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێویستییان بە نزیکبوونەوە، هاوکاری، سەربەخۆیی سیاسی و دانانی ئەجێندایەکی ڕوون هەیە.
کورد نابێت تەنیا چاوەڕوانی بڕیارەکانی زلهێزەکان بێت، بەڵکوو دەبێت خۆی بتوانێت بەرژەوەندییەکانی دیاری بکات و بۆ پاراستنیان ستراتیژییەکی واقیعی هەبێت.
هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی پێویستی بە توانای ڕێکخراوەیی، سازان لەگەڵ هێزەکان و ئامادەبوون بۆ قبووڵکردنی مەترسییە سیاسییەکان هەیە.
لە کۆتاییدا، ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە کە حیزبەکانی کوردستان بتوانن لە ئەزموونەکانی ڕابردوو فێر بن و لە جیاتی وابەستەبوون بە ئەجێندای هێزە دەرەکییەکان، بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بکەنە بنەمای بڕیارە سیاسییەکانیان.
