«کارەکە تەواو دەکەین» بە تەواوی واتای چییە؟
سۆران محەمەدی
«یان کارەکە تەواو دەکەین، یان دێنە سەر میز و ڕێککەوتن دەکەن.» — ترەمپ.
مەسەلەکە لەوەدایە کە «تەواوکردنی کارەکە» بە تەواوی واتای چی دەگەیەنێت؟ لەناوچونی توانای سەربازی و ئەتۆمیی ئێران؟ تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکان؟ داڕمانی پێکهاتەی سیاسیی کۆماری ئیسلامی؟ یان ڕەخساندنی دۆخێک کە دەسەڵات ناچار بێت ڕێککەوتنێک قبووڵ بکات کە پێشتر ئامادە نەبوو ملکەچی بێت؟ ئەم ئامانجانە لە یەکدی جیاوازن و بەدیهێنانی یەکێکیان، بە واتای هاتنەدیی ئەوانەی دیکە نییە. سەرکردە و فەرماندەکان دەناسین؛ بەڵام گۆڕینی رژێم بە چ شێوازێک بڕیارە ڕوو بدات؟ ئەگەر ئامانجەکە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بێت لە ڕێگەی بزووتنەوەی جەماوەرییەوە، پرسیاری بنەڕەتیتر دێنە ئاراوە: چ ڕێژەیەک لە فشاری ئابووری، سەربازی و سیاسی، لە چ مەودای کاتیدا و بە چ دەرئەنجامێکەوە دەتوانێت خەڵک بەرەو خۆپیشاندانی بەرفراوان ڕێنمایی بکات؟ چی هۆکارێک دەبێتە هۆی ئەوەی کە ناڕەزایەتییەکان ببنە هۆی گۆڕینی پێکهاتەی دەسەڵات، نەک ئەوەی بە سەرکوتکردنی توند کۆتاییان پێ بێت؟ و بە شێوەیەکی بنەڕەتی چۆن دەکرێت ئەگەری پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ ئەگەری سەرکەوتنیان لێک جیابکرێتەوە؟
ئاشکرایە کە «کارەکە تەواو دەکەین» دروشمێکی سیاسییە و دروشم جیاوازە لە بەرنامەی کرداری. بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بانگەشەیە، پێویستە لە گشتاندن دوور بکەوینەوە و میکانیزمە ئەگەرییەکانی لێک بدەینەوە.
یەکەم: ئەمریکا چ ئامرازێک بۆ لاوازکردنی دەسەڵات و گۆڕینی هاوکێشەکانی هەیە؟ لە ئاستی سەربازیدا، هێرشەکان دەکرێت بە ئامانجی کەمکردنەوەی تواناکانی مووشەکی، ئەتۆمی و سەربازی، سنووردارکردنی توانای کرداریی هێزە چەکدارەکان یان زیادکردنی تێچووی بەردەوامبوونی پێکدادان بێت. لە ئاستی ئابووریدا، سنووردارکردنی داهاتەکانی دەسەڵات و سەختتربوونی دابینکردنی سەرچاوەکان دەکرێت فشار دروست بکات. لە ئاستی سیاسی و دیپلۆماسییدا، تەریککردنی نێودەوڵەتی و بەرزبوونەوەی تێچووی درێژەدان بە سیاسەتە هەنووکەیییەکان، لەوانەیە هاوکێشەی بەشێک لە دەسەڵات بگۆڕێت.
بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەم هەنگاوانە لە چ ڕێگەیەکەوە دەبێت دەرەنجامەکەیان بە یەکێک لەم دوو ئەنجامە مەبەستکراوە بگات: گۆڕینی رژێم یان قبووڵکردنی ڕێککەوتنێک کە دەسەڵات پێشتر چەندین جار رەتی کردووەتەوە؟ بۆ گەیشتن بە ئەنجامی یەکەم، تەنها لاوازکردنی توانای سەربازی بەس نییە. پێویستە پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لە نێوان فشاری دەرەکی، ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی، یەکگرتوویی یان درز لە پێکهاتەی دەسەڵات و توانای گواستنەوەی دەسەڵاتدا دروست بکرێت. بۆ گەیشتن بە ئەنجامی دووهەمیش، تەنها ئەوە بەس نییە کە تێچووی بەردەوامبوونی پێکدادان زیاد بکات؛ بەڵکو ڕژیم دەبێت بگەێتە ئەو دەرئەنجامەی کە قبووڵکردنی ڕێککەوتن، بەراورد بە بەردەوامبوونی بەرگری، بژاردەیەکی کەمتر تێچوو بۆ مانەوەکەیەتی.
