ئەم هەویرە ئاو زۆر دەبات، سەبارەت بە ڕووداوەکانی زانکۆی کوردستان

✍ن.داهاتوو٢٨٤_بانە

لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی هاوڕێکەوت لەگەڵ ڕۆژی عاشوورای حسەین و لەگەڵ ساڵڕۆژی دەرکردنی فەرمانی خومەینی بۆ هێرش‌بردنە سەر کوردستان و داگیرکردنی بە هەر جۆرێک بوو، تاقمێک خوێندکاری زانکۆی کوردستان بەبۆنەی ئەوەی زانکۆی کوردستان بووەتە جێگای پەرەسەندن و سەقام‌گرتنی زمانی نووسینیی کوردی، بە نامەیەکی ئیجازەدارەوە، جەرسەقیلێک دەبەنە ناو زانکۆوە و بە بیانووی هەڵواسینی پارچەی ڕەش بە سەر درگا و دیوارەکاندا، هەموو تابلۆ نووسراوە کوردییەکانی سەر دیوارەکان لێدەکەنەوە و تەنیا ناوە فارسییەکان دەهێڵنەوە، بەوەش ناوەستنەوە کە تەنیا کوردییەکان لێکەنەوە، بەڵکو تابلۆ ئینگلیزی و عەرەبییەکانیش هەڵدەکەنن.

ئەگەر لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە بڕوانینە ئەم کردەوە نائەخلاقییە و لێکی‌دەینەوە دەبینین:

لە ڕووی وێران و ئەوەی کە چۆن وێراویانە ئەم کارە شۆوێنیستییانە بکەن بێ‌گومان بەبێ پشتیوانی و هاندەریی کەسانێکی بەدەر لە زانکۆ نەیاتوانیوە، واتە هێزێکی دەرەوەی زانکۆ پاڵەپشتییان کردوون. بۆچی ئەم تاوانەیان پاڵ دەخەین؟ لە ئیدارەکان بەگشتی و زانکۆکان بەتایبەت، هەڵواسینی هەرچەشنە پۆستەر، بەنێر، وێنە، نووسراوە یان هەر شتێکی دیکە، پێویستیی بە وەرگرتنی مۆڵەت لانیکەم لە شورای فێرکاری، حەراسەت هەیە. هەروەها هێنانی هەر ماشینێک و بەتایبەت جەرسەقیل مۆڵەتی لە بەرپرسی ئیداری و نەقلیە و حەراسەت و چەندین شوێنی دیکەش هەیە. کەواتە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت ناتوانن ئەم کارە بکەن. ڕەنگە ئەمان مۆڵەتیان وەرگرتبێ، بەڵام ئەوەی کە دوای وەرگرتنی مۆڵەت چییان کردووە کڵاویان سەر بەرپرسانی زانکۆ کردووە و ئەمجارەیان بە ئیزن و ئیجازەی گەورەترەکانیان (کە خۆیان ناوێرن خۆیان دەرخەن، هەمیشە خۆیان دەشارنەوە لە پشت هەندێ نەزانی کاڵفامی بێ‌ئیرادەدا کە دواییش ئەگەر ڕوو بوون و تڕۆ کران بڵێن نەزان و منداڵ بوون) تابلۆ کوردی و ئینگلیزی و عەرەبییەکانیان لێکردووەتەوە. ئەم کەسانە دەیان ساڵە لە ئێراندا هەن و ئازادانە کار و کردەوەیان هێرش کردنەسەر ئاوەدانی و بیر و ئەندێشە و کەسایەتی و فەرهەنگ و زمان و هەموو بایەخە ئەخلاقییەکانە و بێ‌ڕێزی کردنە بە ئایینە جگەشێعەکان، نەتەوە جگەفارسەکان (و جاروبار جگەتورکەکان) و فەرهەنگە ڕیشەدارە جگەخۆییەکان و بەکورتی هەر شتێک بێجگە خۆیان بێت. ئەمانە وەندالیزمانێکن کە پەروەردەی حکومەتەکانن و لە خزمەت دەوام و مانەوەی حکومەتەکەندان. خۆشیان نازانن کە بەرپرسی دوو پلە سەرتری خۆیان کێیە، پلیکانەیی یەک یان دوو کەس لە سەرتری خۆیان دەبینن و زۆرجاران ناشیانناسن، چونکا ناوی نهێنییان هەیە. نموونەیانمان لەم چەند ڕۆژەدا دی کە جەواد تاجیک (ئەو کەسەی لە حەرەمی شاعەبدولعەزیم بێ‌ڕێزی و سووکایەتی کرد بە فایزە هاشمی کچی هاشمی ڕەفسەنجانی، هەمەکارەی ئینقلاب دوای خومەینی کە خۆی هۆکاری سەرەکیی بەڕێبەربوونی خامنەیی بوو و دوایی بە دەستی عەواملی خامنەیی لەناو برا) بوو بە جێگری فەرهەنگیی شارەداریی تاران. ئەم کەسانە ئامێرێکن کە مەبەستەکانی ئاغاکانیان لە کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و سڕینەوەی ئەخلاقییاتدا بەڕێوە دەبەن بەبێ ئەوەی بزانن ئاغاکانیان ڕاستەوخۆ کێهان! ئەمانە خۆیان بەبێ پاڵەپشتیی ئەوان ناتوانن شوناس و کەسایەتیی خۆیان بناسن و بدۆزنەوە و سەربەخۆ بن. ئەوانیش بەبێ ئەمان ناتوانن ژیانی ناو مێشکیان بەرنە پێشەوە. ئەوان ترسەنۆکتر لەوەن خۆیان دەرخەن، بۆیە هەمیشە بە دەمامکەوە دەردەکەون، بە ناوی خوازراوەوە، بە چەندین پێناسەوە، بە چەندین قەڵافەت و ڕوخسارەوە. مەگین ناوی “امیر منصور بزرگیان” نەبوو بە “سردار غفور درجزی” و دواتر کرا بە “مصطفی مدبر”؟ ئەم هەویرە ئاو زۆر دەبات…

