ترامپ و دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانەی لە ئێران….

0
کەیوان دروودی

تا ئەم چرکەساتە، دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانە، لانیکەم سێ جار لە یووگۆسلاوی، لیبی و عێراق ئەنجام دراوە. دیارە لە هەر سێ وڵاتەکە هاوکێشەی سیاسی کاریگەریی بووە و ئامانجی کۆتایی “مرۆڤدۆستی” نەبووە؛ بەڵکوو هەر جارێ بەشێ بووە لە ئەجێندای پنتاگۆن و ناتۆ. هەر جۆر بێ، دۆناڵد ترامپ لە ئێستە -لانیکەم لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی ملی بە ڕێککەوتنە دڵخوازەکەی نەداوە- هاوتەریبی ویستی زۆرینەی گەلانی ناو جوغرافیای ئێران، بۆ وەلانانی ئەو ڕژیمه و هێنانەسەرکاری دەسەڵاتێکی نوێ، تا جێگەیە بتوانێ دەچێتە پێش. ئەڵبەت ئەو، سیاسەتە بەم شێوازە ئێستەی، دیار نییە هەتا کەی درێژەی دەبێ. ئەوەی ڕوونە، ئەوەیە کە دەوڵەتە تۆتالیتێرەکان، هیچکات بەدەستی خەڵک نەڕووخاون، بەڵکوو هەمیشە فاکتەری تری وەکوو هێرشی دەرەکی و داڕمان (فروپاشی) یارمەتیدەر بووە بۆ لەناوچوونیان. لە ئێستە کە ویدیۆ و وێنە بڵاوکراوەکان لە کوشتوبڕی خەڵک لە ئێران، پاساوی بۆ ئامریکا نەهێشتووەتەوە کە دەست ڕاگرێ، ئەگەر وای دابنێین کە ترامپ سوورە لەسەر بڕیار و هەڕەشەکەی کە بە مەبەستی پاراستنی خۆپیشاندەران دەستێوەردان دەکات و لە لایەکی ترەوە، خۆپیشاندەران بەردەوام بن لە پێکهێنانی کۆبوونەوە و ڕێپێوانی ناڕەزایەتی؛ دەشێت چاوەڕێی گورزێکی نیزامیی ئامریکا بین کە بە ئەگەری زۆرەوە سنووردار و کورتخایەنە. لە دواییانە لێدوانی بەرپرسانی ئامریکا لە ترامپەوە تا وەزیری جەنگ و وەزیری دەرەوە، پێداگرییان لەسەر ئەو دەستێوەردانە کردووەتەوە و دوور نییە جێبەجێی بکەن.

پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ ئەم تێسرەواندنە، چۆن دەبێ تا چەند بە قازانجە؟

بێ پێشەکی و درێژدادڕی، دەوڵەت-نەتەوەی ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە، لە پێشدا یەکەیەکی گەندەڵی بازرگانی و لە پاشان میلیتاریستین. بۆیە لێدانی شادەماری ئابووری، ئولیگارشییەکان و دواتر هێزە نیزامییەکانیان، دەتوانێ ڕێگە بکاتەوە تا جەماوەر هێزی خۆی بەدژیان دەربخات. بەڵام لە ئێستە، پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ ئامریکا دیەوێ وەک وێنزوێلا سەری سیستەم لا ببات و لەژێر چاوەدێریی خۆی هەر لەو پێکهاتە کەسێک له جێگەی دابنێ، یان گەرەکیە ڕێگە بۆ جەماوەر خۆش بکات تا بە ئنقلابێکی ڕاستەقینە بنچینەکانی دەسەڵات دەربێنن؟! ئامریکا -بەپێچەوانەی ویستی ئێمە- لە هەر بارودۆخێکدا، وەکوو ئەولەوییەت سەقامگیریی دەوێ. بۆیە هەر دەستوەشاندنێکی تەنیا تا جێگەیەک توند و درێژخایەن دەبێ کە بتوانێ لێکەوتەکانی کۆنترۆڵ بکات. لەبەر ئەوەش ئەگەری لێدانی خامنەیی و کاکڵی دەسەڵات و تێپەڕاندن (transation period)ی پاشماوەی دەسەڵات لەم بڕگە بۆ بڕگەیەکی تازەتر، کەم نییە. ئەم کارە یەک مەترسیی هەیە، ئەویش بەدەستەوەگرتنی کۆی دەسەڵات لەلایەن سپای پاسداران و ڕاگەیاندنی حکوومەتێکی نیزامیی ڕەهایە. له لایەکی ترەوە، ئەگەر ئامریکا ئەجێندای لاوازکردنی دەزگای سەرکوت بێ؛ ئەوە بنکە و بارەگاکانی هێزە چەکدارەکان، ئامانجی یەکەم دەبن. بەڵام ئاشکرایە کە ئەمە لەڕووی سیاسی، کاتێ سەرکەوتوو دەبێ کە هاوکات بێ لەگەڵ جووڵەیەکی جەماوەری. بژاردەیەکی تر، هەنگاوێکە بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتی وشککردنی سەرچاوەکانی داهات. ئەوەش دەشێت بە لێدان و گەمارۆدانی دەریایی ئێران، دەست پێ بکات یان بە بوردمانی کێڵگەکانی نەوت و گاز و هتد. لەم حاڵەتە بەستێنێ لەبار دەکرێ بۆ گورزەکانی داهاتوو و پشتبەستن بە توێژی خۆڵەمیشی و خەمساردی کۆمەڵگە. جگە لەوانە، مەکۆکانی مووشەک و درۆنی ئێران لە قووڵایی زەوین، وەک پاشەکەوتی ستراتیژیک، ئامانجێکی گونجاون بۆ ئەوەی کەڵبەکانی ڕژیمی ئێران دەربهێنرێن. ئەڵبەت ئەمە درێژمەودایە و ڕاستەوخۆ یارمەتیدەری خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەم ڕۆژانە نابێ. بەڵام، باشترین بژاردە، ڕێخۆشکردنە بۆ هێزی گەلانی بندەست لە ڕێگەی دروستکردنی ناوچەیەکی دژەفڕین، کە ئەمە ئایدیال دەنوێنێ چونکە بۆ ئامریکا وەک بژاردەیەک سەیر ئەکرێ کە دەکرێ، لای ئەوان وەکوو شێواندنی سەقامگیری لێک بدرێتەوە و جارێ، لەسەر میزی پنتاگۆن، بژاردەی بەردەست نەبێ. هەر کام لەمانە بۆ ئامریکا دەبێ وردبینانە و بە ئەوپەڕی کۆنترۆڵی لێکەوتەکانی جێبەجی بکرێن. بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین و بزانین پلانی ئامریکا چی دەبێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *