ڕیزبەستنە جەماوەرییەکان و گۆڕینی هاوسەنگی هێز…

دواڕۆژ
ئەمڕۆژانە لە سەروبەندی ئاخێزی کۆمەڵانی وەگیان هاتووی ئێران لە مانگی خەزەلوەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی داین. ڕۆژانێک کە خەباتی بێبهشانی شار و لاوانی بێكار و پهراوێزخراوی له شاره گهوره و چكۆلهكانی ئێران، وە جموجۆڵ خستو و گلۆڵەی دەسەڵاتی نەحسی کۆماری ئیسلامیی خستە لێژی و تا لێواری مەرگ پاڵی پێوەنا. ئەم ئاخێزە بە کردەوە هاوسەنگی هێزی لە گۆرپانی سیاسی کۆمەڵگای ئێراندا گۆڕی و بەستێنێکی گونجاوی بۆ گەشەی خەباتی بەشمەینەتان بە پانتایی هەموو ئێران خوڵقاند. بەستێنێک کە تا بە ئەمڕۆش ترس و لەرزی لە ئەگەری دووپات بوونەوەی وەها ڕووداوگەڵێک، خستۆتە جەستەی ڕژیمە دیکتاتۆرەکەی تاران.
ڕۆژی ههینی ٢٤ی مانگی خهزهڵوهری سالی ١٣٩٨ی هەتاوی ، ئەو ڕۆژە پرشنگدارە لە خەباتی کۆمەڵانی ڕەنجدیتوی ئێرانە كه بهرزبوونهوهی سێ بهرابهری نرخی بێنزین وهك چهخماخهیهك ئاگری ناڕهزایهتی و تووڕهیی پنگ خواردووی خهڵكی لە تەواوی ئێراندا گهشاندهوه و بەرەو خەباتێکی یەکگرتوانە بەدژی دڵڕەشەکانی تاران پاڵپێوەنا. لەماوەی ٤٦ ساڵی رابردودا گەڵێک ڕووداوی لە چەشنی مانگی خەزەڵوەری سالی ١٣٩٨ی لە ئێراندا ڕوویان داوە. بەڵام ڕوداوەکانی مانگی خەزەڵوەر، خەباتی ڕەوای کۆمەڵانی بێبەشی ئێرانی خستە قۆناغێکی تایبەت و دیاریکراو. ڕووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر ڕووداوگەلێكی لهناكاو نهبوون، بهڵكوو لهڕاستیدا، درێژهی خۆڕسكی ئاخێزی مانگی بەفرانباری سالی ١٣٩٦ی هەتاویدا بوون.
مانگی خەزەڵوەر کە دەکرێ بە مانگی شۆڕشی خەڵکی برسی لە ئێران ناوزەد بکرێ، هاوسەنگی هێزی بە قازانجی بەرەی شۆڕش لە ناو دڵی شەقامەکانی ئێراندا گۆڕی و کۆمەڵێک دەرس و ئەزموونی بە نرخی لەگەڵ خۆی هێنا کە زۆرمان وەبیر شۆڕشی کۆمەڵانی وەگیان هاتووی گەڵانی ئێران، لە رێبەندانی سالی ١٣٥٧ دەخاتەوە.
ئەوەی ڕاستی بێ خاڵی بەهێزی ئەم ئاخێزە، گەشانەوەی بزوتنەوەیەکی سیاسی بەرین بە پانتایی هەموو ئێران بوو کە لە کورت ماوەدا توانی بێبەشانی شار و لاوانی بێکار و لەبیرکراو، لە ناخی خۆیدا ڕێک بخات و دەنگی پەنگ خواردووی ئەوان بکاتە دروشمی شۆڕشگێڕانەی بزوتنەوەکەی و جەستەی دەسەڵات بکاتە ئامانج. لە لایەکی تریشەوە كهش و ههوای زاڵ بهسهر كۆمهڵگای ئێران، چ له ناو بەرەی خهڵك و چ له ناو بەرەی کۆماری ئیسلامیی دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو كه بۆ جارێكی دیكه كۆمهڵگا پاش ئاخێزی مانگی بهفرانباری ٩٦ خرۆشاوهتهوه و لە وەستان نەکەوتووە.
ڕووداوەکانی مانگی بهفرانباری سالی ١٣٩٦ هەر وەک بۆ هەموان ڕوون و ئاشکرا بوو، به توندترین شێوه سهركوت كرا. بەڵام ئەو سەرکوت کردنە نەیتوانی خەباتی کۆمەڵانی خەڵک دامرکینێتەوە و لە ناوی بەرێ. ئاگری بڵێسەی خەباتی جەماوەری لە کۆمەڵگای ئێراندا، هەر سات و کاتێک دەتوانێ لەرزە بخاتە جەستەی کاربەدەستانی دڵرەشی کۆماری ئیسلامیی. ئەو خەبات و ئاخێزانە ریشەی لەناو دڵی جەماوەری وەگیان هاتوودا داکوتاوە لەگەڵ هەر ڕووداوێکدا گەشە دەکا.