دووەم: چ شتێک دەتوانێت ئەنجامەکە بگۆڕێت؟ یەکێک لە بژاردە گرنگەکان، هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانە. ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان مەرج نییە ببنە هۆی ڕووخانی دەسەڵات؛ هەروەها کە ناڕەزایەتی گشتی بە تەنیا گەرەنتی ئەوە ناکات کە هێزەکانی سەرکوت خۆیان لە جێبەجێکردنی فەرمانەکان بە دوور بگرن. بژاردەیەکی دیکە، یەکگرتوویی لە ناوخۆی دەسەڵاتدایە. ئەگەر ناکۆکی لەسەر درێژەدان بە شەڕ، تێچووەکانی یان داهاتووی ڕێبەری ببێتە درزێکی قووڵ، ڕەنگە ڕێگەی گواستنەوەی دەسەڵات یان گۆڕینی سیاسەتەکان هاوسەنگتر بێت. لە بەرامبەردا، فشاری دەرەکی دەکرێت ببێتە هۆی بەهێزتربوونی یەکگرتوویی دەسەڵات و زیادکردنی پاساوی سەرکوتکردنیش. هۆکاری سێیەم، بوونی جێگرەوەیەکی سیاسی و توانای ئەو بۆ بەڕێوەبردنی سەردەمی گواستنەوەیە (هەمان مەسەلەی جێگرەوەی گونجاو). تەنانەت ئەگەر پێکهاتەی ئێستای دەسەڵاتیش داڕمێت، مەرج نییە ئەنجامەکە بگات بە دیموکراسی، جێگیربوون یان باشبوونی خێرای دۆخی ژیان.
سێیەم: بابەتی “کات” و تێچووی مرۆیی. ناتوانرێت بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی بەردەست دیاری بکرێت کە چەند مانگ فشار یان چەند هەفتە هێرشی سەربازی بۆ پێکهاتنی ڕاپەڕینێکی سەرکەوتوو بەسە. چڕیی فشار، ماوەکەی و کاردانەوەی کۆمەڵگە پەیوەندییەکی هێڵی و پێشبینیکراویان نییە. فشاری زیاتر ڕەنگە ناڕەزایەتی زیاد بکات؛ بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت ترس، شەکەتبوونی کۆمەڵایەتی، کێشەکانی بژێوی و تێچووی ناڕەزایەتیش بەرز بکاتەوە. هێرش بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکان، سەرەڕای دەرئەنجامە سەربازییەکان، دەتوانێت ڕاستەوخۆ ژیانی خەڵکی سڤیل تێک بدات و تەنانەت توانای کۆمەڵگە بۆ ڕێکخستنی سیاسی کەمتر بکاتەوە.
بۆیە، دەبێت جیاوازی دابنرێت لە نێوان زیادبوونی ناڕەزایەتی، پێکهاتنی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان، لاوازکردنی توانای دەسەڵات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیران و بەدیهێنانی گواستنەوەیەکی سەرکەوتووی سیاسی. هیچ کام لەم قۆناغانە بە شێوەی خۆکار قۆناغی دواتر گەرەنتی ناکەن. ڕەنگە نە ڕاپەڕینی جەماوەری ڕوو بدات (یان ڕوو بدات و سەرکوت بکرێت) و نە ڕێککەوتن؛ بەڵکو دەرئەنجامی سێیەم: مانەوەی دەسەڵاتی لاوازکراو، بێ ڕێککەوتن و بێ ڕووخانە. دووانەی «گۆڕینی رژێم یان ڕێککەوتن» ئەگەرێکی سێیەم دەشارێتەوە: دەسەڵات لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە لاواز بێت، بەڵام نە ڕووخاوە و نە ڕێککەوتنی قبووڵ کردووە. لەم دۆخەدا، ناڕەزایەتییەکان یان شێوە ناگرن یان سەرکوت دەکرێن، هێزە ئەمنییەکان یەکگرتوو دەمێننەوە و دەسەڵات تێچووی قورس تەحەمول دەکات و ڕێگەی خۆی درێژە پێ دەدات.
