کورد و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان؛ مێژووی پەیماننامەکانی دابەشکردنی کوردستان
ئارمان کورد
پێشەکی: دەسەڵاتی خێڵەکی
دەسەڵاتی خێڵەکی و عەشیرەتی، کاریگەرییەکی فرەلایەن و لە زۆر قۆناغدا نەرێنیی لەسەر مێژووی بزووتنەوەی کوردی داناوە. لە کاتێکدا سیستەمی خێڵ لە سەردەمێکدا بۆ پاراستنی مانەوەی کۆمەڵگە گرنگ بووە، بەڵام بۆ بزووتنەوەیەکی نیشتمانی و مۆدێرن بووەتە ڕێگر لە گەشەسەندن و بەنەتەوەبوون.
بە شێوەیەکی گشتی، کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەسەڵاتی خێڵەکی لەسەر بزووتنەوەی کوردی لەم خاڵانەدا بەرجەستە دەبن:
• لاوازکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان: لەبری دامەزراندنی سیستەمێکی یاسایی و هاووڵاتیبوون، دەسەڵات لەسەر بنەمای ملکەچی بۆ سەرۆکخێڵ و بەرژەوەندییە بنەماڵەیی و ناوچەیییەکانیان بنیاد نراوە.
• دووبەرەکی و ناکۆکیی ناوخۆیی: ململانێی نێوان سەرۆکعەشیرەتەکان بۆ دەستکەوت و پێگە، زۆر جار بووەتە هۆی پەرتەوازەبوون و لەتکردنی ڕیزەکانی گەلی کورد و لەباربردنی شۆڕشەکان. هەروەها دەسەڵاتدارانی داگیرکەر ئاسانتر توانیویانە لە ڕێگەی ئەم سەرۆکانەوە هێزی کورد دابەش بکەن و فەرمانڕەواییان بکەن.
• تێکەڵکردنی خەباتی نیشتمانی لەگەڵ بەرژەوەندیی تایبەتیدا: زۆرێک لە سەرکردە خێڵەکییەکان خەباتی کوردییان وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خۆیان بەکار هێناوە، نەک گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد.
• پەراوێزخستنی ڕۆشنبیران و چینە پێشکەوتووەکان: لە سیستەمی خێڵەکیدا، بڕیاردان بە دەستی کەسانی بەرژەوەندخواز یان خاوەن هێزی چەکداری خێڵدا بووە؛ ئەمەش دەرفەتی نەداوە بە توێژە ڕۆشنبیر و سیاسییەکان تا بزووتنەوەکە ئاڕاستەیەکی زانستی و مۆدێرن وەربگرێت.
کاریگەریی ئەم سیستەمە تەنانەت لە مێژووی نوێشدا گۆڕاوە بۆ «حیزبی خێڵەکی»، کە تێیدا حیزبەکان هەمان شوێنپێی دەسەڵاتی عەشیرەتییان گرتووەتەوە و هێشتا وەک پێویست دەوڵەتێکی دامەزراوەیی مۆدێرن دانەمەزراوە.
یەکێکی تر لەو هۆکارانەی بوونە بەربەست لە پێش شۆڕشی کوردیدا، بە هەڵە کەڵکوەرگرتن بوو لە چەمک و ئایدۆلۆژیا بێگانەکان. لە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کورددا، زۆر جار چەمکە سیاسییەکان لە قازانجی مافەکانی گەل بەکار نەهێنراون؛ شۆڕش و تاکی سیاسیی کوردیان سنووردار کردووە و زۆرتر لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانی ئەو چەمکانەدا خۆیان فۆرمولە کردووە. ئەم دیاردەیەش بووەتە هۆی لەباربردنی کۆمەڵێک لە شۆڕشەکانی کوردستان، هەروەها شەڕی ناوخۆیی، دابەشکردنی کۆمەڵگە، پێشخستنی بەرژەوەندیی حیزبی بەسەر بەرژەوەندیی گەلدا و لاوازکردنی بزافی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد. دیارترینی ئەو چەمکانەش ئیسلامی سیاسی، ناسیۆنالیزمی چەقبەستوو، و ئایدۆلۆژیا چەپ و ڕاستەکانن. ئەگەرچی زۆر بە کورتی ئاماژەم بەو هەڵە ستراتیجییانە کرد، بەڵام دەکرێت بخرێنە بەر باس و قووڵتر تاوتوێ بکرێن.