لە لایەکی ترەوە، ئەم کارەی ئەم چەندی خوێندکارە، پیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەورە و چکۆلەوە، درێژەدەری ڕێگای شۆوێنیستییانەی ڕەزا خانی میرپەنجی قەززاقە کە لەڕاستای بەناو مۆدێڕن کردنی ئێران و دامەزراندنی سیستەمی یەک میللەت- یەک دەوڵەت، هەوڵی دا نەتەوەکانی دیکە لە ئێرانا بسڕێتەوە یان لانیکەم بیانکا بە بندەست و چەماوەی گەلی باندەستی فارس. بەم جیاوازییەوە کە دوای هێنانە سەرکاری خومەینی ئەم چەوسانەوە و چەمانەوە بارێکی دیکەی ئایینی و شێعەگەریشی پێ زیاد کرا و هەرکەس لە ئێمە نەبێ یان نابێ ببێ یان بوونی بەهۆێ ئێمەوەیە و لەبەر نۆکەریی ئێمە خەلق کراوە. سەد ساڵی ڕەبەنە ئێرانی فارس فێر کراوە گەلی باندەستە و باقی گەلانی دیکەی نیشتەجێی ئەم خاکە ساختە و دەسکردە دەبێ لە خزمەتی ئەواندا بن، ٤٣ ساڵیشە ئێرانی شێعە فێر کراوە تەنیا ئەوە مافی ژیانی لەم چوارچێوە هەڵسازراوەدا هەیە. ٤٠٠ساڵیشە (لە سەردەمی سەفەوییەوە) مێشکەکانیان وا ڕاهێناون کە دنیا لەبەر عەلی و فاتمە دروست کراوە و ئیسلام لەبەر شێعە و لە ئێرانی مۆدێڕنیشدا حسەینە کۆڵەکەی ئیسلام… جا وەرە چەندین بابەتی عەقیدەیی سازراوی دەسکردی ناواقیع ئیسلام، شێعە، ئێران) لە مێشکێکی شۆراودا کۆ بکرێتەوە چی لێ دەردێت؟ دەبێتە یەکێک لەم کەسانەی ناتوانن بوونی زمانی کوردی لە زانکۆیەکی شارێکی کوردنشیندا قەبووڵ بکەن. ئەم هەویرەش ئاو زۆر دەبات…

