گرانبوونی بەنزین چ کارەساتێک بۆ خەڵکی ئێران بە خەڵات دێنێت

0

گرانبوونی بەنزین چ کارەساتێک بۆ خەڵکی ئێران بە خەڵات دێنێت

محەمەد حەکیمی
ئێمە لە چەن ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاگەیاندنەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران شاهیدی چەندین وتەی دژبەیەکی بەرپرسانی ڕژیم بووین سەبارەت بە گرانبوونی نرخی بەنزین. لەلایکەوە مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ڕژیم دەڵێت؛ ئێمە بەنزین بە ٥٠ هەزار تمەن بسێنین بۆ چی بیدەین بە ٣٠٠٠تمەن؟ بەڵام لەلایکی دیکەوە عبدولناسر هێمەتی وەزیری دارایی ڕژیم دەڵێت؛ کۆمەڵگای ئێمە ئامادەگی گران بوونی نرخیبەنزینیان نییە و هەروەها محەمەد رەزا عارف جێگری یەکەمی پزشکیانیش وتی جارێ دەوڵەت لەم بابەتەدا نابێ عەجەلە بکات.
پزشکیان پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک کۆماری ڕژیم وتبووی بەرنامەیەکی بۆ چاکسازی ئابووری لە ئێران نییە و ئەم وتانە لە حاڵێکدا دێت کە ناوبراو تەنها وەدوای قسە و وتەکانی ڕێبەری ئەو ڕژیمە کەوتوە؛ پەیرەوی کردن لە کەسێک کە ولایەتی فەقێیە و هەروەها بەرپرسایەتی هەموو ئەرکانە گرنگەکانی ڕژیمی بە دەستەوەیە. خامنەیی رێبەری ڕژیم وڵامدەرەوی هیچ کەس وشتێک نییە و نابێت، ئەمە خۆیی یەکێکە لەو باسانەی کە ئەو ڕژیمەی خستوەتە ژێر پرسیارەوە.
کێشەی پزشکیان تەنها لەمپەری کار کردن و نەکردنی، خامنەیی نییە، بەڵکوو ئەو وەزیرانەشە کە بەسەریا سەپێندراون، تێکەلەی کابینەکەی ئەو شتە نەبوو کە خەڵک و بە تایبەتی رێفورمخوازەکان چاوەڕێیان دەکرد، بەڵکوو ئەوە هەمووی بەرهەمی کۆبوونەوەی هێزی جۆڕاوجۆر و نایەکسانە. ئەو هەڵبژاردنەی کە تەنها خامنەیی جەختی لەسەر کردونەتەوە و هەڵبژاردەی ئەون.
بەو پێیەی کە باسمان کرد چەن جۆر قسەکردن لەسەر نرخی بەنزین شتێکی سەیر نییە چونکا لە نەبوونی بەرنامە و پلان بە تایبەتی لە پرسیکی گرنگ وەک نرخی بەنزین، کە پەیوەستە بە ژیان و نانی خەڵکەوە، سەرهەڵدانی سەرلێشێواوی و چند وتەیی سەبارەت بە پرسی بەنزین چاوەروان لەلایەن بەرپرسانی ڕژیم شتێکی چاوەروان کراو بوو.
ئەمە تەنها قەیرانی ئەو ڕژیمە نییە و ئەوە نیشاندەری نەبوونی مودیریەتی بەرێوەبردنە و بە مانای کەلێنێکی گەورەیە لە نێوان دەسەڵاتدارانی ڕژیم. ئەگەر ئەم کێشە درێژە بکێشێت کەلێنێکی گەورەتر لە نێوان بەرپرسانی ڕژیم سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی ناڕزایەتی زیاتر لە یەکتر.
جێگەی ئاماژەیە کە دەسەڵاتدارانی ڕژیم بە تایبەتی کەسایەتی یەکەم واتە خامنەیی بەو ئاکامە گەیشتون کە دەبێ نرخی بەنزین زیاد بکرێت، چونکا کەسری بوجەیان هەیە و ئەوەش ڕژیمی توشی کێشەی جیدی کردوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕژیم تێدەکۆشن ئەو کەسری بوجە بشارنەوە و بە شاردنەوەی زانیاری یا باس کردنی بە شێوەی جۆڕاوجۆر سەبارەت بە گران کردنی نرخی بەنزین، دەیانەوێ رێگە لە ناڕزایەتی خەڵک بگرن. بەڵام خامنەیی بەو ئاکامە گەیشتوە کە دەبێ نرخی بەنزین زیاد بکرێت و لە زووترین کاتدا ئێمە شاهیدی گران بوونی نرخی بەنزین دەبین هەر ئەو جۆرەی کە نانیان دوو قات گران کرد و نانی سەنگەکی لە ٥٠٠٠ تمەنەوە بوو بە دەهەزار تمەن و نانی لەواش لە هەزار تمەنەوە بێت بە دوو هەزار.
شایانی باسە ئەم چەن وتەییەی بەرپرسانیە ڕژیم و سیاسەتی هەلەی ئەوان بوەتە هۆی دابەزینی ئاستی سەرمایە لە وڵاتدا و لەو ڕوەوە جەماوەر وەزاڵەهاتووی ئێران کاتێ دەبینن ڕژیم توانای نییە سیاسەتێکی ڕوونی بەرانبەر بە کێشەکانی ناوخۆ هەبێت متمانەیان بەو ڕژیمە لە دەست داوە، هەرچەن تا ئێستەش بوونی نییە و نەماوە. بەڵام لە سیاسەتی گران کردنی نرخی بەنزین خەڵک چیتر هیچ جۆرە متمانەیەک بەو ڕژیمە ناکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی ناڕزایەتی گشتی و هەروەها دەبێتە هۆی خۆپیشاندان و کۆمەڵگا بە گشتی جارێکی دیکە دێتەوە سەر شەقام. لە ئاکامدا ئەم دۆخە نیشاندەری ئەوەیە کە ڕژیمی ئیسلامی توشی قەیرانی ناوخۆییە و هەر ئەوە و سیاسەتی هەلەی ئەو ڕژیمە بوەتە هۆی ئەوەی کێشەی گرنگ و بەربلاو یەخەی کۆمەڵگای ئێران بگرێت و خەڵک زیاتر توشی کێشەی ئابوری و لە ئەگەر گران بوونی بەنزین هەموو کەل‌وپەللەکانی پێویستی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک چەن قات گرانتر دەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە تا ئێستە هەلاوسانی وامان لە ئێران نەبینیبێت و بە دڵنیائیەوە ئەگەر بەنزین بەو جۆرەی کە بەرپرسانی ڕژیم باسی لێوە دەکەن لە ٣٠٠٠هەزرەوە ببێت بە ١٨هەزار تمەن ئەوا هەلاوسان لە ڕۆژێکدا دەچێتە لە سەدا سەوهەشتا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *