کوێرکردنی شاعیرێکی کورد بە دەستی موحەممەد شای قاجاڕ و ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکی ڕەزا قولی خانی تەبەرەستانی

ئیدریس پیری

نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو لە سەردەمە جیاوازەکاندا دژ بە داگیرکاری و زۆر و ستەم وەستاوە و لە پێناو پارێزگاری لە خاک و وڵات و کەلتوور و زمانی چەرمەسەری زۆری چێشتووە.

یەکێک لەو کەسایەتییە کوردانەی کە لە سەردەمی قاجاڕەکاندا لە پێناو ئامانجەکانی خۆی دژ بە داگیرکاری قاجاڕ دەوەستێتەوە شاعیرێکی کوردی خەڵکی شاری سنە بووە، کە بە هۆی ئەو دژایەتی کردنەی، دەسەڵاتی قاجاڕ هەر دوو چاوی بە زیندوویی دەردێنێت و سی ساڵ بە کوێری دەژیت. ئەم شاعیرە کوردە کەسێک نەبووە بێجگە لە میرزا فەتحۆڵڵا کوڕی میرزا عەبدۆڵڵا کە ناسناوی شاعیرییەکەی (خۆڕەم سنە ئەردەڵانی) بووە.

ڕەزا قولی خانی تەبەرەستانی لە لاپەڕەی ١٠٨ی بەرگی دووەمی كتێبی چاپی بەردینی (مجمع الفصحاء) کە لە ساڵی ١٢٨٤ی كۆچی مانگی بە مەبەستی ناساندنی شاعیران نووسیویەتی و بە شێوەیەکی کۆرت لەو کتێبەیدا کەسایەتی و شیعری سەدان شاعیری نووسیوە کە زیاتر لە ٣٠ شاعیری ئاماژە پێکراو لەو کتێبەدا کوردن، لە سەر ئەم كەسایەتییە کوردە ئەنووسێت:

ناوی ئەم شاعیرە میرزا فەتحۆڵڵا ناوبانگ بە خۆڕەم سنە ئەردەڵانی كوڕی میرزا عەبدۆڵڵا، وەزیری وەلایەتی سنەی كوردستان بووە. هەروەها ئاماژە دەكات كە خۆڕەم لە سەردەمی لوتفعەلی خانی والی و موحەممەد شای قاجاڕدا چووەتە دەرباری پاشا و پلەوپایەی بە دەست هێناوە، بەڵام دواتر كە لوتفعەلی خانی زەند دەستی بە سەر شیرازدا گرتووە و بەرانبەر بە قاجاڕەكان شەڕی مەملەكەت گرتنی بووە، خۆڕەم پەیوەست دەبێت بە لەوتفعەلی خانەوە. خۆڕەم، لوتفعەلی خانی بە دژی قاجاڕەکان هان دەدا و بە پلانی خۆڕەم، لوتفعەلی خان لە ماڵی ئیرەج هێرش دەکاتە سەر شای قاجاڕ بەڵام لە پلانەکەیدا سەرکەوتوو نابێت و دەستکەوتیان نابێت.

بە دوای ئەوە خۆڕەم بە مەبەستی پاراستنی گیانی لە دەسەڵاتی قاجاڕ و بە هۆی گوشاری حكومەتییەوە هەڵهاتووە بۆ كرمان و بەم. لەو شوێنە گرفتار بووە و پەنای بردووەتە مەرقەردی سەید میر ئەحمەد ناوبانگ بە شاه چراغ، بەڵام بە حوكمی موحەممەد شای قاجاڕ لەو مەرقەدەیە خۆڕەمیان دەستبەسەر كردووە و بە زیندوویی هەردوو چاویان دەرهێناوە و كوێریان كردووە.

بە دوای ئەو ئەشکەنجەیە خۆڕەم سی ساڵ بە كوێری ژیاوە و لە ساڵی ١٢٣٩ی كۆچی مانگی كۆچی دووایی كردووە.

دیارە لێرەدا ڕەزا قولی تەبەرەستانی تووشی هەڵەیەک بووە، ڕەزا قولی لە نووسرەوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە خۆڕەم سنە ئەردەڵانی لە سەردەمی لوتفعەلی خانی والیدا ژیاوە، بەڵام لە چەند دێڕی دواتردا ئاماژە بەوە دەکات کە خۆڕەم پەیوەست بووە بە لوتفعەلی خانی زەندەوە کە لوتفعەلی خانی زەند دەستی بە سەر شیرازدا گرتووە.

دیارە مەبەستی ڕەزا قولی لە لوتفعەلی خانی والی “لوتفعەلی خانی باڵاوەند” بووە کە لە سەردەمی قاجاڕەکاندا و هاوکات لە گەڵ خۆڕەم سنە ئەردەڵانی ژیاوە و لە پارێزگای ئیلام دەسەڵاتی بە دەستەوە بووە و ڕەزا قولی سەرەتا بە دروستی ئاماژەی پێ کردووە.

بەڵام لوتفعەلی خانی زەند کە دواتر ڕەزا قولی ئاماژەی پێ دەکات پێش لە بە دنیا هاتنی موحەممەد شای قاجاڕ کۆچی دوایی کردووە و لە بەراوردکردنێکی ڕێکەوتەکاندا بۆمان دەردەکەوێت کە ڕەزا قولی لە ئاماژە کردن بە لوتفعەلی خانی زەند تووشی هەڵە بووە و ئاماژەی پێشتر و یەکەمینی لە دێڕەکانی پێشتری نووسراوەکەیدا بە لوتفعەلی خانی والی دروست بووە.

دەقی نووسراوەكەی ڕەزا قولی لە سەر خۆڕەم وەكوو خۆی بە فارسی:

(نامش میرزا فتح اللە خلف میرزا عبداللە وزیر ولایت سنندج کردستان بود و در زمان لطفعلی خان والی و آغاز جهانستانی خاقان سعید شهید آقا محمد شاه قاجار مغفور به دربار پادشاهی آمد و در خور پایه خویش منصبی جلیل یافت. بعد از چندی که لطفعلی خان زند بر شیراز مسلط شد، دعوی مملکت ستانی داشت. وی به طمع جاه و مال به لطفعلی خان پیوسته و او را به محاربه خاقان قاجار ترغیب میکرد. و به اغوای او لطفعلی خان در منزل ایرج بر سر اردوی خاقانی شبیخون آورد.  و بە تفصیلی کە در تاریخ دولت قاجار نوشته ام، کاری از پیش نبرده و به کرمان و بم افتاد و گرفتار شد و میرزا فتح الله در پناه مرقد میر سیداحمد مشهور به شاه چراغ خزیده و به حکم خاقانی او را بدر آوردند و دو دیده اش را برآوردند و سی سال بعد از این واقعه زیست و در هزار و دویست و سی و نه فرو شد).

پاشان ڕەزا قولی سێ پارچە شیعری خۆڕەم ئەنووسێتەوە کە یەکەمینیان بەم دێڕە دەست پێ دەکات:

(خدیو عهد و خاقان جهان فتحعلی آن کو، بود در بزم عیشش جام خورشید و فلک مینا).

ناساندنی ئەم نۆسخەیە و نووسەرەكەی:

ئەم نۆسخەیە لە دوو بەرگدا نووسراوە كە لە ئێستایە نۆسخەی دیجیتاڵی بەرگی دوومی لە بەردەستم دایە و لە كتێبخانەی شاری مۆنشێنی وڵاتی ئاڵمان وەرم گرتووە. نۆسخەیەکی چاپی بەرگی دووەمی ئەم کتێبە چاپی بەردینە لە كتێبخانەی شاری مۆنشێن لە هەرێمی بایرنی وڵاتی ئاڵمان بە ژمارەی:(4 A.or. 2340-2 ) پارێزراوە.

نۆسخەكە ٦٩٨ لاپەڕەیە، ٦ لاپەڕەی لە سەرەتا و كۆتاییدا خاڵی و بێ نووسراوەیە و هەرەوەها دوو لاپەڕەی لە سەرەتاوە بە تەنیا دوو یاداشتی كۆرت تێدا نووسراوە. نووسراوەی كتێبەكە هەمووی بە فارسییە و ئەو شاعیرە كوردانەش كە لەم سەرچاوەیە ئاماژە بە شیعرەكانیان كراوە، بە تەنیا چەند شیعر یان چەند دێڕ لە شیعرە فارسیەكانیان نووسراونەتەوە. ڕەنگی نووسراوەكان هەمووی بە جەوهەری ڕەشە و بەرگەكەی لە چەرم و بە ڕەنگی سوورە.

ڕەزا قولی خانی تەبەرەستانی ناسراو بە هیدایەت، نووسەری بەرهەمەكە، شاعیر و ئەدیب و تەزكەرە نووسی سەردەمی محەممەد شا و ناسرەدین شای قاجاڕ بووە.

ناوبراو لە لاپەڕەی ٥٨١ی كتێبەكەیدا بەو شێوەیە خۆی دەناسێنێت كە كوڕی (موحەممەد هادی)ی لە نەوەكانی (شێخ كەماڵ خەجندی)یە و لە ١٥ی موحەڕەمی ١٢١٥ی كۆچی مانگی لە شاری تاران هاتووەتە دونیا. ناوبراو هەروەها بە هۆی شیعر خوێندنی لە وەسفی خاوەن دەسەڵاتەكانی سەردەمیدا لە لایەن شای قاجاڕەوە ناسناوی ئەمیرولشوعەرایش لە سەری نراوە و بە هەمان شێوەش لە سەردەمی دەسەڵاتی قاجاڕەكاندا بۆ ماوەیەک بەرپرسی دارولفنون بووە. ڕەزا قولی وێڕای ئەم كتێبە هەروەها خاوەنی چەندین بەرهەمیتر لەوانە ڕیازۆلعارفین و ئوسولۆلفۆسول، سفارەتنامەی خواڕەزم، فهرسولتەواریخ، فەرهەنگێ ئەنجۆمەنێ ئارای ناسری و شەمشولحەقایق و هەتدە. ناوبراو لە ڕێكەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٢٥٠ی هەتاوی لە شاری تاران كۆچی دووایی كردووە.

 وینەی نووسەری کتێبەکە ڕەزا قولی و وێنەی ئاماژەی بە خۆڕەم سنەیی و کوێر کردنی خۆڕەم لە لایەن دەسەڵاتی قاجاڕەوە و هەروەها چەند پارچە شیعری ئەم شاعیرە کوردە، وەکوو نموونە: