ژیان _ دەروونیی کارەسات: ئاوڕێک لە شیعرێکی هەرەس عەباسی
⭕️ دەق (هەرەس) و ڕەخنە (سۆران محەمەدی)
👈شیعر؛ ڕۆژنووسەکان، ئەنوەر عەباسی(هەرەس):
بەپێی ئامارەکان
کەلەبچە هێشتا بازنە و
زیندان هێشتا قوتابیخانە و
زڕەی زنجیرم هێشتا قوڵقوڵە و لەرزانەیە…
ئەم دروشمانەش نەدەین چی بکەین
لە مردن شکۆدارتر بێ؟!
ئەم مردنانەش نەمرین چی بکەین
لە بۆرەژین جوانتر بێ؟
ئەگەر دیلیی تاکە بەدیل بێت
چ ڕێگایەک هەڵبژێرێت ماسی
نەگا بە تۆڕ؟
زوو پێم وتی:
هەموو بازنەکان مەچەکاوین
واتە؛
هەموو ڕێگاکان
دەچنەوە سەر زیندان هاوڕێ!
👈ڕەخنە:
1- بە بڕوای ژیژەک، دوو ڕێگا بۆ گێڕانەوەی کارەساتە سیاسی-کۆمەڵایەتییە گەورەکانی وەک ئاوشڤیتز یان ئۆردوگای ئەشکەنجە یان ژیان لەم دۆخە کۆمەڵایەتییەی ئێستادا هەن. یەکەم: گێڕانەوەی ئەو کەسانەی هەوڵی هێڵکاریی یەکگرتوو و تەکووزی وێناکردنی دۆخەکە دەدەن و دەیانەوێ بە ئاماژەدان بە ڕێژە و شیکارییەکی بەڕواڵەت وردی ئامار و هۆکار و پرۆسەکان، یاسامەندی بکەن. دووەمیش گێڕانەوەی ئەو کەسانەی کە ناتەبا و پڕن لە دژایەتی و ئاژاوە و به شیعر و ئەدەب دەیگێڕنەوە. ژیژەک گێڕانەوەی دووەم بە نزیکتر لە ڕاستی کارەساتەکان دەزانێت. چونکە پێی وایە ئەو زەبر و ئازارەی کە مرۆڤەکان لەم بارودۆخانەدا تووشی دەبن، دەروون و زمان تووشی بشێوی دەکات و جگە لە دەقێکی تێکدەر هیچی تر ناتوانێت دەرئەنجامی بێت. کارەساتە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان گەورەترین بەرهەم هێنەری فۆرمی دەروونیی تێکدەر و بشێون، ئەو بگێڕەوانەی کە چیتر توانای ریوایەتی چیرۆکەکانیان بە سەرەتا و کۆتایییەکی ڕوون نییە، بەڕاستی ریوایەتدان لە کۆمەڵگایەکی تژی لە کێشە جگە لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی بشێو هیچی تر نایپێکێ..
2- ئەگەر ڕاستگۆ بین، داهێنانی هەر گێڕانەوەیەکی هێڵکاریکراو و یەکگرتوو بە شێواز و بنەمای ڕێکوپێکی کات و لۆژیک لەسەر ژیانی کورد، بەس بێتواناییمان لهمەڕ تێگەیشتن لە بەستێنی ژیانی ترسناک و برینی ناسۆری ڕۆحمان پیشان دەدات.
هەرەس لەم شیعرەدا زۆر بشێوانە ڕووبەڕووی ئەم برینانەمان دەکاتەوە و دواتر پرسیارمان لێ دەکات، بۆ ئەوەی لە جیاتی خەفەتی بۆ بخۆین، کارەساتە فەرامۆش نەکەین. هەرەس دێ بە شێواندنی ڕیوایەتەکان واقیعی درووستی ئامارەکان پیشانی بەردەنگ دەدات(بیر لە وێنەی ئاماری فهرمی بکەن کە هاوپێچی شیعر دایناوە) ئەم شیعره پێمان دەڵێ تەنانەت ساتێکیش دوور کەوتنەوە لە واقیعی ژیانی کورد هیچ نییە جگە لە داننان بە مازۆخیزمێکی دەروونی و دڵداری کردن لەگەڵ برینە قووڵەکانمان، بۆیه پێمان دەڵێ:
هەموو ڕێگاکان
دەچنەوە سەر زیندان هاوڕێ