کۆتایی سەردەمی خامنەیی؛ ئێران لە نێوان چەقەبەستوویی سیاسی و تەقینەوەی جەماوەریدا
عەزیز ئاجیکەند
هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و کوژرانی خامنەیی و ژمارەیەکی بەرچاوی تر لە بەرپرسە هەرە باڵاکانی ئەو دەسەڵاتە، ئاکامی زیاتر لە چوار دەیە سەرکوتی خەڵک، ئاژاوەگێڕی و تیرۆر لە ئێران و تێکدانی باری ئەمنیی ناوچەکە و گشت جیهانە. ئەم شەڕ و گرژییانە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو هەفتە، بەکردەوە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. بەرەیەکی یەکگرتوو پێکهاتوو لە وڵاتانی دیکەش لە دژی ئێران پێکهاتووە کە وێدەچێت ئەم بەرەیە ڕوو لە زیادبوون بکات. هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کوژرانی خامنەیی و دیارینەکردنی جێنشینی ڕابەر و دووبەرەکیی ناو شورای ڕێبەری و ناکۆکییەکانیان لەسەر هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و درێژەپێدانی شەڕ، دەسەڵاتی تارانی نوقمی سەرلێشێواوی و قووڵترین قەیرانی مەشرووعییەت کردووە.
تا پێش دەسپێکی شەڕەکە، کۆشکی سپی ستراتیژییەکی وەها ڕوونی بۆ دوای کۆماری ئیسلامی پێ گەڵاڵە نەکرابوو. ئەمریکا دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پارێزراو بێت و نایەوێت بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی بکەوێتە بەر مەترسیی لەناوچوونەوە. کەواتە هەڵە نییە کە بڵێین ئەمریکا لە سەرەتادا پێی وابوو تەنها خامنەیی بەربەستی سەرەکیی ئەو بەرژەوەندییانەیە. ئەمریکا پێی وابوو بە نەمانی خامنەیی دەتوانێت ڕێگە بۆ هاتنەکایەی مەیلێکی سیاسیی جێپەسەندی واشنتۆن خۆش بکات و بێ سەرئێشە سازان لەگەڵ تاراندا بکات. بەڵام لێکدانەوەکان و ڕەوتی ڕوو لە خێرای ئاڵوگۆڕەکان و درێژەکێشانی شەڕ و هەڵوێستی توندی پاشماوەکانی دەسەڵاتی تاران، ئەو پەیامە ڕوونەی بۆ واشنتۆن پێ بوو کە تەنها خامنەیی بەربەست نەبوو، بەڵکوو تەواوی دامودەزگای کۆماری ئیسلامی و لە سەرووی هەموویانەوە سوپای پاسدارانن کە دژی لەناوچوونی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
کۆماری ئیسلامی پێکهاتەکەی لەسەر هەناردەکردنی تیرۆریزم و شۆڕشی ئیسلامی بۆ گشت جیهان دامەزراوە. شەڕخوازی و هەڕەشەی بەردەوام بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل، چەکدارکردن و بەکرێگرتنی گرووپە چەکدار و تیرۆریستەکان لە ناوچەکەدا و سووربوون لەسەر پڕۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی، وێڕای ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەتەواوەتی نوقمی شەڕ کردووە، بووەتە مایەی سەرئێشەش بۆ زلهێزەکان و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی لاوازیدایە. توانا نیزامییەکانی لاواز بوون؛ زیانی گیانیی زۆر بەر ڕێبەریی سوپای پاسداران کەوتووە و زۆرێک لە ناوەند و بنکە و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی وێران بوون. کۆماری ئیسلامی لە هەموو لایەکەوە دەستی بەتاڵە و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون لەبەردەم دەسەڵاتەکەیدا نییە؛ پاوانخوازیی هاوپەیمانە ناوچەییەکانیشی، لەوانە ڕووسیا و چین، زۆر جێگای دڵخۆشی نین و بەڵکوو بۆ دەسەڵاتی تاران جێگای نیگەرانین. شەڕ پەیامی ڕوونی بۆ پاشماوەی دەسەڵات لە تاراندا هەیە، ئەویش یان تەسلیمبوون و ملکەچبوون، یان ڕووخان. بە گشتی ملکەچنەبوونی ئێران، بارودۆخی ئابووری خراپتر دەکات و قەیرانەکان تەشەنە دەستێنن. کۆماری ئیسلامی هەم لە ناوەوە ڕیسواتر دەبێت و هەم لە دەرەوەش دۆڕاوی سەرەکیی هەموو مەیدانەکانە.
ئەمڕۆ ئێران لە خراپترین بارودۆخی خۆیدا بەسەر دەبات. ناکۆکییەکانی ناو لووتکەی دەسەڵات ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبنەوە. تەنانەت لایەنگرانی هاتنەوە و چالاکبوونەوەی گوتاری چاکسازیش ناتوانن تەمەن بۆ ڕژێم بکڕنەوە. پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامی و زۆرینەی خەڵکی ئێران، گەیشتووەتە خاڵێکی بێگەڕانەوە. دەسەڵات نەک هەر مافی ژیانێکی ئاسایی لە زۆرینەی کۆمەڵگە زەوت کردووە، بەڵکوو بە زیندان، لەسێدارەدان و سەرکوتکردنی ئازادییە دیموکراتیکەکان، وەڵامی خواست و ویستی ناڕازییان دەداتەوە. ئەم دۆخە بەکردەوە کۆمەڵگەی ئێرانی لەبەردەم تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورەدا داناوە.
جەماوەری خەڵکی ناڕازی بۆ ڕزگاربوونی یەکجاری لەم ڕژێمە و هەموو تاقم و دەست و پێوەندەکانی، هێشتا چەند قۆناغێکی تری لەبەردەمدایە تا بتوانێت کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنێت. ئەمڕۆ بەخۆشییەوە ڕەوتگەڵێک خەریکی گەشە و پەرەسەندنان کە دەتوانن بەکردەوە کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن و جێگەی دڵخۆشین. مەیلی شۆڕش و بەرخۆدان کە خوازیاری گۆڕانکاریی بنەڕەتییە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و خوازیاری جۆشدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە بە پانتایی هەموو ئێران، شکڵی گرتووە و لە هەڵکشاندایە. ستراتیژیی ئەم مەیلە خوازیاری ڕووخانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییە نەک چاکسازی و سازان. ئەم مەیلە پشتئەستوورە بە مێژوویەکی پڕشنگدار پێکهاتوو لە خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز کە ئەزموونی شۆڕشێکی وەک “ژن، ژیان، ئازادی”یان لەپشتە. جەماوەری بەشدار لەم مەیلەدا خاوەنی وشیاریی سیاسییە و قۆڵی لێ هەڵماڵیوە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر. ئەم مەیلە لە کوردستاندا باڵای بەقەد مێژووەکەی بەرزە و قامەتی لە شکان نەهاتووە. ئەم مەیلە لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆردا بەردەوام لە سەنگەری دژی ڕژێمدایە. ئەم شۆڕشە بە گرتنەبەری تاکتیکی نوێ و بە شێوازی نوێ خۆی بەڕۆژ دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامی نە بە شەڕ و نە بە مووشەک، نە بە بزەی دیپلۆماسی و نە بە مانۆڕ و چاکسازی، ناتوانێت تەمەن بۆ دەسەڵاتە قیزەونەکەی بکڕێتەوە. شووشەی تەمەنی دەسەڵات لە دەستی بەهێزی جەماوەردایە. ئەم هێزە لە کوردستاندا دڵخۆشکەرە…
