دارسەیران هێمای کۆڵنەدان بەرانبەر بە دواکەوتوویی

✍ئەعەد دوروودی

 

باسی ڕووداوەکەی دارسەیران و کاردانەوەی خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنی و حیزبە سیاسییەکان باسێکی گرینگ و جیگەی سەرەنجە. ئەو ڕووداوە بۆیە گرینگە کە دوو دیوی دۆخی کۆمەڵگای کوردستان باس دەکا. لایەنێک کە لە ئاکامی دەسەڵات و پەروەردە و یاسا و شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە و تا ڕادەیەکیش بەرانبەر بە دەسڵاتی پاوانخوازی شیعە، چووەتە ئەو پەڕی توندئاژۆیی و ڕێگەی هاومەرامەکانی لە ناوچەکە گرتووەتە بەر و دەیەوێ بە پشتبەستن بە هەڕەشە و تۆقاندن ڕێگە لە ژیان و دەربڕینی ئازادی خەڵک بگرێ و لایەنێک کە ئامادە نییە سەر بۆ تاریکی و دواکەوتوویی دانەوێنێ و لە بەرانبەردا ڕاوەستاوە و خۆی لە قاڵبی کاردانەوەی ژنان و دانیشتوانی ناوچەکە و هەموو کوردستان دەنوێنێ و هەوڵ بۆ ئەوە دەدا سەرەڕای هەموو بەربەست و ڕێگری یاسایی و هەموو هەوڵی حکوومەتی ئێران کە تاوانباری سەرەکیی دۆخەکەیە، نەهەێڵێ تاریکپەرەستان بە تۆقاندن و تیرۆر باڵادەست بن و هێژمۆنیی خۆیان بەسەر خەڵکدا بسەپێنن.

خەڵکی کوردستان خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژی پێکەوەژیانی ئاشتیانەن و تا ئەوکاتەی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندەی و دەستێوەردانی دەرەکی لێیگەڕابێتن توانیویانە بە بیر و فیکری جیاوازەوە لە نێشتمانێکدا بژین و کەس ڕێگە لە ژیانی ئازاد و سەربەستی کەسی دیکە نەگرێ و خەڵک بە ئایین و بۆچوونی جیاوازەوە و خەڵکانێک کە هیچ ئایینەکیان نەبوو توانیویان پێکەوە هەڵکەن و کەس هەڕەشە لە بوون و ژینی کەس نەکا. بەڵام لە ئاکامی دەسەڵاتی حکوومەتی توتالیتێری ئیسلامیی ئێراندا و لە ئاکامی هەوڵی دەسەڵاتە دواکەوتووەکانی دیکەی ناوچەکە بۆ نانەوەی پێگە و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ڕێگەی دەستوپێوەندەکانیانەوە دۆخەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و توندوتیژی پەرەی سەندووە و هەڕەشە لەسەر پێکەوە ژیانی خەڵک زۆری کردووە.

لەم نێوەدا حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوو لاوە دەوری خراپ دەگێڕێ و کاریگەریی خراپی بووە. یەکەم  پەروەردە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە بە تەواوەتی لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتێکی دواکەوتووی ئایینیدان کاریگەریی خراپیان لەسەر میشک و بیری منداڵان و لاوان هەبوو و کولتووری توندوتیژی و قەبووڵ نەکردنی کەسانی بیرجیاواز و دابەشکردنی دونیا بە ڕەش و سپییان بڵاوکردووەتەوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی و کەمبوونەوەی تولرانس و قەبووڵ کردنی یەکدیە. دووهەم سیستەمی دەسەڵات لە ئێران بەدەست مەلایانی شیعەی دوازدە ئیمامییەوەیە کە بێجگە لە بەشێکی بچووک لەوانەی بڕوایان بەو مەزهەبە هەیە کەسی دیکە بە ڕەسمی ناناسن و ئەو کەسانەی باوڕیان بە ئایین نییە هەردەم لەبەر هەڕەشەی کوشتن و زینداندان و ئەو کەسانەی دیکەش کە ئایین یان مەزهەبی دیکەیان هەیە بە درێژایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تووشی ئازار و گوشار و بێحورمەتی بوون، ئەم شێوازە پاوانخوازانەی حکوومەتی ئێران وای کردووە کە لایەنە توندڕەوەکان کە پشتیوانیی دەسەڵات و حکوومەتانی دیکەیان لە پشتە هەوڵ بدەن لە تووڕەیی خەڵک و ئەو گوشارەی لەسەر خەڵکە لە بەرژەوەندیی خۆیان و بۆ ڕاکێشانی خەڵک بەلای توندڕەویی ئاینییدا کەلک وەرگرن. کۆی ئەم فاکتۆرانە بە گشتی کاریگەریی نەرێنیی لەسەر فەزای سیاسیی کوردستان بووە و ئاسەواری خراپی لەسەر دۆخەکە داناوە.

توندئاژۆیی ئاینیی سوننیەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرەڕای ئەوەی تا ڕادەیەکی زۆر بەرانبەر بە پاوانخوازیی شیعە و بە پشتیوانیی دەسەڵاتە سوننیەکان ناوچەکە خۆی تەیارکردووە و ڕێکخستووە بەڵام هێشتا بە جۆرێک لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕێگەیان پێدەدرێ و ڕێگرییەکی زۆریان لێناکرێ، هەرچەن جارجارە بۆ ئەوەی لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بیانهێڵنەوە دەیانگرن و تەنانەت ژمارەیەکیشیان ئیعدام کراون بەڵام هێشتا حکوومەت ئەوان بە نزیک لە خۆی دەزانێ و لە ترسی بزووتنەوەی سکۆلار و پێشکەوتن خوازی ناو کۆمەڵگا کە کۆمەڵە هێما و پێشەنگی مێژوویی بووە، پێی باشترە کە ئەوان خاوەنی هێژمۆنی بن و خەڵک لە باتی مەیل و ویستی بەهێزی سکۆلاریستی و پێشکەوتنخوازانە بکەونە داوی دواکەوتووی و ئیسلامی سیاسییەوە.

ئەوەی لە دارسەیران ڕوویدا و کاردانەوەی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان دەریخست لە کوردستان وەکوو زۆر کۆمەڵگای دیکە ناتەباییەک لە نێوان مەیلی دواکەوتووی ئایینی و مەیلی سکۆلاری ئەمڕۆژیدا هەیە، یەکەمیان لە ئاکامی دەسەڵات و لە ئاسەواری ٤ دەیە حکوومەتی ئیسلامی و دژکردەوە بەرانبەر بەوەدا و فاکتۆری دەرەکیی دیکەدا هەوڵی خۆسەپاندن دەدا و دووهەمیان لە ئاکامی خەبات و کاری خەڵک و حیزب و لایەنە پێشکەوتووەکانی کۆمەڵگا کوردستانی ڕۆژهەڵات و بە شێوەی بەرچاو ڕەوتی کۆمەڵەدا بووەتە ویست و کولتووری زاڵی سیاسی لە کۆمەڵگادا کە دژی توندڕەوی و ئیسلامی سیاسی و نەیاری بۆچوونە سەدەناوەڕاستییەکانی سەلەفییەکانە و خوازیاری ئازادی و ئارامی و پێکەوە ژیانی خەڵک لە کوردستانە.

سەلەفییەکان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و هەموو ڕەوت و لایەنە تونداژو و دواکەوتووە ئایینی و نائایینییەکانی کوردستان دەبێ بزانن مەدەنییەت و سکولاریزم بە قووڵی بە جەستەی کوردستاندا ڕۆچووە و هاتنە مەیدانی خەڵک دژی توندڕەوی و بەتایبەت بەشداریی بەرچاوی ژنان لەو کاردانەوەیەدا ئەو ڕاستییەی سەلماند.