مێژووی کوردستان
مێژووی ژیان و شارستانیەت لە کوردستاندا بۆ هەزاران ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح دەگەڕێتەوە. لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی کوردستان شوێنەواری مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی ٦٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەروەها شوێنەوارە دێرینەکانی ناوچەی حەسەنکەیف و چەمی گەورە، مێژوویەکی ١٢ هەزار ساڵەی کشتوکاڵی و نیشتەجێبوونی مرۆڤ دەسەلمێنن.
مێژووی شارستانیەتەکانی ئەم ناوچەیە بە گشتی بەسەر چەند قۆناغێکی گرنگدا دابەش دەبێت:
1. سەردەمی بەردین: دۆزراوەکانی ئەشکەوتی شانەدەر مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠,٠٠٠ تا ٨٠,٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر.
2. سەردەمی کشتوکاڵ و گوندنشینی: شوێنەوارە بەناوبانگەکان و ئەشکەوتەکانی تری کوردستان (وەک ئەشکەوتی چوارئەستوون) نیشان دەدەن کە گۆڕانی مرۆڤ لە ڕاوچییەوە بۆ جووتیار، پێنج هەزار تا دە هەزار ساڵ پێش ئێستا لەم ناوچەیەدا ڕووی داوە.
3. سەردەمی دەوڵەت و شارستانیەتەکان: گەلانی ڕەسەنی ناوچەکە (وەک سوباری، گۆتی، هۆری و میتانییەکان) لە نێوان ٥٥٠٠ تا ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین خاوەن شارستانیەت بوون.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە کورد ئەم خاکەی لە کەس داگیر نەکردووە و خۆی ئاوەدانی کردووەتەوە؛ بە حوکمی مێژوو خاوەندارییەتیی ئەم ناوچەیەی بۆ ماوەتەوە و لەم پێناوگەلەدا بە درێژایی مێژوو ڕووبارێک خوێنی بەخشیوە. ململانێ و شەڕی ئەوکاتی جیهانیش لە نێوان هێزەکاندا، لەسەر داگیرکردن، بەتاڵانبردنی خێروبێر و دەستبەسەرداگرتنی خاکی وڵاتان بووە. هەرچەندە کورد لە پێناو بەرگریکردن لە نیشتمانەکەی ڕووبەڕووی سەرجەم هێرشەکان بووەتەوە؛ لە هێرشەکانی ئەسکەندەری مەقدۆنییەوە تا هێرشەکانی ڕۆمانی، بێزەنتی، هۆلاکۆ و دواتریش هێرشی ئایینپەروەران لە کریستیانەکانەوە تا ئیسلام.
دوای ئەوەی زۆرینەی کورد لە ڕووی ئایینییەوە بە لایەکدا دەشکێتەوە و دەبێتە موسڵمان، ئەمجارەیان ڕووبەڕووی هێرشە مەزهەبگەرییەکان دەبێتەوە لە نێوان سەفەوییە شیعییەکان و تورکە سوننەکاندا. هەرچەندە لە ڕاستیدا شەڕ و ململانێی نەتەوەپەرستی بوون، بەڵام دەمامکدرابوون و لە ڕێگەی ئایین و مەزهەبەوە دەکران. دەتوانین بڵێین مەزنترین گورز کە ئەوکات بەر کورد کەوت، لە لایەن سەفەوییە شیعییەکان و هەروەها بە ناوی هاوئایینی و هاومەزهەبی لە لایەن تورکە عوسمانییە سوننەکانەوە بوو.
