ترۆمای بەکۆمەڵ و ئاسەوارە قەرەبوونەکراوەکانی لە ژێر سێبەری ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێران

کاتێک کۆمەڵگایەک بە شێوەی بەردەوام ڕووبەڕووی ڕووداوە نەخوازراوەکان، فشارە ئابوورییەکان یان گرژییە سیاسییەکان دەبێتەوە، خەڵک تووشی ترۆما دەبن. ئەم حاڵەتە تەنها لە تووشبووی ترۆمادا سنووردار نابێتەوە، بەڵکوو دەچێتە ناو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و کاریگەری لەسەر کارلێکی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا دروست دەکات.
لەم ڕۆژانەدا ئەگەر لەگەڵ هەر تاکێک کە بە جۆرێک پێوەندی بە چوارچێوەی جوگرافیایی ئێرانەوە هەیە قسە بکەیت، هەستێکی هاوشێوەت لەگەڵیان هەیە. بێ تاقەتی، نائارامی بەردەوام، نەتوانینی هیچ بڕیارێک و هەستێکی تەمومژاوی تێکەڵ بە فشاری دەروونییەک کە پێت وایە کۆتایی نایە. زۆر کەس دەڵێن، هەر لەخۆوە هەست ئەکەم تووشی “خەمۆکی” بوومە. ئەم ئەزموونە بەهەڵکەوت و تایبەت بە تاکە کەسێک نییە. دەروونناسی ناوێکی تایبەتی بۆ ئەم بابەتە داناوە، “ترۆما یان زەبری دەروونی” بەکۆمەڵ.
سەرەتا پێویستە پێناسەیەکی کورتی ترۆنای بەکۆمەڵ بکەین.
ترۆمای بەکۆمەڵ چییە؟
لە دەروونناسیدا “ترۆما” بە ئەزموونێک ئەوترێت کە توانای دەروونی تاک بۆ لێکدانەوەی ناسیاری و سۆزداری تێدەپەڕێنێت و هەستی هێمنی، کۆنترۆڵکردن و مانا تێکدەچێت. ترۆمای بەکۆمەڵ کاتێک ڕوودەدات کە ئەم تێکچوونە نەک تەنها لەسەر ئاستی تاک، بەڵکوو لەسەر ئاستی گرووپێکی گەورە یان تەواوی کۆمەڵگا ڕووبدات.
لە ترۆمای بەکۆمەڵدا، زیانەکان بە شێوەی باو سیستماتیکی و دووبارەبوونەوەیە. ئەزموونی زەبری دەروونی دەچێتە ناو یادەوەری بەکۆمەڵ. هەستکردن بە نائەمنی، بێ متمانەیی و بێدەسەڵاتی دەبێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. داهاتوو چیتر پێشبینی ناکرێت. هەستی کۆنترۆڵکردن و کاریگەری کەسی کەم دەبێتەوە. لەم جۆرە بارودۆخانەدا دەروونی مرۆڤ بەردەوام لە “ئامادەباشی”دا دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر لە ئێستادا هیچ شتێکی تایبەت ڕوونەدات. لێرەدا مەسەلەکە تەنها ئازار نییە، بەڵکوو گۆڕانکاریی لە شێوازی بینینی جیهان و ئەوانی تر و داهاتوویە. بە وایەکی تر، جەستە و دەروون، وەک ئەوە وایە کە چاوەڕوانی مەترسییەکی بەردەوام بن.
تایبەتمەندییەکانی ترۆمای بەکۆمەڵ، لە کۆمەڵگای ئێراندا
ترۆمای بەکۆمەڵ کاتێک ڕوودەدات کە ڕووداوێکی ترسناک پێکهاتەی بنەڕەتی کۆمەڵگا هەڵبتەکێنێت و هەستی ئاسایش و شوناسی گرووپی تێک بدات.
1- درێژخایەنبوونی زەبر: یەکێک لە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ترۆمای بەکۆمەڵ لە ئێران و زۆر نموونەی کلاسیک (وەک کارەساتی سروشتی یان شەڕی کورتخایەن)، درێژخایەن بوونییە. هەڕەشە، سەرکوت و فشاری ئابووری و نائەمنی دەروونی نەک وەک قۆناغێکی تایبەتی، بەڵکوو وەک بەشێک لە بارودۆخی ڕۆژانەی ژیان ئەزموون دەکرێت. ئەم درێژخایەن بوونە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگا لە دۆخی ئامادەیی دەروونیی بەردەوامدا بمێنێتەوە.
2– تێپەڕین لە ترۆما، یادەوەری بەرانبەر لەبیرچوونەوە: کۆمەڵگای ئێرانی ئێستا گیرۆدەی ململانێ نێوان گێڕانەوەکانە. لە گێڕانەوە فەرمییەکەدا هەوڵی کەمکردنەوەی ڕووداوەکە و بەتاوانبارکردنی قوربانییەکان یان چەواشەکاری ڕاستییەکان بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی دەدرێت. بەڵام لە گێڕانەوەی باودا، تۆمارکردنی وردەکاری، ناو و دەموچاوەکان بۆ ڕێگریکردن لە لەبێرچوونەوە دەدرێت. ئەم بەشەی ترۆما وەک “خۆڕاگری یادەوەری” کاردەکات.
