دیمانەی دواڕۆژ
سازدانی؛ تەلار ئیوەر
“توندووتیژی” دیاردەیەکی دزێوی جیهانییە کە بە زۆری دژی ژنان بەکار دەهێنرێ. ئامارو ڕادەی یەکجار زۆری توندووتیژی دژی ژنان نیشاندەری ئەمەیە کە ئەم دیاردە دژە ئینسانیە بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەربڵاو لە کۆمەڵگادا لە ئارادایە و کولتور و پەروەردەی پیاوسالارانە، لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی تر گواستویەتییەوە و بۆتە ئامرازی سەرکوت و بێ ماف کردنی ژنان.
“تووندوتیژی دژ بە ژنان” بەرینترین بابەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤە و هەتا ئەو کاتەی ئەو ئاکارانەی لە ژێر ئەم کۆچەمکە جێگایان بێتەوەو درێژەیان هەبێت، ناتوانین بڵێین هەنگاوێکی ڕاستەقینە بەرەو یەکسانی و ژیانی هاوشان و هاوسەنگ هەڵگیراوە.
تووندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو جیهاندا ڕوودەدات، سنووردار نییە و تایبەت بە کۆمەڵگایەکی دیاریکراویش نییە، بەڵام ئاست و ڕێژەکەی لە کۆمەڵگاکاندا جیاوازیی بەرچاویان هەیە.
بۆ قسەکردنی زیاتر لەسەر ئەم بابەتەو هۆکارەکانی تووندوتیژی و چۆنییەتی بڕیاردانەکانی یاساو دادگاکان دەچینە لای “سازیان شەهید تالیب” بەرپرسی راگەیاندنی یەکییەتی ژنان لە شاری سلێمانی.
🟣 سەرەتا بەم پرسیارەوە دەست پێدەکەین تووندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان بە شێوەیەکی گشتی چۆنەو لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆرترین جۆری تووندوتیژی کە رووبەڕووی ژنان دەکرێتەوە چۆنە وە کاریگەری جەستەیی، رۆحی یان ئابووری … کامیان زۆرترە؟
• توندوتیژی دژ بە ژنان بریتیە لە هەر جۆرە ئازاردانێکی جەستەیی و دەروونی کە بەرامبەر بە ژن ئەنجام بدریت، لە لایەن کەسێکەوە. هەرچی توندوتیژی جەستەییە بە لێدان یان ئەشکەنجەی جەستەیی بێت یان خەتەنە کردنی مێینە بێت دەگرێتەوە، توندوتیژی دەرونی هەمو جۆرە قسەوتوانج و وشەیەکی زبر یان ئاماژەیەکی جەستە دەگرێتەوە کە ببێتە هۆی ئازارو ناڕەحەتی کەسی بەرامبەر.
• بەشێوەیەکی گشی لە کوردستان هەمو جۆرەکانی توندوتیژی ئەنجام دەدرێت بە بێ گوێدانە بارودۆخی دەروونی و جەستەیی ژن، بەداخەوە بەشێک لە ژنان نائارامترین شوێنیان ناو ماڵەکانی خۆیانە، چونکە لەلایەن مێردو باوکو براو زۆرجار دایکەکانیش دەبنەوە بارێکی گران بۆ شانی کچەکانیان، زۆرجار زیادەڕەوی دەکرێت و ژنانو کچان تا لێواری مەرگ یان خودی مەرگ دەبرێن، ئەگەر چاو بە ئامارەکانی ڕابردودا بخشێنیت ئەو ڕاستیە دەزانیت، بێگومان کاریگەری گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت ئاسەوارەکانی دەمێنێتەوەو دەبێت بۆ ساڕێژ بون پەنا بۆ پزیشکی دەرونی ببرێت، بێگومان هەریەک لەوانە کاریگەرییان بە ئەندازەی خۆی دەمێنیتەوە، هەریەک بە شێوەیەک.
