سیندرێلا؛ دە ساڵ دوای شووکردن
چیستا یەسرێبی
وەرگێر: بێگەرد سووزەنی
سیندرێلا ئەو ڕۆژە چێشتەنگاو لە خەو هەستا، قاوەڵتیی هەموو خێزانی ناوماڵی دا، قاپەکانی شۆرد، دوایی دەستی دایە پاککردنی بڕێ سەوزە، بۆ نیوەڕۆ چێشتەکەی ساز کرد. هەموو هاتن و نانیان خوارد، دوایی سیندرێلا هات دیسان هەمووی قاپەکانی شۆردەوە. ئەوانیش خەوتن. سیندرێلا بە گسک و تۆزتەکێن کەوتە ناو ماڵ، دوایی جلەکانی شۆرد و لە بەر هەیوان هەڵیخستن. دوایی هەموویان هەستانەوە و داوای شێویان کرد، سیندرێلا شێویانی دا و دیسانەوە قاپەکانی شۆردەوە.
کۆتاییی شەو کە هەمدیسان گشتیان خەوتبوون، ئەو گوێی بە هەناسەی هێوری منداڵەکان و دەنگی پرخەی مێردەکەی دەدا و لە ڕووناکیی ژووری پشتەوە خەریکی ئوتوو و دەقکردنی جلەکان بوو و لە میشکیدا کارەکانی ڕۆژی دوایی لە بەر خۆیەوە دەوتەوە: «دەبێ بۆ کچەکەم لیمۆ بکڕم، کچەکەم لیمۆی پێ خۆشە، بۆ دۆکوڵیویش هەموو شتێکمان پێویستە، قەندیشمان تەواو بووە، دووسبەی میوانمان بێت قەندمان نییە…» دوایی بە شوێن پەڕە کاغەزێکدا گەڕا تا هەموو پێداویستییەکانی تیا بنووسێت، دەرگای دۆڵابە کۆنەکەی ئاوەڵا کرد تا بە بێدەنگی کاغەزێک بدۆزێتەوە. لەناکاو تاکە پێڵاوێکی بچکۆلەی بلووری لە دۆلابەکە کەوتە خوارەوە.
سیندرێلا پێڵاوەکەی هەڵگرت. چاوێکی لێ کرد و نوقمی بیرەوەریی دوور بوو، بزەیەک کەوتە سەر لێوی. هیچ شتێک نەگۆڕدرابوو. ئەگەرچی ساڵانێکی زۆر بە سەر کاتی دەستپێکردنی ژیانی هاوبەشییەکەی لەگەڵ شازادەی چیرۆکەکاندا تێپەڕیبوو، بەڵام ئەو بەردەوام سیندرێلا بوو و دەبێ هەستی بە کامەرانی بکردایە.
“سیندرێلا…”
دەنگی مێردەکەی لە بێدەنگیی شەودا دایچڵەکاند. لەناکاو پێڵاوە بلوورەکە لە دەستی کەوتە خوارەوە و بوو بە هەزار لەتەوە و لە سەر زەوی تەنیا هاڕیاوێکی سپی بە جێ ما؛ وەکوو ئاردێک کە ئەو ڕۆژە داینابوو تا بۆ منداڵەکانی کێک ساز بکات.
