کاک فوئاد،ئەستورە و مێعماری شۆڕشی جەماوەریی
کاک فوئاد
ئەستورە و مێعماری شۆڕشی جەماوەریی
رەزا کەعبی
ئەمڕۆ ٩ی خەرمانانە، ئەو ڕۆژی که گیانبەختکردنی درەوشاوەترین ئەستێرەی شۆڕش و بەرخۆدانی ئەو قۆناخەی کوردستان (که به رووخاندنی رژیمی پاشایەتی دەرفەتێکی پڕ له هیوا و ئومێد، جموجوڵی سیاسی و فەرهەنگی و مەدەنی و تێکۆشانی جەماوەری پەیدا کرد)، ھەمووانی شۆک کرد و زەبرێکی قورس، جەرگبڕ و برینێکی قوڵی و ساڕێژنەکراوی له پەیکەری بزووتنەوەی ڕزگاریخۆازی کورد له ڕۆژهەڵات بەجێھێشت.
ئیستاش پاش ٤٥ ساڵ لەو ڕۆژە ڕەشە، هەمووان زۆر به تاسەوە باسی کاک فوئاد دەکەن. هەر دەڵێی ئەمڕۆ هەواڵی گیانبەختکردنی بڵاو بوەتەوە. هێشتا هەست به برینەكەی دەکرێ، هێشتا وێرای ٤٥ ساڵ بەرخۆدان و خۆڕاگری و گیانبەختکردنی هەزاران تێکۆشەری کورد و حووزوری دەیان و سەدان و هەزاران کەسایەتی و خەباتکار، مەرگی کاک فوئاد هەر “تازە”یە. داخەکەی له دڵ دەرناچێ. هێشتا باوەر ناکرێ و هێشتا……
بەڵام دەرکەوتنی کاک فوئاد وەک سەرکردەیەکی وشیار، خەڵکی و ژیر، هێمن و له سەرخۆ و زۆر زۆر چالاک و هەڵسوڕاو که پاش زیندان تەنیا ١١ مانگ ژیا ( ڕەزبەری ١٣٥٧ تا خەرمانانی ١٣٥٨) و ناوێکی هەتاهەتایی لێ به جێ ماوە، نیشانەی هیچ ڕەمز و ڕازێک نیە. ئەم دەرکەوتنە و گەیشتن به لوتکەی ڕابەری بەرخۆدانی بزووتنەوی جەماوەری له ماوەێکی زۆر زۆر کورتدا، دەبێ له هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمی کوردستان و ڕێباز و ڕەوتی کۆمەڵە که بناغەکەی له پائیزی ١٣٤٨ دانرا و به تاکید تواناییەکان و کەسایەتی و شەخسییەتی کاک فوئاد، قابیلی تەوزیحە.
ئەو قۆناخە چ مانگەکانی پێش رووخانی شا و چ دواتر قۆناخێکی پڕ له تێکۆشان، پڕ له جموجوڵی سیاسی، پڕ هیوا و ئومێد و پڕ له فیداکاری و گیان فیدا کردنە له کوردستان. هەزاران خەباتکار به پشتیوانی جەماوەر ئامادەی بەرخۆدانن. به دەستی بەتاڵ هێرش بردن بۆ سەر پادگانەکان، به سەرئەفرازی له مەیدانی تیرباران وەک حوسین پیرخزری، ناسری سەلیمی، عومەر فەیزی و بێهروز بێهروزنیا ئامادەبون، دەس هەڵگرتن له هەموو ژیانی شەخسی و بنەماڵەیی و “ئەوەی خۆشیان ویست جێیان هێشت”.
ڕەهەندکانی ڕێبازی کۆمەڵە که بناغەکەی له پاییزی ١٣٤٨ دانرا، بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی کوردستان و شۆڕشەکانی، و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەبەرچاوگرتنی ڕەوتی چەپ و سوسیالیستی جیهانی، ڕێباز و ڕەهەندگەلێکن که ئێستاش بۆ شۆڕشی جەماوەری و خەباتی مەدەنی و سیاسی و وشیاری جەماوەری دەتۆانێ ڕۆشنگەرانە و ڕيپیشاندەر و هاندەر بێت.
