خۆپیشاندانەکانی باشور، ئامۆژگاریێکی گرینگ بۆ ڕۆژهەڵات

✍ کاوان مکری

لە ڕۆژی چوارشەممە،۱۲ سەرماوەز خۆپیشاندانەکان لە شاری سلێمانی بە بیانووی وەدوا کەوتنی مووچەی مامۆستاکانی قۆتابخانە و فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.

لە دوای سلێمانی خەڵکی شارەکانی تری ئەو پارێزگایە بە هاتنە سەر شەقامەکان و هەروەها سووتاندنی بنکەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان بە تایبەت لە قەزای سەید سادق، ناڕەزایەتی خۆیان لە بارودۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

سووتاندنی بنکە سیاسیەکان و هەروەها لە بەرانبەردا تەقەی هێزە ئەمنیەکان لە خۆپیشاندەران کە چەندین کوژراوو برینداری لێ کەوتۆتەوە بۆتە هۆی زۆرتر بوونی توندو تیژیەکان لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا.

ئەگەر چاوێک لە مێژووی خۆپیشاندانی خەڵکی باشوری کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا(وەک سالی ۲۰۱۱ زایینی)بکەین و هەروەها گوێبیستی قسەی دانیشتوانی باشور ببین، ناڕەزایەتی خەڵکی مەدەنی جگە لە پرسی ئابووری چەندین هۆکاری تریشی هەیە.

بە بێ گومان زانینی هۆکارەکانی ناڕەزایەتی خەڵک لە سیستەمی سیاسی دامەزراو لە باشور دەتوانی پەند و ئامۆژگاریێک بۆ حیزبەکان و سیستەمی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت.

هۆکاری ناڕەزایەتی لە سیستەمی سیاسی باشور دەتوانین لە چەند بابەتدا باسی لێبکەین:

ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا: بە داخەوە لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە کوردستان بە سەربەخۆیێکی ئابووری لە بەغدا بگەیێنێت و یا بە رێکەوتنێکی سیاسی پتەو لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق، قەیرانە ئابووریەکانی چارەسەر بکات. ئەو مەسەلە بۆتە هۆی تەرخان نەبوونی بودجەی هەرێم و گوشاری ئابووری حکومەتی ناوەندی بۆ سەر هەولێر و ناڕەزایەتی دانیشتوانی باشوری کوردستان.

حکومەتی چەند ئیدارەیی: تا ڕادەیێک جیاواز بوون و سەربەخۆ بوونی پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر بوونەتە هۆی بەڕێوە نەچوونی بەرانبەر و بە بێ جیاوازی یاسا و قانون لە پارێزگاکانی هەرێمدا.

گەندەڵی ئابووری و سیاسی: بە پێداچوونەوەیێک بەسەر وەزعی باشور لە ساڵانی داهاتودا بە وردی دەتوانین نیشانەکانی گەندەڵی لە هەموو جێگەکانی حکومەتی هەرێمدا بدۆزینەوە. بە بێ گومان ئەو مەسەلە یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی ناڕەزایتەی خەڵکی باشوری کوردستانە.

حکومەتی بنەماڵە و عەشیرەیی: ئەو بابەتە بۆتە هۆی زۆرتر بوونی گەندەڵی و هەروەها ساز بوونی دیکتاتۆریێک لە هەرێمی کوردستان کە رێگەی هەر چەشنە گۆڕان کاریێک بەرەو باشتر بوون دەگرێت.

 

بە بێ گومان خەڵکی ڕۆژهەڵات بە تایبەت حیزبە سیاسیەکان بە چەند ئامۆژگاریێک لە ناڕەزایەتیەکان دەتوانن لەو کارەساتەی باشور بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات کەڵک وەرگرن:

۱- ساز کردنی سیستەمێک لەسەر بنەمای دێموکراسی و ڕای گشتی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ دوور بون لە هەر چەشنە دیکتاتۆریێک

۲- دامەزراندنی دەستگایێکی دادپەروەری سەربەخۆ بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ هەر چەشنە گەندەڵی و بێ قانونی

۳- پشتیوانی لە مافی ڕخنە گرتن، بۆ پاراستنی دێموکراسی لە وڵاتدا

۴- هەوڵ بۆ سەربەخۆیی ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەرەنگار بوونەوەی هەر چەشنە قەیرانێکی سیاسی و ئابووری لەگەڵ حکومەتی ناوەندی

۵- تێکۆشین بۆ سەربەخۆیی پێداویستیە ستراتژیەکانی کوردستان بە تایبەت نان، کارەبا، ئاو، گاز و سووتەمەنی

۶- سەندنەوەی چەک لە حیزبەکان و ساز کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر چاوەدێری کومیتەیێک پێکهاتوو لە هەموو لایەنە سیاسیەکان یان هەڵبژاردەی خەڵک

بە بڕوای نووسەر گەورەترین ئامۆژگاریێک کە حیزبەکان و خەڵکی ڕۆژهەڵات دەتوانن لە کارەساتی باشور وەریبگرن ئەوەیە کە خەباتی سیاسی و چەکداری تەنیا لە ڕوانگەی حیزبایەتیەوە بە بێ لە چاو گرتنی هەمووی بڕوا سیاسیەکانی ناو کوردستان هەڵەیە و دەتوانێ دوای سەرکەوتنی خەبات بە بۆنەی بوونی چەک لە دەست چەند لایەنی تایبەتدا، ببێتە هۆی سازبوونی دیکتاتۆری لە ڕۆژهەڵات.

هەر لەبەر ئەو بابەتە پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەکان بۆ دووری کردن لە دیکتاتۆری و سازبوونی سیستەمێک پر لە گەندەڵی ، دواهەمین ئامۆژگاری(ژومارە۶) بە جوانی لە چاو بگرن هەتاکوو کارەساتی باشور لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتدا دووپات نەبێتەوە.