کورتەیەک سەبارەت بە ماددەی هۆشبەر

ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەکی گشتیی بریتییە لەو ماددانەی کە دەبێتە هۆکاری حاڵەتی هۆشچوون و کرداری تێکچوونی بیر و هۆشی کەسەکان و دەبێتە هۆی ئالوودە بوون، هەروەها کاتێ ئەو ماددانە کەسێک بەکاری دەهێنێت و خووی پێوە دەگرێت لە داهاتوودا ناتوانێت بەبێ بوونی ئەو ماددەیە ژیانی ئاسایی خۆی بکات، بە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵێک گۆڕانکاری تێدا دروست دەکات بەبێ ئەو ماددانە توانای بەردەوامیدانی بە ژیان نامێنێت، یاخود بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەیەتی پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
جۆرەکانی مادە هۆشبەرەکان؛
جۆرەکانی ماددەی هۆشبەرەکان زۆرن، بە شێوازی دەرزی و پاودەر و حەب و شرووب چەندین جۆری تر بوونیان هەیە، هەروەها بە تێکەڵکردنی لەگەڵ نێرگەلە و…، یاخود هەندێک جار کەسەکان خۆیان ڕاستەخۆ بەکاری دەهێنن، هەڵبەت مەترسی ئەمەش هەیە کە زۆر کات بەکارهێنەرانی جگەرە و ڤەیپ و نێرگەلە، بەبێ ئاگاداری خۆیان تێکەڵی دەکرێت و بەکاری دەهێنن.
هۆكارەكانى بڵاوبوونەوەى ماددە هۆشبەرە جۆراوجۆرەكانى ناو كۆمەڵگا زۆرن، بەڵام چەند هۆكارێكى سەرەكیمان هەیە لەم بابەتە كە دەكرێ بە كورتى باسى بكەین لەوانە:
بێ كارى و بڵاوبوونەوەى فیلمى خراپ لە نێوان گەنجاندا هۆیەكى سەرەكیە بۆ فێربوونیان لەسەر ماددە هۆشبەرەكان. كێشەى ڕۆژانەى ناو خێزان، تێكچوونى نێوان دایك و باوك و خراپى مامەڵەكردنیان لەگەڵ منداڵەكانیاندا دەبێتە هاندەرێك بۆ بەكارهێنانى ماددە هۆشبەرەكان.
كاریگەرى ماددە هۆشبەرەكان لەسەر مرۆڤ؛
ماددە هۆشبەرەكان مرۆڤ تووشى هەندێ كێشەى كەسێتى و دەروونى و كۆمەڵایەتى دەکا وەكوو؛
كوشتنى كەسانی دەوروبەرى یان پەلاماردانى كەسانێكى نزیك وەكو خوشك و دایك و كچ و تەعەددا كردن لەسەریان بە هەموو جۆرەكانى كارى نایاسایی. تووش بوون بە سستبوونى مێشك و كۆئەندامى دەمارگەلى گشتى كە دەبێتە هۆى تێكدان لە شێوەى لەش و كۆنترۆڵكردن لە كاتى هەڵسوكەوت و ڕێكردندا. هەروەها هێزى مێشك وتواناى بیركردنەوەى كەم دەكات و كەسى تووشبوو بێ ئاگا دەبێت.
كاریگەرى ماددەهۆشبەرەكان لەسەر پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكان؛
ماددە هۆشبەرەكان كاریگەریەكى سەرەكیان هەیە لەسەر تێكدانى ئاستى توانا و چالاكى مرۆڤى تووشبوو لە كۆمەڵگادا بە هۆى كەمى تێگەیشتنى مێشك و كۆنترۆڵ نەكردنى جموجۆڵى ئەندامەكانى لەش و وازهێنان لە ئەنجامدانى ئیش و كارى ڕۆژانە. هەروەها مرۆڤى تووشبوو لە سەرەتاوە بە ڕێژەیەكى كەم دەست پێ دەكات و پارەیەكى كەمى بۆ تەرخان دەكات بەڵام لە دواى چەند ڕۆژێكى كەم ڕێژەى ماددە هۆشبەرەكە زیاد دەكات و بڕە پارەى زیاترى بۆ تەرخان دەكات، هەروەها كەسى تووشبوو جگە لە كێشەى تەندروستى ونائارامى وتاوان تێکەڵ بە كێشەى ئابوورى و بێ ئیشى و بێ پارەیی و وازهێنان لە ماڵ و منداڵ و قەرزارى كەسانى دیكە دەبێت. هەروەها دەبێتە هۆكارێكى سەرەكى بۆ تێكدانى كۆمەڵگا.
چارەسەركردن
چارەسەركردنى دەروونى و كۆمەڵایەتى بە زانینی كێشەى ناو خێزان و هۆكارى بەكارهێنانى ماددەى هۆشبەر.
فێركردنى كەسى تووشبوو بۆ ئەنجامدانى كارێكى گونجاو بە شێوەى ڕۆژانە و چارەسەركردنى كێشەى نێو شوێنى ئیش وكارى. كۆنترۆڵكردنى سنوورەكان بەدەوروبەرەوە و نەهێشتنى بڵاوكردن و فرۆشتنى، دروستكردنى چەند ستافێكى پزیشكى بۆ بەدواداچوونى بەردەوامى ئەو حاڵەتە، دروستكردنى بنكەى تەندروستى تایبەت بەو كەسانەى تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەكان، ئەنجامدانى چەند توێژینەوەیەكى وورد لەسەر ڕێژەى تووشبووان و جۆرى چارەسەركردنیان، بڵاوكردنەوەى هۆشیارى لە نێوان گەنجان لە مەترسیەكانى ماددەهۆشبەرەكان.ڤلە كۆتایشدا دەبێت مامۆستایان لەم بوارەدا ڕۆڵ بگێڕن.
لەکۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکەم مادە هۆشبەرەکان زەنگی مەترسییان لێداوە لە جیهاندا و لەپاڵ مەترسییەکانی (ئەتۆم، ژینگە، هەژاری و رووداوی هاتوچۆ) ناوی دەهێنرێت و وێرانبوونی خێزان و کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بۆیە پێویستە هەرچی زووە بەهاوکاری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکان بکرێن بە کردار و خەمی چارەسەر لە پێشەوەی هەنگاوەکان بێت.