کاک فواد، سۆسیالیستێکی مرۆڤدۆست و سەرکردەیەک بۆ هەموو وەرزەکان

✍ئاژوان-سنە

لە پیشەی سەختی شۆڕشگێڕیدا مردن ڕووداوێکە کە بە بەردەوامی ڕوودەدات . “ئەرنستۆ چێگڤارا

پێشەکی:

ڕەنگە تا ئێستا دەیان وتار و چەندین کتێب لە بارەی کاک فوادمستەفا سۆڵتانی  بڵاوبووببێتەوە و هەرچەندە بزووتنەوە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەکانی دژ بە ناعەدالەتی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی بوونەتە دیمەنی هەموو ڕۆژێکی ژیانمان و بە ڕواڵەت شێوازی تری شۆڕشگێڕانە وەک میتۆدی ساڵانی شەستەکاندا ڕۆڵی کاریگەری لەو خەباتانە دا نییە ،بەڵام ژیان و خەبات و گیانبەختکردنی کاک فۆئاد و میراتی بەجێماوی و ئەو تێڕوانینەی کە لە کوردستاندا ڕێبەرایەتی دەکرد، هێشتا یەکێکە لە خوازراوترین بابەتی بایەخدار بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان. هێشتا لە زۆر شوێندا یەکێک لە باوترین سوێندەکان ،سوێندخواردنی گۆڕ و خوێنی شەهید فوادە.

بۆیە نووسەری ئەم وتارە پێیوایە سەرەڕای پتر لە چل ساڵ بەسەر گیانبەختکردنی هەڤاڵی سەرکردە، کاک فواد هێشتا چیرۆکی ژیان وتایبەتمەندی هزر و کەسایەتییەکەی بە وردی نەپشکنراوە و پێویستە نووسەران و ڕۆشنبیرانی سیاسی و شۆڕشگێڕ لەم سەردەمە مێژووییەدا بێلایەن نەبن و زیاتر لە جاران بۆی هەوڵ بدەن.

زۆر چاوەڕوان نەکراو گیانی بەخت کرد

هەروەک لە 9ی ئۆکتۆبری 1967 هەواڵی گیان لە دەس دانی ئێرنستۆ چێ گوڤارا لە نزیک شاری ڤالی گراندی بۆلیڤیا بۆ خەڵکانی جیهان کوتوپڕ بوو و خەڵک بڕوایان بەو هەواڵە نەدەکرد. لە ڕۆژی 9ی خەرمانان  زۆر چاوەڕوان نەکراو و پێشوەخت کاک فواد گیانی ئازیزی بەخت کرد. ڕووداوی مردنی کاک فوئاد هێشتا هۆیەکی نادیاری هەیە، ئەوەی تا ئێستا ئاشکرایە ئەوەیە کە کاک فواد لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی کۆمەڵە و ئەندامێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی عێراق و ئەندامێکی ڕێکخراوی فەداییانی خەڵکی ئێران (لقی مریوان) تەهەمۆرس ئەکبەری لە مەریوانەوە بۆ بانە لە مەئمووریەتێک دا بوون، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕژێمی ئیسلامی و جاشەکانی ناوچەکە دەبنەوە و لە شەڕێکی کورتدا کاک فواد و تەهموورێس ئەکبەری گیان بەخت ئەکەن. کاک فواد لە کاتی گیان لەدەسدانی و تەنانەت پێش ئەوەیش دا ببوو بە یەکێک لە گەورەترین کەسایەتییە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان و ئێران. ناو و باوەڕەکەی بەشێکن لە ڕۆح و سیمبۆلی ئەو بیرۆکەیەی کە ” تاکە ڕێگە بۆ ئازادکردن و نەهێشتنی چەوسانەوەی کۆمەڵایەتی پەیوەست بوونە بە جەماوەری ڕەنجدەری گوندە و سازمان دانیان بۆ خەبات”، بە دەگمەن لە مێژووی کوردستاندا کەسایەتیەکی وەک ئەو بە شۆناسی ئایدیالیزمی شۆڕشگێڕی و پراگماتیزم بە جۆش و سۆزێکی وەها شۆڕشگێڕانە بدرەوشێتەوە. تەنانەت ئەوانەی لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لەگەڵیدا نەبوون، بە کەسایەتی کاریزماتیک و سەرنجڕاکێشی ئەو سەرسام بوون. بە پێداچوونەوە و لێکدانەوەی بەڵگەنامەکانی ئێستا دەکرێت بەشێک لە کاراکتەری ئەم شۆڕشگێڕە سۆسیالیستییە مرۆڤگەرایە بناسرێت و ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی بێ لایەن و زانستی هەیە. لەم دەرفەتە کەمەدا ئەوەی گرنگە چۆن دەتوانین بوون و سیمبۆلی بۆ یەکپارچەیی نێوان جەماوەری گەلی کوردستان و حزبە شۆڕشگێڕەکانی بەکار بهێنین؟ چۆن دەتوانین بیر و سیمبۆلی بیرکردنەوەکەی لە هیومانیزمی سۆسیالیستی هاوچەرخی کورد بۆ ڕۆشنکردنەوەی کۆمەڵگا بەکار بهێنین؟

