کوردستان چەقی ململانێکانی داهاتوو….!

جەمیل سەرمەستی

شەڕ و ململانێی سیاسی و سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پاش ٧ی ئۆکتۆبر و شکانی یەک لەدوای یەکی بەرەی بە ناو مقاومەتی کۆماری ئیسلامی و بڕینی لق وپۆکانی ئەو ڕژیمە و لەنێوبردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ڕژیم لە لایەن ئیسرائیلەوە و هاتنەوەی دۆناڵد ترامپ، هیچ نەبێ بۆ وەگەڕخستنەوەی ڕێککەوتننامەی ئابراهام و پاشەکشەی ڕووسیە لە پشتیوانیی ڕژیمەکەی ئەسەدی فەوتاو، دۆخی سیاسی و سەربازیی ناجێگیری عیراقی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی و بە گشتی سڕینەوەی نەخشەی هیلالی شیعە، پێ ناوەتە قۆناغێکی دیکەوە و بەخێرایی بەرەو گرتنی بینەقاقای ڕژیمی ئیسلامیی تاران دەخشێت.

بێگومان کورد بە پێی هەڵکەوتەی ژێئۆپۆلتیکی کوردستان چ پێی خۆش بێت یان پێی ناخوش بێت یەکێکە لە لایەنەکانی معادلە و هاوکێشەیەک کە لە لایەن زلهێزانەوە و بۆ دڵنیابوون لە بوون و مانی ئیسرائیل و بەرژەوەندییە ئاسایشی، سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان نەخشەیان بۆی داڕشتووە و خەریکن جێبەجێ دەکەن.

گریمانەکان باس لە بێکۆتایی بوونی شەڕ لەم ناوچەیەدا دەکەن مەگەر ئەوەیکە دوو جەمسەری شەڕ و تێرۆریزم واتە تورکیە و سەری مارەکە واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەناوبچێت و نەمێنێت ئەگینا بەردەوامبوونی شەڕ و خوێنڕشتن  و سەرهەڵدانەوە و هێزگرتنی تێرۆریزم و ناسەقامگیری حاشاهەڵنەگرە.

ئەوەیکە دەبێ تیشکی بخرێتە سەر ئەوەیە کە دیکتاتۆرەکانی داگیرکەری کوردستان لە نەخشە و نەزمی نوێی جیهانیدا  یان دەبێ بەخۆیاندا بچنەوە کە ئەمەیان بە تایبەت بۆ ڕژیمی ئێران چاوەڕوان نەکراوە یان دەبێ تێکبشکێندرێن و بە عیراقیشەوە وەکوو ڕژیمەکەی ئەسەد لە چەند ڕۆژێکدا ماڵاوایی لە دەسەڵات بکەن(هەرچەند دۆخی هەرکام لە ئێران، تورکیە و عێراق جیاوازە و هەرکامیان شرۆڤەی تایبەت بە خۆیان هەڵدەگرن).

بەم پێیە کورد یان دەبێت بە بێ شەرم و ترس و دوودڵی بچێتە بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانیانەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە گەڵ ئەوان گرێ بدات و مەترسییەکانیشی کە گەلێک کەمترن لە قازانجەکەی قبووڵ بکات و خۆ بۆ ئامادە بکات یان بە پاساوی ئیدئۆلۆژی و قازانجی کورتماوەی حیزبی و لایەنی، پشت لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و نیشتمانەکەی بکات و ئەم هەلەش لە دەست بدات. ئەمیش هەروەها کە دەبینن لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەستی پێکردووە کە هیوادارم ئەو دەنگۆیانە ڕاست بێت کە خۆیان لە ئیسرائیل نزیک کردۆتەوە، دواجاریش باشووری کوردستان و دواتریش ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە کۆتاییشدا باکوور دەبێ خۆیان یەکلا بکەنەوە و بۆ یەکجاریش بووە سیاسەتێکی دروست و بوێرانە بگرنە بەر، لەبەر ئەوەیکە دۆخی هەرپارچەیەک پێوەندیی راستەوخۆی بە پارچەکانی تریشەوە هەیە و لە ئێستادا یەکگرتووییەکی بە پەلە و گوتار و سیاسەتێکی هاوبەش بە پێی بەرژەوەندییە گشتییەکانی کوردستان ڕەچاو بکەن(هەرچەند لێرەشدا بەرژەوەندییەکان جیاوازن بەڵام خاڵی هاوبەشمان ئەوەندە هەیە کە زنجیری ئەم یەکگرتووییە پێک بێنێت). ڕۆژئاوا، باشوور و باکووریش هێزی تایبەتی خۆیان هەیە و لەم بوارەوە بە هەموو کەموکۆڕییەکانەوە دەکرێ لەسەریان حیساب بکرێ بە مەرجێک لە کۆماری ئیسلامی دوور بکەونەوە.

ئەوەیکە گرنگە و جێگای سەرنجە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزەسیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستانە کە دەبێ هەڵوێستەی لەسەر بکرێت. کە بۆ خۆی بابەتێکی دوورودرێژی دەوێ. بەڵام گرنگترین خاڵ خۆئامادەکردن و پەرەدان بە تێکۆشانی ڕادیکاڵی سیاسی و پێشمەرگانە لەبەرەیەکی یەکگرتوودا پێویستییەکی جیدییە و کاریگەریی لەسەر خەڵکی ناوخۆ و بەرەوپێشچوون و زەقکردنەوەی پرسی کورد دەبێت و دەبێت نەک بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک کە چاوەڕوان بن زلهێزان بۆیان بهێننە دی بەڵکوو پێویستییەکە و چیدیکە دوا خستنی پاساو هەڵناگریت.

جیهان لەگەڵ هێز و خاک مامەڵە دەکات نەک دروشم و ئیدئۆلۆژی.

لە لایەکی دیکەوە و لە چوارچیوەی جوگرافیای سیاسیی ئێرانیشدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلووچستان وەکوو دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ هەرچەند هاوسنوور نین و لەوانەیە خواستەکانیشیان هاوسەنگ نەبن بەلام  لانیکەم بڕوایان بە خەبات و تێکۆشانی سیاسی و چەکداریی دژی داگیرکەری ئێرانی هەیە و بەو پێوەرە دەتوانن لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا یارمەتیی یەکتر بدەن و پشتی یەکتر بگرن لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا.

“لە کۆتاییشدا دەبێ چاوەروانی گۆڕانی تاکتیک و سیاسەتی کورتماوەی تورکیە و ئێران و عێراقیش ببین بۆ ئەوەیکە دەست بە کڵاوی خۆیانەوە بگرن کە لەم گێژاوەدا کە خۆیان دروستیان کردووە با نەیبات. لە هێرشی سەر بەشەکانی کوردستانەوە بگرە تا نەرمی نواندن بۆ زلهێزەکان.” بەڵام بە هەمووی ئەمانەوە لە نەزمی نوێی جیهانیدا ئەم ڕژیمانە جێگایان نابێتەوە.