 

لە لایەکی دیکەوە، هەڵوێستی خوێندکاران و ئەنجومەنە کوردییەکان بوو کە ئیدانەیان کرد و بەتوندی مەحکوومیان کرد و بەرپەرچیان دایەوە. ئەوان پیشانیان دا بە هەموو جیاوازییەکی بیر و ڕا و ئەندێشەوە، لە بابەتی بێ‌ڕێزی کردن بە زمانی کوردیدا تێکڕا هاودەنگ و تەبان و دژ بە نەیار دەوەستنەوە، هەرچەند لە فەزای مەجازیدا. ئاخۆ ئەگەر زانکۆ (بە سەرجەم بەشی ئیداری و بەشی فێرکارییەوە) لە پشوودا نەبووایە، چی دەکرا؟ بەتایبەت لەلایەن خوێندکارانەوە، چونکا هەموومان دەزانین کارمەندان هێز و ئیرادەیەیکی ئەوتۆیان نییە کە بتوانن هەڵوێستی ڕاستەوخۆ بگرن. بەڵام مامۆستایانی زانکۆ و بەتایبەت بەشی کوردیی زانکۆ و توێژینگەی کوردستانناسی کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە بوون چ هەڵوێستێکیان گرت؟ بێجگە چەند کەسایەتی ناودار و بەرپرس لەم بەشەدا کە بەتوندی دژی وەستانەوە، ئاخۆ کەسێکی تریان لە دەرەوەی زانکۆ قسەیەکی کرد؟ مەحکوومی کرد؟ نەتەنیا مامۆستایانی بەشی کوردی، ئایا باقیی مامۆستایانی کوردزمان چ هەڵوێستەیەکیان گرتە بەر؟ ئاشکرایە هەموو کارمەندان و مامۆستایانی ئیداری لە ئێراندا دەمبەست کراون و ناکرێ و ناتوانن کردارە قێزەونە ناوخۆکانی ناو ئێران ڕەت کەنەوە، بەڵکو تەنیا دەتوانن بڵێن “مرگ بر ‌آمریکا، مرگ بر اسرائیل”.

لە لایەکی دیکەشەوە هەڵوێستی بەرپرسان و سەرۆک و شوورای زانکۆیە کە لە ژێر گوشاری کۆمەڵگای ئەدەبیی کوردزماناندا بوو و لە لایەکیشەوە لە ژێر جەخت و گوشاری دەروونی کە ناتوانن بەرخورد بکەن لەگەڵ تاوانباران و لە لایەکیشەوە لە ژێر جەخت و گوشاری هێزی دەرەکیی فەرماندەرانی ئەم کارە قێزەونە کە نابێ بەرخورد بکەن لەگەڵ تاوانباران. ئاخۆ جیا لە هەڵواسینەوەی تابلۆکان چ کارێکی تریان کرد کە هیچکەس نەتوانێ و نەوێرێ بۆ جارێکی دیکە ئەم کرادارانە پاتە بکاتەوە؟ ئاخۆ بە سەیرکردنی کامێراکان و ناسینەوەی کەسەکان، ناردیاننە کومیتەی ئینزباتیی وەزارەتخانە؟ دایاننە دادگا؟ لە زانکۆی کوردستان مانەوە یان دەریانکردن؟

ناساندییانن بە خوێندکاران و بە خەڵک؟ چ پلان و بەرنامەیەکیان هەیە بۆ ئەوەی ئەم کارانە لە زانکۆیەک کە بە وتەی بەرپرسانی، یەکێ لە ٦٠٠ زانکۆی گەورەی دنیایە و زانکۆیەکی نێونەتەوەییە و هتد پاتە نەبنەوە؟ چ پلانێکیان هەیە کە ئەم بیرانە لە زانکۆ سەر هەڵنەدەنەوە و یان لانیکەم لە زانکۆ دەرنەکەونەوە؟

