لە مکانیزمی ماشەوە بۆ هەڕەشەی سێدارە…

محەمەد حەکیمی
محەمەد حەکیمی

مکانیزمی ماشە چییە و لە کوێوە هاتووە؟ بۆ چی پوتین پشتیوانی لە ئێران دەکرد و دواتر لە شەڕی دوانزە ڕۆژە پشتی ئێرانی چوڵ کرد؟ هۆکاری هێرشی بنەماخوازەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر زەریف و ڕوحانی چییە؟ ڕژیمی ئیسلامی ئێران و شەڕی دەسەڵات چەنیک کاردانەوەی نەرێنی لەسەر دۆخی ئابووری خەڵک هەیە و دادەنێت؟ ئەمڕۆکە چەندین پرسیاری دیکە سەبارەت بە دۆخی هەنووکەی ئێران و وڵاتە زلهێزەکان مێشکی خەڵکی بە خۆیەوە مەشغول کردووە.

سەرەتا دەبێ ئاماژە بەمکانیسمی ماشە بکەین کە یاسایەکی نێودەوڵەتییە کە پەیوەندی بە کونترۆڵکردنی چەکی ناوەکی نێوان ئێران و گرۆپی پێنج کۆ یەکە و ئەم بڕیارنامە لەلایەن ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠١٥وە پەسەند کرا و ڕژیم بە پەسەند کردنی ئەم پەیماننامە خۆی تووشی کێشەیەکی جدی کرد. بەڵام ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە ماوەی ئەم چەن ساڵە تا شەڕی دوانزە ڕۆژە گەمەی بە وڵاتانی جیهان کرد و گوێی بەو یاسایانە نەدا کە لە بڕیارنامەکەدا هاتبوون و هەمیشە خۆی لەو یاسایانە دەدزیەوە و پێتاندنی ئۆرانیومی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد، تا وای لێهات وڵاتە زلهێزەکان بەو بڕوایە گەیشتن کە ڕژیم زۆری نەماوە دەستی بە چەکی ناوکی بگات. ئەمە لە لاێکەوە و لە لایکی دیکەوە ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی گروپە نیابەتیەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی بە تەواوی تووشی ئاڵوزی کردبوو، هەر ڕۆژە لە شوێنێک گرۆپێکی سەر بە تاران شەڕ و ئاژاوەی لە ناوچەکە دروست دەکرد و خەڵکی ئەم ناوچە بە هۆی سیاسەتی ڕژیمی ئیسلامیەوە توشی کێشەی جدی و نەیامەتی زۆر بوونەتەوە و ڕۆژانە خەڵک دەبنە قوربانی سیاستی ڕژیمی ئیسلامی ئێران.

بەشێک لە مکانیزمی ماشە باس لە دیالۆگ دەکات و دەڵێت کێشەکان دەبێ بە وتووێژ و دانوستان چارەسەر بکرێت و هەروەها هەر کام لەلایەنەکان ئەگەر تووشی نیگەرانی یا هەر گرفتێک ببنەوە دەتوانن لە نەتەوە یەکگرتوەکان سکاڵا تۆمار بکەن.

یەکێکی دیکە لە خاڵە هەر گرنگەکانی ئەو بڕیارنامە ئەوەیە کە ئەگەر هەر کام لە گروپەکانی پێنج کۆ یەک بەو ئاکامە گەیشتن کە ڕژیمی ئیسلامی ئێران پابەند نییە بە یاساکانی ئەو بڕیارنامەوە، دەتوانن داوای گەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆ نێودەوڵەتیەکانی پێشوو بکەن و هەموو ئەو گەمارۆیانە بخەنەوە گەڕ و هەروەها ئەو یاسایەک لەو بەیاننامەدا هاتووە کە  ڕێگری لە وڵاتانی ڕوسیە و چین دەکات کە نەتوانن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بڕیارنامە ڤیتۆ بکەن و ئەوەی ئێستا بووەتە هۆی کێشە لە نێوان زەریف و وڵاتی ڕووسیە ئەمەیە کە ” لاوورۆڤ “دەڵێت ئێمە پێمان سەیر بوو کە بۆچی زەریف هیچ کاردانەوەیەکی سەبارەت بەم یاسایە نەبوو و هەموو تاوانەکە دەخەنە پاڵ زەریف و بنەماخوازەکانیش هەر بەو هۆیەوە هێرشێکی توندیان کردوەتە سەر زەریف و تەنانەت لە مجلسی ڕژیم باس لەوە کراوە کە دەبێ زەریف بدرێتە دادگا و محاکمە بکرێت.

هێرشێکی توند کراوەتە سەر زەریف و ڕۆحانی و هەر بەو هۆیەوە زەریف ڕخنەیەکی توندی لە ڕووسیە گرت، زەریف لەسەردەمی ڕۆحانیدا وازی لە پوستەکەی خۆی هێنا و ئێستاش ئەم دژایەتیکردنەی ڕووسیە بەردەوامە و بە بڕوای پسپۆڕان زەریف خەریکە گەمەیەکی ترسناک دەکات و ڕژیمی ئیسلامی دەخاتە تەنگانەوە هەر بۆیە بنەماخوازەکان بە توندی ڕخنەی لێدەگرن و شەڕی ناوخۆیی دەسەڵات گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی خۆی و لە ئان و ساتدایە کە وەک کێشەکەی “رەفسەنجانی” لێبێت یان ڕۆحانی و زەریف لە نێو خانوەکانیاندا دەستبەر بکەن و بە هێڵی چارەنووسی “مووسەوی و کەڕوبی” بچن.