🟣 رەگ و ریشەی سەرەکی و ئەسڵی تووندوتیژی دژ بە ژنان چییە؟ کۆمەڵایەتی، ئایینی، ئابووری، یاسایی یان پەروەردە؟
چۆن دەتوانین رۆڵی خراپیان کەم بکەینەوە؟
سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی توندوتیژی بە بڕوای من بە پلەی یەکەم بەندە بە پەروەردەوە چونکە منداڵ سەرەتا لەناو خێزاندا گەشەدەکات و دواتر دەچێتە ناو کۆمەڵگەوە، بە پلەی دووەم کۆمەڵگە و خوێندنگەو ناو کایەی ژیان کردن کە دوبارە دەبێتەوە بە کورەی قاڵکردنی مرۆڤەکان، هەرلەبەر ئەوەیە پیاوەکان کاتێک بە ماندویەتی دەگەڕێنەوە ئەگەر رۆژەکە رەحمی پێنەکردبن دەبینین بەشێکیان ئاسەواری بێ بازاڕیان لەسەر دیارە لەبچوکترین دۆخدا دەبێتە مایەی ئازاردانی ئەوانی دیکە، ئەگەرچی توندوتیژی بەهەمو جۆرەکانیەوە قێزەونە بەڵام تاک ی پەروەردەنەکراو لەسەر پرەنسیپەکانی ژیان دەبینین زۆر لای ئاساییە پێدەچێت لە زۆر باردا، ئەنجامدەر خۆی پێڕاست بێت چونکە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە ژن و منداڵەکانیشیان وەکو ئوتومبێلو پێداویستیەکانی ماڵ دەبینێت و بە موڵکی خۆی دەزانێت بۆیە هەرکات چۆن بیەوێت بەکاریان دەهێنێت، بەداخەوە ئایین زۆر جار ڕۆڵی باشی نەبینیوە بەهۆی پیاوانی ئاینییەوە مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵ دین کردوە.
🟣 خێزان و کۆمەڵگا چ ڕۆڵێکیان هەیە لە بەردەوام بوونی تووندوتیژیدا؟
خێزان بڕبڕەی پشتی پەروەردەیە، بێگومان کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر تاک، لە منداڵیەوە منداڵ لەناو پڕۆسەی لاسایی کردنەوەدایە، “چاولێکەری” بنەمای پێگەیاندنیەتی، دواتر هەر ئەم تاکەیە دەجێتەوە ناو کۆمەڵگە، دەتوانم بڵێم کۆمەڵگەش بە هەمان شێوە ئاسەواری خۆی بە جێدیڵیت.
🟣 یاسا و دادگاکان تا چ ئاستێک توانیویانە ژنان بپارێزن لە تووندوتیژی و ئایا ئەو یاسایانەی کە کاری پێدەکرت بۆ رووبەرووبونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، کافین؟ وە ئایا پێتان وایە یاساو دادگا بەرنامەی و پرۆژەی تایبەتیان هەیە بۆ یارمەتیدانی ژنانی قوربانی؟
بابەتی کەمکردنەوەی توندوتیژی پەیوەستە بە سیستەمێکی تۆکمە کە تیایدا تاکەکان وەک یەک پارێزراو بن، ئەوەش بە میکانیزم و بەرنامەی تایبەت دەبێت کە دەسەڵات هەموو سێکتەرەکانی خۆی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکات، کاتیک یاسا بونی هەبوو هاوڵاتی توانی بە هەستکردن بە دڵنیایی سکاڵا بکات کەسێک هەبێت تەرخان کرابێت بۆ بەدواداچوون، لەکاتی خۆیدا تاوانبار بخرێتە بەر لێپرسینەوە، بەناوی جۆراوجۆر تاوانەکە بچوکنەکریتەوە، بێگومان لە سەرو هەموو ئەمانەوە دەبێت سکاڵاکار سوربێت لەسەر داواکای و بەناوی جیاوازەوە لێخۆشبوون نەیگرێتەوە. ئەگەرچی خودی یاساکان ماتاتی تیایەو دەتوانرێت لێخۆشبوون یان کەمکردناوەی تیابێت، لەبەرئەوە دەبێت دەستبەجێ گۆڕانکاری لە یاساکان و مادەکاندا بکریت.
🟣 چۆن دەتوانین کار بکرێت بۆ ئەوەی تووندوتیژی دژ بە ژنان کەم بکرێتەوە؟
ئەو رێگایانەی وادەکات توندوتیژی کەم بکاتەوە:
• دۆزینەوای هەلی زیاتری کارکردن و باشکردنی بژێوی خەڵک. کوردەواری ئەڵێت کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە، ئەم ڕێگەیە بەشێک لە کێشەکە چارەسەر دەکات.