3- سترێس دوای کارەساتی ئاڵۆزی (C-PTSD): لە ئاستی کەسی تەشەنە ئەسێنێت بۆ ئاستی بەکۆمەڵ، زۆرێک لە ئێرانییەکان نیشانەکانی C-PTSD تێدایە. ئەم حاڵەتە بە پێچەوانەی PTSDی ئاسایی، بەهۆی یەک ڕووداوەوە نییە، بەڵکوو بەهۆی مانەوەی درێژخایەن لە دۆخە سترێساوییەکان، نەبوونی کۆنترۆڵ و هەڕەشەیەکی بەردەوامی ئاسوودەیی دەروونییە.
4- نکۆڵی و نەبوونی ماتەمینی بەکۆمەڵ: یەکێک لە قووڵترین سەرچاوەکانی ترۆمای بەکۆمەڵ، بێ توانایی کۆمەڵگا لە تازییە باریدایە. کاتێک مردنەکان، توندوتیژییەکان و زیانەکان بە فەرمی ناناسرێنەوە، ترۆما نیوەچڵ دەمێنێتەوە. خەمی سەرکوتکراو دەگۆڕێت بۆ تووڕەیی، بێ هێزی یان بێدەسەڵاتی فێربوو لەبری ساڕێژ، کەڵەکە دەبێت.
5- بەدوای یەکدا هاتن و کەڵەکە بوون: یەکێک لە بەرچاوترین تایبەتمەندییەکانی ترۆما لە ئێراندا، “کەڵەکەبوونە”. بە پێچەوانەی ئەو کۆمەڵگایانەی کە بە یەک ڕووداوی (وەک بوومەلەرزەیەکی گەورە یان شەڕێکی قۆناغ بە قۆناغ) ڕووبەڕوو دەبنەوە، کۆمەڵگەی ئێران دەیان ساڵە لە حاڵەتی “ترۆمای بەردەوام”دایە. لە شەڕی هەشت ساڵە و لێکەوتە ئابوورییەکانییەوە بگرە تا قەیرانە کۆمەڵایەتییە یەک لە دوای یەکەکان، دەرفەتێک بۆ تازییەباری و ساڕێژ بوونەوە نەبووە و ترۆماکان لەسەر یەک کەڵەکە بووە.
کاریگەرییە قەرەبوو نەکراوەکانی ترۆمای بەکۆمەڵ لە ئێراندا
1- داڕمانی هێمنی دەروونی بنەڕەتی: یەکێک لە یەکەم قوربانییەکانی ترۆمای بەکۆمەڵ، “متمانەی بنەڕەتی”یە. کاتێک ژینگە لەبری توانای پێشبینی کردن، بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە، خەڵک تووشی جۆرێک لە گوێ قوڵاغی بەردەوام دەبن. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی تاک تەنانەت لە ساتەکانی ئارامیشدا چاوەڕوانی کارەساتێکی نزیک بکات.
2- داخورانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و متمانەی نێوان کەسەکان: ترۆما لە ئاستێکی بەربڵاودا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەکات. تاکەکان بۆ پاراستنی خۆیان، پەنا دەبەنە بەر گۆشەگیری. تووش بوون بە ناهومێدی گشتگیر، سکاڵا لەسەر مەبەستی ئەوانی تر (تەنانەت نزیکەکانیان) زیاد دەکات، کە ڕێگری لە دروستبوونی هاوکاریی بەکۆمەڵ و کاریگەر دەکات.
3- گۆڕانکاری لە چەمکی “کات” و نەبوونی ئاسۆیەک بۆ داهاتوو: لە کۆمەڵگا زەبر لێ کەوتووەکاندا “داهاتوو” لە ئاسۆیەکی ڕوونەوە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی دڵەڕاوکێ. خەڵک لەبری پلاندانانی درێژخایەن، ڕوو لە “ستراتیژی مانەوەی کورتخایەن” دەکەن. چێژە کاتییەکان جێگەی هەوڵدان بۆ ئامانجە بەردەوامەکان دەگرێتەوە، چونکە دڵنیایییەک بۆ سەقامگیری سبەینێ نامێنێت.
4- گواستنەوەی نەوەبەنەوەی ترۆما: یەکێک لە لایەنە قەرەبوو نەکراوەکان گواستنەوەی دڵەڕاوکێ و تووڕەیی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی ترە. دایک و باوکە زەبر لێ کەوتووەکان، بە شێوەی نەستی مودێلی ڕەفتاری لەسەر بنەمای ترس، دوورەپەرێزی یان تووڕەیی دەگوازنەوە بۆ منداڵەکانیان. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تەنانەت ئەو وەچەیەش کە ڕاستەوخۆ بینەری قەیرانەکە نەبووە، ئازارە دەروونییەکەی هەڵبگرێت.
بەرەنجام
ترۆمای بەکۆمەڵ چەمکێکی سەرەکیی بۆ شیکردنەوەی دۆخی دەروونی-کۆمەڵایەتی لە ئێرانی هاوچەرخدایە. ئەم زەبرە بەرهەمی لاوازی تاک و کولتووری نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی بارودۆخە درێژخایەن و پێشبینی نەکراوەکانە کە لە دەرەوەی توانای پرۆسێسکردنی تاک کاردەکەن. ترۆمای بەکۆمەڵ لە ئێراندا تەنیا یادەوەرییەکی تاڵ نییە، بەڵکوو توخمێکی بایۆلۆجی و کۆمەڵایەتی چالاکە کە کاریگەری لەسەر بڕیاردان، کارلێکی ڕۆژانە و تەنانەت تەندروستی دەروونی نەوە جیاوازەکانیش دادەنێت. ساڕێژکردنی ئەم ترۆمایە پێویستی بە کەشێک بۆ گێڕانەوەی ڕاستگۆیانە و داننان و بە فەرمی ناسینی ئازارەکان و دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی متمانەیە.
