“دیاردەی جاش و ئاشتەوایی لە داهاتوو دا”

✍ کاوە حەسەن پوور

*ئەو بابەتەم لە خولی کارناسی شەڕ و ئاشتی دا لە ئۆسڵۆ بە زمانی نۆروێژی نووسیوە و ئێستا بە هێندێک وردەکاری بە زمانی کوردی بڵاوی دەکەمەوە.

“بەکرێگیراو” یان “جاش” کە لە زمانی خەڵکی عاممەی کورد دا زیاتر بەکارهێنراوە، بە کەسێک دەگووترێ کە دەستی دەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە یەکێک لە بەشەکانی کوردستانی بندەست تێکەڵ کردووە و لە بڕی پارە یان ئیمکانات بە شێوەی نیزامی بە دژی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد، هەڵس و کەوت دەکا و دەگەڵ رۆڵەکانی گەلی خۆی، بە شەڕ دێ. جاش لە بواری ماناییەوە هەڵگری دوو واتایە جاشکی کەر و مارە بەجاش (هەمبانە بۆرینە). یەکەمیان ئەولادی کەرە و بۆ سووکایەتی کردن بەو کەسانەی بەکرێگیراوی حکومەتن بەکارهاتووە. بەڵام مانای دووهەم کە زیاتر سەرچاوەی دینی و ئایینی هەیە مەبەست لەو کەسەیە کە لە کاتی سێ بە سێ تەڵاق خواردن دا مارەیی پێ دێننەوە (طباطبایی).  جاشێتی وەکوو کاسبی یان کردار تایبەت بە گەلی کورد نییە و بە باوەڕی خاوەن رایان ئەو شوغڵە یەکێک لە کۆنترین سەرچاوەکانی بژیوی مرۆڤ بووە  و بە درێژایی مێژوو لە نێو زۆر میللەت دا سەری هەڵداوە. وەک لقی یۆنانییەکان کە لە شەڕەکانی نێوان ئێران و یۆنان دا  (٥٠٠ ساڵ بەر لە دایک بوونی مەسیح) لە نێو ئەرتەشی ئەو کاتی ئێران (هەخامەنیشییەکان) دا سازمان درابوون و بە دژی گەلی خۆیان بە شەڕ دەهاتن و یارمەتی  سوپای ئێرانیان دەدا.

ئەوەی لەو بابەتە دا دەمهەوێ جەختی لە سەر بکەم، شیکردنەوە یان خەسارناسی دیاردەی جاش نییە، بەڵکوو روانینە لە ئاسۆی دوای رۆژی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لێدانی چەخماخەی باسێکە لەو پێوەندییە دا. دەسەڵاتی دوارۆژی کوردی لە رۆژهەڵات دەبێ چۆن دەگەڵ جاش هەڵس و کەوت بکا؟ ئایا لێبوردەیی و بەخشینی جاش هەڵبژاردەیەکی باشە؟ دەکرێ جاش لە پڕۆسەیەکی عادڵانە دا دادگایی بکرێ؟ مەسڵەت کردن و ئاشتەوایی دەگەڵ جاش لە چ پێناوێک دا؟  ئایا تەنیا دەبێ جاش بە سزای تاوانەکانی خۆی بگا؟ تەکلیفی هەواڵگر، موخبیر و بەسیجییە کوردەکان چییە و لەو معادلەیە دا لە کوێ راوەستاون؟ ئەوانە و چەندین پرسیاری دیکە هەوێن مایەی نووسینی ئەو بابەتەن. لە راستیدا لەو بابەتە دا دەمهەوێ ئەزموونی ٣ وڵاتی ژاپۆن، ئاڵمان و ئەفریقای باشوور بخەمە روو کە لە هەر سێکیان دا چۆنییەتی رووبەڕوو بوونەوە دەگەڵ رابردوو جیاوازە، تەنیا خاڵی هاوبەشی ئەو٣ وڵاتە ئەوەیە کە لە هەر سێکیان دا تاوانبارمان هەیە. هێچ وێکچوونێک لە نێوان ئەزموونی ئەو سێ وڵاتە دەگەڵ دیاردەی جاش دە ئارادانییە بەڵام دەکرێ وەکوو مۆدێل چاویان لێبکەین و دەرسیان لێوەرگرین و ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، بەراست لە داهاتوو دا و بۆ یەکلاکردنەوەی دیاردەی جاش دا کێهە مۆدێل هەڵدەبژێرین؟

