کورد و سیاسەت

✍محەمەد حەکیمی

بەشی چوارەم

ئاتین بالیار دەڵێت؛ هیچ نەتەوەیەک بە شێوەی سروشتی و خۆڕسک خاوەن هێزی نەتەوەیی نییە؛ هاوکات لەگەڵ پەیدابوونی نەتەوە و دروست بوونی کۆمەڵگا، ئەو جەماوەرەی لە ناو ئەم کۆگایەدا ژیان دەکەن و دەژین، تایبەتمەندی نەتەوە بوون پەیدا دەکەن، واتە لە رابردوو یا لە داهاتوو وا نیشان دراوە کە کۆمەڵگایەکی ئاساییان دامەزراندوە و ژیانی کۆمەڵایەتییان هەبووە و پێکەوە ژیاون، هەر بۆیە نەتەوەی کورد وەک یەکەم نەتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوین ژیان و ژینگەی هاوبەشییان هەبووە.

کورد گەورەترین نەتەوەیە کە خاوەنی کیانی سیاسیی سەربەخۆی خۆی نییە، هاوکات یەکەم نەتەوەیە کە شارستانییەتی هەبووە و ژیانی هاوبەش و ژینگەی هاوبەشیان پێکەوە ناوە. بەڵام ئەمڕۆکە ئەم رووداوانەی رۆژهەڵاتی ناوین لە کێشەکاندا نیشانی دا کە گۆڕان و ئەکتەری گەمەکەری سیاسی، شێوەیەکی دیکەیان لە ناوچەی ژئوپولوتیک و هاوکات ژئو ئاکونومیکی دروست بوو لە ناوچەکە نیشان داو، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەبیندرێ و ئەو ژینگەی کە تیاییدا دەژین و تەنها شتیک کە لەم ناوچە نەگۆر بوە ئەویش وشە و زمان و زاریانە کە نەگۆڕ و ئاڵ و گۆڕی بە سەردا نەهاتوە. دوای ئاڵ و گۆڕەکانی ناوچەکە لە سەدا ساڵ پێش ئێستا و دابەش کردنی ئەم ناوچە بە دەیان وڵات و نەدید گرتنی کورد وەک نەتەوە و دابەشکردنی خاکەکەی لە نێوان چوار دەوڵەتدا، تا ئێستاش هیچ هەنگاوێک بۆ ئاڵ و گۆڕێکی جدیی روویی نەداوە و ئەوەیی تا ئێستا روو دەدات بەربەرەکانێی دوو وڵاتی زڵهێزی ئەمریکا و روسیەیە کە ئیستا وڵاتی چینیشی پێ زیاد بوە و لەم ناوەدا چەن وڵاتێکی بچووکت وەک ئێران و عەرەبستانیش خەریکن لە ئاوی لێل ماسی دەگرن و رۆڵی کوردیش وەک نەتەوەیەکی گەورە لە ناوچەکە و جیهانیش کە خاوەن کیان و دەوڵەتی خۆیی نییە، لە ناو ئەم گەمەدایە. بەڵام ئەوەی گرنگە و دەبێ ئاماژەی پێ بکەیەن ئەوەیە کە کورد لە ئێستادا ناو ماڵی خۆیی لە هەموو کات هێز و حیزبەکانی لێک دوورترن و هیچ یەکێتیەک نابیندرێت بۆ یەک بوون لە ئەگەر روودانی هەر  شتێک لە ناوچەکە و ئەوەی کە ئێمە دیومانە تا ئێستا تەنها لە دەست دانی خاکی زیاتر بوە و ئەوە لە باشووری کوردستان لە سەدا ٥١ی خاکی کوردستانمان بۆ جارێکی دیکە هەر بە پێی ئەوەی کە ناوماڵمان یەک نەبوو لە دەستدا و لە رۆژئاواش بە هەمان شێوە بەشێکی زۆر لە خاکی خۆمان بۆ جارێکی دیکە لە دەست دا و ئەوەی روونە ئێستا ناوچەکە بە هۆیی کۆمەڵیک فاکت ئاڵ و گۆڕیی جدییان بە سەردا دێت، سیاسەت و گەمەکردن و روخساری ئەکتەرەکان وردە وردە دەگۆڕدرێت.

