لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتییەوە بۆ سەروەریی نیشتمانی؛ ڕۆژهەڵات لە نێوان ئەنتێگراسیۆنی بەزۆر و پێویستیی پرۆژەیەکی هاوبەشدا
بێگەرد سووزەنی
یادمانی مامۆستا جەلال مەلەکشا، دەرفەتێک بوو بۆ بیرکردنەوە لەو پرسیارانەی کە ساڵانێکە چارەنووسی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە. مامۆستا جەلال و شاعیرانی هاو تەمەن و هاو خەباتی ئەو لە ڕێگەی وشە و هەڵوێستەکانییەوە، بەشێک بوون لەو هزری نەتەوەییەی کە هەمیشە لە بەرامبەر سڕینەوەی ناسنامە، داگیرکاری و سەپاندنی بێدەنگیی سیاسی و کولتووریدا وەستاوەتەوە. بۆیە ئەم یادەوەرییە دەبێ زیاتر لە ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوە بێ؛ دەبێ ببێتە هۆی هەڵسەنگاندنەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەمڕۆمان.
ئەمڕۆ ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە گوتاری نوێی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتدا دەیبینین، نیشانەی بزووتنەوەیەکی گرینگی وشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. خەڵکی ڕۆژهەڵات، ئەوەندەی پێویستە، هۆشیار و تێگەیشتوون؛ کێشەکەیان نەبوونی تێگەیشتن لە مافەکانیان نییە، بۆیە پێویستییان بە وانەوتنەوەی سیاسی و فێرکردنیان نییە کە چۆن بیر بکەنەوە. ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێ، دەربڕینی وشیارییەکی کۆمەڵایەتییە کە بە ئەزموونی مێژوویی، خەبات، قوربانی و هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ.
لە بەرامبەر ئەم وشیارییەدا، ئەوەی جێگای نیگەرانییە، هەوڵی سەپاندنی ئەنتێگراسیۆنێکی سیاسییە کە بە ناوی یەکگرتن و تێکەڵبوونەوە، لە بنەڕەتدا دەیەوێ سنووری ماف و خواستی سیاسیی کورد لە چوارچێوەیەکی دیکەدا دیاری بکا. ئەنتێگراسیۆن، ئەگەر بە مانای توانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی، پشتگوێخستنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و قبووڵکردنی چوارچێوەیەکی سیاسیی سەپێنراو بێ، نە دەروازەیەکی بۆ ئازادییە و نە چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد؛ بەڵکوو بەردەوامکردنی هەمان پەیوەندیی نایەکسانە بە شێوەیەکی نوێ.
بەڵام نابێ لە ڕەخنەگرتن لەو هەوڵانەدا، کێشەیەکی گرینگتر لە ناو خۆماندا پشتگوێ بخەین: نەبوونی پرۆژەیەکی هاوبەش و دیدگایەکی نیشتمانیی ڕوون و یەکگرتوو.
ئەو هاوپەیمانییەی لەم دواییانەدا لەلایەن هەندێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕایگەیەندرا، بە هیوایەکی گرینگ لەناو کۆمەڵگەدا پێشوازیی لێکرا. خەڵک چاوەڕوانییان هەبوو و هێشتاش هەیانە؛ چونکە لە قۆناغێکی هەستیاردا، هاوپەیمانیی سیاسی دەتوانێ هیوایەکی نوێ بۆ داهاتوو دروست بکات. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هاوپەیمانی تەنیا بە ڕاگەیاندن و هەڵبژاردنی ناوێکی هاوبەش دروست نابێ. ئەوەی خەڵک پێویستی پێیەتی، ناوی هاوپەیمانی نییە؛ ناوەڕۆک، بەرنامە، میکانیزمی بڕیاردان، ڕوونیی سیاسی و کردارێکی هاوبەشە.
هاوپەیمانییەک کە لەگەڵیدا ناکۆکییە بنەڕەتییەکان چارەسەر نەکرابن، جیاوازییەکان بە شێوەیەکی دیموکراتیک بەڕێوە نەبرابن و هیچ دیدگایەکی هاوبەش بۆ چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵات نەخرابێتە ڕوو، ناتوانێت تەنیا بە هێمای یەکگرتن ببێتە هۆی متمانەی جەماوەری.
پێویستە ئەو حیزبانە لە خۆیان بپرسن: ئایا ئەم هاوپەیمانییە بۆ وەڵامدانەوەی چاوەڕوانییەکانی خەڵکە، یان تەنها ڕێککەوتنێکە بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان؟ ئایا لەسەر پرۆژەیەکی سیاسیی هاوبەش ڕێککەوتوون، یان تەنیا لەسەر ناو و فۆڕمێکی هاوبەش؟ ئایا خەڵک لە بڕیارداندا هاوبەشن، یان تەنها لە کاتی ڕاگەیاندن و پێشکەشکردنی پەیامەکاندا بانگهێشت دەکرێن؟
ئەم پرسیارانە ڕەخنەی تاکەکەسی نین؛ پێویستییەکی سیاسی و نیشتمانیین. چونکە ئەوەی ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات دەیەوێ، تەنیا یەکگرتنی حیزبەکان نییە؛ بەڵکوو یەکگرتن لەسەر بنەما و ئامانجەکانە. یەکگرتنێک کە تێیدا جیاوازیی بیر و ڕەوتە سیاسییەکان بە هەڕەشە نەبینرێن، بەڵکوو بە سەرمایەیەکی دیموکراتیک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ.
لە هەمان کاتدا، نابێ لەبیرمان بچێ کە مافی دیاریکردنی چارەنووس و سەروەریی سیاسیی کوردستان، بابەتێکی تاکتیکی یان کەرەستەیەکی دانوستان نییە کە لە کاتی پێویستدا بتوانرێ لێی دەستبەردار ببین. هەوڵدان بۆ داڕشتنەوەیەکی نوێی پەیوەندییە سیاسییەکان، گفتوگۆ لەگەڵ واقیع و هەڵسەنگاندنەوەی ئەزموونە مێژووییەکان، پێویستە؛ بەڵام هیچ نوێکردنەوەیەک نابێت بە نرخی لەدەستدانی مافە ڕەواکانی گەلێک تەواو بێت کە خاوەنی مێژوو، خاک، ناسنامە و مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیەتی.
لە کۆتاییدا، ئازادیی ناوخۆیی، دیموکراسیی شورایی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی تاک، تەنیا کاتێک دەتوانن ببنە بنەمایەکی پایەدار بۆ داهاتووی کوردستان کە لەسەر بنەمای ویستی خەڵک و بەشداریی ڕاستەقینەی ئەوان دابمەزرێن. سەروەریی نیشتمانی، ئەگەر لەگەڵ سەروەریی خەڵک و مافی بڕیاردانیان هاوتەریب نەبێ، واتای ڕزگاریی خۆی لەدەست دەدات.
یادکردنەوەی مامۆستا جەلال مەلکشا دەبێ بۆمان بیرخەرەوەی ئەوە بێت کە وشە، هۆشیاری و هەڵوێستی نەتەوەیی کاتێک بەها و کاریگەریی ڕاستەقینەیان دەبێ کە ببنە کردار و پرۆژەیەکی ڕوون بۆ داهاتوو.
ئەمە ئەو خاڵەیە کە دەبێ لە هەر هاوپەیمانییەکدا بسەلمێندرێ؛ نە بە ناو، نە بە ڕاگەیاندن، بەڵکوو بە کردار.