ڕێککەوتنی چاڵدێران و سەرەتای دابەشبوونی کوردستان
سەرەتای چەسپاندنی دابەشبوونی کوردستان لەسەر دەستی ئەوان بوو، کە بۆ شەڕی چاڵدێرانی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان لە ناوچەی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤دا دەگەڕێتەوە. ئەو کاتەش پێشتر کوردەکان لە ڕێگەی چەند میرنشینێکەوە وڵاتەکەی خۆیان بەڕێوە دەبرد، هەرچەندە ئەو میرنشینانە یەکگرتوویی و هاوبەستەیییەکی توندوتۆڵیان نەبوو کە بتوانن یەکێتییەک یا کۆمکارێک هاوشێوەی میرنشینە عەرەبییە یەکگرتووەکان یا هەر وڵاتێکی تری خاوەن فیدراڵ یا کۆنفیدراڵ دروست بکەن.
بۆیە لە ژێر فشاردا، زۆربەی میرنشینە کوردییەکان بە لای عوسمانییە تورکە سوننەمەزهەبەکاندا دەشکێنەوە. ڕێخۆشکەری ئەم خۆشکاندنەوە یان خۆخستنەپاڵە، مەلا ئیدریسی بەدلیسی بوو کە لە ساڵی ١٥١٥دا هانی میرنشینە کوردەکانی دا تا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و مانەوەیان لەسەر دەسەڵات، دەنگ بە سوڵتانە عوسمانییەکان بدەن و باجی ساڵانەیان پێ بدەن تا ئەوانیش ئەرکی پاراستنیان بگرنە ئەستۆ، دانپێدانانیان بۆ بکەن و ڕێگە بدەن حوکمڕانییان لە باوکەوە بۆ کوڕ بمێنێتەوە.
بەم شێوەیە میرنشینەکان سەروەریی خۆیان لەدەست دەدەن و دواتریش دەبنە نێچیری فێڵەکانی عوسمانییەکان کە لە بەڵێن و پەیمانەکانیان پەشیمان دەبنەوە و خۆیان دەبنەوە بە داگیرکەریان. بەم شێوەیە ڕێککەوتنی چاڵدێرانی نێوان سەفەوی و عوسمانییەکان، یەکەم دابەشکردنی خاکی کوردستان بوو لە نێوان زڵهێزەکاندا.
لە ساڵی ١٥٥٥دا، عوسمانی و سەفەوییەکان بۆ جاری دووەم پەیماننامەیەکی تر بە ناوی پەیماننامەی «ئەماسیا» دەبەستن. دەتوانین ئەم پەیماننامەیە بە یەکەم پەیماننامەی فەرمی لە نێوان ئەو دوو هێزەدا دابنێین، چونکە سنووری نێوانیان دیاری کرا، بە دۆکۆمێنت کرا و فەرمییەتیان دا بەو دابەشکردنەی سنوورەکانیان. ئەمە دوایین دانیشتن و پەیماننامەی نێوان ئەو دوو هێزە داگیرکەرە نەبوو؛ دوابەدوای ئەمە، پاش چەندین وردەکێشە و ململانێی داگیرکاری و قۆرخکاریی دەسەڵات، بۆ جارێکی تر پێویست بە دانیشتن و پەیمانبەستن دەکاتەوە کە لە ساڵی ١٦٣٩دا لە سەرپێڵی زەهاو کۆ دەبنەوە و بە ناوی «پەیماننامەی زەهاو» ڕادەگەیەنرێت. ئەم دانیشتنە لە نێوان شا عەبباس و سوڵتان مورادی چوارەمدا ئەنجام درا. ئەوەی لەم دانیشتنەدا جەختی لەسەر کرایەوە، پێداگری بوو لەسەر ئەو سنوورانەی پێشتر لە ئەماسیادا دیاری کرابوون؛ واتە سنوورە دەستکردەکەی لەتکردنی کوردستان. بەمەش کێشەی کورد قووڵتر و قورستر بووەوە.