ڕێبازی کۆمەڵە به بڕاوی قوڵ به خەباتی جەماوەری، به ڕێکخستنی جەماوەر، به ئاگاهی بەخشین به کۆمەڵانی خەڵک، به حوزووری چالاکانە و ڕاستەوخۆیان له سیاست و بزووتنەوە گۆش کراوە. “انقلاب کار تودەهاست” له یەکەمین هەناسەکانی کۆمەڵەوە جێکەوتوە و دواتریش دیتمان که کاک فوئاد به تایبەت تا چ ڕادەێک به کردەوە به کاری هێنا.
گومان لەوەدا نیە که ڕێبازی کۆمەڵە کوردستانی بوو. خوێندکارانی کورد له تاران کۆ دەبنەوە و بڕیار له سەر دامەزراندنی ڕەوتێکی چەپ و کوردستانی ئەدەن. دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و بۆ ناو خەڵکی زەحمەتکێش به تایبەت. به رووخانی رژیمی شاە و گەشەی خەباتی سیاسی و جەماوەری له کوردستان کۆمەڵە به خێراییەکی بەرچاو گەشەی کرد که دەبێ له ڕیبازی کوردستانییەکەیەوە چاوی لێبکرێ. قسەوباس و تەعامولی کاک فوئاد له حزبە کوردستانییەکان و کەسایەتییەکانی وەک مامۆستا شێخ عێزەدین نیشان دەدا که کاک فوئاد به دروست ھەوڵی داوە که هەمو زەرفییەتەکانی کوردستان بۆ بەرخۆدان و ڕاوەستان له دژی هێرشی ڕژیم یەکبخات. (کاک فوئاد له بانە ھەوڵیدا بۆ دروست کردنی بەرەیەکی کوردستانی له ناو هەمو حیزبەکاندا. و بۆ ئەو ئەرکە له گەڵ مامۆستا شێخ عێزەدین مام جەلال و یەکیەتی و حیزبی دێمۆکرات و چریکە فیداییەکان کۆبونەوەی کرد. مەلەکە مستەفا سوڵتانی کتێبی سێبەری قەلەبەرد).
ڕێبازی کۆمەڵە به سنووربەندی له گەڵ رێبازی چریکی که ئەو دەم له بزووتنەوەی سوسیالیستی جیهانی قسەی یەکەمی دەکرد و ڕاوەستان له بەرامبەری، جۆرێک له جەسارەت و بوێری بو که به ترسنۆک و تەسلیم تەڵەب تاوانبار نەکرێی. کۆمەڵە بڕاوی به خەباتی پێشمەرگانە بو و هەیە و بزووتنەوەی چەکداری ساڵەکانی ٤٦ بۆ ٤٧ کاریگەری له سەر کۆمەڵە بوە و ئەزمونیان لێ وەرگرتوە. هەر بۆیە پێش رووخانی شا کاک خانەی موعینی ڕەوانەی باشوور کرا تا له نزیکەوە ئەزموون پەیدا بکەن. کاک فوئاد پێش هێرشی ڕژیم بۆ سەر کوردستان باسی کردووە که تەنانەت یەک ڕۆژیش ئەم هێرشی دوا بکەوی به قازانجە که له هەمان کاتدا کۆمەڵە یەکەمین فێرگەی پێشمەرگایەتی له بەهاری ١٣٥٨ کردەوە. له کاتێکدا که خەباتی مەدەنی ڕابەری دەکرد و نوێخوازی له خەباتی جەماوەری دەخولقاند، خۆشی بۆ خەباتێکی پێشمەرگانەی دڕێژخاێن ئامادە دەکرد. بەڵام رێبازی چریکی جیاوازە له خەباتی پێشمەرگانە که پشتیوانی جەماوەری له پشتە و بزووتنەوەی ڕزگارخۆازی کوردی بردە قۆناخێکی بەهێزتر و خۆڕاگرتر.
