دواڕۆژ ئەزموونێکی ڕۆژنامەگەریی سیاسیی سوسیالیستی

✍د.ژوان_سنە

بۆ سپاس و پێزانینی خەباتی میدیایی چەندین ساڵەی هاوڕێیانی ڕۆژنانەوان لە دەزگای ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و نەشریاتی حێزبی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تایبەت لە دووحەوتەنامەی دواڕۆژ.

ڕاگەیاندنی سۆسیالیستی یەک لە پرسە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی بزووتنەوەی شۆرشگێڕیە و داهاتووی ڕەوتەکەی پێوە بەستراوە، بەگشتی لە شۆرشی فەرانسەوە تا ئێستا ڕاگەیاندن ئەو ڕۆلە کاریگەرە دەبینێت، هەموو بزووتنەوە سیاسییەکان بۆ سەپاندنی هەژمونی و بەهێزکردنی پێگە و ئاستی جەماوەریان پشتی پێدەبەستن .

ئەوڕۆ لە جیهاندا بە گشتیی و لە ئێران و کوردستانیش بە تایبەتی کێشەکان ئالۆز و بەیەکداچووە، و بزووتنەوەی سۆسیالیستی پارچە پارچە و دابەش بووە، لە دۆخێکی بەو شێوەیە لەناو ئەو گێژاوە کە ناوچەکەشی گرتووتەوە، دواڕۆژ ئەزمونێکی نوێیە لە کاری ڕاگەیاندن و رۆژنامەگەریی سیاسیی سۆسیالیستی، لە چوارچێوە سیاسی و چینایەتیەکە دواڕۆژ هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی ڕوانگە و ڕوانین و بەهای سۆسیالیستی و چەپ بۆ ناو بزووتنەوەی خۆرسکی چینی زەحمەتکێش و ڕووناکبیر، و تواندنەوەی لەناو چالاکی شۆرشگێریدا، کار بۆ رێکخستنی خەباتی فکری و سیاسی ڕێکخراو، و دیموکراسی و گەیشتنە سۆسیالیزم دەکات.

مێژووی بزووتنەوەی شۆرشگێری لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕووسیا و ئەزمونی چینی زەحمەتکێش، میراتێکی کەڵەکەبووە بۆ داڕشتنی ستراتیژی و تاکتیکی گونجاو، و لەکاتێکدا لە هیچ شوێنێکی دونیا مۆدێلی ئامادەکراو نییە، دواڕۆژ تا ڕادەیەکی باش کاری لە سەر بنەما و پرنسیپی فکری سۆسیالیستی بە دوور لە ڕادیکاڵیزمی چەواشەکار و تۆندئاژۆ لە کوردستان کردووە تا سروشتی ململانێی چینایەتی و ڕۆلی زەحمەتکێشان و پێشرەوە سیاسیەکەی دیار بکات، شوناس و ناسنامە و هێلی جیاکراوەی پێ ببەخشێت، و کار بۆ ئازادی سیاسی و ئەلتەرناتیڤی ڕۆشن بکات، و چارەسەری کردەیی بەرەو پێش ببات.

بەڕای لینین ئەرکە سەرەکیەکانی ئیسکرا، شیکردنەوەی بزووتنەوە خۆرسکەکان، و تێگەیشتنە لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ڕۆشنبیران، و لێکۆلینەوە لەو شێوازانەی خەباتی زەحمەتکێشی بەخۆیەوە دەبینێ، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە شۆرشگێڕانەکەیە کە بریتییە لە گەیاندنی بنەمای سۆسیالیستی بە چینی زەحمەتکێش. لینین دەڵێت” دەبێ ئیسکرا تەنها کار لەسەر بزووتنەوەی خۆرسکی زەحمەتکێشان نەکات، بەڵکو کار لەسەر تۆێژینەوەی تیوریکی دیاردە بەرجەستەکراوەکان بکات، دەبێ تیشک بخاتە سەر ڕاستیەکان، پروپاگەندە بۆ مەسەلە سیاسی و کاری رێکخراوەییش بگرێتە خۆ. بۆ دواڕۆژیش دەبێ ئاراستیەکی سەربەخۆ و یەکانگیر و سنورداری بۆ هەموو بابەتەکان هەبێت، و نابێ تێکەڵەیەک بێت لە ڕای ناکۆک و دژ بەیەک، دواڕۆژ دەبێ کار بۆ نزیک کردنەوە و یەکخستنی چەپەکان بکات نەک ڕەنگدانەوەی ڕا جیاجیاکان بێت. ئەم گۆڤارە دەبێ سنوورێکی جیاکراوە و ڕۆشنی هەڵوێستەکانی بخاتە ڕوو، و سۆسیالیستەکان کۆبکاتەوە، و دەرگاش بۆ دیالۆگ بکاتەوە و یەکێتی فکر و تێڕوانینی ئایدیۆلۆژی بخوڵقێنێت. دواڕۆژ دەبێ بابەتەکانی تەنها بۆ چینێکی دیاریکراو نەبێت، کار لەسەر ڕۆشنبیران و زەحمەتکێشانی شارەکان و جوتیارانی لادێ بکات و ڕای گشتی دروست بکات، و سیاسەتێکی ڕاست و دروست لەناو جەماوەرێکی فراوان پەرەپێبدات، ئەرکی دواڕۆژ تەنها بڵاوکردنەوەی فکر و پەروەردەی سیاسی و بەدیهێنانی هاوپەیمانیی سیاسی هاندان نییە، بەڵکوو ڕێکخستنی جەماوەریش بەشێکی گرینگی ئەرکەکانیەتی.

کارکردن لەسەر ڕای گشتی وەك ئەوەی کەناڵە جیهانیەکان دەیکەن کە چەندان جار هەواڵێك بڵاودەکەنەوە و لە ڕێگەی ئەم دووبارە بوونەیەوە کار لە ڕای گشتی دەکەن، لای خۆشمـــان میدیای دەوڵەتی لە کۆماری ئیسلامی لە بە لاڕێدابردنی کۆمەڵانی خەڵکی لە ئێران وکوردســـتان کەمی نەکردووە و ئەرکیان نەک بایەخدان بە کێشە ڕاستەقینەکانی خەڵك بەڵکوو پاراستنی بنەماکانی مانەوەی دەسەڵات بووە.

ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگ دەگێرێت کە هیچی کەمتر نییە لە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەوانەیە پرۆژەیەکی ڕاگەیاندن ببێتە پارتێکی سیاسی. گومانی تێدا نییە ڕاگەیاندنێکی ڕاستگۆ و نزیک لە بەرژەوەندی خەڵك دەبێتە وەڵامدەرەوەی ویست و خواستەکانی خەڵك. بۆیە دواڕۆژ دەبێ بە کەنالی تەلەفزیۆنی و سەنتەری لێکۆڵینەوە و گۆڤاری تیۆری و سۆسیال میدیا بەهێز بکرێت، و ڕەنگدانەوەی لەسەر خەڵك هەبێت و، دواڕۆژ و بزووتنەوە سۆسیالیستیەکەی لە بزووتنەوەی هەواڵدەری و میدیاییەوە بکاتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی. دواڕۆژ هەر چەندە کە میدیایەکە کە بە فەرمی سیاسەتەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بڵاو دەکاتەوە ،بەڵام ڕۆژنامەیەکە توانای داهێنان و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی هەیە، کە ئەوە کاری هێزێکی مێژووییە، کە پرۆژەی هێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی بۆ کوردستان کردۆتە ئامانج، توێژێک لە ڕۆشنبیران و کەسانی ئەکادیمی و پسپۆری خزاندۆتە ناو ململانێی و کایەی سیاسی، بەردەوام بەرپەرچی کۆنەپەرستی و سەرکوت و دژە ئازادی و ئەفسانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەدەنەوە، دژی وتاری داگیکەرانە و دژە خەڵکی دەسەڵات لە ئێران وەستاون. گرنگە کەسانی لێهاتوو و شارەزای تیۆری لە دواڕۆژ ڕۆڵ ببینن و بواری ڕۆشنبیری و ئەخلاقی پەرەپێبدەن، کە ئەمە هاوتای هەژمونە لە بواری سیاسی و ئابوری، بۆ ئەوەی چینی زەحمەتکێش دونیابینیی خۆی هەبێت، دەبێ دواڕۆژ کار لەسەر بابەتەکانی بزووتنەوەی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بکات، هێز و گڕوتینی بزووتنەوەی سۆسیالیستی پێویستی بە هەردوو هێڵی مەدەنی و سیاسییە، لە تێکەڵاوبوون و گرێدانەوەی ئەو دوو هێڵەوه‌ سەرچاوە دەگرێت کە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. کاری سەندیکایی كه‌ ڕووی لە کار و شوێنی کار و مافەکانی کرێکارانە و بۆ برەودانە بە مافەکانی زەحمەتکێشان و کاری سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتیانە .

جیهانگیری و شۆڕشی زانیاری و تۆڕەکانی گەیاندن سنوورەکانیان بەرەو کاڵبوونەوە بردووە، مەسەلە نەتەوەیی و جیهانییەکانیان بەیەکەوە گرێداوە، وڵاتانی جیهانیان، بە کوردستانیشەوە، کردووه‌تە بەشێکی سروشتی و تێکەڵبوو بە پێکەوە ژیانی ئینتەرناسیۆنالی، بەڵام ئەوەی ئەم سەردەمە لە سەرمایەداری جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە لە پرۆسەی وەبەرهێناندا، نەک تەنها کرێکاران و خەڵکانی زەحمەتکێش، بەڵکو تەواوی مرۆڤایەتی بەرەو نامۆیی ده‌ڕوات و پانتایی بەزەحمەتکێش بوون هەموو توێژەکانی گرتووه‌تەوە، جیاوازییە چینایەتییەکان فراوانتر بوون، هەژاری و نەداری و ئاوارەبوون و پەراوێزخستن زێدە بوون. دواڕۆژ دەبێ کار لەسەر شیکردنەوەی قەیران و تەنگژەکانی سەرمایەداریی ئیسلامی و نیولیبرالیزم و سەرهەڵدان و بەیەکدانانەکانی ناو ئەو کۆمەلگایانە بکات، و هەر وەها کار لەگەڵ ئەو هێزە نوێیانەی سەریان هەڵداوە و ڕەنگدانەوەیان لەسەر ناوچەکە بە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە هەیە بکات.