سنوورەکان تا ئەمڕۆش کاڵ نابنەوە
لە ساڵی ١٨٢٣دا، دیسان لە ئەرزەڕۆم پەیمانێکی تر بە ناوی پەیماننامەی «ئەرزەڕۆمی یەکەم» و دواتریش «ئەرزەڕۆمی دووەم» لە ساڵی ١٨٤٧دا واژۆ کرا. ئەم پەیمان و ڕێککەوتنانە لە دوای چەندین شەڕ، هێرش و پاشگەزبوونەوە لە پەیمانەکان ئەنجام دران. بەڵام لێرەدا ناکرێت بچینە سەر وردەکاریی ئەو ڕووداوانە، چونکە مەبەستمان تەنیا ئەو کۆنگرە و پەیماننامانەن کە دژی کورد ئەنجام دراون و بەهۆیانەوە سنوورەکان تا ئەمڕۆش کاڵ نابنەوە.
دوای ئەوە، لە ساڵی ١٩١١دا دانیشتنێک بۆ دیاریکردنی سنوورەکان لە تاران، و لە ساڵی ١٩١٣دا لە ئاستانە (ئەستەمبوڵ) ئەنجام درا. پرۆتۆکۆلی ئاستانەش لە هەمان ساڵدا بۆ هەمان مەبەستی دیاریکردنی سنوورەکان و پێداگری و ڕەزامەندییان لەسەر پەیماننامەکانی پێشووتر بوو.
ئەم پەیماننامە و ڕێککەوتنانەی نێوان ئەو دوو داگیرکەرە، بە بێ ئامادەبوونی کورد ئەنجام دران؛ مەبەستیش تەنیا دابەشکردنی خاکی کورد و هاووڵاتیی کورد بوو. دوور لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەم ستەمە لە کورد کرا کە تا ئەمڕۆش پێوەی دەناڵێنین. سنوورەکانیان دواتریش لە کۆنگرەکانی ڤێرسای و لۆزاندا پیرۆزتر کرد و کردیان بە ئەمری واقیع. هەرچەندە ڕووسەکان بایەخیان بەو نەتەوە و دەوڵەتانە داوە کە هاوسنوورن لەگەڵ وڵاتەکەیاندا، نەک لە پەرۆشییان بۆ مافی مللەتان، بەڵکوو لە پێناو پاراستنی سنوورەکانیان و دەستوەردان لە کاروباری گەلاندا؛ بەم هۆیەوە ویستویانە لەم ناوچانەدا، وێڕای ڕێگەگرتن لە دەستی بریتانیا و فەرەنسا، خۆشیان پێگە و کارتی فشاریان هەبێت بۆ کاتی پێویست.
لە ساڵی ١٩١٦دا، ڕێککەوتنێکی نهێنی لە نێوان فەرەنسا و بریتانیادا بە ڕەزامەندیی ڕووسیا، لە نێوان مارک سایکس و جۆرج پیکۆ دەبەسترێت کە پێی وترا «سایکس-پیکۆ». لەوێدا «هیلالی خەسیب» (کەوانەی پیتور) و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی، لەم ڕێککەوتنەدا فەرەنسا و بریتانیا دابەشی سەر خۆیانی دەکەن؛ لەم میانەیەدا کوردستان بەشگەلێکی زیاتری بەر دەکەوێت و سنوورە دابەشکراوەکانی پێشتریشی زیاتر دەچەسپێن.
پارچەکردنی کوردستان؛ ئاسایشی ناوچەکەی شێواند
کوردەکان لەم ماوەیەدا دەستەوەستان نەوەستان و هەوڵی زۆریان دا، بەڵام هەوڵەکانیان نێودەوڵەتی نەکران و لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا ڕێگەیان پێ نەدرا دەنگیان ببیسترێت. یەکەم دەنگی بیستراو دەتوانین بۆ ئەوکاتە بگەڕێنینەوە کە شەریف پاشا بەر لە جەنگی یەکەمی جیهانی و دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، لە کۆنگرەکانی پاریس و سیڤەردا توانی بە فەرمی دەنگی کورد بگەەیەنێتە نێو کۆنگرە و دانیشتنەکان. ئەمەش ئەو کاتە هات کاتێک بریتانیا لە ساڵی ١٩١٨دا ئینتدابی عێراقی وەرگرت و داوای لە سێر پێرسی کۆکس (Sir Percy Cox)، باڵوێزی بریتانیا کرد لەگەڵ شەریف پاشادا دانیشێت تەنیا بۆ گوێگرتن لە داواکارییەکانی.
