ئەفغانستان لە دوو تۆی سیاسەتدا

✍سەیران مستەفازادە

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەو کوتوپڕییە و هاتنەوەی تالیبان لە ١١ رۆژدا  بۆتە جێگەی قسە و باسێکی زۆری پسپۆڕان و سیاسیەکانی جیهان، بە تایبەتی دوای کارەساتەکانی ئەفغانستان و فرۆکەخانەی شاری “کابول”، ئەمانە تەنها کۆتایی شانۆکە بوون، خۆدی شانۆنامەکە لە “قەتەر” یەک سال پێش لەلایەن ئەمریکا و ئەو وڵاتە نووسراوەتەوە و نەخشەی هێنانی تالیبان هەر لەوێ کێشرایەوە، ئەگینا لەشکرێکی ٣٠٠ هەزار کەسی کە بە چەک و چۆلی ئەمریکایی تەیارکراوە چون وەها بە سانایی لە ماوەی چەن رۆژدا هەموو بە بێ تەقە چەک دەکرێن.

ئەم ڕۆژانە لە ئەفغانستان ئاڵوگۆڕی زۆر روویدا، بەڵام بە دەسەڵات گەیشتنی تالەبان لە ئەفغانستان دەبێتە هۆی کێشە و گرفتی زیاتر بۆ وڵاتانی چین و روسیە و ئێران و ئەو سێ وڵاتە تێچوویەکی زیاتر دەدەن لە ئاستی ناوچەکە و لەوە دەچێت ئێران و هیندوستان گەورەترین دۆڕاوی ئەم ئاڵوگۆڕە بن. لە ئێستادا ئێمە شاهیدی سەردەمێکی نوێین لە توندرۆیی و ناسەقامگیریی لە ناوچەکە و هەروەها شەڕیی زیاتر یەخەی خەڵکی ناوچەکە دەگرێت و لەم ناوەدا تالەبان لە وڵاتی ئەفغانستان حکومەت دەکات و بەڕای من  تالەبان نە تەنها نەگۆڕدراوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە زۆر توندڕەوتر بووە و ئێمە لەم رۆژانە لە خۆپیشاندانی ژنان و پیاوانی ئەفغانستان بینیمان کە بە قامچی لە خەڵکییان دا و تەقەیان لە خەڵک کرد و بەو ئیرادەوە مێژووی ئەفغانستان دەنووسرێتەوە و ئەوە وێنەیەکی دەسەڵاتی نوێی ئەفغانستانە کە نە تەنها ئەو وڵاتە بەڵکوو هەموو ناوچەکە زیاتر و زیاتر لە شەڕ و توندرەویی و توندئاژۆیی تێوە دەگلێنێت و بە دڵنیاییەوە ئێرانیش بە هۆی سنووری هاوبەش زیاترین زەربەی لێدەکەوێت. لە ئێستادا لێکچوونێکی سەیر هەیە لە نێوان داعش و تالەباندا  و هەر لە سەرەتاشەوە لە باری فکر و بۆچوون زۆر لێک نزیک بوون و ئەوەش وادەکات کە ئەفغانستان ببیت بە لانکەی داعش و ئەلقاعیدە و …

نووسەرێکی ئالمانی بە ناوی ” ماتیاس بۆرگمان”  سەبارەت بە پەیوەندی ئێران و تالەبان دەڵێت: پەیوەندی ئەو دوو گروپە ئایینییە بە پێی “رق و خۆشەویستی” بووە. بە هەموو ئەمانەوە تەنها بەرگرییەک کە لە ئەفغانستان کرا لە پەنجشیر لەلایەن “ئەحمەد مەسعوودەوە ئەنجام درا کە ئەویش بە هۆی دەستێوەردانی وڵاتی پاکستان کە دوستی هەرە نزیکی تالیبانە بە فڕۆکە و پەهباد هێرشی کردە سەر پەنجشیر و هیزەکانی تالیبانیش لە زەویەوە و لە چەندین شوێنەوە هێرشیان کردە سەر ئەو پارێزگایە و داگیریان کرد، بەڵام ئەحمەد مەسعوود خۆی توانی لە پەنجشیر دەربازی بیت و درێژە بە بەرگری و بەرخودانی خۆی بە دژی تالیبان لە شاخەکانی ئەو پارێزگایە بدات. ئەمە لە حاڵێکدایە کەتالیبان دەوڵەتی نوێی راگەیاند و “محەمەد حەسەن ئاخوند”ی وەک بەرپرسی یەکەمی خۆی هەڵبژارد، دوا بە دوای دروستکردنی دەوڵەت لەلایەن تالیبانەوە زۆربەی وڵاتەکان بە تایبەتی ئەمریکا و رژیمی ئیسلامی ئێران نەیانتوانی نیگەرانی خۆیان لەو لیستە دەرنەبرن و ئەوان بە ئاشکرا نیگەرانی خۆیان لەو لیستە و دەوڵەتە دەربڕی، چونکە هەموو ئەوانەی کە وەک وەزیر و  سەرۆک هەڵبژێردراون ناویان لە لیستی ڕەشی وڵاتە زلهێزەکاندا قەراری گرتوە.

لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە ناوچەکە تووشی کێشە و شەڕی جدیی ئایینەکان و توندرەویی و توندئاژۆیی دەبێتەوە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە شوێنی ململانێی هێزە کۆنەپەرەست و دژە مرۆڤایەتی و ئەمانە ئەم ناوچە بە گشتیی تووشی شەڕ و کاولکاری دەکەن. وڵاتی هیند و ئێرانیش تەنانەت وڵاتی چین و رووسیەش بە هۆی ئەو گرووپە ئیسلامیانەی هەیانە لەم کێشانە بیبەش نابن.