کوردستان تڕپەی دڵی شۆڕش و ئاگری ژێر خۆڵەمێشە….!

عەزیز ئاجیکەند
گەشەی وشیاری و چینایەتی و سیاسی و لادان لە باوەڕە کۆنەکان و هەنگاو بۆ گۆڕینی دۆخی بە زۆر داسەپاو و تێپەڕ بوون لە کۆماری ئیسلامیی و روخاندنی، بەرهەمی خەباتێکی ٤٧ ساڵەی خەڵکی کوردستانن کە بە خوێن ئاودراوە و بە هەزاران فیداکاری و لەخۆبردوویی تۆمار کراون. ئەم هەنگاو و هەوڵانە ئەگەرچی نەیاتوانیوە ڕژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی بە چۆک دابێنێت بەڵام خاوەنی دەرس و ئەزموونی بە نرخە و خاوەنی پەیامی روون.
جۆش و خرۆش و شۆڕش و ئاخێزەکان و تەنانەت دروشمەکانیش لە کوردستان جیاواز و تازەن و پەیامی روونیان هەیە. لێرە خەڵک وشیارن. ئاخێزەکان وەک هەورە بروسکە لە ئاسمانێکی ساماڵەوە دێن. کوردستان خاوەنی گەلێک دروشمی تایبەتی و جیاواز و ئاخێز و مانگرتن و خرۆشانە کە هەرکامیان خوڵقێنەری گۆرانی هاوسەنگی هێزن لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگادا و بەستێنێکی بەهێز و گونجاویشن بۆ گەشەی خەبات. بەستێنێک کە بۆتە هۆمێدی سەرجەم ئاخێزەکانی دەرەوەی سنورەکانی کوردستان و دڵگەرمی خەباتی بێبەشان لە ناو شارەکانی تری ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکەی تاران.
ئاخێزە کۆمەڵایەتییەکان لە گۆشەو کەناری کوردستان بە دروشمی جیاوازەوە لە هەڵکشاندان. ئەم دروشمانە لە مێژینەن و خوازیاری نەمانی کۆماری ئیسلامیین. دژی دەسەڵاتی پاشایەتی بوون و هەن و مێژوویەکی پرشەنگداریان هەیە و لەم سیستمە تێپەریوون. دژی دەوڵەتی ڕەگەز پەرەست و ناوەندگەران و دژی سێدارە و دژی کوشتنی بە ئانقەستی کۆڵبەران و دژی دیکتاتۆری و داگیرکارین. خەڵکی کوردستان خوازیاری سەربەخۆیی سیاسی و گەیشتن بەدەسەڵاتی خۆیانن. دژی چەوسانەوەن و شا و شێخ و مەلا و ئاغای باڵا سەریان ناوێ. ئەوان یەکسانیخوازن، رادیکاڵن، شۆڕشگێڕن. لە کوردستان دروشم و ئاخێزەکان بە ڕۆژن و لە هەر کات و ساتێکدا چەخماغەی شۆڕشێکن وەک دروشمی ژیرانەی: ژن ژیان ئازادی.
بێکاری و گرانی لەوپەڕی خۆیدایە و کوردستانی بە هەموو شێوەیەک تەنیوە. زەوت کردنی ئازادی و شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستان بە بیانوی پروپوچی وەک تەبلیغ لە دژی نیزام، کۆبوونەوە و هاوکاری لەگەڵ حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، بەردەوامە. دەیان هەزار کەس لە ژنان و پیاوانی بەساڵاچوو، لاو، خوێندەوار و نەخوێندەواری کوردستان مەجبوورن بۆ بژێوی خۆیان و بنەماڵەیان رووبکەنە کاری پڕ مەینەتی کۆڵبەری. مناڵەکان لە بری چوونە مەدرەسە و کایە کردن لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان، دەبێ جەستەی ساوایان لە ژێر فشاری کاردا بژاکێ. لەش فرۆشی، فرۆشتنی گورچیلە، خەوتن لە سەر کارتۆن و ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان بەرهەمی دەسەڵاتێکی نابەجێن.