ئەوەی راستی بێ مێژووی بەکرێگیراو یان جاش لە سەردەمی مۆدێڕن دا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە سەردەمی بزووتنەوەی سمایل ئاغای سمکۆ، ئەو کاتەی حکومەتی پاشایەتی لە ئێران بۆ ئەوەی بتوانێ دەنگ و باسی ناوچەی ژێر دەستی سمایل ئاغا بزانێ، کەسانی خۆجێیی وەکوو بەکرێگیراو سازمان دابوون و لە رێگەی ئەوانەوە دەستی بە هەواڵەکانی کوردستان دەگەیشت. (سمکۆ، ئیسماعیل ئاغای شوکاک: محمد رسول هاوار).   لە دوای شەهیدبوونی سمایل ئاغا و لە دوای هاتنە سەر کاری حکومەتی حەمە رەزا شای پەهلەوی، چالاکی بەکرێگیراوەکان چڕ و پڕتر دەبێتەوە، مەلا محەممەد خزری لە کتێبی بزووتنەوە چەکدارییەکانی ٤٦ و ٤٧ دا بە وردی باس لەوە دەکا کە لەو سەردەمان دا  حکومەتی شا رێژەی بەکرێگیراوەکانی زۆر زیاتر کردبوون و تەنانەت بەوەش رانەوەستاوە و بەکرێگیراوی ئاودیوی سنووری باشووری کوردستانیش کردوون هەتا شوێن پێی چالاکانی ئەوان سەردەمان بدۆزێتەوە.  دیاردەی بەکرێگیراو خەساری گەورە و زیانی قەرەبوونەکراوەی لە رەوتی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان داوە، جاشەکان لە پێناو بەرژەوەندی تاکەکەسی و بنەماڵەیی خۆیان دا بە هاوکاری حکومەت دەستیان بە خوێنی هاونیشتمانانی خۆیان سوور کردووە، شەیتانی و شۆڤارییان لە خەڵک کردووە ، منداڵی خەڵکیان بێ دایک و باب کردووە، هێرشیان کردۆتە سەر کاسب کاران و کۆڵ بەران و بەم شێوەیە بژیوی ژیان و قووت رۆژانەی خەڵکیان بڕیوە و … کاتێک باسی مەسڵەت کردن و ئاشتەوایی دەکەین، رێک مەبەستمان چارەسەری کێشەکانە. ئەو پڕۆسەیە ئامانجی سەرەکی پێشگرتن لە رووداوی نەخوازراو  وەک تۆڵە ئەستاندنەوە ، تەسفییە حیسابی تاکەکەسی، هەڕەج و مەڕەجە. یانی کار کردن لە سەر داهاتوویەکە  کە لەوێ دا ژیان هاسانتر دەبێتەوە، بەم پێیە مەسڵەت کردن مەرحەمێکە بۆ ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە و ئا لەم قۆناغە دا هەر دووک لا (چ ئەو لایەنەی زیانی بەرکەوتووە و چ ئەو لایەنەی زیانی بە خەڵک گەیاندووە) بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بە دوور لە توند و تیژی بژین، تەنانەت بە روانگە و بۆ چوونی جیاوازەوە. ئاشتەوایی دەکرێ وەکوو ساغ کردنەوە یان چاک کردنەوەی پێوەندییەکانیش لێک بدرێتەوە.  ئاشتەوایی و مەسڵەت کردن زیاتر وەکوو باڵانس راگرتن لە نێوان دوو لایەن دا دێتە ئەژمار.  کەوایە ئەساس و بنەمای ئاشتەوایی  لە سەر وەدیهاتنی عەداڵەتە. ئایا تاقم و گرووپ یان کەسانێک کە زیانیان بە خەڵک گەیاندووە، توند و تیژی و زۆر جار ناعەداڵەتیان دەرحەق بە خەڵک بە کار هێناوە، دەبێ سزا بدرێن؟ ئەو سزادانە چۆن چۆنی جێ بە جێ دەکرێ؟ سنووری نێوان تاوان و بێگوناهی لە کوێیە؟ ئایا تەنیا ئەو کەسانە دەبێ سزا بدرێن کە دەستیان بە خوێنی خەڵک سوورە یان ئەو کەسانەی سیخوڕی و موخبیرییان بۆ دەسەڵات کردووە، ئەوانیش دەگرێتەوە؟ ئایا دەکرێ لێبوردەیی وەکوو بژاردەیەک سەیر بکرێ؟ بیر و رای گشتی خەڵک لە سەر ئەو لێبوردەیی چۆن دەبێ؟ خودی دەستەواژەی ئاشتەوایی (مەسڵەت کردن) خۆی لە خۆیدا جێگای بەحس و موناقشەیە بەو واتایە کە زۆر جار لێبوردەیی شوێندانەری هەبووە.

ئەو بابەتە  لە سەر بنەمای ئاشتەوایی یان مەسڵەت کردن  “lihevhatinê” یان بە ئینگلیسی ”  reconciliation ”  دارێژراوە، کە لە زانستی سیاسەت و پێوەندی نێودەوڵەتییەکان دا گرینگی تایبەتی خۆی هەیە. مەسڵەت کردن هەر لە پێوەندییە کۆمەڵاتییەکانیش دا بەم شێوەیە پێناسە دەکرێ،   مەسڵەت کردن لە کولتووری کۆنی کورد دا  وەکوو دەستە واژە لە کاتی ژن هەڵگرتن یان کچ رەدوو کەوتن دا کاری پێدەکرا، یانی کاتێک عەمەلی ژن هەڵگرتن روویدەدا، بنەماڵەی پیاوەکە دەستەیەکیان کەیخودا دەناردە ماڵی ژن یا کچەکە بۆ مەسڵەت کردن   و دوای جارێک یان چەندین جار گفتگۆ و ئاخاڤتنێ دوو لایەنە، لە سەر هێندێک خاڵ وەکوو مەرج پێکدەهاتن و مەسڵەت دەکرا. ئیدی لە دوای ئەو مەسڵەتە دوژمنایەتی لە نێوان بنەماڵە، تایفە و عەشیرەتەکان دا نەدەما و پێوەندییەکان ئاسایی دەبوونەوە. مەسڵەت کردن هەر بەو پێ و دانگە  بە قۆناغی بەر لە سوڵح یان ئاشتی لە زانستی سیاسەت و پێوەندییە نێو دەوڵەتییەکان دا دێتە ئەژمار، بەو مانایە کە مەسڵەت کردن بنەمای  ئەسڵی  و بنچینەیی ئاشتییە. reconciliation لە ئەساس دا دەستەواژەیەکی ئاینییە و لە دینی مەسیحییەتەوە وەرگیراوە. ئەو دەستەواژەیە شی دەکاتەوە چۆن چۆنی ئاشتەوایی لە نێوان خوا و مرۆڤ دا ئیمکانی هەیە؟ *دیکشێنێری.

ئاتڵە سۆممێرفێلت (Atle Sommerfeldt)گەورە ئەسقەفی نۆروێژی پێێ وایە ئەو دەستەواژەیە  لە دەیەی نەوەد دا لە باری ماناییەوە گۆڕانی گەورەی بە سەر داهاتووە، یانی لەو کۆمەڵگایانە دا کە کێشەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بەڕۆکی پێگرتبوون، بە مەبەستی ‌‌هێور کردنەوەی کۆمەڵگاکان و روانین لە دوارۆژێکی روون بەکار هاتووە(Sommerfeldt, 2005:133). بەم پێیە ئاشتەوایی دەستەواژەیەکی مۆدێڕنە لە دونیای سیاسەت دا . ئاشتەوایی دەکرێ بەم شێوەیەش تاریف بکڕێ: دژمنانی پێشوو رێگاچارەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانیان دەبیننەوە و تەبایی و پێکەوە ژیان هەڵدەبژێرن(Sommerfeldt, 2005:135). بە شێوەیەکی گشتی ئاشتەوایی پرۆسەیەکە کە لەو دا لایەنەکانی ناتەبا کێشە و ململانییەکان وەلا دەنێن و پێوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە و توند و تیژی بەرامبەر  یەکدی بەکار ناهێنن (Ramsbotham, Woodhouse & Miall, 2016: 286).بەڵام  ئاشتەوایی چۆن دێتە دی؟ ئایا جیاوازی فەرهەنگی دەتوانی کاریگەری هەبێ بە سەر پرۆسەی ئاشتەوایی دا؟ کاتێک لە نێوان زاڵم و مەزلووم دا عەداڵەت مسۆگەر دەبێ، ئەوە ئاشتەوایی هاتۆتە دی یان  کاتێک تاوانبارانی شەڕ بە سزای کردەوەکانی خۆیان دەگەن؟ دەکرێ ئاشتەوایی بە “قووت دانی حەبێکی تاڵ” تەعبیر بکەین؟ خاوەن رایان لە سەر هەر یەک لەو پرسیارانە بابەتگەلێکی زۆریان نووسیوە بەڵام ئەوەی بەگشتی لە پێوەندی دەگەڵ پڕۆسەی ئاشتەوایی دا دەبێ وەبەر چاو بگیرێن، بریتییە لە چوار قۆناغ. بۆ ئەوەی بە ئاشتی راستەقینە بگەین دەبێ سەرەتا مەسڵەت بکەین و ئەو گرینگەش پێویستی بە جێ بە جێ کردنی یەک لە دوای یەکی ئەو قۆناغانەیە:

١. قەبوڵ کردنی وەزعییەتی مەوجوود (status quo)

٢. دانیشتن و تێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان ـ

٣. سازان لە سەر ئەو خاڵانەی ماکەی دژایەتییان لێ ساز بووە یان درووست کردنی پردێک لە نێوان تێبینییە جۆراوجۆرەکان.

٤. ئاشتی لە نێوان دژمنانی پێشوو دا.  (Ramsbotham et al., 2016:288)

خاڵی یەکەم قەبووڵ کردنی وەزعییەتی مەوجوودە،  زیاتر وەک بژاردەیەکی نیگاتو دەچێ، هەر دەڵێی مرۆڤ هیچ بژاردەیەکی دیکەی لە بەر دەم نییە و قەبووڵ کردنی ئەو وەزعییەتە بە بەخت و  ئیقباڵییەوە گرێدراوە، بەڵام ئەوە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە و ئەو کەسانەی خوازیاری ئاشتی راستەقینە و نەمانی شەڕن، دەبێ سەرەتا وەزعییەتی مەوجوود قەبووڵ بکەن. دەبێ دان بەوە دابنێن کە کە لە شەڕ و کێشە دان و درێژەدانی ئەو وەزعییەتە غەیری زیان هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە. ئەگەر بمانهەوێ ئەو بەشە دەگەڵ دیاردەی بەکرێگیراو دا هەڵسەنگێنین، ئاساییە دەبێ قەبوڵی کەین ئێمە دیاردەی بەکرێگیراومان هەبووە و خەڵکێک زیانیان بەرکەوتووە و دەبێ چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.

قۆناغی دووهەم باسی ئەوەیە هەتا دانیشتن  و لێک تێگەیشتن  لە نێوان لایەنەکان روونەدا، ئەوا ئاشتی راستەقینە مەحاڵە دەستبەر بکرێ. دەبێ لایەنەکان داخوازی و دعایەکانیان بێننە بەر باس و گفتگۆیان لە سەر بکرێ. ئەو داخوازییانە دەبێ بەراورد بکرێن، خاڵی هاوبەشیان بۆ پێکەوە سازان تێدا بدیترێتەوە ، ئەگینا بە رەخنە لێکگرتن و دیتنەوەی جیاوازییەکان  کێشەکان حەل نابن.  دە قۆناغی سێهەم دا کە باسمان کرد درووست کردنی پردێک دەتوانێ جیاوازییەکان لێک گرێ بدا  و لێک نزیک بوونەوەیەکی واقیعی بیتە ئاراوە. لێرە دا ئێمە دەرگایەک بە رووی یەکتر دەکەینەوە، مەجال و ئیمکان دەدەین بە یەکتر . لە قۆناغی چوارەم دا ئیدی دوژمنایەتی پێشوو وەلا دەنرێ و کەشێکی عاتیفی و دەلاقەیەکی نوێ بەرەو داهاتوو دەخوڵقێ. (Pankhurst,1998)

بەکارهێنانی ئامێری حکوومی لە دوای شەڕ:

بۆ گەیشتن بە قۆناغی چوارەم واتە ئاشتی راستەقینە دەکرێ حکوومەتەکان  کەڵک لە کەرەستەی جۆراوجۆر وەرگرن. پێکهێنانی کۆمیسیۆن بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت یەکێک لەو کەرەستانەیە کە دەتوانێ دەوری بەرچاو بگێڕێ. لەو پرۆسەیە دا گێڕانەوە و شایەتی دان بنەمای ئەو رەوتە پێکدێنێ. لە راستی دا کومیسیۆن لە پێوەندی دەگەڵ ئاکاری جاشەکان لە دەورانی حکومەتی پێشوو دا، داوا لە خەڵک دەکا بێن و شکایەتەکانیان تۆمار بکەن، بەم شێوەیە ئەو کەسانەی زەرەرمەند بوون و زیان بەرکەوتووە دێن و شایەتی دەدەن و بەسەرهاتی خۆیان دەگێڕنەوە ، ئەو رەوتە دەبێ لەوپەڕی سەداقەت، ئاوەڵایی وشەفافییەت دا بگیڕدرێتەوە. بە سەداقەتەوە یانی رووداوەکان چۆن بوون بە بێ کەم و زیاد کردن وەک خۆی باس بکرێن.  بە ئاوەڵایی مەبەست ئەوەیە رەگەز، کولتووری نەشیاو، کۆمەڵگا نەبن بە بەربەست بۆ ئەوەی بۆ وێنە ژنێک نەتوانێ باس لە دەسرێژی جیسنی بکا کە لە لایان تاوانبارێک کراوەتە سەری و بەم شێوەیە سەرپۆش لە سەر راستییەکان دابندرێ و دیزە بەدەر خوونە بکرێن. (Barash & Webel, 2018: 603).

ئافریقای باشوور:

ئافریقای باشوور یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە دوای رژیمی ئاپاڕتاید و هاتنە سەر کاری نێلسۆن ماندێللا وەک سەرۆک کۆمار، کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی حەقیقەتی درووست کرد. لە راستی بە کارهێنانی ئەو کۆمیسیۆنە لە لایان حکومەتی ماندێللاوە لە نەوعی خۆی دا بێ وێنەیە.

ئاپاڕتاید بە مانای جیاکردنەوە و هەڵاواردنە و کاتێک لە حکومەت و سیاسەت دا بە کاردێ، بە هەڵاواردن و جیاوازی  رەگەزی وێنا دەکرێ. ئاپاڕتاید لە ئەفریقای باشوور یەکێک لە وەحشیانەترین شێوەکانی راسیزم بوو کە لە لایان کەمینەی سپی پێستەوە بە سەر زۆرینەی رەش پێستی ئەو وڵاتە دا سپا. بۆ ماوەی نزیک بە نیو سەدە خەڵکی رەش پێستەکان لە لایان سپی پێستەکانەوە لە شوێنی ژیانیان دەگوزێرانەوە و کۆچیان پێدەکرا. حەقی خوێندن، نووسین و کار کردنیان لێ زەوت کرابوو. نێلسۆن ماندێللا کە دژبەری نیزامی ئاپاڕتاید بوو بە هۆی چالاکییەکانی لەوبوارە دا بۆ ماوەی ٢٨ ساڵ زیندانی کرا، بەڵام دوای ئازادبوونیشی دیسان دەستی کردەوە بە خەبات و دوای یەکساڵ بوو بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە. هەر لە دوای هاتنە سەر کاری دەستی کرد بە ساز کردنی کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی حەقیقەت بە مەبەستی مەسڵەت کردن و ئاشتەوایی لەو وڵاتە لە نێوان رەش پێستەکان و سپی پێستەکان دا. (Barash & Webel, 2018: 604)

ئامانجی ئەو کۆمیسیۆنە چەند رەهەندی بووە لە پلەی یەکەم دا کۆکردنەوەی بەڵگە لە سەر ئەو  بەسەرهاتانەی کە روویان داوە، لە پلەی دووهەم دا کەلک وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو کەسانە کە وەک قورربانی لە رووداەکان دابوون، هەتا ئەو رووداوانە لە زەینی جەمعی خەڵک دا بمێنێتەوە و ببنە دەرس و سەرمەشق بۆ داهاتوو. لە لایەکی دیکەوە کومیسیۆن پێی وابوو گێرانەوەی رووداوەکان، باری خەم و ئازارەکان لە سەر قوربانییەکان سووک و دەکا و بەم شێوەیە ئازارەکان لە نێو هەموو کۆمەڵگا دا بەشکراون. کومیسیۆنی لەم شێوەیە لە زۆر وڵاتی دونیا دا پێکهاتوون و لە زۆربەی ئەو وڵاتانەش نیشانی داوە ئەنجامەکانی باش بوون و دەشێ کاریان پێ بکرێ.

