بار و دۆخی گشتی چینایەتی و نەتەوەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

✍ ئاژوان_سنە

لە کۆمەڵگای کوردستان بە پێ بەراوەردێکی مەیدانی هەل و مەرجی ژیانی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی نزم تەنانەت بە نیسبەت چەن ساڵی ڕابردوو دایە.تۆژینەوە لە سەر ئەم دێرانە و تیتری ئەم نووسینە پێویستی بە کاری ئاکادمیک و لێکۆڵینەوەی چڕی مەیدانی و زانستی هەیە،بەڵام بە گوێرەی داتاکان و ژیانی ڕۆژانە زۆر شت هەن کە بە بێ لێکۆڵینەوەش گۆتنیان دوور لە داتاکانی زانستی کۆمەڵناسی نییە.
ئەلف:خەباتی چینایەتی
سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم پرۆسیسێکە لە شکڵگیری مێژوویی ئاشکرای بەردەوام لە ململانیی چینایەتی ، کە بەردەوام لە دەوورانیک بۆ ئەوی تر کاریگەریی لەسەر ژیانی کۆمەڵگا و هاوکێشە سیاسیەکانی دیاری دەکات. ڕوخساری ژیانی ئەمرۆی کۆمەلگای ئێران و کوردستان هەرچیەک بیت بەتەواویی لەژێر گاریگەریی و ناکۆکییەکانی هێزی بەرهەمهینان و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدایە. هەرچەندە کە فۆرمی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ئەم سەدەیە هاوچەرخیتر و گەشەسەندووترە لە رابردووی خۆی، بەڵام خۆشبەختی و ژیانێکی ئاسودەی لەگەڵ خۆیدا نەهێنا بۆ مرۆڤایەتی وەک ئەوەی سەرمایەداری خەریکی بەوەهمکردنی بوو. سەرباری ئەوەی ژمارەی بیکاری و دەرکردنی کرێکاران لەسەر کاریان بەردەوامە و لەسەرتاسەری جیهاندا ڕێژەیان دەڕواتە سەرەوە، بەلام قەیرانەکانی سەرمایەداری قولتر دەبێتەوە و چارەسەری قەیرانەکان گەیشتۆتە خاڵی کۆتای وبنبەست.
دابەشکردنەوەی نا مۆناسبی کار، هەژاریی، بێکاری، برسیەتی، پیسبوونی ژینگە، جەنگ و وێرانکاریەکان، سەرهەڵدانەوەی فاشیزم، تیرۆریزمی ئایینی، وێرانکردنی ژیانی مندالان و بێنرخ بوونی مرۆڤی خانەنەشین و پەکەوتە،… بەهەمان شێوە زۆرتردەبن و لەناو سیستەمی حکوومەتی ئیسلامی لەچەندان فۆرمی جیاوازدا هاوچەرخ دەکرێنەوە.لەگەڵ هەموو ئەو ناتەباییەی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامیدا، بەهەمان شێوە خەباتی زەحمەتکێشان بۆ شۆڕش و ئالوگۆر لەناو پێکدانە چینایەتیەکاندا هاوچەرخ بۆتەوە. کرێکاران و زەحمەتکێشان وەک هێزێکی زۆرینەی ناو کۆمەڵگا سەرباری سەرهەڵدان و شکستەکانی ڕابردوویی، بەهێزەوە دەرکەوتۆتەوە.
لە ئیرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکان دا ،زۆرێک لەوبیروباوەرە ڕاستڕەوانە و ئەو تێوریانەی کە ئاڵای کۆتایی جێاوازی چینایەتی و خەباتی سۆسیاڵیستانەیان بەرزکردبوویەوە وە لە لێکدانەوەکانیاندا خاڵی کۆتاییان بۆ پرۆسەی مێژوویی دانا و بازاری ئازاد و لیبرالیسمیان بە دوا بژاردە دیاریکرد، بەڵام لە دوای تەنها قەیرانەکانی ئابووریی تیوریەکانیان کەوتنە کەنارەوە و مەترسی هەرەسی سەرمایەداری و رژیمەکایەن هەیە.
لە ئەمڕۆی هەڵسان و هاتنە دەرەوەی ئەو هێزە کە بەرهەمهێنەری توانای هەموو جیهانە، پشکویەکی سەرەتاییە بۆ ئالوگۆڕێکی گەورە لە ئێران دا. هەر وەک چۆن لە ئەورووپا هێلەک زەردەکان، کلاو زەردەکان و سوورەکان، لە ئیران هەڵسانی کرێکاریی (دی مانگی ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨) ، لەسوودان هاتنە شەقامەکان دژی دەسەلاتی میلیتاریزم و داواکارییەکانی خەلکی خوارەوە، میسر و چەندان ولاتی تری گوێ زەووی بەشێکن لەو پشکۆیەی شۆڕش..

باری چینایەتی
راستیەکی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە کە لە کۆمەڵگای کوردستان وەک نموونەی دیکەی کۆمەڵگاکانی وڵاتی ئێران دابەش بوون و قەیرانی چینایەتی نێوان بازنەی دەسەڵات و سامان لە گەڵ چینی مام ناوەند و هەژار زۆرتر بووە و ئەمانەی خوارەوە کاریگەری سەرەکییان لەم دۆخە بووە:
1-نەبوونی کار و پیشەی پێویست بو بەشێکی بەر چاوی کۆمەڵگا
2-دابەشبوونی نا یەکسانی هەل و فرسەتەکانی کار
3-ئەو ئێمتیاز و خەڵاتانەی کە بە چینێکی دیاریکراوی خۆدی لە لایەن دەسەڵاتی ڕژیمەوە دراوە
4-جیاوازی سەروەت و سامان نێوان چینەکان و تاکەکانی کۆمەڵگا
هەڵاواردن و جیاوازی چینایەتی لە کوردستان کە بنیادنەری سەرەکی ئەو بە پێچەوانەی وڵاتانی تر کە لە لایەن چینی دەسەڵاتداری تاک و سەرمایەدارەوە پێناسە ئەکرێت؛لە لایەن دەست و پێوەندەکانی دەسەڵاتەوە سەرچاوە ئەگرن.لە چل ساڵەی حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی بە هۆی سیاسەتە چەوتەکانی ڕژیمەوە فاسڵە و جیاوازی چینایەتی نێوان چینی دەسەڵاتدار،سامان و سەروەت مەندی بازاڕ،خاوەن مەدرەکەکانی سەرەوە وە دۆکتر ، مۆهەندێس ،وەکێڵ،سلبریتییەکانی هۆنەری سینەما،ووتباڵیستەکان لە ڕەدەی تیمی میللی و تیمە بە ناوبانگەکان لە گەڵ چینی کرێکار،کارمەندانی ئیداراتی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت،جووتیاران،بێکاران و بە گشتی چینی ناوەند و خواری کۆمەڵگا ؛زۆرتر بووە و زیانێکی یەکجاری بە ژیان و کەرامەتی مرۆڤ گەیاندووە.
زوربەی بزاڤە چینایەتی و سنفییەکانی ئەم چل ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لایەن چالاکانی مەدەنی و کرێکارییەوە سازمان دراون ؛داخوازییەکانیان لە سەر نارەزایەتی لە هەمبەر بار و دۆخی کار و مووچە و سەعاتی کار بووە و بە داخەوە ئەو ئاگاهی و زانینە لە سەر ویستی چینایەتی و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامامانجەکانی تاک و کۆمەڵگای چەوساوە نەیتوانیوە بە سەر هەموو چین و توێژەکان پەرە بسێنێت و بزێتە هۆی گۆڕانکاری بەر چاو .
لەم ساڵەی ڕابردووش دا بە بۆنەی نەخۆشی کڕۆنا و قەیرانی تەحریمە نێو دەوڵەتییەکان لە سەر ئێرانەوە ژیانی مرۆڤ لەم وڵاتە تووشی گۆڕانکاری جیدی بووە و کاریگەری لە سەر تاک تاکی خەڵک لە کوردستانیش داناوە.ژیانی ئابووری تووشی داڕمان بووە و بەشێکی زۆر نزیک بە 90 لە سەدی خەڵک لە تەنگنا و هەژار دان و چینی مام ناوەند کە پێشتر بارو دۆخی بە نێسبەت هەژاران و چینی خوار تر باشختر بوو ڕۆژ بە ڕۆژ نێوانی کەم کردەوە و ئێستا ئەو چینە ڕوو لە ڕووخانە و ژیانی کەتووە مەترسییەوە و پێدەچی ببێتە هۆکارێکی گرینگ بۆ وورێژەدانی ناڕەزایەتییەکان و بزاڤەکانی داهاتوو.

بێ:خەباتی نەتەوەیی

خەباتی نەتەوەیی، خەباتی گەلێکە کە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆ و سەروەریی سیاسی نییە، خاک و نیشتمانی دابەش یان داگیر کراوە، لە وڵاتەکەدا هوییەتی نەتەوەیی جیاوازە لە هی نەتەوەی حاکم، بەڵام نکۆڵی لەو جیاوازییە دەکرێ و هوییه‌تی سه‌ربه‌خۆی له‌لایه‌ن سیستمی حۆکمڕانی نەتەوەی ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌وه‌ دانی پێدانانرێ و مافە نەتەوایەتییەکانی ناسەلمێندرێ، به‌ هاووڵاتی ده‌ره‌جه‌ ٢ ده‌ژمێردرێ و مافه‌ سیاسی و ئابووری و کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی لێ زه‌وت کراوە. لە هەموو بارێکەوە بەشێوەی سیستماتیک هه‌ڵدەواردرێ، ده‌چه‌وسێته‌وه‌ و سه‌رکوت ده‌کرێ.

کاتێک ئەو گه‌لە چەوساوە و سته‌ملێکراوە بەمەبەستی دواییهێنان به‌و بارودۆخه‌ ناڕه‌وایه‌ ڕادەبێ‌ کە خۆی له‌ بنده‌ستی و زوڵم و زۆر ڕزگار بکا و بڕیار دەدا چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێ و به‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستی بژی، پێی دەگوترێ خەباتی نەتەوەیی.

ئەوە کە خەباتی نەتەوەیی بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆ بەڕێوە دەچێ یان بۆ دابینکردنی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی ستەملێکراو لە چوارچێوەی وڵاتێکدا، لەلایەکەوە گرێدراوە بە زۆر فاکتەری نێوخۆیی و دەرەکی، بە تایبەتی بە هێز و دەسەڵات و یەکگرتوویی و ئاستی سازماندراوی و گشتگیربوونی جووڵانەوەی ڕزگاریخواز و موشارەکەتی چالاکانەی خەڵک.
لەلایەکی دیکەوە، فاکتەری مەسڵەحەت و بەرژەوەندی یەکلاکەرەوەیە: ڕەنگە زۆرایەتی نەتەوەیەک کە لە وڵاتێکی دێموکراتیکدا دەژی و سەرجەم مافەکانی بەگوێرەی یاسای بنەڕەتی وڵات دەستەبەر کراوە، لەباری سیاسی و ئابووری و ئەمنییەت و مێژووییەوە جیابوونەوە بە مەسڵەحەتی نەتەوەکەی نەزانێ، وەک کەبەک لە کانادا، تیرۆلی باشوور لە ئیتالیا، سکاتلەند لە بریتانیا… جیاوازی هەڵوێست لەو پرسەدا بەهیچ جۆر بەو مانایە نییە کە لایەنگرانی جیانەبوونەوە لە سەربەخۆییخوازەکان کەمتر نیشتمانپەروەرن یان بەپێچەوانەوە. ئەوە دەکەوێتە مەقوولەی جیاوازی بیروبۆچوون و تێڕوانین لە بەرژەوەندیی. مافێکی دێموکراتیک و ڕەوایە.
باری نەتەوەیی
کوردستان و داخوازی نەتەوەیی دوو رستەی گرێدراون تا ئەو کاتەی کە مافە فەرهەنگی،کۆمەڵایەتی،سیاسی و ئابوورییەکانی لە پانتاییەکی دیمۆکراتیکی گشتی چارەسەر و مسۆگەر نەبن.زۆربەی پۆتانسیل و ئێنرژی تاکی ئاگای ئەم کۆمەڵگایە لە ڕێگەی خەبات و دابین کردنی ئامانجە نەتەوەییەکان سەرف ئەکرێت و بێ ئەوەی رەهەندەکانی ئەو هەموو تێکۆشانە بۆ دابینکردنی دادپەروەری بۆ هەموو کۆمەڵگای مرڤایەتی لێک بدەینەوە ئاماژە بە ئەوە ئەکەین کە ئەمڕۆش خواستی نەتەوەیی هەر کاتێ مەودای پێ بدرێت سەر تر لە خواستکانی تر خۆی دەنوێنێت و بناغە دانەر و چالاکانی ئەم چەمکە زۆر ئاسانتر ئەتوانن خەڵک بێنێنە سەر خەت و شەقام.جیاواز لە زیانەکانی هەستی نەتەوایەتی و ڕەگەز پەرەستی کە ئەتوانێ لە ئاکام دا ئەگەر لە هێڵی راسەقینەی خۆی لا بدات و خسڵەتی فاشیستی و ڕاسیستی لە خۆ بگرێ،یەکێ لە هێماکانی زیندوو بوونی کۆمەڵگایە و ئەگەر هەل و کەڵکی باشی لێ وەرگیردرێت ئەتوانێ گۆڕانکاری مۆدێڕن لە ژیانی کۆمڵگا درووست بکات.خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی پیشینەیەکی مێژوویی لە خەباتی نەتەوەیی و دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوین،گەلێکی وشیار و ئاگان؛بەڵام ئەوەی کە تا ئیستا نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردتر و زانستیتر هەیە.ئەوەی کە ڕوونە ئێستاش دۆخی نەتەوەیی خەڵک لە کوردستان بە هۆی سەرکوت و زەختی ڕژیم باش نییە و هەر چەشنە جووڵەیەک کە هێمای نەتەوەیی-ڕامیاری هەبێت تووشی دژبەری و هەوڵی لە ناوبردنی لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەدرێت.لە نێوان ئەم چل ساڵەی ڕابردوو خەباتی نەتەوەیی چ لە لایەن حێزبە سیاسی و ئۆپۆزسیۆنەکانەوە و چ لە لایەن بزاڤە ڕۆشنبیر و چالاکە مەدەنی و فەرهەنگەکییانەوە؛وەک ئێنرژییەک لە گۆشە و کۆنجی هەموو لایە و چینەکانەوە خۆی ڕاگرێت و بە زیندوویی بمێنێتەوە.زۆر نموونەی خەباتی سیاسی و چالاکی هەیە کە ڕێشەی لە خەباتی نەتەوەیی هەڵگرتووە . دەسەڵاتی ڕژیم تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو هەستە لە خەڵک بگرێتەوە و هەر هەلومەرجێک کە ڕەخسا بێ ئەو ئاگاهی نەتەوەییە بە جۆش و خرۆش هاتووە و وەک خواستێکی ئێنسانی کۆمەڵگا بۆ سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ درێژەی کێشاوە.ئەم خواست و تێکۆشانە کە لایەنی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردسان هەیە ؛ئەتوانی لە گەڵ دیکەی ئامانجەکانی مرۆڤی ئەم ناوچە یەک بگرێت و بۆ داهاتوویەکی ڕوونتر کەڵکی لێ وەر بگیردرێت.ئەگەر پێناسەکانی هەل و مەرجی نەتەوەیی هەڵسەنگێنین و ئاماژە بە هێما بەرچاوەکانی بکەین ناتوانین چاو پۆشی لەمانەی خوارەوە بۆ نیشاندانی ئەو ڕاستییە بکەین:
1-زیندوو ڕا گرتنی بۆنە نەتەوەییەکان لە ناو کۆمەڵگا وەک نەورۆز
2-تێکۆشانی فەرهەنگی بۆ زیندوو هێشتنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی
3-چالاکی هۆنەری لە بوارەکانی گۆرانی و هەڵپەرکیێ کوردی
4-بەرز ڕا گرتنی نێو و خەباتی شۆڕشگێڕان و سەرۆکە کاریزماکانی کورد کە ژیانیان لە پێناو شۆڕشی نەتەوەیی بەخت کردووە
5-هەوڵدان بۆ فێرکردن و نووسینی زمانی کوردی لە لایەن ئەنجۆمەن و رێکخراوە نا دەوڵەتییەکانەوە
6-هەوڵ بۆ مانەوەی پۆشش و جل و بەرگی کوردی بە تایبەت لە لایەن لاوەکانەوە
ئەمانە وەک نموونەی هێماکانی نەتەوەیی لە کوردستان دەناسرێن و لە ماوەی ئەم چل ساڵە روو لە گەشە کردن دا بوون و هەر ساڵ بە چەشنێکی تازەترەوە لە ڕای گشتی کۆمەڵگا خۆ دەنوێنن.ڕژیم تا هەنووکە نەیتوانیوە ئەو هەستە لە خەڵک بگرێت و هەوڵەکانی بۆ ئاسیمیلاسیۆنی فەرهەنگی و نەتەوەیی پووچەڵ کراون هەر چەند لە هەندێ شوێن توانیویە سیاسەتەکانی پێش بەرێت.
لێرە دەبێ بوترێت کە ژیانی ئابووری،سیاسی،نەتەوەیی و چینایەتی تاک لە ناو کۆمەڵگا هەر سات لە تەوەژمی جوراجۆر دایە و پێدەچێ لەم سەردەمە تووشی ئاڵ و گۆڕی تایبەت بێت کە دواتر لە سەر خسڵەت و تایبەتمەندییەکانی وڵات کاریگەری بێت.