لە ڕوانگەی بەرپرسانی بەرەو سەرتر لە زانکۆ ڕەنگە دوو جۆر هەڵوێست بگرنە بەر: یەکەمیان ئەوانەی کە لە ڕواڵەتدا وەزیر و پارێزگار و بەرپرس و وەڵامدەرەوەی خەڵکی پرسان، هەموویان تێکڕا دژی دەوەستنەوە، قسەی زلەزلەی وا دەکەن خەڵکەکە دڵیان پێ خۆش دەبێ و واز لە بەدواداچوندا دەهێنن. هەڵوێستی دووەم ئەوانەن کە ڕاستەوخۆ فەرمانی ئەم کارەیان داوە. هەروەها کە وتم ئەمانە نەناسیاون، دەرناکەون، دەمامکیان هەیە، ئەمانە لە سەرەوە دادەنیشن و ورد سەیری هەموو ڕووداوەکان دەکەن. کەسەکان و کەسایەتییەکان بژاردە دەکەن بۆ ڕۆژی خۆی. هەرکەسێک بە بچووکترین شێوە هەڵوێستی توندی گرتبێت، دەیگرن و نەختێ دەیشێلن و هەڕەشەی لێدەکەن کە ئەم کارانە پێوەندیی بە تۆوە نییە و نابی سەریان تێ هەڵخورتێنی. ئەمانە وڵامی دنیا و خودا و ویژدانیش نادەنەوە، خۆیان خودان و خۆیان ویژدانن. لە سەرەوە دادەنیشن پلانێکی دیکە دادەڕێژن. نۆچەکانیان دەبەنە شار و زانکۆ و شوێنێی دیکە و پلەیان بەرز دەکەنەوە. تۆ بڵێی هەر لەم ساتەدا کە ئێوە ئەم نووسراوە دەخوێننەوە یەکێکیان لە لایەکی دیکەی دنیاوە تابلۆیەکی دیکەی دانەگرتبێت؟ ژیانێکی لە کەسێک نەگرتبێت؟ مێشێکی نەپژاندبێت؟ قەڵەمێکی نەخنکاندبێت؟ دەفتەری ژیانێکی ڕەش نەکردبێتەوە؟

ئەڵبەت ئێمەی کورد وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە دەزانین و دەزانین کە لە ئێرانی هەنووکەدا جۆرێک «وەندالیزمی حکومەتی» لەئارادایە کە هەندێ کاڵفام و بێ‌مێشک و بەوتەی خۆیان “خودسر” دەنێرن بەقازانجی حکومەت تێکبدەن، بڕووخێنن، بکوژن و ببڕن، دواتریش خۆیان دەکەنە کوێخا و دڵسۆزی خەڵکەکە و ئەوان لە بەر چاو بزر دەکەن و دێنە پێشەوە سینە هەڵدەماسێنن کە بەڵێ، بەرخورد ئەکەین و چی دەکەین و چی ناکەین و … بەڵام… ئێمەش دەزانین چییە و چی نییە بەڵام: ئەوان بەهۆی دەست‌ڕاگرتن بە سەر هەموو سەروەت و سامانی وڵاتدا و بەشینەوەی بێ‌بڕانەوەی بۆ ئاغاکانیان، جارێ لە سەر کورسیی دەسەڵاتدان و ئێمەش بێ‌دەوڵەت و بێ‌پشتیوان. دەسەڵاتی توندڕەوانەی شێعە لە خزمەت سەرمایەداریی جیهانیدایە و وەک مانگایەکی گۆشتن و شیردار، هەموو ڕۆژێک شیری دەداتێ و هەموو ڕۆژێکیش گۆشت دەگرێ و قازانج دەگەیەنێ تا کاتێ مەدەی عەمری بە سەر دێت و نۆرەی مانگایەکی تر دێت. ئەم هەویرە ئاو زۆر دەبات.