کاری ئەو کۆمیسیۆنە بەم جۆرە بوو کە قوربانی دەهات و بەسەرهاتێکی راستەقینەی دەگێڕایەوە، لەم پێوەندییە دا تاوانباری رووداوەکەش ئەگەر لە ژیان دامابا بانگهێشت دەکرا . ئەو دوو لایەنە بەرامبەر یەکدی دادەنران و وت و وێژیان دەکرد، قوربانی باسی لە تاوانەکە دەکرد و تاوانبارەکەش دانی بە گوناهی خۆی دەنا. ئەو دیمانانە تۆمار دەکران و لە نیهایەت دا تاوانبار و قوربانی وێکڕا ئاشت دەبوونەوە و رابردوویان لە بیر دەبردەوە. بە بێ ئەوەی تاوانبار بە سزای تاوانی خۆی بگا یان قەرەبووی بکاتەوە.  کۆمیسیۆن توانی زیاتر لە ١٦٠٠٠ دیمانە تۆمار بکا کە لەوان دا بۆ وێنە جیرانی سپی پێست، بێ حورمەتی بە جیرانی رەش پێشتی خۆی کردووە ، منداڵی رەش پێست نراوەتە بەر کاری زۆرەملی، ژن دەسڕێژی سێکسی کراوەتە سەر ، لە مەکتەب و قووتابخانەکان دا هەڵاواردنی سیستماتیک ئەنجام دراوە و رەش پێستەکان لە زێدی دایی و بابی خۆیان دوور خراونەتەوە و  …

گومان لەوە دانییە کە ئافریقای باشوور بەم شێوەیە رێگای خۆی بۆ رووبەروو بوونەوە دەگەڵ رابردووی خۆی هەموار کرد، بەڵام ئەو کۆمیسیۆنە بەر لە هەموو شت جەختی لە سەر بیستنی  حەقیقەت بوو هەتا گەیشتن بە عەداڵەت. دوا بە دوای ئەوەی کۆمیسیۆن کارەکانی خۆی تەواو کرد  بەرەورووی رەخنەی زۆر توند بۆوە، ئێستاشی دەگەڵ بێ رەخنەی زۆر هاتۆتەوە سەر  شێوەی کاری کۆمیسیۆنەکە. دەوڵەتی ماندێللا و هاوکارانیان لە کۆمیسیۆن پێیان وابوو زانینی راستییەکان و کەشفی حەقیقەت، ئاشتی بە دووی خوی دادێنێ. بەڵام وەک گۆڵپن دەڵێ: تۆ بزانی ئەو هەموو کارەساتە روویداوە و کەسانێک تێیدا تاوانبارن و کەسانێک قوربانی بەڵام بە بێ ئەوەی تاوانبار باجێک بۆ کردەوەی خۆی بدا هەروا عەفوو ی بکەی، دەتوانێ زۆر بە هاسانی توڕەیی و دژکردەوەی وەک تۆڵەی  لە نێو کۆمەڵگا دا لێبکەوێتەوە. دەرد و ئازاری ئاپاڕتاید بیسترا و دەبیسترێ، زۆر کەس ئێستاش لە ئافریقا چاوەڕوانن تاوانباران  لە پڕۆسەیەکی عادڵانە دا بە سزای تاوانەکانیان بگەن. (Gloppen, 2009:9-10)

Vergangenheitsbewältigung لە ئاڵمان:

لە نێوان هەموو ئەو ئەزموونانەی لە سەر مەسڵەت کردن لەدونیای سیاسەت و بەتایبەت شەڕ دا لە بەر دەست هەیە، ئەزموونی وڵاتی ئاڵمان لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی زۆر جیاوزە. Vergangenheitsbewältigung کە وشەیەکی ئاڵمانییە بە مانای رووبەڕوونەوە دەگەڵ رابردوویە. ئەو دەستەواژەیە لە ئەساس دا دووبەش پێکهاتووە لە “رابردوو” و “خۆ دیتنەوە تێیدا”. ئەگەر بمانهەوێ کارکردی ئەو وشەیە لە باری ماناییەوە لە پرۆسەی ئاشتەوایی دا وێنا بکەین دەتوانین بڵێین، فێر بوونی چۆنییەتی ژیان دەگەڵ ئەو کارەساتانەی لە رابردوو دا روویان داوە.

سانتایانا فیلسووفی ئیسپانیایی دەڵی: ئەو کەسانەی دەرس لە مێژوو وەرناگرن، محکوومن بەوەی دیسان هەڵەکانیان دووپات کەنەوە. بە ئیلهام وەرگرتن لەو وتەیە ئاڵمان مەجبوور بوو دەگەڵ هۆلۆکاست و راستییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی رووبەڕووبێت. لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی ئاڵمان حەشیمەتێکی لە سەر دەست ماوە کە بەشی زۆریان تاوانبار بوون یانی بە پێچەوانەی ئافریقای باشوور کە دوو لایەنی تاوانبار و قوربانی تێدابوو و مەجبور بوون دەگەڵ یەک بژین، ئەوا لە ئاڵمان یەک لایەن هەبوو کە بەشی زۆری تاوانبار بوون و مەجبوور بوون دەگەڵ رابردووی خۆیان ئاشت بنەوە. ئەو تاوانبارانە بەشێکیان خەڵکی مەدەنی بوون، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە پێ لە هەڵەکانی خۆی بنێ و بزانێ چیکردووە هەم کلیسای کاتۆلیک و هەم پرۆتێستان لەو وڵاتە رۆڵێکی بەرچاویان گێڕا. ئەو پڕۆسەیە هەر بە دانپێدانان و ناسینی هەڵە تەواو نەبوو، بەڵکوو لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی هەتا ئێستا  بەردەوام بووە. لە رێگای راهێنان، خوێندنەوە، شەفافییەت و راستوێژی، سەردانی ئوردوگاکانی کاری ئیجباری و ئەو کوورانەی لە لایان حکومەتی نازییەوە  بۆ سووتاندنی مرۆڤ کەلکیان لێوەرگیرابوو. ئەوانە هەر یەکە و بەشێکن لەو پرۆسەیە و ئامانجیان ئەوەیە بە تایبەتی جیلی نوێی ئاڵمان و بە گشتی خەڵکی وڵاتەکە دەرس لە رابردوو وەرگرن و بزانن کە لە رابردوو دا چۆنیان ناحەقی  بە دژی دیتران کردووە. یەکێک لە کارە گرینگەکانی دیکەی وڵاتی ئاڵمان بۆ مەسڵەت کردن دەگەڵ قوربانیان  دانی غەرامەت بە جوولەکەکان و وڵاتی ئیسڕائیل بوو.

لە ٧ی دێسامبەری ساڵی ١٩٧٠ دا، بیست و پێنج ساڵ دوای شەڕی دووهەمی جیهانی،  ویلی برانت(راوێژکاری گشتی) یان سەدری ئەعزەمی وڵاتی ئاڵمان بۆ نوێ کردنەوەی دۆستایەتی سەردانی وەرسای وڵاتی لەهێستانی کرد. لەهێستان لە شەڕی دووهەمی جیهانی دا زیانی بەرچاوی بەرکەوتبوو، برانت لەو سەفەرە دا زۆر خاکەڕایانە لە بەر دەم ئێلێمانی قارەمانانی گیتوو چۆکی دادا و چەند خولەک لەم حاڵەتەدا مایەوە.

 

هەرچەند ئەو خۆی یەکێک لە دژبەرانی هیتلێر بوو بەڵام ئەو کردەوەیەی برانت وەکوو کەسی یەکەمی وڵاتی ئاڵمان لەو سەردەمە دا زۆر جێی بایەخ بوو و  وەکوو رووداوێکی مێژوویی سەیر دەکرێ.  کردەوەی برانت لە هەر دووک وڵاتی لەهێستان و ئاڵمان  لە لایان بەشێک لە خەڵکەوە رەخنەی هاتەوە سەر. زۆر کەسیش پێیان باش بوو و بە گرینگیان دەزانی برانت وەکوو نوێنەری خەڵکی ئاڵمان نیشانی دا ئەو وڵاتە ئاشتی راستەقینەی دەوێ و بە شەهامەتەوە دەتوانێ دان بە هەڵە و تاواکانی خۆی بنێ. برانت ساڵیک دوایە لە ئۆسلۆ خەڵات نۆبێلی ئاشتی وەرگرت. لە داهاتووی کوردستانیش دا رووبەرووبوونەوە دەگەڵ جاش دو دەستەیی ساز دەکا، کەسانێک هەن بە دڵنیاییەوە لایەنگری سزای سەخت و تەنانەت مەرگن بۆ جاش. (Barash & Webel, 2018: 606)

ژاپۆن- کووشتاری نانجینگ           

ژاپۆن لە مەسڵەت کردن و رووبەروو بوونەوە دەگەڵ رابردووی خۆی دا سیاسەتی حاشا کردنی هەڵبژاردووە. لە شەڕی نێوان ژاپۆن و چین دا شیمانە دەکرێ ٣٠٠٠٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی سیڤیلی چینی بە دەستی ژاپۆنییەکان کووژراون و  بیست هەزار بۆ هەشتا هەزار ژنیش دەسڕێژی سێکسیان کراوەتە سەر. ئەو رووداوانە لە نانجینگی وڵاتی چین و لە دوای ١٣ دێسامبەری ١٩٣٧ لە نێوان ٦ حەوتوو دا روویان داوە. وڵاتی ژاپۆن ئێستاشی دەگەڵ بێ ئەو تاوانانەی وەئەستۆ نەگرتووە و بەردەوام لە دیفاعی مەشروع بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ئیدعایانە کەلک وەردەگرێ. بەڵگە و سەنەدی زۆر ئاشکرا لە بەر دەستن کە نیشان دەدەن ژاپۆن جینایاتی شەڕی ئەنجام داوە لەوانە ئەو منداڵانەی لە دوای دەسرێژی سێکسی بۆ سەر ژنە چینییەکان هاتوونەتە دونیا، لە تێستی دی ئێن ئای دای رەگەزی ژاپۆنیان هەیە، ئینجا گەوایی دان و دانپێدانانی سەربازانی ژاپۆنی کە دیمانەیان دەگەڵ کراوە، هەم دیمانەی قوربانییەکانیش ئەو راستییانە دەسەلمێنن. بەڵام ژاپۆن یەکەم ئەو رێژەیەی بۆ قوربانییەکان قەبووڵ نییە و ئیدعا دەکا قوربانییەکان لە مابەینی سەد و دووسەت هەزار کەس دان و ئینجا دەسرێژی سێکسیش ئەنجام نەدراوە و هەرچی هەبووە لەو شەڕە دا دیفاعی مەشرووع لە سەروەری ژاپۆن بووە.