لە ساڵی ١٩١٩دا لە مارسیلیای فەرەنسا ئەو دانیشتنە ئەنجام درا. دوابەدوای ئەو دانیشتنە، شەریف پاشا دوو یاداشت و دوو نەخشەی کوردی بۆ کۆنگرەی ئاشتەوایی لە فەرەنسا ئامادە کرد؛ یەکێکیان لە ۲۱ی ئاداری ۱۹۱۹ و ئەوی تریان لە ۱ی ئاداری ۱۹۲۰دا بوو. داواشی لە ئامادەکارانی کۆنگرە کرد لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی سنوورەکان پێک بێنن بە پشتپەستن بە بنەماکانی مافی نەتەوەکان. لە یاداشتێکیاندا ئاماژەی بەوە دابوو کە پارچەکردنی کوردستان خزمەت بە ئاسایشی ناوچەکە ناکات؛ ئەمەش وەک وشیارکردنەوەیەک بوو کە ئەوەتا تا ئەمڕۆش بەهۆی پارچەبوون و دابەشکردنی کوردستانەوە ناوچەکە ئارامیی بە خۆیەوە نەبینیوە. لە یاداشتەکەی تریاندا ئاماژەی بەوە دابوو کە تورکەکان بە ئاشکرا لەگەڵ سەربەخۆیی ئێمەدان و بە دراوسێیەتیی ئێمە خۆشحاڵن، لە کاتێکدا واش نەبوو.
سەرۆکی ئەو کۆنگرەیە جۆرج کلیمەنسۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا بوو. شەریف پاشا داوای لێ کرد فشار بخاتە سەر ئاستانە تا دەست لە چەوساندنەوەی کوردەکان هەڵبگرێت و چیتر ڕاوەدووی چالاکوانانی کورد نەنێت، و گوتی: «لەو کاتەی لایەنگرانی ئیتیحاد و تەرەقی هاتوونەتە سەر حوکم، زوڵم و ڕاوەدوونانی کوردان زیادی کردووە». لە ژێر کاریگەریی ئەم نامانەی شەریف پاشادا، کلیمەنسۆ لە کۆنگرەکەدا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە تورکیا لەو ئاستەدا نییە خاوەندارییەتی لە مللەتانی ناتورک بکات.
کاتێکیش شەریف پاشا هەستی کرد ئەورووپییەکان بەهۆی هاوئایینییەوە لەگەڵ ئەرمەنییەکاندا هاوسۆزن، و بەهۆی هاوکێشە و دۆستایەتیی کورد و ئەرمەنیشەوە کە لە لایەن یەک وڵاتەوە داگیر و دەچەوسێنرێنەوە، بە پێویستی زانی گرێبەستێک لەگەڵ نوێنەری ئەرمەنەکان (بۆغۆس نۆبار) ببەستێت. بە ئامادەبوونی سەرۆکی کاتیی کۆماری ئەرمینیا (ئۆهانجانیان)، هەردووکیان بە نوێنەرایەتیی مللەتەکەیان واژۆیان کرد و دایانە کۆنگرە و ئەوانیش خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو دۆستایەتییە دەربڕی.
لەو کۆنگرەیەدا کە ئەمریکا، ئیتالیا، فەرەنسا و بریتانیا بەشدار بوون، مشتومڕی زۆر کرا؛ بەڵام دواجار ئەمریکا کۆنگرەکەی جێ هێشت و مەیدانەکەی بۆ فەرەنسا و بریتانیا چۆل کرد، ئەوانیش بە ئارەزووی بەرژەوەندییەکانی خۆیان میراتەکەیان دابەش کرد.
