کۆماری ئیسلامی هەرگیز ناگەڕێتەوە دۆخی پێش هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکە

✍ئازاد مرادوەیسی

بە پێچەوانەی ئیدعای دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە دەڵێن ئابوری ئێران سەربەخۆیە و گوشارەکانی ئەمریکا کاریگەری نابێت لەسەری، بەڵکو تەنها توتێک یان کورتەلێدوانێکی سەرۆکی ئەمریکا بازاڕی ئێران تووشی شڵەژانی زیاتر دەکات، هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێران ناڕاستەوخۆ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمریکادا بەرگریان لە جۆزێف بایدن دەکرد و بە فریشتەی رزگاری سیستمی لەقوڕ چەقیوی ئابوری ئێرانیان دەزانی، لە ئێستاشدا بایدن زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکای بە دەستهێناو و لەوانەیە رۆژی ٢٠ مانگی یەکی ٢٠٢١ وەکوو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بێت.

بەڵام با بزانین ئایا بایدن دەتوانێت کەشتی کۆن و داڕزیوی کۆماری ئیسلامی رزگار بکات و هاوشێوەی باراک ئۆباما لە ساڵی ٢٠١٥دا دەتوانێت بە ئازاد کردنی ملیارەها دۆلار  پارەی بلۆککراو گیانێکی نوێ بە کۆماری ئیسلامی ببەخشێت، بۆ ئەوەی بەو پارەیە گروپە تیرۆریستییەکان و بەرنامە موشەکیەکانی گوڕ پێبدات و سەرکێشیەکانی لە ناوچەکە سەرلەنوێ برەو پێبداتەوە، کە هۆکاری سەرەکی مانەوەی کۆماری ئیسلامین تا ئێستا؟.

دیارە ئەگەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بابەتێک هەبێت کە خۆزێف بایدن بەڵێنییەکی لە بەرامبەریدا گرتبێتە ئەستۆ، پرسی ئەتۆمی ئێرانە، بەڵام ئەو لەم رێگایەدا هەرئێستا کۆمەلێک کۆسپی لەبەردەمدایە، جگە لەو کۆسپە چاوەوانکراوانەی کە لەوانەیە ترامپ لە دواساتەکانی سەرۆکایەتیەکەیدا دروستیان بکات.

تا ئێستا جۆزێف بایدن نیازپاکی خۆی بۆ گەڕاندەوەی بەرجام خستوەتە ڕوو، بەڵام لەبەرامبەردا داوای کردوە کە ئێرانیش  پابەندی هەموو بەڵێنییەکانی بێت، هەروەها داوای گفتوگۆی نوێ و بەجۆرێک رێکەوتنێکی نوێ لە ئێران دەکات،  کە بێ گومان پەیوەندی بە پرسی موشەکی ئێران و سەرکێشیەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەراست و ئازادکردنی ژمارەیەک بەندی ئەمریکا و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤیشەوە لە لایەن ئێرانەوە هەیە، لەبەرامبەر ئەم داخوازیانەی بایدندا تا ئێستا خامنەیی بێدەنگە و تەنها جەواد زەریف رایگەیاندوە کە گەرانەوەی ئەمریکا بۆ رێکەونتە ئەتۆمیەکە پێویستی بە هیچ گفتوگۆیەکی تازە نییە و داوای ئەوەشی کردوە کە ئەوان پێویستیان بە گەرەنتییە بۆ ئەوەی ئەمریکا جارێکی تر نەتوانێت بە ئاسانی پێشێلی رێکەوتنەکە بکات،  ئەو گەرەنتیەش تەنها کۆنگرێس دەتوانێت بیکات،  رازی کردنی کۆنگرێسیش بە پەسەندکردنی رێکەوتنێک کە بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی بپارێزێت کارێکی ئەستەمە.

جگەلە کۆنگرێس ئەکتەرانی دیکەی ناوچەکە لەوانە ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت ئیمارات و عەرەبستانی سعودی کۆسپی گەورە دەبن لە بەردەم بایدندا بۆ گەڕانەوەی بۆ بەرجام.

تازە ئەگەر ئەم کۆسپانەش نەمێنن، لەم کۆتایانەدا ئیدارەی ترامپ کۆمەڵێک سزای بە ناوی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزم و پاراستنی مافی مرۆڤ بە سەر ئێراندا سەپاندوە و هەڕشەی ئەوەشی کردوە کە ئەم سزایانە تا دوا ساتەکانی دەسەڵاتەکەی بەردەوام دەبن و ئەمانەش پەیوەندیان بە پرسی ئەتۆمیەوە نییە، کەواتە گەڕانەوە بۆ بەرجام نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی زۆربەی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیترز روژی ٤ی دیسامبر راپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بڵاو کردوەتەوە، کە ئێران بە نیازە زیاتر لە ٥٠٠ ئامێری سانتری فیوژی نوێ لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز جێگیر بکات و ئەوەش جۆرێک لە پێشێلکردنی رێکەوتنە ئەتۆمیەکەیە و دەتوانێت کاردانەوی توندی لایەنەکانی دیکەی ڕیکەوتنەکە بە تایبەت وڵاتانی ئوروپای بەدواوە بێت.

جگە لەوەش ٦ مانگ دوای ئەوەی بایدن دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران بەڕێوە دەچێت، هەر بۆیە باڵی پاوانخوازی ئێران کە سەر بە خامنەییە هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە کە کۆسپ بخاتە سەر رێگەی  گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێکەتنەکە، بۆ ئەوەی  ئیسڵاح تەڵەبانی ناوخۆ جارێکی تر وەکوو دەستکەوت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری نە‌هینن، بۆ نمونە هەوڵەکانی سوپای پاسداران بۆ تۆڵە سەندنەوەی قاسم سلێمانی و موحسن فەخریزادە دەتوانێت تەگەرەکانی بەردەم بایدن فراوانتر بکەن.

بەم پێیەش گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ رۆژە خۆشانەی کە لە سەردەمی ئۆبامادا و بە ناوی رێکەوتنی ئەتۆمیەوە بۆی دەستەبەر ببوو لە خەونێک زیاتر نیە و بایدنیش ناتوانێت رێگر بێت لە بەردەم داڕمانی سیستمی سیستمی کۆماری ئیسلامیدا.