نەورۆزیش بۆ ژنان شادی ناهێنێ

✍دڵنیا ڕۆژهەڵات

سەری ساڵی نوێ و ناوی جەژنی نەورۆز وەکوو گەورەترین جەژنی نەتەوەیی کورد لەگەڵ شادی و خۆشی تێکەڵە. ئەو جەژنە بەڵام لە ژێر دەسەڵات حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بۆ توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگا یەک مانای نییە و لەوانە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و چینی چەوساوە تەنها گرانی زیاتر و گوشاری زیاتر و چاوەڕوانیی بەدینەهاتووی زیاتری منداڵکانیانی لەگەڵە. تەنها ئاوات و حەسرەتی جەژنێکی تێروتەسەل و خۆشیان لەسەر دڵ دەمێنێتەوە و بەس.

یەکێکی دیکە لەو توێژانەی هاتنی نەورۆز بۆ زۆربەیان تەنها مانای شادی و خۆشی نییە و بە ڕەنج و ئازارەوە تێکاڵاوە ژنانن، بەتایبەت ژنانی چینی چەوساوە و کەمداهات. بۆ ئەو ژنانە تەنانەت ئەگەر لەدەرەوەش کار بکەن، هەموو کاری پاک و خاوێن کردنەوەی تایبەتی سەری ساڵ و ئامادەکاریی میوانی و شت کڕین و ڕازی کردنی منداڵانێک کە بە هۆی دۆخی خراپی ئابووریی خانەوادە و گرانییەوە ناگەنە ئاوات و خواستەکانیان، تەنها بەشێک لەو بارە زیادییانەن کە دەکەونە سەرشانیان.

زۆربەی کات پیاوانی خانەوادەکان ئامادە نیین بەشداری ئەرکەکانی ئامادەکاریی نەورۆز بن و ئەو ئەرکە وەکوو کارێکی ژنانە دادەنێن و تەنانەت ئەگەریش ئامادە بن، بە مننەت و بۆڵەبۆڵەوە کارەکە دەکەن و وەکوو ئەوەی لوتفێکیان بە ژنەکان کردبێ، حیسابی دەکەن.

هەرچەن ئەمساڵ بە هۆی پەتای کۆرۆناوە دۆخی دووکان و بازاڕەکان تا ڕادەیەک جیاواز بوو بەڵام لە کاتی ئاساییدا لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵ و پێش نەورۆزدا قەرەباڵغی و شلووغیی مۆڵ و پاساژ و شەقامەکان هاومانایە لەگەڵ تووش بوونی ژنان بە ئازار و ئەزیەت و کەوتنە بەر شێوازی جۆراوجۆری دەسدرێژیی جینسی. لە قسە و مەتەڵەک و تەعلیقەوە بگرە تا دەس بۆ بردن و ئازاردانی جەستەیی.

لە کۆتایی هەموو سەخڵەت و ئازارەکانی ژناندا کە بەر لە نەورۆز دەستپێدەکا و بە درێژایی پشووی نەورۆز بەردەوامە، دیسان ژنان کە دەکەونە بە تانە و توانج و هەموو کەموو کورتی و شتە نەبەدڵەکانی میوانییەکان و ماڵەکە وەکوو تاوانی ئەوان دادەنرێ و بە هۆیەوە سەرکۆنە دەکرێن.

لە ژێر کاریگەریی کولتووری پیاوسالاری زاڵدا، ئەرک و کاری ناو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ و میوانداری وەکوو کاری ژنانە دەبینرێن و تەنانەت لە کاتێکدا ژنان لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن و تەنانەت ژنانێک کە خوێندنی باڵایان هەیە لە ماڵەوە دیسان وەکوو

لەماڵەوە بوون و بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژیی ناو ماڵ یەکێکی دیکە لەو ئازارانەی کە زۆر جار لە کاتی پشووەکاندا و لەوانە پشووی نەورۆزی بەرۆکی ژنان دەگرێ و زیاتر لە کاتە ئاساییەکان ئازاریان دەدا.

بۆ ئەوەی نەورۆز و پشووی نەورۆز بۆ هەموو ئینسانەکان تەنها موژدەی شادی و بەهار و خۆشی و پێکەوەبوونێکی دڵخواز و خۆش بێ، پێویستە ڕوانینی پیاوسالارانە بنەبڕ بکرێ و ئینسانەکان جیا لە ژن و پیاو بوون یان هەر جنسییەتێکی دیکە تەنها وەکوو ئینسان سەیر بکرێن و مافەکانیان لەبەرچاو بگیرێ.

جەژنی ڕاستەقینەی یەکسانیخوازان و مرۆڤ دۆستان ئەو نەورۆزەیە کە ژن بوون نەبێتە هۆی ئازار و هەموومان وەکوو یەک چێژ لە نوێبوونەوەی سروشت وەرگرین.