لەلاێکی دیکەوە، ڕۆژنامەی “هەم میهەن” وڵامدانەوەی زەریف بە “لاوورۆڤ” بە دژی قازانجی نەتەوەیی ئێران دەزانێت و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە وڵاتی ڕووسیە چۆنکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان مافی ڤیتۆی هەیە دەتوانێت لە کاتی تەنگانەدا فریای ڕژیم بکەوێت و لە کاتە هەستیارەکان پشتی ئەو ڕژیمە بگرێت، شتێک کە تا ئێستە زۆر کەم بینراوە یا هەر نەبینراوە و لە شەڕی دوانزە ڕۆژەش ئێمە بینیمان ئەوە بوو کە وڵاتی ڕووسیە هیچ جۆرە پشتیوانێکی لە ڕژیم نەکرد و تەنانەت ئامادە نەبوو “سامانەی ئێس ٤٠٠ یا سۆخۆ ٣٥”ی بە ڕژیمی ئیسلامی ئێران بدات. هەروەها ڕخنەی توندی “قالیباف” لە رۆحانی و زەریف؛  کە دەڵێت ئێوە زەرەری گەورەتان داوە لە پەیوەندی نێوان ئێران و ڕووسیە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە سۆپا و بەیتی رەهبەری خامنەیی بە دژی ڕۆحانی لە هەمیشە ڕوونتر و ئاشکراترە و لەلایەن ئەم گرۆپانەوە ئەم ڕۆژانە شەپۆڵێکی هێرش بە دژی ڕۆحانی و زەریف ڕێکەوتوە، ئەم شەپۆلە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەفیلمی زەماوندی کچی “عەلی شەمخانی” کە پسپۆڕان باس لەوە دەکەن کە ئەوە نیشانەیەکە لە هێرشی توند بە دژی ڕۆحانی و ئێستە هەر ڕۆژ یەکێک لە بەرپرسانی سۆپای ڕژیم بە دژی ڕۆحانی و زەریف شتێک دەڵێت و بە جۆرێک هێرش دەکەنە سەریان و دیارە بەشێکی بەرچاو لەم شەڕە دەگەڕێتەوە بۆ جێنشینی خامنەیی. ئەوەی گرنگە لەم شەڕەدا هیچ کام لەم لایەنانە نوێنەری خەڵک ناکەن، هەموو ئەم بەشانە بە سۆپا، ڕۆحانی و زەریفیشەوە یەک جەستەن و هەموویان لە پرۆژەیەک بە ناوی ڕژیمی ئیسلامی ئێران کار دەکەن. ڕژیمیک کە بە پێی ڕاوڕووت و بێ ئەخلاقی و گەندەڵی لە جیهاندا ناوی دەرکردوە و بۆ نموونە بانکی ئایندە کە بەرپرسەکەی خۆی بە خۆی وامی داوە و دواتر بەو وامە ساختمانێکی دروست کردوە و بە چەندین قات گرانتر فرۆشتویەتەوە بۆ خودی بانکی ئایندە و ڕژیمی ئیسلامی لە سەر بنەمای داڕماندنی ژێرخانی ئابووری ئێران دامەزراوە و ئەو ڕژیمە سوێندی خواردوە کە تا ئێران بە گشتی کاول نەکات واز لەو وڵاتە نەهێنێت.

کێشەکانی ناوخۆی ڕژیم زۆر واقعین، بەڵام لە کاتی مەترسی مانەوەی ئەم ڕژیمە هەموویان یەک جەستەن و بە دژی خەڵکی ئێران یەک دەگرن. لەلایکی دیکەوە ئێران تووشی کێشەی کەم ئاوی، بێ کارەبایی و گەمارۆکان پشتی خەڵکیان شکاندوە و هەر ئێستە شیر لە سەدا ٣٠ گرانتر بوە و دەنگۆی ئەوەش لە ئارادایە کە بەنزین گرانتر دەکرێت و ئەوەش بەو مانا دێت کە هەموو شتەکان چەن قات گرانتر دەبێت و هەر ئێستە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا بە گشتی لە ناو چووە و شتێک بە ناوی چینی مامناوەند لە ئێران بوونی نەماوە و بە هۆی سیاستی ڕژیمەوە خەڵک یان هەژارن یا دەوڵەمەند، گەماڕۆکانیش کاریگەری ئەرێنی زۆریان لەسەر ژیانی خەڵک داناوە و بە شێوەیەک کە خەڵک بڕستیان لێ بڕاوە و ڕژیمیش ڕۆژانە گۆشاری زیاتر دەخاتە سەر خەڵک و هەر ڕۆژە بە شێوەیەک ژیانیان دەخاتە مەترسیەوە و ئێستەش بڕیارە یارانەی دە ملیۆن کەس ببڕێت. ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا بن و لەمناوەدا ڕژیم بە بیانووی شەڕی دوانزە ڕۆژە، گەمارۆکان و یارمەتی لوبنان و فەلستین و ئێراق و …. دەست دەبات بۆ بژیوی خەڵک و ئێمە ڕۆژانە شاهیدی کە ڕژیمی ئیسلامی تەنها بۆ چاوترسین کردنی خەڵکی بێ دەرەتانی بە بیانووی جاسوسی بۆ ئیسرائیل خەڵکی بی تاوان دەگرێت و سزای قورسیان بە سەردا دەسپێنێت و هەر چی بەیانییە منداڵێک، گەنجێک، باوکێک یا دایکیک لە سێدارە دەدات.

لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە شەڕی ناوخۆیی ڕژیم زۆرتر لە گەمەێک دەچێت بۆ مەسرەفی ناوخۆیی و وەک هەمیشە خامنەیی دوو یا سێ کەس لە نزیکانی خۆی دەکات بە قوربانی و ئەمجارە پشک بە ناو “زەریف و ڕۆحانی” دەرهاتووە.