ئەم دۆخە گریمانەیەکی خەیاڵی و تیۆری نییە. نموونەی مێژوویی نزیک لەوەوە، عێراقە لە دەیەی ١٩٩٠دا: دەسەڵاتی سەدام حوسەین دوای جەنگی ١٩٩١، گەمارۆ توندەکان و هێرشە سنووردارەکان، راپەڕینە ناوخۆییەکانی سەرکوت کرد و تا ساڵی ٢٠٠٣ مایەوە. بێگومان هەر حاڵەتێکی مێژوویی تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ناتوانرێت ڕاستەوخۆ بەسەر ئێراندا جێبەجێ بکرێت؛ بەڵام ئەوە دەردەخات کە فشاری توند و درێژخایەن مەرج نییە ببێتە هۆی ڕووخان یان خۆبەدەستەوەدان. دەرئەنجامەکانی ئەم دەرچەیەش گرنگن؛ تێچووی مرۆیی و ئابووری بێ دەستکەوتی ڕوونی سیاسی، ئەگەری ڕادیکاڵتربوونی سیاسەتەکانی دەسەڵات، و ئەوەی کە دەسەڵاتی لاوازکراو بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی پەنا بۆ بژاردەی مەترسیدارتر بەرێت. هەر هەڵسەنگاندنێکی جدی لەسەر دەستەواژەی «کارەکە تەواو دەکەین» دەبێت ئەگەری ئەم دەرئەنجامەش لە بەرچاو بگرێت، نەک تەنیا ئاکامی دڵخوازی بێژەرەکە.
لە کۆتاییدا، ئەگەر مەبەست لە «تەواوکردنی کارەکە» شتێک بێت لە دەرەوەی زیانگەیاندنی سەربازی و ئامانجەکەی گۆڕینی رژێم یان ناچارکردنی دەسەڵات بێت بۆ ڕێککەوتن، دەبێت پرسیار بکرێت: چی میکانیزمێکی دیاریکراو بڕیارە هێرشی سەربازی بگۆڕێت بۆ گۆڕانی سیاسی؟ ئایا بیرۆکەکە ئەوەیە کە بە لەناوبردنی سەرکردەکان، پێکهاتەی دەسەڵات تێک دەشکێنرێت؟ ئایا چاوەڕوان دەکرێت فشاری ئابووری ببێتە هۆی ڕاپەڕینی گشتی؟ ئایا ئامانجەکە دروستکردنی درزە لە ناو دەسەڵات و گۆڕینی هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان؟ یان بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئامانجی سەرەکی، لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێرانە بۆ ناچارکردنی دەسەڵات بە قبووڵکردنی ڕێککەوتن؟ و ئەگەر هیچ کام لەم میکانیزمە کار نەکەن، بەرنامەی جێگرەوە بۆ ئەو دۆخەی کە دەسەڵات نە دەڕووخێت و نە ڕێککەوتن قبووڵ دەکات چییە؟ ئەمانە گریمانەی جیاوازن و هەرکامیان پێویستیان بە بەڵگە و هەڵسەنگاندنی سەربەخۆ هەیە.
خاڵی بنەڕەتی ئەوەیە کە ناتوانرێت تەنها بە دیاریکردنی چەند ئامانجێکی سەربازی و زیادکردنی فشار لەسەر کۆمەڵگە و لە هەمان کاتدا هەڵگرسانی ڕاپەڕینێکی بەرفراوان؛ سەرکوتکردنی سنووردار و گۆڕینی رژێم بەدوای خۆیەوە بێنێت. کەواتە پێش ئەوەی باسی «تەواوکردنی کارەکە» بکەین، دەبێت دیاری بکەین کام کار، بە چ ئامانجێک و لە چ ڕێگەییەکی لێکۆڵینەوەیی و هۆکارییەوە بڕیارە تەواو ببێت. بە پێچەوانەوە، بەس ڕووبەڕووی دروشمێک بووینەتەوە و هیچی دیکە! ئەمەش بڵێم کە ئەگەر بە ڕاستی میکانیزمێکی دیاریکراو بۆ «کارەکە تەواو دەکەین» بوونی هەبێت، ئەوا سروشتییە کە ئێمە لە لایەنە سەرەکییەکانی بێئاگا بین؛ و هەر لەبەر ئەمەشە کە ئەم دەقەم نووسیوە کە «کارەکە تەواو دەکەین» بە واتای چییە و چوناوچۆنە!
