خەونێکی خۆش لە جیهانێکی تاڵ
ئامادەکردنی : سەیران مستەفازادە
18ی ئۆکتۆبر بەرانبەر بە 16ی رەزبەر رۆژی جیهانی زارۆکە. ئەم رۆژەش هەر وەک زۆربەی ئەو رۆژانەی لە ژیانی مرۆڤدا گرنگن و رێزی لێدەگرن، بە هۆی گرنگیەکی تایبەت کە بۆ منداڵ دادەندرێت ناو نراوە. دوای شەڕی دووهەمی جیهانی کە لەودا ملیۆنان کەس بە تایبەتی هەزاران منداڵی بێ تاوان و ساوا کە سەدان خەون و خولیایان هەبوو گیانیان بەخت کرد، هەر بەو هۆیەوە لە رێکخراوی “یونیسێف united nations internioal” 16ی رەزبەر وەک رۆژی منداڵان دیاریی کرا و “یونیسێڤ رایگەیاند کە ئەگەر بۆ باشتر کردنی ژیانی منداڵان، خوێندن، ئاسایش، باشتر ژیان و پێشەوەچوونی منداڵان، تەنها هەزینەی 6 مانگی شەڕ بۆ کێشەکانی منداڵان تەرخان بکەن دۆخ و ژیانی منداڵان دەگۆڕدرێت و جیهانێکی نوێ و خۆش بۆیان دابین دەکرێت. لە پێشەکیی کۆنواسیۆنی مافی منداڵ نووسراوە: منداڵ دەبێ لە کەشێکدا گەورە بێت کە پڕ بێت لە خۆشی و دڵوڤانی و لێک حاڵیبوون.
لەم جیهانەدا کە شەڕ و دیکتاتۆری سێبەری بە سەر تان و پۆی جیهاندا کێشاوە، منداڵان قوربانیانی سەرەکی ئەم ژیانەن کە بۆ منداڵان دابین کراوە. منداڵ هیچ نەخشێکی لە درووستکردنی ئەم جیهانەدا نییە، بەڵام کاولکاریی و ئازار و مەینەتییەکانی ئەم ژیانە لە جیهانی شەڕ و توندوتیژیدا، بڵاوکردنەوەی بناژۆخوازی، سەرکوتی جنسی و کولتووری راگواستنی بە زۆر و پەنا
بەریی کە بە سەر منداڵدا دەسەپێت و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە منداڵ جیهانی پێش چاویان رەش هەلدەگەرێت و جیهانێکی ناخۆشیان بۆ دروست دەبێت. هەموو ئەم ناخۆشی و دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵ چێژ لە منداڵیی خۆی نەبینێت و زۆر جار بە هۆی ئەو راگواستنانە دا توشی خەمۆکی و دەیان نەخۆشی دەرونی دیکە دەبن و …
کاتێ باس لە مندال لە جیهان دەکەین و دەنووسین ، دەڵێت ئازارەکانی هەموو منداڵان باس دەکەین، بەڵام ئەو ئازارەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان منداڵ دەیچێژێت، ئەم نەبوونی و دڵتنەگیانە، ئێتر هاوبەش یا بەرابەر نییە لەگەڵ منداڵانی دیکەی جیهان و تەنانەت ئێرانیش. دیکتاتوریی ئایینی و جیاوازیی نەتەوەیی ، هیچ شتێکی بۆ مافی منداڵ نەهێشتۆتەوە و منداڵ لە کوردستان لە هەموو بوارەکانەوە دەکەوێتە ژێر تیغی سانسۆڕ و …
منداڵی کورد جگە لەوەی منداڵیی نابینێت، کاتێ دەچێتە قوتابخانە یەکەم شت کە روو بەرووی دەبێتەوە زمانێکی بێگانە دەبینێت و دەخوێنێت، شتێک کە بە گوێچکەی نائاشنایە و دەبێ بە زۆر فێری بێت، لەوە گرنگتر ئەو دروشمانەیە کە هەموو رۆژێک لە کاتی دەستپێکی خوێندن و چوون بۆ سەر کلاس فێریان دەکەن بیڵێن و هەموو ئەمانە منداڵی کورد توشی دڕدۆنگی و دڵەراوکێ و دەیان کێشە و گرفت دەکات، کاتێ لە قوتابخانە دروشم بە دژی خۆی دەڵێتەوە و هەموو رۆژی دەبێت چەند جار بڵێت “مرگ بر منافق” ، “مرگ بر ضد ولایت فقیە” و … ئەو منداڵە تا کاتی گەورە بوون ئەو دروشمانە دەڵێتەوە و دەیبیستێت.
بۆ منداڵی کورد، وێنەگەلی جوانی ژیان هەر لە منداڵیەوە دەمرێت و ئەو خەونانەیان لە گۆڕ دەنێن. منداڵانی کورد لەگەڵ شەڕ و جیاوازیی و نادادپەروەریی رووبەروو دەبنەوە و مەیدانی مینەکان لە سەر سنوورەکان رۆژانە ژیانیان دەستێنێت، منداڵانی شیناوا کە بە هۆی نەبوونی قوتابخانە وکەل و پەلی پێویست بوون بە قوربانیی ئەو سیاسەتەی رژیم نموونەیەکی ورد و چکۆلەیە لەو منداڵانە کە هەر لە سەرەتای منداڵییەوە خەونەکانیان لە ناو دەچێت یان بە دەستی قەدەری دەسپێرن، یا ئەو منداڵەی بە هۆی هەژاریی ناچار دەبێت لەگەڵ بنەماڵەکەی بە دەیان دەمژمێر لە ناو کوورەخانەکاندا کار بکات. ئەمانە بەشێکی وردن لەو کێشانەی کە منداڵی کورد لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئایینی پێوەی دەناڵێنێت و هەرگیز نازنێ منداڵ و خەونە خۆشەکانی چییە و ئێستاش ئەو دۆخە ئابووریەی پێ زیاد بووە و چەندین قات نەهامەتیەکانیان زیادی کردووە و تەنیا شتیک لە ئێران بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان بوونی نییە ژیانی منداڵی کوردە.