دەستکەوتە شۆڕشگێڕییەکانی کاک فواد

ژینی بێشک ژیانێکی پڕشنگ دار بوو: لەدایکبوونی لە خێزانێکی دەوڵەمەند و دەرەبەگدا: باوک و مامۆستایەکی خوێندەوار، پەروەردەیەکی شار و وەرگرتنینی لە زانکۆی پیشەسازی ئاریامێر(شەریف)، خزمەتی سەربازی وەک بەڕێوبەری گشتی کارەبای برووجێرد لە لۆرستان، وانە وتنەوە لە هۆنەرستانی پیشەسازی سنە، ئەمانە هەموو وەک بەشێک لە ژیانێکی ئاسایی ڕێبەر و پێشمەرگەیەکی شۆڕشگێڕ لە داهاتوو بوون کە دەتوانی بەر لەوەی خەباتکارێکی پیشەیی بێت، سوود لە مەنسەبەکانی بۆ پێشکەوتن و بەرژەوەندی خۆی وەرگرت، بەڵام واقیع شتێکی تر بوو. ڕاستییەکەی ئەوە بوو کە کاک فواد لە کاتی پەروەردە و سەربەخۆییدا ئەنجامی گەورەی بەدەست هێنابوو. ئەو ئەنجامانەی کە ژیانی گۆڕیبوو بەڵێ، ژیانی هەمووی پڕلە جۆش و سۆز بوو. ئینسانێک کە دەکرێت ستایشی کەسایەتی فرە تەوەرەی وچەن لایەنی بکرێت، ئەندازیار و مامۆستا، خەباتکار، تیۆری زانی سەربازی و سیاسی، کەسێکی خۆشەویست کە هەم دەتوانی جەماوەری ڕەنجدەری گۆند و  جوتیارەکان سازمان بدات و هەم قوتابی و ڕووناکبیرانی شار دڵبەستەی کەسایەتی شۆڕشگێڕیی خۆی بکات، لە پشت ئەم دەرکەوتنە ئەفسانەیی و ڕۆمانتیکە، زۆر شتی قوڵتر خەوتبوون. ئەوەی ژیانی کاک فواد ڕووناک دەکاتەوە و مانای ڕاستەقینەی پێدەبەخشێت:هاوئاهەنگی، ڕێکخستنی تەواو و یەکپارچە لەنێوان تیۆری و قسە و کرداردا. تەنیا لەبەر ڕۆشنایی ئەم هاوئاهەنگی و بەرجەستەکردنی واقیعیانەی شۆڕش و بیری چەپی بوو کە توانی مارکسیزم و لینینیزم و مائویزم و ئەنارشیزم و ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم، هزری مۆدێرن لە کوردستاندا بچەسپێنێت کە ئەمڕۆ سەرچاوەی بزووتنەوەیەکی بیرکردنەوە وشۆڕشی کردارییە لەکوردستان دا.