• گۆڕین لە سیستەمی پەروەردە لە منداڵیەوە فێربکرێن کە جوانی ژیان لە یەکسانیدایە، فێر بکرێن کە توندتیژی جوانیەکانی ژیان دەکوژیت ناتوانی گیانی هاوکاری بەرهەم بهینین، ئەم سیستەمە لە گۆڕینی پڕۆگرامی خوێندن و ئەو ئەقڵیەتەی پرۆگرامەکە دەڵیتەوە لە خوێندنگەکاندا.
• منداڵ ناچار بکرێت خوێندن تا ئاستێکی بەرز بخوینێت و ناچار بە مانەوەی بکات لەناو پڕۆسەکەدا.
• دایکوباوک ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە پڕۆسەی پەروەردەدا، دەبێت بەشێک لەم ڕۆڵە ئەوان بیگێڕن.
🟣 هێشتا ژنانێکمان هەیەلە سوچی ماڵەوە دانیشتووەو ژێردەستی دەسەڵاتی پیاوسالاریە، پەیامی ئێوە بۆ ئەو ژنانەچییە ؟ هەر لەم چوارچێوەدا میدیا و راگەیاندنەکان چ رۆڵێکیان هەیە لە رووبەرووبوونەوەی تووندوتیژی و وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا؟
سەبارەت بەو ژنانەی نێو ماڵ دانیشتوون…
هەڵبەت شتێک نیە بەناوی دانیشتن، چونکە ژنەکان لەنێو ماڵدا دەبنە ژنی ماڵ کابانی ماڵ لێرەدا نامەوێت لەم وەزیفە گەورەیە کەم بکەمەوە چونکە ئەوان دایکمانن زەمەنێک ئەم وەزیەیە خزمەتی گەورەی کردووە بە ئێستاشەوە چونکە بەرپرسیار بوون لە پەروەردەو گەورەکردنی نەوەیەک، بەڵام خۆ بەتەنها وەزیفەی ژن، مناڵ دروستکردنو گەورەکردنی نیە، ژنەکان دەرفەتیان پێبدرێت دەتوانن گەشە بکەن پەروەردە بن فێر بن، ئەگەر ئاوڕێک لە رابردوی کوردبدەینەوە دەبینین ژنان لە سەر کاری کشتوکاڵ بوون لەگەڵ بەخێوکردنی ئاژەڵو ماڵداری دا بوون منداڵەکانیشیان بە کۆڵ و بندەستیانەوە بووە، ئێستا لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتن و بەردەستبوونی هۆکاری پەروەردەیەدا، فەراهەم بوونی شوێنی تایبەت بۆ بەخێوکردنی منداڵ، ژنان باشتر دەتوانن خاوەنی کارێکی گەورەی دەستی بن لە دەرەوەی ماڵەکانیان، ژنان و کچان ڕێگەیان پێبدرێت، دەتوانن بەڕێوەبەر، مامۆستا، فەرمانبەر، کرێکار، بەرگدروو و چێشتلێنەر بن، تەنها ڕێگەیان پێبدرێت و یارمەتی بدرین پشتگیری کار بکرێن، ئەگەرچی بەشێک لە کۆمەڵگە باوەڕی نەهێناوە بە چونە دەرەوەی ژن بۆ کارکردن تا ببێتە خاوەنی گیرفان و سەرچاوەی داهاتی خۆی، هیوادارم ژنان بتوانن ئەو پەردەیەی کێشراوە بە دەوری پەروەردەیاندا بکێشنە دواوە بێنە مەیدانی کارو لە چ بوارێکدا دەرفەتیان هەیە بێنە پێشەوە بۆ کارکردن و چاوەڕوانی کەس نەبن تا بڕە پارەیەکیان بداتێ، خۆیان بێنە مەیدان، لەم مینبەرەوە داوا لە ژنان و کچان دەکەم کە بتوانن خۆیان خاوەنی بیرو ئەندێشەی خۆیان بن، خاوەنی ڕای سەربەخۆی خۆیان بن.

