✍ژیلا ئەحمەدی

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە تەمای پەرەپیدان و ئاساییکردنەوەی منداڵ هاوسەرین و دەیانەوێت بە فەرمی لە یاسا و کۆمەڵگا بیسەلمێنن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەنیسە خەزعەلی جێگیری رەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکوومەتی ئێرانەوە ئاماژەی بەوە کردوە کە کچانی ٩ ساڵان هەر لە ئێستە لە بیری ژیانی هاوبەشدا بن و پلانی بۆ دابنن و هەروەها چەند ڕۆژ دوای ئەوەش بۆ تەکید لەسەر قسەکانی خۆی دووپاتی کردەوە کە کاری و ئەرکی دایکایەتی زۆر گرنگە و کچان هەر لە تەمەنی ٩ ساڵیەوە دەبێ خۆیانی بۆ ئامادە بکەن. ئەم قسەی کەسێکە کە رەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو جێگری خۆی لە کاروباری ژناندا دایناوە. بەداخەوە پێشل کردنی ئاشکرای مافی منداڵان و هاندانی بنەماڵەکانیان و پەروەردەی ناڕەوای منداڵان بۆ ئەوەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی منداڵیدا لایان ئاسایی بێتەوە، بووەتە بەشێکی کار و پلانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران. دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئێران بێجگە لە کاری تەبلیغی و هەوڵ بۆ بە کولتوورکردنی ئەو دیاردە و بە باش  وئاسایی دانانی لە باری ئابووریشەوە بە دانی وام و هەندێک یارمەتی دەیانەوێ بنەماڵە هەژارەکان بەروە ئەوە هانبدەن منداڵە کچەکانیان لە تەمەنی کەم و ژێر ١٨ ساڵ بە شوو بدەن. دیار کوڕانی کەمتەمەنیش لەم دیاردەیە دەبیندرێن و تووشی ئەو گوشار و تاوانە دەبن بەڵام ژمارەی و ڕێژەی کچانی قوربانی زۆر زیاترە.

ئەنیسە خەزعەلی جێگری کۆماری ئیسلامی پێش تریش هەوڵی ئەوەی دابوو کە ڕێگە خۆش بکات بۆ ئە وکچانە کە لە تەمەنی منداڵی شوو دەکەن بتوانن لە پالێ مندالانی دیکە لە خوێندنگە بن و ئەمە ببێتە چتێکی ئاسایی چۆنکە لە خوێندنگەکانی ئێران هەرکچێ کە لە خوێندنگەیە کاتی شوودەکات دەبێ براوتە خوێندنگەی شەوانە ولە ڕۆژانە قەدەغە دەکرێت. کەسانی وەکوو ئەنیسە یان تێناگەن یان بۆیان گرنگ نییە کە منداڵێک کە لە باری دەروونی و جەستەییەوە ئامادەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش نییە کاتێک ناچار بەو کارە دەکرێ تووشی خەسار و گەزەنی جەستەیی و دەروونی دەبێ. ئەنیسە خەزعەلی خۆی کەسێکە کە لە یەکی لە وتووێژەکانیدا دەلێت کە  تەمەنی ١٦ ساڵدا شووی کردووە و شانازی پێوە دەکات.

جێگەی داخە کە کەسێکی وا وەکوو جێگری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری ژنان دەیەوێت منداڵانی ئەو وڵاتە بکات بە قوربانیی ئەو بیرە کۆنەپەرەستانەیە کە خۆشی یەکێک لە قوربانییەکانیەتی. ئەم خانمە هەرەوها لە بەشێکی دیەکەی قسەکانی کە لە رۆژنامەی فرمی کۆماری ئیسلامی بڵاو بووەتەوە دەلێ یەکسانی و مافی یەکسان بە قازانجی ژنان نییە و زەبریان لێدەدا و  هەر کەسێ دەبێ لە جێگەی خۆی بێت و تەکید ئەکات کە دەبێ بایەخی ئەخلاقیی دینی و دایک بوونی ژن دەبێ پێوەر بێ. هەرچەند لە یاسای مەدەنی ئێران لە مادە ١٠٤١ “بەستنی پەیمانی ژن ومێردایەتی بۆ کچان پێش ١٣ سال و کوران پێش گەیشتن بە ١٥ سال گرێدراوە بە ڕێدانی باوک بە نیشانەی لەبەرچاو گرتنی قازانج و بڕیاری دادگاە ” یاسای دژە ژنی کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵێ خۆی ئەدات کە تەمنی منداڵ هاوسەری کەم بکاتەوە. یەکێ تر لە کارە بەدەستانی کۆماری ئیسلامی کە معاونی کۆمیسیونی حقوقیی مەجلسی شورای ئیسلامی دەلێ لە ئایینی ئیسلام تەمەنی باڵغ بوون بۆ کچان ٩ سال و کوران ١٥ سالە ودەیانەوێت ڕێ پێی بدەن .

یەکێ لەو چتانە کە زۆر هۆکارە لە پەرەپێدانی منداڵ هاوسەری ئایینە بەتایبەت یاسای ئیسلامی  و شەرع و کاربەدەستانی دواکەوتووی کۆماری ئیسلامیکە بەپێی ئەو یاسایانە کار دەکەن.

زۆرترین ڕێژەی پێکهینانی ژیانی هاوبەش بۆ منداڵانی ژێر ١٣ سال لە شارەکانی خودا بەندە – بوستان ئاوا  ،قووچان ، زاهدان و مەلەکان قەواڵە کراوە کە زۆربەیان شارە بێبەشڕاگیراوەکانن و خەڵکانی دانیشتوویان باری ئابووریەوە زۆر هەژارن .

زۆرترین پێکهینانی ژیانی هاوبەش ژێر ١٨ سال لە پاریزگاکانی سیستان وبلوچستان ٣٦ لە سەدا ، خوراسان شمالی ٣٥لە سەدا ، خوراسان رەزەوی ٣٣ لە سەدا ، زەنجان ٣٢لە سەدا و ئازەربایجان شەرقی و ئەردەبیل ٣١ لە سەدا بووە .

بە پێی ئامارەکان ڕێژەی شوووکردنی کچانی ١٠ بۆ ١٤ سال لە سالی ١٤٠٠ نزیکەی ٣٢ لە سەدا زیادی کردووە، لە حالێک دا لە زۆربەی وڵاتانی دونیا ، ڕیکخراوە نیونەتەوەییەکانی پاراستنی مافی منداڵان لانیکەمی تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان ١٨ سال دیاری کردووە، بەڵام لەئێران بە هۆی یاسای دژە ژنی ئیسلامی، کلتووری منداڵ هاوسەری ڕوو لە زیادبوونە، لە پاڵ ئەوەش هەژاری و نەداری ، ڕێساکانی کۆمەڵایەتی ، کلتووری دەوریان هەبووە لە زیادکردنی ئەم کێشە کۆمەڵایەتە.

ئاسەوار وزیانەکانی منداڵ هاوسەری زۆرن کە گرنگترینیان دایک بوون لە تەمەنی منداڵی دایە لە کاتێکدا کە هێشتا جەستەی ئەو کچە کامڵ نەبوو کە بتوانی دووگیان بێت ، خەمۆکی ، خۆکوژی ، جیابوونەوە ، دوورکەوتن لە دەرس خوێندن ، بە فێرچوونی کاتی منداڵی ومێر منداڵی وباری گرانی ژیانی هاوبەش دەکەوێتە شانی منداڵێک چە کچ وچە کور زۆر خەسار دەبینن و ئاسەواری هەتاهەتایە تا ژیانی ئەو منداڵە دەمێنێتەوە لە مێشکی و چارە سەر نابێت. بەڵام کاربەدەستانی دژە مرۆڤ و نەزان و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی دەیانەوێت ئەم رەوتە دژە ئینسانیە بە سەر کۆمەڵگادا بسەلمێنن و هەزاران منداڵ بکەن بە قوربانی بیر وفیکری کۆن ودواکەوتووی خۆیان و بە شێوازی جۆراوجۆر هانی خەڵک ئەدەن چە لە میدیا چە لە خوێندنگە وکۆمەڵگا چە بە دانانی یاسای نوێ رێگە خۆشکەرن بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی منداڵ هاوسەری کە ئەمە زۆر جێگەی داخە..

چالاکانی کۆمەڵایەتی، مەدەنی، منداڵان و ژنان منداڵ هاوسەری لە تەمەن ژێر ١٨ سال شێوەی لە تووندوتێژی بەرانبەر منداڵان دەزانن،  وزۆر نیگرانی ئەم کێشە کۆمەڵایەتین و هەموو هەوڵی خۆیان ئەدەن کە بەڕێکخستن و کەمپین و نارەزایەتیی ڕێگری بکەن لە گەشە دانی منداڵ هاوسەری