ڕیزبەستنە جەماوەرییەکان و گۆڕینی هاوسەنگی هێز
ئاخێزی جەماوەری لە مانگی خەزەلوەردا بەبێ گۆێدان بە هەڕەشەکان و کوشت و کوشتاری جەنایەتکارانەی ڕژیم، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ گەشەی کردوو شەقامی ١٠٠ شاری گەورەی ئێرانی لە ئامێز گرت. جهماوهری ناڕازی به وتنهوهی درووشمی سیاسی وهك”مهرگ و نهمان بۆ دیكتاتۆڕ، نان كار ئازادی، یەکییەتی یەکییەتی، ههموومان پێكهوهین”، بەکردەوە و بە شێوهی جۆراوجۆر، له ڕاگرتنی ماشێنهكان له سهر شهقام و بهستنی ڕێگاكانهوه بگره تا دابین كردنی ئیمكانات و داخستنی ناوهندهكانی كار و مانگرتن، درێژهیان به خهباتی خۆیاندا.
ئێستاش دوای تێپەڕ بوونی ٦ ساڵ لەم ئاخێزە ئێمە شاهیدی پیلانێکی قێزەونی تری دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیانین بۆ گران کردنی سەر لە نوێی نرخی بنزین.
قەیرانەکان لە کۆمەڵگای ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەئەستەندن دان. لەم بارودۆخە ئاڵۆز و شڵەژاوەی ناوچەکەدا کە بەدوای ڕووداوەکانی ناسراو بە ٧ی ئۆکتۆبر واتا هێرشی گرووپی حەماس بۆ سەر وڵاتی ئیسرائیل هاتنە کایەوە، کۆماری ئیسلامیی بە کردەوە هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە گرفتاری قەیرانی چەند لایەنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی کرد. ئاخێزە کۆمەڵایەتییەکان ڕوویان لە هەڵکشان کرد و کۆماری ئیسلامیی بۆ جارێکی تر لەگەڵ گەشە ئەستەندنی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییانە بەرەوڕوو بوویەوە و لەلایەکی تریشەوە کەوتە ژێر فشاری ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپایی بۆ واز هێنان لە پیتاندنی ئۆرانێۆم و دست پێڕانەگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.
چالاک بوونەوەی مێکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی ئورووپایی گوشارەکانی دەوڵەتی ئامریکا، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی هێناوەتە سەر لێواری داڕمان. ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک ڕۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت و سفرەی هەژارانەیان ڕۆژبەڕۆژ چکۆڵەتر. بێکاری و گرانی لەو پەری خۆیدایە. لە وەها بارودۆخێکدا کۆماری ئیسلامیی و دەوڵەتی پزیشکیان لە پیلانێکی قێزەووندا بەتەمای بردنەسەری ٣٠٠ تا ٥٠٠ لەسەدیی نرخی بێنزینن تا بەم شێوە و ڕاستەوخۆ قەیرانەکانیان بگوازنەوە بۆ سەر شان و باهۆی خەڵک.
ئەمجارەش کۆماری ئیسلامیی دەیهەوێ وەک خەزڵوەری ساڵی ١٣٩٨بە گران کردنی نرخی سووتەمەنی هێرش بکاتە سەر بژێوی خەڵک. لە مانگی خەزەڵوەردا، خەڵک تەحەمووڵیان نەکرد و شەقامیان بۆ دەربڕینی ویست و داخوازی و بەربەرەکانییە لە دژی وەها کردەوەیەکی دەوڵەت، هەڵبژارد. ئەو ئاخێزە لهسهر پێویستی ڕووخاندنی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی پێداگریی كرد و هەوڵیشی بۆ دا. هێرشی ئەمجارەش دەتوانێ چەخماخەی شۆڕشێکی تر و ئاخێزێکی تر لێبدات و ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی تازە لە خەبات و خۆڕاگریی. بێگومان گران کردنی نرخی بێنزین و هەر پێداویستێکی تری ژیانی خەڵک دەتوانێ جارێکی تر ناڕەزایەتی و ئاخێزی تری لێبکەوێتەوە. ئاخێزی ئەم جارەش پشت ئەستوورە بە چەندین ئاخێز و شۆڕشی پێش خۆی و هەر بۆیە دەتوانێ یەکلاکەرەوە بێت. ڕوخانی ڕژیم پێویستێکی هەنوکەیە و جهماوهریش نیازیان به پێداویستییهكانی ڕووخاندن ههیه. بۆ ئەم مەبەستەش یەکییەتی و هاودەنگی و هاو خەباتی، داخوازییەکی حاشاهەڵنەگرە و دەتوانێ کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕژیم بێنێ.
دڵنیام ئەو ڕۆژە دێت کە هەموومان یەکگرتوانە لەسەر گۆڕی دوژمنانی ئازادی و یەکسانی سرودی ڕزگاری بڵێنەوە و تاجەگوڵێنەی خۆشەویستی بنێنە سەر گلکۆی ئەو ئازیزانەی کە لە پێناوی ژیانێکی ئازاددا گیانیان بەخت کرد ..