ئەمرۆ بزووتنەوەی ٤٧ ساڵەی خەڵکی کوردستان کە بە دەستکەوتە کۆمەڵایەتییە درەوشاوەکانی کە هەیەتی، ئاسۆیەکی نوێی بەڕووی سەرجەم کۆمەڵگادا کردۆتەوە کە هەنوکەش دەتوانێ وەک هەمیشە ئاوێنەی باڵانوێن بێ.”شەقام”ی کوردی بەبەردەوامی گۆڕەپانی ناڕەزایەتیەکان بووە. شەقامێک و دەنگێک کە سیاسین و ستراتیژێیکی تایبەتیان لە پشتەوشوێنی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و چینایەتی، سیاسەتی ڕادیکاڵ و دەرخستنی توانا و وزە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگایە. لە کوردستان، شەقام شوێنی بەیەک گەیشتنەوەی بەرینترین خواست و داخوازییەکانی جەماوەری بێبەشە. خاڵی بەیەک گەیشتنەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ڕادیکاڵەکانە. شەقامی کوردستان ئەو شوێنەیە کە ڕێکخستن، یەکگرتن و سۆزو هاوپشتیی جەماوەری تێیدا سەر هەڵدەدات و گەشە دەکات و سەرەنجام ئاسۆی ڕوون وسەنگەری تازە دەخوڵقێنێ. ئەمانە پێناسەی شەقامی کوردین کە خاوەنی ٤٧ ساڵ خەباتی بێ وچانە و درس و ئەزموونی خۆی هەیە. لە کوردستان خەباتی خەڵک کە لە شێواز و فۆرمی جۆراوجۆردا خۆی دەنوێنێ، هەوێنی خەباتێکی مێژووین کە هەموو بنەما فیکری و سیاسی و کولتوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی و دەسەڵاتێکی لەو چەشنە لە پێش و لە ئێستا دەکەنە ئامانج .
لە ئێستادا دروشمی خەڵکی کوردستان دیار و روونە و بەرهەمی زیاتر لە چوار دەیە خۆڕاگری و خۆبەختکردنی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە شۆڕشی ژینادا خۆی نواند. شۆڕشێک کە له كوردستان ئاستی ڕۆشنبیریی نەتەوەیی و مافخوازی و عەداڵەتخوازی و یەکسانیخوازیی بەرزتر کردووەتەوە و له سهر جیلی نوێ كاریگهریی حاشالێنەکراوی دانا و پاشگەزیش نابێتەوە.
کوردستان پاش تهحهمولی ٤٧ ساڵ ڕهنج و ئازار و بێبهشی و چهوسانهوه، لهئێستادا تینووی شۆڕشێكی دیكهیه. شۆڕشێك كه ئهمجارهیان كۆنتڕۆڵ نهكراو بێت. پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ئاگری تووڕهییهكی پەنگخواردوو كه ههردهم گۆشهیهكی بڵێسه دهستێنێت، نیشانهی ئاڵوگۆڕێكی مێژووییه كه بهڕێوهیه. ئاڵوگۆڕێك كه دهتوانێ گرێی كوێری ئێستای ههموو ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بكاتهوه. شۆڕشێك كه مزگێنیدهری ڕزگاریی ئهم كۆمهڵگایانه بێت له چهوسانهوه و ستهم و نایەکسانی.
شۆڕشی کوردستان بە بەشداری ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، ئاگرێکی داگیرساند کە هەتا نەهێشتنی ئاسەواری دەسەڵاتی نەحسی کۆماری ئیسلامیی و لە گۆرنانی ناکوژێتەوە. کوردستان تڕپەی دڵی شۆڕش و ئاگری ژێر خۆڵەمێشە. لەگەڵ بچووکترین دەرفەت دەتوانێت دیسان بڵێسە بستێنێتەوە و ئاخێزێکی تر و شانازییەکی تر هاوشێوەی شۆڕشە مەزنەکەی ژینا بخولقێنێت و ئەم جار بە تەواوەتی کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی و دیکتاتۆری لە کوردستان بێنێت. خەڵکی کوردستان ئەزموونی خەباتێکی ٤٧ ساڵەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە و سەنگەر بە سەنگەر لە ململانێیەدا بوون. کەواتە لێرە لە کوردستان هیچ شتێک فریای ڕژیم ناکەوێت.