Barash & Webel, 2018: 607))

ئاکامی بابەت

مێژووی بەکرێگیراو یان جاش لە سەردەمی مۆدێڕن دا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە سەردەمی بزووتنەوەی سمایل ئاغای سمکۆ.  دیاردەی بەکرێگیراو خەساری گەورە و زیانی قەرەبوونەکراوەی لە رەوتی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان داوە. لە داهاتووی کوردستانێکی ئازاد دا جاش دەبێ چۆنی مامەڵە دەگەڵ بکڕی؟ ئایا دەبێ سزابدرێن؟ چۆن کورد لەو قۆناغە بە ئاشتەوایی و مەسڵەت کردن دەگەڵ بەشێک لە رۆڵەکانی دەگا کە رۆژگارێک ببوونە کۆسپ لە سەر ئازادی و سەربەستی  میللەتی خۆیان دا؟  جاشەکان لە پێناو بەرژەوەندی تاکەکەسی و بنەماڵەیی خۆیان دا بە هاوکاری حکومەت دەستیان بە خوێنی هاونیشتمانانی خۆیان سوور کردووە، شەیتانی و شۆڤارییان لە خەڵک کردووە ، منداڵی خەڵکیان بێ دایک و باب کردووە، هێرشیان کردۆتە سەر کاسب کاران و کۆڵ بەران و بەم شێوەیە بژیوی ژیان و قووت رۆژانەی خەڵکیان بڕیوە و … کاتێک باسی مەسڵەت کردن و ئاشتەوایی دەکەین، رێک مەبەستمان چارەسەری کێشەکانە. ئەو پڕۆسەیە ئامانجی سەرەکی پێشگرتن لە رووداوی نەخوازراو، تۆڵە ئەستاندنەوە ، تەسفییە حیسابی تاکەکەسی، هەڕەج و مەڕەج و کار کردن لە سەر داهاتوویەکە  کە لەوێ دا ژیان هاسانتر دەبێتەوە.

وەک باسمان کرد بۆ ئەوەی بە ئاشتی راستەقینە بگەین دەبێ سەرەتا مەسڵەت بکەین و ئەو گرینگەش پێویستی بە جێ بە جێ کردنی یەک لە دوای یەکی ئەو قۆناغانەیە:

١. قەبوڵ کردنی وەزعییەتی مەوجوود (status quo)

٢. دانیشتن و تێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان ـ

٣. سازان لە سەر ئەو خاڵانەی ماکەی دژایەتییان لێ ساز بووە یان درووست کردنی پردێک لە نێوان تێبینییە جۆراوجۆرەکان.

٤. ئاشتی لە نێوان دژمنانی پێشوو دا.

لەم بابەتە دا سێ نموونەم لە سێ وڵاتی جیاواز، لە سێ بەشی دوونیا هێنایەوە( ئەفریقای باشوور، ئاڵمان و ژاپۆن) ئەو سێ وڵاتە سێ رەهەندی جیاوازیان دەگەڵ رووبەروو بوونەوە دەگەڵ رابردووی خۆیان و لە پێوەندی دەگەڵ مەسڵەت کردن و ئاشتەوایی گرتۆتە بەر.  ئافریقای باشوور لە دوای رژیمی ئاپاڕتاید لە دەورانی حکوومەتی نێلسۆن ماندێللا دا کەلکی لە کۆمیسیۆنی دۆزینەوە حەقیقەت وەرگرت، بۆ جێ بە جێ کردنی ئەو کارە، هەر دووک لایەنی تاوانبار (سپی پێستەکان)  و قوربانی (رەش پێستەکان) لە بەرامبەر یەکتر دادەندران، کاری ئەو کۆمیسیۆنە بەم جۆرە بوو کە قوربانی دەهات و بەسەرهاتێکی راستەقینەی دەگێڕایەوە، تاوانبارەکەش دانی بە گوناهی خۆی دەنا ودواتر بێ ئەوەی کەسەکە بە سزا بگا دەبەخشرا. کومیسیۆن پێی وابوو گێرانەوەی رووداوەکان، باری خەم و ئازارەکان لە سەر قوربانییەکان سووک و دەکا و بەم شێوەیە ئازارەکان لە نێو کۆمەڵگا دا بەشکراون. ئەو دیمانانە تۆمار دەکران و لە نیهایەت دا تاوانبار و قوربانی وێکڕا ئاشت دەبوونەوە. لە رژیمی ئاپارتاید دا  سپی پێستەکان زۆر مافی رەش پێشتەکانیان خستە ژێر پێ و پێشێلیان کرد  بۆ وێنە منداڵی رەش پێست نراوەتە بەر کاری زۆرەملی، ژن دەسڕێژی سێکسی کراوەتە سەر ، لە مەکتەب و قووتابخانەکان دا هەڵاواردنی سیستماتیک ئەنجام دراوە و …

گومان لەوە دانییە کە ئافریقای باشوور بەم شێوەیە رێگای خۆی بۆ رووبەروو بوونەوە دەگەڵ رابردوو دۆزییەوە، بەڵام ئەو کۆمیسیۆنە بەر لە هەموو شت کار و تێکۆشانی، گوێگرتن لە حەقیقەت بوو هەتا گەیشتن بە عەداڵەت، دەرد و ئازاری ئاپاڕتاید بیسترا و دەبیسترێ، بەڵام زۆر کەس ئێستاش لە ئافریقا چاوەڕوانن تاوانباران  لە پڕۆسەیەکی عادڵانە دا بە سزای تاوانەکانیان بگەن.

Vergangenheitsbewältigung کە وشەیەکی ئاڵمانییە بە مانای رووبەڕوونەوە دەگەڵ رابردوویە. لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی،  ئاڵمان حەشیمەتێکی لە سەر دەست ماوە کە بەشی زۆریان تاوانبار بوون یانی بە پێچەوانەی ئافریقای باشوور کە دوو لایەنی تاوانبار و قوربانی تێدابوو و مەجبور بوون دەگەڵ یەک بژین، ئەوا لە ئاڵمان یەک لایەن هەبوو کە بەشی زۆری تاوانبار بوون و مەجبوور بوون دەگەڵ رابردووی خۆیان ئاشت بنەوە. ئەو تاوانبارانە بەشێکیان خەڵکی مەدەنی بوون، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە پێ لە هەڵەکانی خۆی بنێ و بزانێ چیکردووە هەم کلیسای کاتۆلیک و هەم پرۆتێستان لەو وڵاتە رۆڵێکی بەرچاویان گێڕا. ئەو پڕۆسەیە هەر بە دانپێدانان و ناسینی هەڵە تەواو نەبوو، بەڵکوو لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی هەتا ئێستا  بەردەوام بووە. لە رێگای راهێنان، خوێندنەوە، شەفافییەت و راستوێژی، سەردانی ئوردوگاکانی کاری ئیجباری و ئەو کوورانەی بۆ سووتاندنی مرۆڤ کەلکیان لێوەرگیرابوو. یەکێک لە کارە گرینگەکانی دیکەی وڵاتی ئاڵمان بۆ مەسڵەت کردن دەگەڵ قوربانیان  دانی غەرامەت بە جوولەکەکان و وڵاتی ئیسڕائیل بوو. لە ٧ی دێسامبەری ساڵی ١٩٧٠ دا، بیست و پێنج ساڵ دوای شەڕی دووهەمی جیهانی دا ویلی برانت(راوێژکاری گشتی) یان سەدری ئەعزەمی وڵاتی ئاڵمان بۆ نوێ کردنەوەی دۆستایەتی سەردانی وەرسای وڵاتی لەهێستانی کرد، برانت لەو سەفەرە دا زۆر خاکەڕایانە لە بەر دەم ئێلێمانی قارەمانانی گیتوو چۆکی دادا و چەند خولەک لەم حاڵەتەدا مایەوە. برانت وەکوو نوێنەری خەڵکی ئاڵمان نیشانی دا ئەو وڵاتە ئاشتی راستەقینەی دەوێ و بە شەهامەتەوە دەتوانێ دان بە هەڵە و تاواکانی خۆی بنێ.

ژاپۆن لە مەسڵەت کردن و رووبەروو بوونەوە دەگەڵ رابردووی خۆی دا سیاسەتی حاشا کردنی هەڵبژاردووە. لە شەڕی نێوان ژاپۆن و چین دا شیمانە دەکرێ ٣٠٠٠٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی سیڤیلی چینی بە دەستی ژاپۆنییەکان کووژراون و  بیست هەزار بۆ هەشتا هەزار ژنیش دەسڕێژی سێکسیان کراوەتە سەر. هەم دیمانەی سەربازانی تاوانبار و  هەم قوربانییەکانیش ئەو راستییانە دەسەلمێنن. بەڵام ژاپۆن یەکەم ئەو رێژەیەی بۆ قوربانییەکان قەبووڵ نییە و ئیدعا دەکا قوربانییەکان لە مابەینی سەد و دووسەت هەزار کەس دان و ئینجا دەسرێژی سێکسیش ئەنجام نەدراوە و هەرچی هەبووە لەو شەڕە دا دیفاعی مەشرووع لە سەروەری ژاپۆن بووە.

ئەزموونی ئافریقا تەنیا بیستن  و بە راپۆرت کردنی تاوانەکان بوون، ئەزموونی ئاڵمان دەرس وەرگرتن لە رابردوو و ئاشت بوونەوە دەگەڵ مێژوو بوو. بەڵام ژاپۆن حاشا لێکردن و وەپشت گوێ خستن بوو.  بە بڕوای من کورد بۆ رووبەڕوو بوونەوە دەگەڵ جاش لە داهاتوو دا  دەتوانێ سوود لە سەر سێک مۆدێل وەرگرێ.

سەرچاوەکانی نۆروێژی و ئینگلیسی:

 

  • Barash, David P. & Charles P. Webel, 2018: Peace and Conflict Studies, 4th edition, Chapman University, University of New York in Prague, kapittel 22
  • Gloppen, Siri, 2009: ‘Sør-Afrikas sannhetskommisjon – Et internasjonalt ideal?’, i FN magasinet, Årgang 3, Nr. 1, side 8-11 (kompendium)
  • https://www.dictionary.com/browse/atonement
  • Pankhurst, D. (1998) Issues of justice and reconciliation in complex political emergencies. Paper given at the British International Studies Association annual conference, Leeds, December. I boka Contemporary Conflict Resolution, Ramsbotham, Oliver; Tom Woodhouse & Hugh Miall, 2016, side287.
  • Ramsbotham, Oliver; Tom Woodhouse & Hugh Miall, 2016: Contemporary Conflict Resolution, 4th edition, Polity Press, kapittel 10.
  • Skaar, Elin, 2009: ‘Lang veg mot fred og forsoning’ i FN-magasinet, Årgang 3, Nr. 1, side 4-7 (kompendium)
  • Sommerfeldt, Atle, 2005: ‘Ingen snarvei til forsoning’, i Heidrun Sørlie Røhr (red.), 2005: Dialog – Mer enn ord. Jubileumsskrift for Nansen Dialog: 1995-2005, Lillehammer: Nansenskolen, side 133-157 (kompendium)

سەرچاوەکانی فارسی و کوردی:

  • طباطبایی، محمد حسین. تفسیر المیزان، جلد ۲، دفتر انتشارات اسلامی، اینترنت ، صفحه ۳۸۴-۳۸۳، دانلود شدە از: https://fa.alkawthartv.com/news/143339
  • محمد، ر. هاوار. ١٩٩٥، سمکۆ (سمایل ئاغای شوکاک) و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد، چاپی یەکەم، ستۆکهۆڵم
  • هەمبانە بۆرینە، هەژار موکریانی، نوسخەی ئانلاین بۆ ئاندرۆید، گەڕان لە وشەی جاش