بیرکردنەوە و کرداری لە سیاسەت ، شۆڕش و ڕێخستن و سازدانی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی جوتیارەکان ناو پرۆسەکە و تێکۆشانی ڕزگاریی دەری گەلانی ئێران و کوردستان ،هەمیشە بەها و متمانەکانی خۆی دەپارێزێت و هەوڵ و کۆششەکانی وەک مرۆڤی کردار و هزر و وەک مرۆڤ دۆستێکی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست بە ئیستحقاقی ئەخلاقی قووڵەوە، بەهایەکی جیهانی هەیە و دەیبێت.

بیروباوەڕ و تێڕوانینەکانی وەک مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ لەجیهانی سێیەمدا میراسێکی تیۆرین کە وەک بیروباوەڕی سەرکردە شۆڕشگێڕەکانی جیهان وەک مارکس ، لۆکسمبۆرگ و ڕیژی دێبرە و چێگیڤارا و …. نەک هەر یارمەتی گۆڕینی جیهان دەدات، بەڵکو بۆ گۆڕینی گۆشەیەکی بچووکی ئەم جیهانە یارمەتیمان دەدات. بەم هۆیەوە لێکۆڵینەوەی سیستەماتیکی هزر و کردەی شۆڕشگێڕانە و مرۆڤدۆستانە و سۆسیالیستیی کاک فوئاد کاراکتەری دژە داگماتیکی بەهێزی هەیە و بە ڕەگ گرتن لە خاکی کوردستاندا هێشتاش کاراکتەر و پەیامێکی جیهانی هەیە. لە کاتێکدا پەیامی حەماسە وداستانی کاک فواد زۆر واقیعییە، دەچێتە پاڵ مەسەلە فەلسەفییە نادیارەکان و ئایندەی بزاڤەکانی بیری کۆمۆنیستی. کۆمۆنیسمی کاک فواد ڕێڕەوی کێ بوو؟ چۆن توانی لینینیزم و مارکسیزم و ماوئۆیزم تێکەڵ بکات و کۆمەڵە بۆنیاد بنێت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بتوانێ لە سێبەری ئەم بیرکردنەوەیەی، چەندین حیزبی سیاسی چەپی شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵ لەم خاڵەی دنیادا درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بدەن.

مەبەست لەم لێکۆڵینەوە دەکرێت ئەوە بێت کە نیشانی بدەین کە بیروباوەڕەکانی کاک فواد ڕاستییەکی پێکەوەیین کە لەسەر بنەمای گریمانەی مارکسیستی و کۆمۆنیستی بۆنیاد نراون. کێشەکانی فەلسەفی ،مرۆیی، ئەخلاقی، ئابووری، کۆمەڵناسی، سیاسی و سەربازی لە نزیکەوە پەیوەندیان بە یەکترەوە هەیە .چۆن سۆسیالیزمی ئۆمانیستی کاک فواد دەتوانێت هێڵی ئەنارکیزمی سۆسیالیستی بهێنێتە دی. کاک فواد چۆن توانی ببێتە ڕیفۆرمخوازێکی سۆسیالیستی؟ بەڵام بەو پێیەی ئەم وتارە تەنیا لە پۆلێکی ڕۆژنامەوانیدایە و بۆ بەشێکی دیاریکراوە لە مێژوودا، ناتوانێت وردبینی لەسەر هەموو ئەم بابەتانە بکات و ئەمانە لە کتێبێکی کەمتردا ناگونجێت.