ڕێبازی کۆمەڵە باوەری قوڵ و پتەوی به کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و باشترکردنی ژیانیان و کاری سیاسی له ناویان ئەنجامدان که لە تەشکیلات ببنە بناغەی ڕەوتەکە. کادرکانی کۆمەڵە دەبو بچنە ناو خەڵکی کریکار و زەحمەتکێش و پەروردەیان بکەن وەک کادری تەشکیلاتی و ڕێکخراویان بکەن.
ڕێبازی کۆمەڵە ئەگەرچی کادر و سیماگەلێکی زۆر زۆر لێهاتوو، خۆشەویستی خەڵک، به نفوز و به ئێعتباری و خەباتکاری پێشکەش به خەباتی گەلی کورد کردووە بەڵام کیشی شەخسییەت، بڕیاڕی تاکەکەسی و کردنی تەشکیلات به پردی سەرخستنی تاک له سەرەتای کاری کۆمەڵە زۆر نامۆ بو. هەر بۆیە خۆشویستنی هاوڕێیان، خۆ زۆرتر له هاوڕێکەت ماندوو بکەی، له کاتی خەتەر پێش هاوڕێکەت بکەوی و…. له ریزەکانی کۆمەڵە له سەرەتاوە به تایبەت له دەورەی کاک فوئاد و دواتر له ناو هێزی پێشمەرگە کۆمەڵە داستانگەڵێک له فیداکاری بۆ هاوڕێیانیان خولقاوە که نەوەکانی داهاتوو وەک ئەفسانە باسی لێدەکەن.
کاک فوئاد لەوەها قۆناخێکی پڕ له جموجوڵ و خەبات و شۆڕش و بەرخۆدانی جەماوەری و به سەرمایە و سامانێکی ئینسانی زۆر زۆر وشیار و لێهاتو و خەباتکار، به حوزووری کۆمەڵانی خەڵک، جێگاێکی زۆر زۆر شایستە و مێژوویی و بەرزی بۆ خۆیی دەستبەر کرد. کاک فوئاد چ کەسایەتی و چ کاراکتر و چ شەخسییەتێک بو که دەیان کادری لێ هاتو وەک سدیقی کەمانگەر و حوسینی پیرخزری و ئەیوب نەبوی و دەیان و سەدان کادر که به خۆشیەوە له ژیاندا ماون رابەری کاک فوئادیان قەبوڵ بوو. کاک فوئاد به ليهاتویی خۆیی، به سەداقەت و پاکی، به باوەر به کۆمەڵانی خەڵک، به خۆشەویستی هاوڕێیانی و به چالاکی و هەڵسوڕانی بێوچان، به بڕاو به سەرکەوتنی گەڵی کورد لە ماوەی ئەو ١١ مانگە بۆ به ڕابەر، هاندەر، ڕێکخەر و هێمای بەرخۆدانی کوردستان.
ئەوەی که هەمووان به هەر بیر و باوەڕێک پاش ٤٥ ساڵ جیگای بەتاڵی کاک فوئاد هەست پێ دەکەن نیشان له جێگای شیاو و شایستەی کاک فوئادە.
بۆ کۆمەڵە و بۆ داهاتوی شۆڕشی جەماوەری ڕیبازی کاک فوئاد هێشتا ڕێپیشاندەرمان و ڕێنوێنی شۆڕشی جەماوریە. داهاتویی کۆمەڵە زەحمەتکێشانی کوردستان به تەواوی به پشت بەستن بەم ڕێبازە و بەلەبەرچاوگرتنی گۆڕانگارییەکانی سەردەم بەڵام به هەمان وزە و ئێرادە و باوەر به خۆیی کاک فوئاد بستراوەتەوە. کۆمەڵەی زەحمەتکێشان غوروی کۆمەڵەبوون دەبوژێنتەوە و به حوزووری خۆیی ڕێگای گەیشتنی گەلی کورد به داخۆازەکانی و ڕێگای ژیانێکی مرۆڤی سەردەم بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەستەبەر بکات.
ناوی کاک فوئاد هاندەرمانە
ڕێگای فوئاد ڕێگامانە
ڕێبازی کاک فوئاد ڕێبازمانە
٩ی خەرمانانی ١٤٠٣