پیرۆز بێت ٣١ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە

٤٥ ساڵ لەوەپێش کە رژیمی تازە به دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی، کوردستانی به قەڵایەکی قایم لەبەردەم دامەزراندنی دەسەڵاتی دینی و فاشیستی خۆی دەزانی، کۆمەڵە و له پێشیانەوە کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی لەگەڵ دەیان رێبەر و کادری خاراوی خەباتی نهێنی، لە کوردستان که پاش رووخانی رژیمی پاشایەتی دەرفەتێکی زێرێنی بۆ هەڵکەوتبوو، دەستیاندایە ڕێکخستنی بەرگرییەکی جەماوەریی.
کۆمەڵە که تەنیا چەند مانگ بوو خەباتی ئاشکرای خۆی دەسپێکردبوو، هەر زوو جەوهەری دژە مرۆیی رژیمی تازە به دەسەڵات گەیشتووی ناسی و دەستی به کاری ڕێکخستنی جەماوەری کرد، هەر له نەورۆزی خوێناوی سنە تا پێکهێنانی جەمعیەتەکان، بایکۆتی شانۆگەریی رێفراندوم، وتووێژ لەگەڵ هەیئەتی باڵای ڕژیم، شەڕی داسەپاوی نەغەدە، یەکیەتی جوتیاران، کۆچی مێژوویی مەریوان و ڕێپێوانی سەدان کیلومتری سنە و سەقز و بانە بۆ مەریوان، ڕێکخستنی دەیان کۆڕوکۆبونەوەی هێمنانە جەماوەریی و پێکهێنانی دەیان ڕێکخراوی کرێکاری و ژنان و فەرهەنگی، کە به کاری شەوانە رۆژی بەرەیەکی جەماوریی بەهێز لە کوردستان پێکهات و کۆمەڵگای کوردستان به گشتی ئامادەی بەرگریی بوو.
رێبەرانی لاوی کۆمەڵە و سەدان کادری خۆشناو له ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بوونە بڕبڕەی پشتی خۆڕاگری و بزووتنەوەیەکی جەماوەریی. کۆمەڵە که گومانی نەبوو ڕژیم هێرش دەکاتە سەر کوردستان وێڕای دەسهەڵنەگرتن لە خەباتی هێمنانە و مەدەنی و ڕێکخستنی جەماوەر، دەبوو خۆی بۆ بەرگریی له بەرامبەر هێرشی نیزامی رژیم ئامادە بکات، هەر بۆیە له ناوەڕاستی بەهارەوە یەکەمین فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە دامەزرا که تێیدا دەیان کادری به ئەزموونی خەباتی مەدەنی، له زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر و کەسانی خۆشناوی ناوچەکانی کوردستان یەکەمین دەورەیان تێپەڕ کرد. لەپاش هێرشی ڕژیم بۆ سەر کوردستان ئەم هێزە بونە بەردی بناغەی هێزێکی پێشمەرگە که له زۆر رووەوە جیاواز بوو و نوێگەری و پڕنسیپ و سیمایەکی نوێی به هێزی پێشمەرگە بەخشی. زۆربەی نەوەی یەکەمی ئەم هێزە پێکهاتبوو له سەدان کادری هوشیار، خاوەی پێگەی جەماوەریی، خۆشناو و له ریزەکانی پێشەوەی خەبات و بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان که هەر له بناغەوە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە کردە هێزێکی تایبەت، به بیروباوەڕ، خۆشەویستی خەڵکی زەحمەتکێش، رۆشنگەر، فیداکار، یەکسانیخواز، سەرسەخەت له مەیدانی شەڕ و هێمن و ئارام و به پڕنسیپ له گەڵ دیلەکان.
له بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کوردستان له ٤٥ ساڵی ڕابردوو، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە ڕۆڵی دیار و گەورەی گێڕاوە. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە له پڕ ناوەڕۆکردن و حەقانییەت بەخشین به بزووتنەوەی کوردستان پشکی گەورەی بەرکەوتووە. چ له مەیدانەکانی شەڕ، هەڵسوکەوت له گەڵ دیلەکانی شەڕ، تێکەڵبوون لە گەڵ جەماوەر و کارو ژیانی خەڵک، پێشمەرگەی کۆمەڵە خاوەن کەسایەتی و تایبەتمەندییەک بوون که به ڕاستی خۆشەویستی و ڕێز و سەرنجی خەڵکی ڕادەکێشا. ژیاننامەکانی هەزاران پێشمەرگەی گیانبەختکردوو و بیرەوەریی هەزاران هاوڕێی دیکە که ئێستاش وەک دەورانی پڕ لەشانازی تەمەنیان باس لەو رۆژانە دەکەن، ئاماژەن بۆ هوشیاریی و لەخۆبردوویی پێشمەرگەی کۆمەڵە.
بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە کۆماری ئیسلامی زۆرترین هێز و ئیمکاناتی مادی و مەعنەویی بۆ دژایەتی هێزی پێشمەرگەری کۆمەڵە تەرخان کردووە. زۆرترین فیلم و دێکۆمێنتەکان له دژی پێشمەرگەی کۆمەڵە ساز کراوە. بەوەیشەوە ڕێگر نەبووە لەوی که فەرماندەکانی سوپای تێروریستی پاسداران ئازایەتیەکان و نەبەردەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە به حەماسەوە باس بکەن. مێژووی ٤٥ ساڵی ڕابردووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان به هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە دەوڵەمەنتر و پڕناوەرۆکتر و ڕەواترە.
له چەن ساڵی ڕابردوش دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی رژیم تەرکیزێکی تایبەتی له سەر کۆمەڵە و بنکە و فێرگەکانی کۆمەڵە کردووە. رژیم به باشی دەور و ڕۆڵی کۆمەڵەی له هەڵخراندنی شۆڕشی ژینا و له ڕاپەرین و ئاخیزەکانی داهاتوو که نە وەک تارمایی که وەک حەقیقەتێکی حاشا هەڵنەگر هەستی پێدەکا، قورسایی زۆرتری خستوەتە سەر کۆمەڵە و هێزی پێشمەرگەی، بەڵام بێگومان کۆمەڵە و هێزی پێشمەرگەی کۆڵنادات و له دژوارترین دۆخدا ڕێگای خەبات و حوزووری خۆیی ون ناکا و وەک دەیان ساڵی ڕابردوو دەبێتە بەشێکی بەرچاو له خۆڕاگری و جەنگاوەری و خەباتی کوردستان.
له ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ هاوڕێ سەعید موعینی ناسراو به خانە (له بنەماڵەی شۆڕشگێر و ناوداری کوردستان)،که له لایەن کۆمەڵەوە بۆ بەشداری له شۆڕشی باشووری کوردستان رەوانە کرابوو، له گەڵ پۆلێک پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان له ئاوایی دڕی له نزیک ماوت دەکەونە کەمینی هێزی رژیمی بەعسی روخاو و هاوڕێ خانە و ژمارەیەک پێشمەرگەی یەکێتی گیانیان بەخت دەکەن. ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە به ناوی ڕۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێ سەعید، ڕۆژی ٣١ی جۆزەردان دیاریکرا تا وەک یەکەم پێشمەرگە و یەک گیانبەختکردووی کۆمەڵە ببێتە ناوێکی هەتاهەتایی.
لەم ڕۆژەدا ڕێز دەگرین له یادی ئازیزی هاوڕێ سەعید موعینی و هەزاران گیانبەختکردووی کۆمەڵە. ڕێز دەگرین له هەموو ئەو هاوڕێیانەی که له نەبەردەکانی پێشمەرگایەتی بەشێک له ئەندامانی جەستەیان لەدەستداوە و یان هێشتا به ئازارەکانیەوە سەربەرزانە دەژین. هەزاران سڵاو و درود بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە که خۆڕاگرانە بوونەتە بەشێک له هێما و سەروەریی ڕۆڵەکانیان و خەڵکی کوردستان.
له ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا ڕێزدەگرین له جەماوەری خەڵکی کوردستان لە هەموو شار و گوندەکان که به درێژایی ئەم ساڵانە پاڵپشت و پشتیوانی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون نانی سفرەیان لەگەڵ پێشمەرگەی کۆمەڵەدا بەش کردوە. به بێ پشتیوانی و فیداکاریی خەڵکی کوردستان، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە نەیدەتوانی درێژە به حوزوور و چالاکی و مانەوەی خۆی بدات.
له قوناغەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی بزووتنەوەی ڕەوای کوردستان، کۆمەڵە و هێزی پێشمەرگە دەور و ڕۆڵی تایبەت به خۆیان دەگێڕن و حوزووری کارایان دەبێ. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەرەڕای هەموو بەربەستەکان و پیلانی دوژمنان، له هەموو بوارەکاندا دڕێژه به چالاکی و حوزووری خۆی دەدات و له گەڵ هەزاران گیانبەختکردووی کۆمەڵە و گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی پەیمان تازە دەکاتەوە و درێژەدەری رێگای پڕ لە شانازییان دەبێت.
بژی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە
سەرکەوتو بێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان
بروخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان
٣١ جۆزەردانی ١٤٠٣
٢٠ ژوئەنی ٢٠٢٤