ئۆمانیزمی سۆسیالیستی کاک فواد

بە بۆچوونی هاوڕێ فۆاد سۆسیالیزمی ڕاستەقینە لە مرۆڤدۆستی جیا نابێتەوە. ئەو مرۆڤگەرایی وەک یەکێک لە توخمە سەرەکیەکانی جیهانبینی خۆی تێکەڵ کرد.وەک مرۆڤدۆستێک ڕەسەنایەتی و گرنگی شۆڕشی جەماوەری کۆمەڵانی زۆحمەتکێشی ئێران و کوردستان دەدۆزێتەوە و جەختی لە سەر دەکاتەوە. شۆڕشێک کە خەریکە سیستەمی دیموکراتیکی خەڵکی دروست دەکات کە مرۆڤ لە چەقیدایە و ئەو کەسایەتییە گرنگەی مرۆڤانەی کە وەک فاکتەرێکی سەرەکی لە شۆڕشدا هەیەتی بە ئەژمار دێنێت کە لە وتار خوێندنەوەێکی دا لە مەهاباد لە نێو هەندێک لە هەڤاڵان و ڕۆشنبیرانی ئەم شارەدا دەریبڕیوە. هەر لە یەکریزی و خەباتی جوتیارانی مریوانەوە تا دامەزراندنی کۆمارێکی جەماوەری دیموکراتیک و یەکپارچەیی هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و چەپەکان، بیرۆکەی نوێ دەردەبڕێت و دەبێتە بیرێک کە دواتر تێکۆشەرانی کوردستان خۆیان لەم پرۆسە فکرییەدا سازمان ئەدەن تا ئاگری شۆڕش بۆ سەرانسەری ئێران پەرە پێ بدەن.لە بیرکردنەوەکەیدا خۆشەویستی مرۆڤ لە مرۆڤی ڕەنجدەر و جوتیاردا دێتەوە. لینین هیوای بە پرۆلیتاریا بوو کە شۆڕشی جیهانی کۆمۆنیستی بخاتە ڕێ و نەکەوێتە ناو تەڵەی بۆرژوازییەوە، فواد چینی جوتیارەوە دڵگەرم بوو بۆ پشتگیری چینی کرێکار لە شۆڕشی سۆسیالیستیدا و نەکەوێتە ناو تەڵەی دەرەبەگ  و فئۆدالەکانەوە.ئەو لە چی گیڤارا لە کاتی شۆڕشی کوبادا فێری وانە بوو. وانەی خۆشەویستی بۆ مرۆڤایەتی،هیوای شەڕی لە گەڵ بەدبەختی و نادادپەروەری و هەموو ئەو چەوسانەوەی کە چین و توێژە بەهێزەکانی باڵادەست دژ بە پرۆلیتاریا و جوتیارەکان هەیانە و ڕەنجدەران لێی دەناڵێنن. لەبەر ئەو ئەوئەوینە بوو کە بیری شۆڕشگێڕی و سۆسیالیستی لە کوردستان لە دایک بوو و بە وردی پێویستی مێژوویی شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە مارکس و بیرمەندانی دیکەی سۆسیالیستی ئاماژەیان پێکردبوو ئێمکانی بەدیهاتنی مسۆگەر بوو . کاک فواد لە ماوەی چەند ساڵ خوێندنی دا لە زانکۆی تەکنەلۆجیای شەریف، ئاشنای بیروبۆچوونە سیاسییەکانی چەپی ئێران و جیهان بوو.

لە رێبازی چریکی بزووتنەوەی جەنگەڵ، لە سیاسەتی جەماوەریی پارتی تووده ، لە بیری جەرەیانی سێهەمی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی چەپی ئێران و لە زۆربەی ئەو بزووتنەوانەی کە لە شۆڕشی ئێراندا تێوەگڵا بوون،زۆر ئەزموون چ لە زانکۆ چ لە زیندان لە نێوان ساڵانی 1974 تا  1979 فێر بووبوو،دەیویست  لە کوردستان هەموو ئەو تیۆرانە بیگەینێتە بواری جێبەجێکردنەوە. فواد تێگویشتبوو کە مرۆڤی کامڵ و شۆڕشگێڕ ئەو کەسەیە کە تیوری کردار و کەلتوور و کار یەک بخات ، کە تەنیا لەو ڕێگەوە ئەکرێ دەسەڵات بگاتە کۆمەڵانی خەڵکەوە . رێخستنی زەحمەتکێشانی گوند و سازماندەهی کردنیان  لە ڕیزەکانی هاوپەیمانی لەگەڵ پێشەنگانی شار و ڕادەستکردنی بەڕێوەبردنی گوند و شارەکان بە خۆیان ئەو گریمانە بەرز دەکاتەوە کە ئەویش بە ئەنارشیزمی شۆڕشگێڕی و سۆسیالیستی ئاشنا بووە.

 

لە ئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئۆمانیزم و پراگماتیزمی شۆڕشگێڕانەی کاک فواد مرۆڤدۆستێەکی شۆڕشگێڕانە بوو کە بە مانای خۆی ڕۆڵی تاکەکان لە شۆڕش و خەبات  لە ڕەوشتی کۆمۆنیستی خۆی و لە ڕوانگەیەوە مرۆڤی مۆدێرن پێناسە دەکرێت.ئەو دەیویست کە لە مرۆڤی مۆدێرن لەم خالە چکۆلەی جهیانەوە بۆ گەشە سەندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی کەڵک وەرگرێت تا ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە کەماڵی مرۆڤایەتی و دامەزراندنی دادپەروەری بدۆزێتەوە.مرۆڤایەتی وەک بەهایەک، پێویستە بە مانای بایەخ دانان  بەخۆدی ژیانی مرۆڤەوە.

کاک فواد لە ڕاستیدا وەک تیۆریسی جەنگی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و خەباتی ڕزگاریخوازانەی چەکداری، وەک کەسێ کە سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت بەهێز و بێ بەزەییانە لە بەرامبەر دەرەبەگاکاندا بوەستێت و پێیوابوو کە شۆڕشگێڕ دەبێت ببێتە شەڕڤان و چەکدارێکی کاریگەر. بۆیە بەها و ڕێزێکی قووڵی هەبوو بۆ خەڵکی ئاسایی کۆمەڵگا و گوندنشینان و جوتیارەکان و کرێکاران. چونکە ئەو لە بەهای ژیان تێگەیشتبوو ، ڕەخنەی لە تیرۆریزم دەگرت کە قوربانیانی بێتاوان بەجێی دێڵێت و تەنانەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارەکانیدا سودی لەو سیاسەتە سەربازییە نەگرت.هەمیشە پێشمەرگەکانی ژێر فەرمانی خۆی دادەسپارد کە بە میهرەبانی مامەڵە لەگەڵ بێ تاوان و بێدفاعانە بکەن و بە سووکی مامەڵە لەگەڵ دیل و سەربازانی دوژمندا نەکەن .هانی پێشمەرگەی کۆمەڵە و یەکێتی جوتیارەکانی مەریوانی دەدا کە پیرۆزی گوندنشینان بپارێزن و تەنانەت کاتێک دەچنە ناو گوندەکان و لەمزگەوتەکاندا نیشتەجێ دەبن، سوکایەتی بەباوەری ئایینی ئەوان نەکەن و بەزانست و ئاگاهییەوە ڕەخنە لە بیری کۆنەپەرستانە و چەوسانەوە بگرن و خەڵکی لە زوڵم و پەیوەندایەتی دەرەبەگ و شێخ و گەورە زەمیندار و سەرمایەداران و بەکرێگیراوانی دەوڵەت و ئەو ستەمەی ئاگادار بکەنەوە کە لە ناوچەکەدا هەیە.

مرۆڤایەتی ، ئازادی و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی ئەم بەها کلاسیکانە، چەمکێکی نوێن لە مرۆڤدۆستی شۆڕشگێڕانەی کاک فواددا، کە لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە بەیان دەکرین. دامەزراندنی بیرێکی نوێ پێویستی بە بزووتنەوەیەکی بەکۆمەڵی هەبوو کە لە ساڵی 1969 لە کوردستان لە لایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و خوێندکاری شۆڕشگێڕی کوردەوە لەسەر بنەمای پێویستی مێژوویی دروست بوو. تەوەری ئەم خەباتانە کاک فواد و هەڤاڵانی دیکەی وەک محەمەد حوسێن کەریمی و سادق کەمانگەر و دکتۆر جەعفەر شەفێعی بوون.

 

هاوڕێ فواد و بزووتنەوە مەدەنی و نافەرمانی  مەدەنی

کاک فواد و هەڤاڵانی لە مەریوان، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و مەدەنییان وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ  بەرەوپێشبردنی ئامانجە شۆڕشگێڕییەکانی خۆیان سەیر کرد. لەو بارەیەوە لەگەڵ جوڵانەوەی نوێی کۆمەڵایەتی لە مەریوان و هەرێمەکانی نزیک لە مەودای چالاکییەکانی یەکێتی جوتیاران و کۆمەڵە زەحمەتکێشان هەوڵیاندا شۆڕشێک لە ناوچەکەدا بەرپا بکەن.

