حکوومەتی ئیسلامییەکان لە تورکییە دژی مافی ژنانە

✍ئەسعەد دوروودی

حکوومەتی ئەردووغان لە چوارچێوەی هەوڵەکان و کارەکانیدا بۆ جێگیرکردنی یاسای ئایینی و پاشەکشە بە یاسا و کولتووری سیکولار ڕایگەیاند کە لە کۆنڤانسیۆنی ساڵی ٢٠١١ ی ئیستانبۆڵ دەکشێتەوە. بە پێی ئەو کۆنڤانسیۆنە کە ٤٥ وڵاتی ئورووپا واژۆیان کردبوو، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە دەبوایە یاسای تایبەت بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە ناو خانەوادەدا و خەتەنە کردنی ژنان پەسەند بکەن.

ئەو کۆنڤانسیۆنە بە هەنگاوێکی درەنگ بەڵام گرینگ بۆ پاراستنی ژنان بەرانبەر بە توندوتیژیی ناو بنەماڵە و ئەو توندوتیژییانەی کە کولتووری دواکەوتوو لەگەڵ خۆی دەیهێنێ و ژنان تووشی ئازار و گرفتی زۆر دەکا، دێتە ئەژمار.

لە کاتێکدا کە چاوەڕوان دەکرا وڵاتانی دیکەی جیهانیش ئەو کۆنڤانسیۆنە بکەنە بنەمایەک و هەوڵێکی گشتگیری جیهانی بۆ ئەو مەبەستە بکەوێتە گەڕ، حکوومەتی تورکییە کە ساڵهایە بە دەستی حیزبی ئیسلامیی ئەردوغانەوەیە و لە زۆر شوێن هەوڵی بۆ ئەوە داوە یاسای ئایینی لە باتی یاسای سکولار جێگیر بکا، بەم کارەی بە ئاشکرا نیشانیدا کە ڕوانگەی ئەو دەسەڵاتە و حیزبی دەسەڵاتداری تورکییە بەرانبەر بە مافەکانی ژنان ڕوانگەیەکی ئایینیی دواکەوتووانەیە.

زەهرا زومروت وەزیری خانەوادە و کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکییە لە توویتێکدا نووسیویەتی: “یاسا قەزاییەکانی ئێمە ئەوەندە بەهێزن کە پێویستمان بە یاسای دیکە نییە.” ئەمە لە حاڵێکدایە کە وڵاتانی ئورووپا و بەتایبەت باکووری ئورووپا کە خاوەنی بەهێزترین یاساکانی جیهانن لە بواری یەکسانیدا هێشتا ئەو یاسایانە بە کەمدەزانن و پێیانوایە یاسای تایبەت بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان پێویستە.

هێزە کۆنسەرڤاتیڤ و پاشکەوتووەکانی تورکییە کە پاش هاتنەسەرکاری ئاک پارتی و دەوڵەتی ئەردووغان زیاتر کەوتوونەتە جووڵە و پشتیوانیی دەسەڵات و دەوڵەتیان لە پشتە، پاش واژۆکرانی کۆنڤانسیۆنی ئیستانبووڵ دەڵێن ئەم پەیماننامەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی تەڵاق و جیابوونەوە و هەروەها لەوە دەترسن کە ئەو توێژانەی خۆیان لە چوارچێوەی کولتووری هێترۆنۆرماڵ و شێوازی پیاوسالارانە و کۆنی دابەشبوونی دەسەڵات لە ناو خێزانەکاندا نابیننەوە زیاتر بێنە مەیدان و داوای مافەکانی خۆیان بکەن.

حکوومەتی ئەردووغان دیسانەوە دەریخست کە پشتیوانی کردنیان لە داعەش و توندئاژۆیی ئایینی بە هەڵکەوت یان لەبەر مەسڵەحەتێکی سیاسی یان بە شێوەی کاتی نییە و ئەو دەسەڵاتە بە ناوەرۆک و لە بنەمادا دژی پێشکەوتن و مافە ئینسانییەکانە.