کۆمەڵکوژی ئیزەدیەکانی شنگاڵ، ئازاری بێ سارێژی سەردەم…!

کۆمەڵکوژی ئیزەدیەکانی شنگاڵ، ئازاری بێ سارێژی سەردەم…!

ئاڵای سوورــ سنە

ڕۆژەکانی دوازدە و هەژدەی گەلاوێژ ساڵیادی هێرشی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی شەنگالە. رێک هەشت ساڵ لەمەوبەرو لەوەهاڕۆژانێکدا لەساڵی ٢٠١٤ لە یەکێک لە گەرمترین ڕۆژەکانی هاوینی ئەو ساڵەدا، گروپی تیرۆریستی داعش هێرشیانکردە سەر ناوچەی شەنگال و لە ماوەیەکی کورتدا شاری شەنگال و گوندەکانی دەوروبەریان داگیرکرد. لە ئاکامی ئەو هێرشەدا، پتر لە حەوت هەزار کەس کوژران و نزیکەی پێنج هەزار ژن و کچی ئیزەدییان وەک کۆیلەی جنسی بە دیل گرت. بەمجۆرە پاش جینایەتی ناسراو بە ئەنفال لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە،ئەمجار پاکتاوێکی تر لە مێژووی سەردەمی ڕۆژهەڵاتی ناویندا لەدژی خەڵکی کورد بەڕێوە چوو.

شنگال شارێکی کوردییە و دەکەوێتە خۆراوای کوردستانی باشوور، ئەم شارە سەر بە پارێزگای نەینەوایەو

١٢٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری موسڵەوە دوورە. ئەم شارە لەباری جوغرافیەوە پێگەیەکی ستراتیژی گرنگی هەیە لەبەر ئەوەی هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی سووریە وهاوکاتیش دەکەوێتە نێوان چوار شارۆچکەوە کە بریتین لە (ڕەبیعە، عیاز تەلەعفەر و قیروان). 

شاخی شنگال بەرزیەکی ١٤٠٠ میترە و گرنگییەکی زۆری بۆ شارەکە هەیە ئەم شاخە دەکەوێتە بەشی پشتەوەی شارەکە و هاوسنووریشە لەگەڵ وڵاتی سووریە و هەروەها دەکەێتە نێوان شاری حەسەکە لە سووریە و پارێزگای نەینەوا لە عێراق.

شەنگال مێژوویەکی دورو دڕێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەو بەڕ. ئەم شارە بەهۆی پێگەی گرنگی بەدریژایی مێژوو جێگای ناکۆکی هێزەکانی ناوچەکە بووە و چەندین جار بە هۆی ستراتیژی شار و ئایینی خەڵکەکەی ڕووبەڕوی ڕووخان و خاپورکردن بووەتەوە.

لە ساڵی ١٩١٥ زایینی لە کاتی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان لەلایەن تورکەکانەوە ڕووبەڕوی هێرشکردن بووەتەوە. هەروەها لە ساڵی١٩٣٥زایینی لەلایەن سوپای عێراقی هێرش کراوەتە سەری و خەڵکی ناوچەکە توشی کۆمەڵکوژی و ماڵ وێرانی بوەتەوە. لە ساڵانی حەفتاکاندا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە مەبەستی بەعەرەبکردن و ڕاوەدونان، هێرشێکی تر بۆ سەرشەنگال دەستی پێ کردۆتەوە، بەتایبەت لە دوای ساڵی ١٩٧٥زایینی بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی ئەو شارە، ڕوخێندراون و دانیشتووانەکەی لە ئۆردوگای زۆرەملێدا نیشتەجێ کراون.

لە ساڵی ١٩٧٧ی زایینی بە هۆی دۆخی ناڵەباری ئیزدیەکان بەشێکی زۆری خەڵکەکەی ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون. بەشێکی دیکەشیان ناچار بوون ناسنامەی نەتەوەی خۆیان بگۆڕن.

شاڵاوەکانی ڕاوەدونان و بە تەعریب کردن تا ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی و تا کاتی ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەردەوام بووە و ژمارەیەکی زۆر لە گەڕەکەکانی شارەکە ڕوخێندراون و بەمجۆرە گەڕەکی نوێ بۆ عەرەبە هاوردەکان درووستکراوەتەوە.

دواین هێرش و کۆمەڵکوژی بۆ سەر ئیزەدیەکان لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بووە کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعیشەوە رووی داوە، و کجان و ژنانی ئیزدیەکن بە کنیزی بردراون و پیاوەکانیشیان کۆمەڵکوژ کردون. بەگوێرەی ئامارەکان لەو هێرشەدا،چوارسەد و سی هەزار هاووڵاتی ئێزیدی ئاوارە بوون کە لەم ڕێژەیە سەد و چل هەزار هاووڵاتی ڕویان لە شاخی شەنگال کردووە و دوو سەدو نەوەد هەزاری تریش ڕویان لەشارەکانی تری هەرێمی کورستان و تورکیە کردووە.