لە ۱۰ی ئابی ۱۹۲۰دا کۆنگرەی سیڤەر بەسترا. وەفدی کوردی بە سەرۆکایەتیی شەریف پاشا بوو و دەستکەوتی باشی وەدەست هێنا. بڕیارەکانی کۆنگرە لە ۱۳ بەش و ٤٣٣ بەند پێک هاتبوو. لە بەندەکانی (٦٢، ٦٣، ٦٤)دا باس لە کورد دەکات و دان بە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردیدا دەنێت. بەندی ٦٢ لیژنەیەک لە ئیتالیا، فەرەنسا و بریتانیا پێک دەهێنێت بۆ دیاریکردنی ناوچە کوردییەکان. بەندی ٦٣ لەسەر تورکیایە کە دان بە دەوڵەتی کوردیدا بنێت. لە بەندی ٦٤دا هاتووە کە دوای ساڵێک، کوردەکان دەتوانن سەردانی کۆمەڵەی نەتەوەکان بکەن بۆ داواکردنی دانپێدانان بە دەوڵەتی کوردیدا.
بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکانی سەقامگیری و مافی کورد بە تایبەتی، کۆنگرەی لەندەن لە ساڵی ۱۹۲۱دا بەسترا. لەم کۆنگرەیەدا، کەمال ئەتاتورک پاش ئەوەی هەندێک سەرکەوتنی بەسەر یۆناندا وەدەست هێنا، بە هێزەوە دەرکەوت و توانی بڕیارەکانی سیڤەر سڕ بکات و باسی کورد بە هیچ شێوەیەک نەێتە سەر مێز؛ لەبری ئەو ڕێککەوتننامەیە داوای کرد ڕێککەوتنێکی تر ئەنجام بدرێت.
کەمتر لە سێ ساڵ پاش کۆنگرەی سیڤەر، واتە لە ساڵی ۱۹۲۳دا، کۆنگرەی لۆزان بەسترا. لەو کۆنگرەیەدا ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە کوردەوە هەبوو سڕانەوە و ڕێگە بە نوێنەری کوردەکان نەدرا بەشداری بکەن. ئەوەشی سەبارەت بە مافی گەلان هاتبوو گوتی: «ئەنکەرە بەڵێن دەدات کە مافی گەلانی ناتورک بپارێزێت»، بێ ئەوەی ناوی کورد بێت. نوێنەری تورکەکانیش گوتی: «کوردەکان پێیان خۆشە لەگەڵ ئێمەدا بژین و ئێمە مافەکانیان دەپارێزین». ئیتر بۆ جارێکی تر کوردستان لە ژێر چەپۆکی داگیرکەراندا مایەوە.
ئاکامی دابەشکارییەکە
دوای تەواوبوونی جەنگ و دابەشکردنی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانیی شکستخواردوو، زیاتر لە ٤٠ قەبارەی سیاسی یا دەوڵەتی نوێی لێ دروست بوو، کە لە نێوانیاندا سوریا، عێراق و تورکیا بەشێک بوون لەو وڵاتە نوێیانە و هرکامەیان پارچەیەکی کوردستانیان بەر کەوت و بەسەریاندا دابەش کرا.
هەر لەو ساڵانەدا، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە کوردستاندا چەند شۆڕشێک سەریان هەڵدا کە بەداخەوە بە بێ پشتیوانی و لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا سەرکوت کران و وەڵامی هیچ داخوازییەکیان نەدرایەوە؛ لە باکووری کوردستان شێخ سەعیدی پیران، لە باشووری کوردستان شێخ مەحموودی بەرزنجی، و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سمکۆی شکاک. شۆڕشەکانی ساڵانی ۱۹۳۰ و کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ۱۹٤٦ تا شۆڕشی نوێ و سەرکەوتنی باشووری کوردستان لە ساڵی ۱۹۹۱دا وەک قەبارەیەکی بەهێزی سیاسی لە چوارچێوەی عێراقدا، و لە ساڵی ۲۰۱۱دا لە ڕۆژئاوای کوردستان، وەک دوو دەستکەوتی گەورە بۆ گەلی کورد ئەژمار دەکرێن.
بە دڵنیاییەوە بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرکەوتووە کە هەتا مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پارێزراو نەبن، ڕەنگی ئارامی بە خۆیەوە نابینێت.
سەرکەوێت بزافی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان! بژی کوردستان!
