05/11/2026

نەتەوەی کورد، سوژەی دیاریکردنی چارەنووس یان بابەتی ئینتێگراسیۆن لە دەوڵەتەکانی ئێستادا؟

0
c6cf54fc-b4de-4f50-9be2-2e5179d6d205-696x464

ئارمان ڕەجەبی

 

لە قۆناغێکی هەستیاردا کە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکانەوە گرێ دراوە، پێویستە بە وردی لە مانا و ئەنجامەکانی چەمکی «ئینتێگراسیۆن» لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانی ئێستادا بڕوانین. پرسی سەرەکی ئەوەیە: ئایا ئینتێگراسیۆن ڕێگایەکە بۆ دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد، یان دەکرێت ببێتە جێگرەوەی مافی دیاریکردنی چارەنووس؟

ئینتێگراسیۆن بەخۆی لە هەموو بارودۆخێکدا بە مانای ئاسیلاسیۆن یان توانەوەی نەتەوەیی نییە، بەڵام ئەگەر بەبێ داننان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد پێشکەش بکرێت، مەترسیی ئەوەی هەیە پرسی کورد لە پرسێکی نەتەوەیی و سیاسییەوە بگۆڕێت بۆ تەنها داواکاریی بەشداری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتەکانی ئێستادا.

مافی دیاریکردنی چارەنووس بنەمایەکی گرنگی یاسای نێودەوڵەتییە. ماددەی یەکی هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان، ئەم مافە بە فەرمی دەناسێنێت. بەڵام داننان بەو بنەمایە نابێت بە شێوەیەکی سادە بە مانای دابینبوونی خۆکارانەی مافی سەربەخۆیی لە هەموو بارودۆخێکدا لێکبدرێتەوە، بەڵکوو جەخت لەوە دەکاتەوە کە چارەنووسی نەتەوەکان نابێت بەبێ ڕەچاوکردنی ویست و مافەکانیان دیاری بکرێت.

ئەزموونی باشووری کوردستان، کە لە دەستووری عێراقدا هەرێمێکی فیدراڵی ناسێنراوە، نیشان دەدات کە داننان بە ماف و دامەزراوەی سیاسیی کوردی دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر شوێن و دەسەڵاتی کورد هەبێت. لە بەرامبەردا، گۆڕانکارییەکانی ڕۆژاوای کوردستان و ڕێککەوتنەکانی نێوان دەسەڵاتی نوێی سووریا و هێزە کوردییەکان، گرنگیی ئەوە دەردەخەن کە هەر ڕێککەوتنێک دەبێت بە پێوەری پاراستنی مافە سیاسی، نەتەوەیی و ئیدارییەکان هەڵبسەنگێندرێت، نەک تەنها بە دروشمی یەکگرتن و ئاشتی.

مەترسیی سەرەکی ئەوەیە کە ئینتێگراسیۆن، ئەگەر بەبێ گەرەنتییە یاسایی و سیاسییەکان پەیڕەو بکرێت، داواکاریی نەتەوەیی لە ئاستی مافێکی سیاسییەوە بباتە ئاستی بەشداریی تاکەکەسی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. لەو بارودۆخەدا، ناسنامەی نەتەوەیی، دەسەڵاتی بڕیاردان و توانای کورد بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆی دەتوەنن لاواز ببن.

بەڵام چارەسەر لە دوژمنایەتی لەگەڵ هاوژیانی و پەیوەندییە ئاشتییانەدا نییە. کورد دەتوانێت خوازیاری ئاشتی، هاوبەشی و هاوژیانی بێت، بەڵام ئەمانە دەبێت لەسەر بنەمای داننان بە مافە نەتەوەییەکان و ویستی سیاسیی کورد بنیات بنرێن، نەک بە نرخێکی لەدەستدانیان.

لە کۆتاییدا، پرسی کورد نابێت تەنها لە چوارچێوەی ئەوەدا باس بکرێت کە چۆن کورد لە دەوڵەتەکانی ئێستادا جێگیر دەبێت، بەڵکوو پێویستە بپرسین: چۆن مافی کورد بۆ بەشداری لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەپارێزرێت؟ هەر ستراتیژییەکی سیاسی کە ئەم پرسیارە لەبەرچاو نەگرێت، مەترسیی ئەوەی هەیە لەبری چارەسەرکردنی پرسی کورد، سنووری داواکارییە نەتەوەییەکانی تەسک بکاتەوە. نەتەوەی کورد نابێت تەنها بابەتی بڕیارەکانی دیکە بێت، بەڵکوو دەبێت خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بێت.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *