کۆرتەیەک لە سەر چەمکی شۆڕش: ئێنقلاب (Revolution)

✍ئاژوان کرماشان

شۆڕش چییە؟  شۆڕش ، گۆڕانێکی کەیفی و بنەڕەتییە، ئاڵوگۆڕێکی گەورە و بنەڕەتییە لە ژیانی کۆمەڵگادا. واتای شۆڕش لە کۆمەڵناسیدا، ڕووخانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کۆن و لەکارکەووتە و جێگرتنەوەیە بە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نوێ و باوەڕپێکراوترە .

بۆ نموونە: شۆڕشی مەزنی فەڕەنسا کە نزیکەی دووسەد ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، شۆڕشێکی بۆرژوایی بوو. بۆئەوەی سیستەمی دەرەبەگایەتی کۆن کە ڕژێمی پاشایەتی بورپۆنی هێماکەی بوو لە ناوبرد و لە جێ ئەودا سیستەمی سەرمایەداری نوێ و پێشکەوتووتری دانا .

شۆڕشی مەشرووتە دەستووری ئێران شۆڕشێکی بۆرژوایی بوو، چونکە هەرچەندە کۆتایی پێنەهێناو سەرکەوتنی تەواوی بەدەست نەهێنا، بەڵام لەسەر بنەمای خانییەکی بۆگەن و فیوداڵی لێدانێکی جددی لێدا، ڕێگەی گەشەی کۆمەڵگا و بەشداری جەماوەری لەدیاریکردنی چارەنووسی ولاتدا ،خۆش کرد.

شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕووسیە شۆڕشێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بوو چونکە بە لە ڕیشەکەندنی سیستەمی دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری کۆن و بنیاتنانی کۆمەڵگای سۆسیالیستی نوێ کە گەورەترین گۆڕانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا مێژووی بەرەو ئاقارێکی جیاوازبرد.

شۆڕش گرنگترین قۆناغە لە پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵگادا. جیهان بینیی مارکسیستی – لینینیستی شۆڕش وەک دەرئەنجامێکی پێویست لە قەڵەم دەدات کە ئاکامی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان و دابەشبوونیان بە چینەکان بە نائاشتبوونەوە دا ئەناسرێن. لە هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە چین وتوێژەکان بەرژەوەندیەکانی پارادۆکسیکالیان هەیە، پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی وئەو گۆڕانانەی لێ ئەبێتەوە، بەرە بەرە و قۆناغ بە قۆناغ ، مەرج و فاکتەرەکانی گۆڕانی قووڵ و بنەڕەتی بۆ پێگەیشتن ئامادە دەکات و دواجار گۆڕانی بنەڕەتی سیستەمی کۆمەڵایەتی بە مسۆگەر و پێویست دەزانێت .

لێکدانەوەی زانستیی ئەم بابەتە لە ڕوانگەی کارڵ مارکسەوە ئاوا باس کراوە: “هێزەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە لە قۆناغێکی دیاریکراوی گەشەی خۆیان لەگەڵ پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لەگەڵ دەربڕینە دادوەرییەکەی، یانی لەگەڵ پەیوەندییەکانی خاوەنداریەتی کە لە ناو ئەودا گەشەیان کردووە، ناکۆکن. ئەم پەیوەندیانەی بەرهەمهێنان دەبنە بەربەست لەبەردەم گەشەکردنی هێزی بەرهەمهێناندا، ئا لەم کاتێیە کە قۆناغی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات . ”

شۆڕش ئەو ناکۆکیەی کە باسمان کرد چارەسەر دەکات و ئەو پەیوەندییە بەرهەمهێنانە کۆنانە تێکدەشکێنێت و لەگەڵ دامەزراندنی پێوەندییه تازەکان ڕێگه بۆ گەشەی خێرای هێزەکانی بەرهەمهێنان دابین دەکات، ئەمە بناغەی ئابووری و بابەتیی شۆڕشە .

شۆڕش چینێکی حاکم دەبەزێنێت و چینێکی تر دەهیێنێتە سەر حوکم کە نوێنەرایەتی پەیوەندیی بەرهەمهێنانی پێشکەوتووتر دەکات. دەکرێت ئەوەش بلێین کە شۆڕش جۆرە حکوومەتێکی نوێ و باوەڕپێکراوتر جێنشینی جۆری پێشووی حکومەت دەکات.

مەسەلەی بنەڕەتی لەهەر شۆڕشێکدا پرسی دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتییە. گرتنی دەسەڵات لە چینی حاکمی بەسەرچوو بە دەستی توێژ یان چینی پێشەنگ، لە هێما بنەڕەتییەکانی هەر شۆڕشێکە. شۆڕش گەورەترین شێوازی خەباتی چینایەتییە و ئەوە چین و توێژە پێشکەوتنخوازەکان کە لە ڕێگەی شۆڕشدا قوڵترین و بنەڕەتیترین گۆڕانکاری لە بواری ئابووری، ئایدیۆلۆژی و سیاسیدا درووست دەکەن و سیمای بە تەواوەتی دەگۆڕن.

ئاشکرایە کە هەندێک گۆڕانکاری یان چاکسازی یان کردار لە چوارچێوەی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی داندراوەوە، بە هەمان دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتی لە لایەن چینە حوکمڕانەکان ناکرێت بە شۆڕش ناوببرێت، هەرچەندە پڕوپاگەندە و ژاوەژاوی لەو بارەیەش زۆر بێت و گوێش کەڕ کات.

لەو روونکردنەوانەی کە داومانن، دەردەکەوێت کە بەپێی قۆناغەکانی پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و چینی لە حاڵی خەبات، دەکرێت چەندین جۆر شۆڕشی کۆمەڵایەتی جیابکرێنەوە. بۆ وێنە: شۆڕشی بۆرژوازی ، شۆڕشی بۆرژوا دیمۆکراتیک، شۆڕشی سۆسیالیستی و هتد. بۆ دیاریکردنی جۆری شۆڕشی کۆمەڵایەت گرنگە بزانین هەر شۆڕشێک چ ناکۆکیەک چارەسەر دەکات، چ ئەرکێکی کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکات، چ چینێک لە دەسەڵات لا دەبات و چ چینێک لەڕیزی پێشەوەی ئەو شۆڕشدایە.

بەو لێکدانەوەیەوە شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر شۆڕشێکی سۆسیالیستی بوو، شۆڕشی مەزنی فەرەنسا و شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران شۆڕشی بۆرژوایی بوون. شۆڕشی مەشرووتە یان دەستووری، لە قۆناغەکانی فراوانیی گەشەکردن، تا ڕادەیەک لە چوارچێوەی شۆڕشی بۆرژوازیدا تێپەڕی. چونکە لەم نموونەیەدا جەماوەری خەڵک بە دروشم و داواکاریی خۆیان بەشداریان تێدا کرد و مۆری خۆیان لەسەر دانا و لایەنی دژە داگیرکاری و دژە ئیمپریالیستانەی ئەو شۆڕشەیان بەهێز کرد.

با ئاماژەش بۆ ئەوە بکەین کە گواستنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە هیچ چین و توێژێک لە دەست چینەکانی تری شۆڕشدا نییە، چونکە وەک گوتمان چەمکی شۆڕش پێویستی بە وەرگرتنی حکومەت لە چینی پێشکەوتنخواز و پێشڕەوەوە هەیە بە شێوەیەک کە ڕێگا بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەکاتەوە، ئەگینا ئەگەر چینێکی داڕوژ و کۆنەپەرست توانی چینی پێشکەوتنخواز ژێردەست بکات و بە دەسەڵات بگات، ئەمە کرداری دژە شۆڕشە نەک شۆڕش.

شۆڕش بە هێز و بە بەشداریی جەماوەری گەل ئەنجام دەدریت، هیچ شتێکی هاوبەشی لە گەڵ کودەتا و شۆڕشی دەرباردا نییە و ئەم جۆرە کارانە کە لە مێژوودا نموونەیان زۆرن لە گەڵ شۆڕش دا ناخوێنێتەوە.

بۆ ئەوەی هەر شۆڕشێک بەدی بێت ، مەرجی بابەتی ( مەرجی شۆڕشگێڕانە ) و مەرجی هزری ( بوونی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ ) پێویستە .

شۆڕش ڕاپەڕینی جەماوەرییە بۆ ئەوەی لە بنەڕەتەوە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئێستا بگۆڕدرێت، لە قارەمانیەتیی ئەم یان ئەو تاکی تایبەتەوە یان ئەم یان ئەو گرووپ و حزبی سیاسیی دیاریکراوەوە سەرهەڵنادات. شۆڕشی وڵاتێک لە قۆناغی یەکەمی لەدایکبوونی مەرجە بابەتییەکان ژیانی کۆمەڵایەتیە، بەڵام لە کاتێکدا کە دروستکردنی مەرجی بابەتیانەی گۆڕینی کۆمەڵگا لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەروونی بزوتنەوەکەیە، کردارە پۆزەتیڤەکانی فاکتۆری ناوبراو و ئەو ڕێکخراوەی کە بزوتنەوەکە ڕابەرایەتی دەکات دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە خێراکردن و کردنی مەرجەکان بە ئامانج. هیچ حکومەتێک، هەرچەند لە نێو قەیرانی مایەپووچدا تێبکۆشێ، خۆی واز لە دەسەڵات ناهینێ و تا فاکتەری هزری، یانی وەسیەت و توانا و چین و توێژە شۆڕشگێڕە شیاوەکان بۆ ڕێکخستن و ڕێکاری چەند پێوانەیی دیاریکراو و جەزم بە فاکتەری بابەتییەوە نەلکێندراون، تەنانەت بوونی هەموو مەرجە بابەتییە پێویستەکان، بە تەنیا بەس نییە بۆ بەدیهێنانی شۆڕش .

ئەگەر ئەو دژایەتییەی کە چینی کرێکار و زەحمەتکێشەکانی دیکە و خەڵکی شار و کۆی گشتیی خەڵکی ئێران لە دژی پاوانخوازانی دەرەکی، بۆرژوازی گەورە خاوەن زەوی و زەوییە گەورەکان هەیانە و ڕژێمە بەرژەوەندیگەرەکانیان وەک ڕژیمی پاشایەتی شکاند و کۆماری ئیسلامی لە دواڕۆژ سەر بۆ یەکێتی خەڵک دائەنەوێنێ بە بابەتیانە و سەرەکی بژمێرین ،ئەوە مانای ڕاسەقینەی شۆڕش بۆمان لێک دەدرێتەوە و ئێمەش وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و خەباتکارانی ڕیگای ئازادی و سوسیالیزم لە کوردستان خۆمانی بۆ ئامادە دەکەین.