کۆمەلکوژی ئیزەدییەکانی شەنگال گەلێک لێکەوتەی تریشی هەبوو. لە ئاکامی ئەو توندوتیژییانەدا دوو هەزار و حەوت سەد و ٤٥ منداڵ بێ دایک و باوک کەوتن. هەزار و حەوت سەد و پەنجا و نۆ کەس لەو منداڵانە باوکیان لەدەستدا و ٤٠٧ منداڵیش لە بوونی دایکیان بێبەش کران. بەشێوەیەکی گشتی ٣٥٩ کەس لە دایکان و باوکان و ٢٢٠ منداڵیش سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکەیان لەدەستداوە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی “شۆڕای ناوەندی ئیزەدییەکان” بەشێک لە بەدیلگیراوەکانی ئیزەدی هەتا ئێستاش لە عێراق و سووریان و ژومارەیەکیشیان ڕاگوێزی وڵاتەکانی تورکیا، عەرەبستانی سعوودی، قەتەر، لیبی و پاکستان کراون.

لەم کارەساتەدا وێرای خاپوور کردنی ٦٨ مەزاری ئایینی ھەزاران ژن و کچی ئێزیدی لەلایەن داعیشەوە بە زۆر کران بە کۆیلەی سێکسی و ھەزاران پیاوی ئێزیدیش کوژراون.

 بە پێی دوایین سەرژمێرییەکان لەسەر ڕزگار کردنی کوردانی ئێزیدی لەدەست داعیش کە لە ساڵی ٢٠٢٣ زایینی بڵاوبۆتەوە تاکوو ئێستا ١١٩ گۆری بەکۆمەڵ و ٣٧ گۆری تاکە کەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە..

 مەبەستی ئەم کۆمەڵکوژییە وەک لە چەندین شیکاری و ڕاپۆرتی یاسایی نێودەوڵەتیدا تۆمار کراوە لە ڕاستیدا بۆ بنبڕکردنی جەوهەرو کەڵەتووری ئێزیدییەکان بووە.

ئەو هێرشانەی رێکخراوی تیروریستی داعش بۆ سەر ئەو ناوچەیە ئەنجامیدا، لەڕاستیدا پێ شێلکردنی هەموو بەها مرۆڤییەکان بوو.

کوشتنی بەکۆمەڵ، گۆڕینی زۆرەملێی ئایین، گەرانەوە بۆ سیستەمی کۆن، بە کۆیلەکردنی سێکسی و ڕفاندنی سیستماتیکی ژنان و منداڵانی ئێزیدی کە تووشی توندوتیژی سێکسی قێزەوەن بوونەوە و لە بازاڕەکاندا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعشدا وەک کەسانی کۆیلە فرۆشران، ئەمە وەک جینایەتێک لە دژی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکڕێ کە لەلایەن داعیشەوە لەدژی ئەوان ئەنجامدرا.

 مەبەستی داعیش لە بنەڕەتدا هەڵوەشاندنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی و خێزان و ڕەچەڵەکی کۆمەڵگەی ئێزیدیەکان بوو. جگە لەوەش بۆ سڕینەوەی شوناس و مێژووی ئێزیدی، وێرانکردنی شوێنە ئاینییەکان و میراتی کولتووری بوو کە هەموویان بێ گومان دەچنە خانەی جینۆسایدە و ویژدانی هەموو مرۆڤێکیش ئازار دەدات.

دوژمنایەتی کوێر کوێرانەی گروپی داعش لەگەڵ خەڵکی کورد، تەنيا لە ڕوانگەی ئیدئۆلۆژیکییەوە نەبوو، بەڵکوو هاوکات سیاسەت و پەیامێکیش بوو لە ناوچەکە کە دەیتوانی کۆماری ئیسلامی ئێران، حکوومەتی عەرەب و شیعە لە عێراق، تورکیا، سووریا، ناسیونالیسزمی تووندڕەوی عەرەبی، بەعسییەکان و پاشماوەکانی ڕژیمی سەدام حوسێن و عەشایەری دواکەوتووی دراوسێی کوردستان هانبدات بۆ سازش و سات و سەودا لەگەڵ داعش .خەڵکی کوردستان لە ڕۆژئاوا دەستیاندایە خۆڕاگرییەکی کەم وێنە لەدژی خەلافەتی کۆنەپەرستی ئیسلامی داعش. خۆڕاگری سەربەرزانە لەبەرامبەر داعشدا کە لەلایەن ئەرتەشی تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرا، لاپەڕەیەکی زێڕین بوو لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی جەماوەریی لە دژی کۆنەپەرستی و بەڕبەڕییەتی حکوومەتی تورکیا و خەلافەتی ئیسلامی. ئەم خۆڕاگری و بەرخۆدانەی کە لە کۆبانییەوە دەستی پێکرد و شکست و تێکشکاندنی هێزەکانی داعشی لە ڕەقە لێکەوتەوە، بە بەهای خوێنی پتر لە دوازدە هەزار ژن و پیاوی قارەمانی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو.لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی خەڵکی شەنگالدا، ڕێز دەگرین لەیادو بیرەوەری گیانبەختکردوانی ئەو جینایەتە و نەفرەت و بێزاری خۆمان لە داعش و پشتیوانە ناوچەییەکانی دەردەبڕین.