بەکارهێنانی سیاسەتی نافەرمانی مەدەنی و بەکارهێنانی ڕێکخراوە ناحکومی و مەدەنییەکان لەلایەن هاوبیرانی لە مەریوان وەک پێکهێنانی لیژنەی ژنان و سەنتەری خوێندکاران و قۆتابیان و هەروەها پێکهێنانی یەکێتی جوتیاران و …. هەمووی ئاماژە بەوە دەکەن کە کاک فواد بە گرنگی و بڕوابوونی بزووتنەوە مەدەنییەکان و نافەرمانی مەدەنیانەیلە بەرامبەر پاوانخوازی فیودالیزم و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئیسلامیدا زانیبووی. کۆچی مێژوویی هاوڵاتیانی شاری مەریوان لە دەربڕینی ناڕەزاییە بەرامبەر بوونی سەربازی ڕژێم و داگیرکردن و هێرشی گەورەی ئەوان بۆ سەر شارەکە وەک ئامرازێکی مەدەنی لە بەرگری لە گەلی کورد لە بەردەوامی ئەم بزووتنەوە مەدەنییە لە سەرانسەری ئێران بوو.

لەم کۆچە مێژووییەدا هاوڕێ فواد ڕۆڵێکی بەرچاوی ، وەک سەرکردایەتی ئاشتی و ناڕەزایی گێڕاوە. لەم ناڕەزایەتی و داستانە مەدەنییەدا بە یەکخستنی چینە جیاوازەکان لە کۆمەڵگا لە کۆچی بەکۆمەڵ بۆ دەرەوەی شار، سەلماندی کە یەکپارچەیی جەماوەری خەڵک دەتوانێت ڕژێم ناچار بکات خۆی تەسلیم بکات و بە گەلانی دیکەی ئێران بسەلمێنێت کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان خاوەنی پشتیوانی جەماوەرییە. خۆپیشاندانە مێژووییەکانی مەریوان بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان وەک سنە، بانە، سەقز و بوکان بڵاوەی کرد و جەماوەری گەورەی ئەو شارانە بە پشتیوانی خەڵکی مەریوان بەرەو ئەم شارە بەڕێکران. بەشداربووانی ئەم بزووتنەوەیە شارستانی و مۆدێرنە دروشمە مرۆیی و دیموکراتییەکانی کۆمەڵەیان هەڵگرت. ئەم بزووتنەوە مێژووییە، ئەم ڕێپێوان و خۆپیشاندانە جەماوەرییە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیاکان و هەواڵەکانی سەرتاسەری جیهاندا ڕەنگی دایەوە.ئەم کۆچ و ڕێپێوانە بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە داگیرکاریی ڕژێم بۆ سەر مەریوان ، بە پێشەنگایەتی ئۆرگانە دیموکراتییەکانی سەر بە جەرەیانی بیرکردنەوەی کاک فواد بوو .بە وتەی کاک، بناغەی خەباتی گەریلایی و چەکدارانە ئەگەر لە لایەن چینی کرێکار و جوتیار و ڕەنجدەرەوە پشتیوانی نەکرێت ناتوانێت تێکۆشان گەشە بکات. ئەگەر خەبات لە شارەکاندا یەک نەگرێتەوە ناتوانێ پێشڕەوی بکات،.ئەم ئەزموونە گشتییەی شەڕی شۆڕشگێڕی لە کوردستان ،پێشتر لە کوردستانی عێراق بە ئەزموون کرابوو. بۆیە بزوتنەوەی جەماوەریی لە شار بە دینامیک و کاراکتەرێکی بەنرخی زانی کە گرنگییەکی زۆری بۆ خەباتی ئازادی کوردستان و سەرتاسەری ئێران هەبوو. ڕۆڵ و گرنگی و کاریگەری خەباتی ڕەنجدەران بە گەشەی شەڕی چەکداری و شۆڕشگێڕانە و یەکگرتنی کرێکاران و جوتیاران ڕەهەندێکی گەورەتری دەبێت. لە قۆناغی یەکەمدا کە خەباتی چەکداری دەستپێدەکات، لە بنەڕەتدا جموجوڵی جەماوەریی شار(مانگرتن و خۆپیشاندان و …) ڕۆڵی سەرگەردانی دەبینن چونکە دەبنە هۆی بڵاوبونەوەی هێزە سەرکوتکەرەکان و ڕێگە نادەن گوندەکان داگیر بکەن و دژ بە هێزی پێشمەرگە بوەستن.ئەو زۆر بەکارهێنانی ئەم سیاسەتەی کردووە. کاتێک هێزەکانی جاش و سوپا بەنیازبوون مقاومەتی هێزی پێشمەرگە بشکێنن و هێزی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی ، کومەڵە، دیموکرات  و سازمانی چریکەکانی فیدایی خەڵک، لە مەریوان گەمارۆ بدەن ، کاک فواد و شوورای ڕێبەری ئەو دەورەی کۆمەڵه، یەکیەتی جووتیاران لەم ماۆرە سیاسیە و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کۆچ و کۆڕەی بە کۆمەڵی خەڵکی مەریوان کەڵکیان وەرگرت و پشتی ڕژێمیان شکاند.یەکێتی سیاسی لەنێوان دامەزراوە مەدەنییەکان و حزبەکاندا دروست بوو و ڕژێمی ناچارکرد بگەڕێتەوە بۆ پادگان.بێگومان ئەم مانۆڕە سیاسییە سەرنجێکی زۆری لەسەر بەردەوامی خەباتی گەلی کورد لە کوردستان و ئێران بەجێهێشت. تێگەیشتنی سەرکردایەتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە مانگرتنە گشتییەکان و کۆچکردنی جەماوەری، دانیشتن لە بەرامبەر ئۆرگانە دەوڵەتیەکان، تێگەیشتنێک لە گرنگی دامەزراوە مەدەنییەکان و بزووتنەوەی نافەرمانی مەدەنی بوو کە پێشتر لە ئەمریکای لاتین و بە تایبەتی کوبا کاری بۆ کرا بوو.ئەوان بۆیان دەرکەوتبوو کە ئەو خەباتە شۆڕشگێڕانەیە، کە لە ڕێگەی خەباتی سیاسی و خەباتی چەکدارییەوە ،لە ڕێگەی شەڕی گەریلا و بەرخۆدانی چەکدارییەوە، لە ڕێگەی مانگرتن و خۆپیشاندانی جەماوەرییەوە گەشە دەکات ، نابێت تەنها بەرخۆدانێکی کاتی بێت، بەڵکو دەبێت زیاتر ئامادەیی بۆ بەرخۆدان لە گەڵ هێرشی هەمە لایەنەی ڕژیم بۆ کوردستان درووس بکرێت.

لێکدانەوەی ئەو بڕیارانەی کاک فواد لە حاڵەتە جۆراوجۆرەکاندا و بواری خەباتی خەڵکی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵدا دوای سەرکەوتنی شۆڕشی جەماوەریی خەڵکی ئێران لە 1979، پێویستی بە کات و ئاسانکاری زیاتر هەیە. لەم وتارەدا ناکرێت هەموو پرسە ئەخلاقی و سیاسی و سەربازییەکانی کاک فواد شی بکرێنەوە. هیوادارم کە لە داهاتوودا ئەم بابەتە بخرێتە بەر باس و هەروەها بە دەرکەوتە حەماسی و ئەفسانەیی جۆراوجۆرەکانی کاک فواد لێکۆڵینەوەی باشتری لەسەر بکرێت.

ئەم وتارە پێشتر لە ماڵپەڕی کاک فواد، بە زمانی فارسیلە ژێر ناوی ” كاك فواد، سوسياليستی انسان گرا و رهبری برای تمام فصول” بڵاو کرابووەوە و ئێستاش بۆ دواڕۆژ بۆ کوردی وەرگێڕاوە و ئامادە کراوە.