پسپوران، لێکۆلەران و زۆر کەس کە شارەزاییان لە بواری سیاسەت و ناوچەکەدا هەیە هەمیشە وتوویانە کە کورد لە رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا وەک گەمەکەرێکی دوستی ئەمریکایە، ئەوەی کە ئەوان مەبەست وڵاتەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئوروپایە، ناویی پێشمەرگە و شەڕوانیان لە وتەکانی خۆیاندا هێنا و وەک شەڕکەرێکی ئازا و بە جەرگ ناوزەدیان کرد، دەیانوت ئەمە پرۆژەی ئەمریکایە، تێکشکاندنی داعش و وێڵکردنی کورد لەلایەن ئەمریکاوە لە دەست دانی بەشێکی زۆر لە خاکەکەی لە ئێراق و سوریە لە دەست دا. ئەمەش وادەکات کە کورد نەتوانێ متمانە بە هیچ کەسێک بکات جگە لە هێزی خۆیی واتە خەڵک و خاکەکەی و یەکێتی و یەکبوون و … هتد.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە کورد چون دەتوانێ خۆیی لە ململانێ جیهانیەکان بپارێزێت تا ئەو مێژوانەی بە سەریدا هاتوە دووپات نەبێتەوە؟ بە رای من پێویستە کورد هەموو هێزەکانی خۆیی یەک بخاتەوە و یەکریزیەکی پتەوە لەناو ماڵی خۆیدا لە هەموو چین و توێژەکان بە بێ جیاواوازی حیزبی دروست بکات، و هاوکات دەبێ چەندین هەوڵ بدات بۆ بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و کردنی بە سپا و هێشتنەوەی ناوی پێشمەرگە وەک هێزێک کە لە کاتی خۆیدا هەر وەک ئەفسانە بمێنێتەوە بۆ کورد و هەمیشە ئەو ئەگەری بە دەستەوە بێت، هەروەها هەوڵ بدات ببێت بە دەوڵەت و چیدی خۆیی لەو مەترسیانە رزگار بکات و کورد تا دەتوانێ دەبێ کارێک بکات کە پشت بە دەوڵەتی مەرکەزییەوە نەبەستێت لە هیچ بوارێکدا، بە تایبەتی بواری ئابووری و هەوڵ بدات بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووری بەهێز و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی فەراهەم بکات.

لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە کورد لە رۆژئاوا، باشوور، باکوور و رۆژهەڵات وەک پێویست نەیاتوانیوە خۆیان لەگەڵ ئاڵ و گۆڕەکاندا بگونجێنن و ئەوەی کە ئەم هێزانە خەریکن ئەمڕۆکە ئەنجامی دەدەن تەنها کۆمەڵێک کێشە بچووکی ناوخۆئییە.

 

Hama Hakimi, [10.04.21 12:54]

لێرەدا دەبێ ئاماژە بە روونی سیاسەتی کورد سەبارەت بە هەلس و کەوتی باشووری کوردستان سەبارەت بە شاری کەرکووک کە هەموو سەیاسەتەمدارانی کورد بە دڵ و بووکی کوردستانیان ناوزەد کردوە و ئەو شارە نە تەنها لە بواری ئابوورییەوە بۆ کورد گرنگی تایبەتی هەیە، بەڵکوو دوا سنووری کوردیشە لەگەڵ عەرەب، هەر بۆیە گرنگیەکی تایبەتی بۆ کورد هەیە و عەرەب و  تورکیش تەنها بە هۆی نەوتەکەی کەرکووک زۆر سوورن لە سەر ئەوەی دەست بگرن بە سەر ئەو شارەدا و لەم ناوەدا سیاسەتی کورد زۆر روون و ئاشکرایە، هەر چەن ئێستا کەرکووک بۆ جارێکی دیکە لەلایەن عێراقەوە دەستی بە سەردا گیراوە و ئەگەر کورد کەرکووکیان لە باشوور هەبێت ئەوا دەستیان بە ئابووریەکی بەهێز بگات و لە رۆژئاواش ئەگەر شاری عەفرینیان هەبێت ئەوا دەستیان بە ئاوی ئازاد دەگات و ئەوسا کورد چیدی پێویستیان بە ئێران و تورکیە نابێت ئەو خەونە هەزاران ساڵەیان بۆ بە دەوڵەت بوون دێتە ئاراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر دوو کەس بە ناوەکانی “بەیکر و هەمیلتون” کۆمەڵێک پێشنیازیان سەبارەت بە کەرکووک خستبوە بەر دەستی دەسەڵاتدارانی کورد و ئێراق کە هەموو ئەوانە بۆ دژایەتی کورد و پشتگیری لە دەوڵەتی ناوەندی ئێراق بوون بۆ ئەوەی کورد رێفرئەندوم لە کاتی خۆیدا نەکات و واز لە سەربەخۆیی بێنێت.بەڵام، لێرەدا “مەسعود بارزانی” سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وڵامدا وتبووی ئیمە خۆمان بە هیچ راپورت وکەسێکەوە بۆ بەرێوەبردنی رێفرئەندوم نابەستینەوە و هەر جۆرە دواخستنێک مەترسی گەورەی بە دوادا دەبێت. جگە لە ئێراق کێشەی دیکەش سەبارەت بە شاری کەرکووک بۆ کورد پێش هات و دەوڵەتی تورکیە و ئێرانیش هەر کام بە نوبەی خۆیان هاتنە سەر خەت و هەرەشەیان لە کورد کرد و لە دانیشتێکی سێ قۆلیدا هەموو کێشەکانی خۆیان نا لاوە و بە دژی کورد هەلوێستیان گرت و ئەوا دییمان لە ١٦ی ئوکتوبر هێرشیان کردە سەر کوردستان و کورد لە سەدا پەنجا و یەکی خاکەکەی لە باشوور و لە رۆژئاواش عەفرینیان لە دەستدا.

ئەوەی روونە رژیمی ئیسلامی ئێران بە جوانی دەیزانی و لە دوای بەرێوەچوونی رێفرئەندوم کورد لە رۆژهەڵات بێدەنگ دانانیشێت و هەر ئەوەش بوە هۆی ئەوەی کە ئەو رژیمە ترسی لێبنیشێت و هەر بۆیە لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە بە دژی کورد کۆبوونەوە، بەڵام بە هەموو ئەو بەربەست و گرفتانەی بۆ رێفرئەندۆم دروست کرا، پرۆژەی رێفرئەندۆم لە باشووری کوردستان بە سەرکەوتووی جێبەجێ کرا. بەڵآم لە واقعدا کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێفرئەندومی واقعییان ئەنجامدا.

رژیمی ئیسلامی بە ناشی دەیزانی بیرۆکەی دروست بوونی دەوڵەتی کوردی لە باشووری کوردستان دەبێتە هۆیی ویست و داخوازی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و بیریی نەتەوەیی و ناسیونالیزمی کوردی و ئەمەش وا دەکات کە بیری بە دەوڵەت بوون لەلایەن نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهێزتر بێت و ئێمە لە نەورۆزی ئەمساڵدا شاهیدی ئەو واقعیەتە بووین کە جەماوەری رۆژهەڵاتی کوردستان نایانەوێت جارێکی دیکە بچنە ژێر هێژمونی نە رژیمی ئیسلامی و نە هیچ رژیمێکی دیکە و ئەوان تەنها دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان دەوێت و خەڵکی کورد وەرێز بوون لە سیاسەتی هەلەی سیاسیەکانیان و چیدی ئەو شێوە ماملەکردنە لەگەڵ کورد ناتوانێ خەبات لە کوردستان بباتە پێشەوە وحیزبە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی دەبێ سیاسەت و شێوە کاری خۆیان بگۆڕن و شتێکی دیکە بێننە کایەوە بۆ ئەوەی بتوانن خەڵکی خۆیان لە ژێر گوشار و زولم و زۆری رژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران دەر بینن و رزگاریان بکەن، خەڵک چاوەروانی بەرنامە و پلان و سیاسەتی نوێیە کە بتوانی هەموو چین و توێژەکان لە دەور یەک کۆ بکاتەوە. لێرەدا دەبێ بڵێم کە خەلکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان لە ملکەچ بوونی سیاسی دەپارێزن و لە ئێستادا بە کەمتر لە سەربەخۆیی رازی نابن، ئەو ئاڵ و گۆڕانەی سەبارەت بە هستی نەتەوەیی لە باکوور دروست بوون کاریگەری ئەرێنیان لەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە.

بەڵام لە باکووری کوردستان قەزیەی کورد زۆر جیاواز بوە و هەیە و کوردستانی باکوور بە هۆی سیستمی کەمالییەوە بۆ چەندین دەیە زمانی کوردی، جل و بەرگ، فۆلکۆور داناوە و ناوە کوردییەکانی قەدەغە کرا بوون.  کورد لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی لە تورکیە وەک تورکی شاخاوی دەناسران، و پێیان دەگوتن تورکی شاخی، دەسەڵاتی تورکیە هەمیشە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە گوایە ئەوانە تورکن و زمانەکەیان بە تێپەربوونی کات تێکچوە. لە ساڵی ١٩٤٣ی زایینی دەسەڵات دەستی کرد بە دەرکردنی یاسای نیشتەجێکردن و بەوەش رێگەیەکی کردەوە بۆ راگوازتنی کورد و خەڵکی دیکەیان هێناوەتە جێگەی کوردەکان. “مارتن ڤان برۆنسێن” دەڵێت: ئامانجی حکومەتی تورکیە ئەوە بوو کە بە تەواوی هەندێک ناوچەی کوردی چۆڵ بکات و تایبەتمەندی  کورد لەو ناوچانە کە لە رووی سترتیژییەوە گرنگی زۆریان هەیە کەم بکاتەوە.لە ساڵی ١٩٣٥ی زایینی رژیمی تورکیە یاسایەکی سەبارەت بە شاری “دێرسیم” دەرکرد، چونکا ئەو شارە بە شاری یاخیبوون دەناسرا، هەر بۆیە رژیمی تورکیە یاسای جێبەجێکردنی راگواستنی کوردی لە شاری دێرسیم جێبەجێ کرد و هەر بە پێی ئەو یاسایە ناوی شارەکەشیان گۆڕی و کرا بە “تونجەلی” واتە مشتی بورونزی. دوای ئەوە چەندین راپەرینی ورد و گەورە روویدا لە ساڵی ١٩٣٧ی زایینی راپەرینی “سەید رەزا” دەستی پێکرد و لە وڵامدا ئەرتەشی تورکیە بە فرۆکەی شەڕکەر بە چڕی هێزەکانی سەید رەزایان بوردمان کرد و تەنانەت گازی کیمیاویان بە دژی بە کار هێنا، هەر لەو ساڵەدا سەید رەزا خۆیی تەسلیم کرد و دوو مانگ دواتر خۆیی و کورەکانی لە سێدارە دران و لە شوێنێکی نەزانراو بە خاک سپێردران. هەر لەو بارەوە مێژوو نووس “هانس لوکاس کەیسەر”  دەڵێت: خەڵکی دێرسیم پێیان وابوو ئەگەر بەرخودان نەکەن، ئەوا لە کۆتائیدا هێزەکانی تورکیە بە گشتی لە ناویان دەبەن و دەیان فەوتێنن بۆیە شەڕێکی سەخت و دژوار روویدا و بە هەزاران کورد کوژران و ئاوارە بوون. بە گوێرەی راپورتەکان لانیکەم ١٣٠٠٠ هەزار کورد لەو شەڕەدا کوژراون. لە ساڵی ١٩٧٤ی زایینی پارتی کرێکارانی کوردستان پ کا کابە سەرکردایەتی “عەبدوڵڵا ئوجالان” ناسراو بە ” ئاپۆ ” دامەزرا وتێکۆشانی بێوچانی شارۆمەندانی کورد و دروستبوونی حزبی پ کا کا توانرا دەوڵەتی تورک بە چوکدا بێنن و کۆمەڵێک ماف لەو دەسەڵاتە دڕندەیە وەربگرن. هەر چەن ململانێکان تا ئێستاش بەردەوامە و لە بەشی دیکەی ئەم بابەتە بە وردی باس و رۆڵی پ کا کا و کاریگەری ئەرێنی و نەرێنیەانی لە شۆڕشی باشوور دەخەمە روو.

یەکێکی دیکە لەو فاکتانەی زۆر سەرنجی خەڵکی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە لایی خۆیدا راکێشا، تی ویە کوردیەکان بوو کە دەستیان بە کاری خۆیان کرد و لە کاریگەری و پێشەوەچوونی هزر و بیری نەتەوەی کورد زۆر سەرکەوتوو بوون، وەک تی وی رۆژ و ئاسو سات وگەڵی کوردستان و رووداو تی وی و ….

ئێمەی کورد ئەگەر لە ئەم هەموو نەهامەتییە لە بیر بکەین بە دڵنیائیەوە کۆمەڵکوژی دیکە روو دەدەنەوە، مێژووی ئێمە مێژووی دەیان سەدە شەڕ و کۆمەڵکوژییە،رووداوەکانی هەلبجە، دێرسیم، کۆماری مهاباد، شێخ مەحمویی نەمر و شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و …. و دەیان شۆڕش و ناڕزایەتی گەورە و بچوکی دیکە کە لە کوردستان روویداوە و دەدات و ئێستاش خەبات بەردەوامە و بە دڵنیائیەوە خەبات و بەرخودان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوامە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *