ڕێکەوتنە تازەکەی نێوان ئێران و عێراق؛ لە دیپلۆماسیی سنوورەوە تا بۆشاییەکانی سنوور

✍

ڕێکەوتنە تازەکەی نێوان ئێران و عێراق؛ لە دیپلۆماسیی سنوورەوە تا بۆشاییەکانی سنوور

هەواڵی واژۆکردنی ڕێکەوتن‌نامەیەکی نوێ لە نێوان ئێران و عێراق، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە. هەندێک کەس بە پیلانێکی دەزانن دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان‌دا و هەندێکی‌تریش، فاکتەرە ئەمنییەتی و ئابووریییەکان بە کاریگەر دەزانن. “ئێران‌وایەری کوردی” بۆ تاوتوێ‌کردنی لایەنەکانی ئەم ڕێکەوتنە تازەیە کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستەی کەسایەتییە سیاسییەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستانی کردووە و ڕاوبۆچوونی ئەوانەی وەرگرتووە کە ئامادەبوون لەمبارەوە قسە بەکەن و وڵامی پرسیارەکان بدەنەوە.

***

“هەواڵدەریی میزان” هەواڵی واژۆکردنی ڕێکەوتن‌نامەیەکی تازەی بڵاوکردەوە لە نێوان فەرماندەکانی پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق‌دا.

ڕێکەوتن‌نامەکە ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩ بە ئامادەبوونی سەردار “یەحیا حسێن‌خانی” و هاوتا عێراقێراقییەکەی “عیماد فازڵ هادی دزەیی” فەرماندەی “هێزەکانی سەرسنووری ناوچەی یەکەمی کۆماری عێراق”، بە مەبەستی پەرەسەندن و گەشەدانی پێوەندییەکان و ئاڵ‌وێری سەرسنوور لە چوارەم دانیشتن‌ لە شاری هەولێردا واژۆ کرا.

دەقی ڕێکەوتن‌نامەکە تاکوو ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە و کەس ئاگاداری وردەکارییەکانیشی نییە. بەڵام فەرماندەی هێزەکانی سەرسنووری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە پرێس‌کۆنفرانسی دوا دانیشتنەکەدا لە شاری هەوڵێر بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەبێت “هێزەکانی سەرسنوور بەتووندی ڕووبەڕووی شێواندنی باری ئەمنیی سنوورەکان ببنەوە کە تیرۆریستەکان، قاچاخچییە چەکدارەکان و قاچاخی‌کردن بە کاڵا کولتوورییەکان و چەک‌وتەمەنی کە لەسەر سنوور دەیکەن.”

دەنگدانەوەی واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتن‌نامەیە دژکردەوەیەکی زۆری لێکەوتۆتەوە لەناو دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا، بە جۆرێک کە زۆرکەس ئەم ڕێکەوتن‌نامەیە بە پیلانێکی دیکە دەزانن لە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان‌دا، بەتایبەت لە بارودۆخێک‌دا کە هێزی پێشمەرگەی هەندێک لەو حیزبانە لە ناوچەکانی سنوورییەکانی نزیک لە پیران‌شار و شنۆ سەربە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوادا جێگیر کراون.

بەڵام “ئیبراهیم عەلیزادە”، دەبیر ئەوەڵی “کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”، هەر لەم پێوەندەدا بە ئێران‌وایەری وت کە “ئەم ڕێکەوتن‌نامە تازەیە پێوەندییەکی ئەوتۆی بەو هێزە کەمەوە نییە کە هەندیک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەکانی ڕۆژاوای ئێران‌دا جێگیریان کردووە؛ جێگیرکردنی یەکە بچووکەکانی پێشمەرگەی حیزبەکان، بیانووە.”

بەڕێز عەلیزاده جگە لە ڕەخنەگرتن لە جێگیرکردنی ئەم یەکە سەربازییانە لەو باوەڕەدایە کە جێگیرکردنی ئەو هێزانە لەو ناوچە سنوورییانە نەک کاریگەرییەکی نەبووە، بەڵکوو سیاسەتێکی هەڵەیە کە هەندێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان‌دا پێڕەوی دەکەن، چونکە خەباتی چەکداری یان ئامادەیی سەربازی جگە لە پشتیوانی و پاڵپشتیی جەماوەری کات، شوێن و پێویستیی خۆی هەیە.

لە لایەکی‌ترەوە، لەو باوەڕەدایە کە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا لە عێراق‌دا “زۆربەی ئەو ڕێکەوتنانەی کە لە نزیک سنوورەکان‌دا دەکرێن جگە لە پێوەندی و دان‌وستاندنی ئەمنییەتیی هەردوولا، چونکە لەژێر کاریگەریی هاوسەنگی هێزی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق‌دایە ڕووکەشی، کاتی و نموونەیین؛ بەتایبەت لە بارودۆخێک‌دا کە کۆماری ئیسلامی هم لاوازە و هەم خۆی بە لاوازیش دەزانێت.”

هەڵبەت ئیبراهیم عەلیزاده ئاماژەی دایە “پەیمان‌نامەی ئەلجەزایەر” و پتەوکردنی هەرچی زیاتری سنوورەکان لە لایەن دەوڵەتانەوە بە سرووشتی دەزانێت، بەتایبەت لە بارودۆخی قەیراناوی و ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌دا: “لە سەردەمی پەهلەویش‌دا هەر ئەم ڕوانگەیە بۆ سنوورەکان هەبووە. بۆ نموونە، ڕێکەوتنی پەیمان‌نامەی ئەلجەزایەر لە نێوان هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق لەسەر ئاوەکانی “ئەروەندڕوود” کە بە نێوەنجیگەریی ئەلجەزایەر لە ساڵی ١٩٧٥ی زاینی‌دا کرا، بۆ دابین‌کردنی ئەمنییەتی سنوور و پێشگرتن لە دزەکردنی دژبەران بە درێژایی ئەو سنوورانە بوو. تەنانەت کۆماری ئیسلامی هەمان کیشەی لەگەڵ وڵاتی پاکستانیش‌دا هەیە سەبارەت بە سنوورەکانی سیستان‌ و بەلووچێستان. بەم پێیە، زۆر ئاساییە کە خۆی لەچاو وڵاتانی دیکە بە لاوازتر بزانێت.”

بەڵام بەڕێز عەلیزاده هەوڵەکانی سپای پاسداران بۆ کۆنتڕۆڵی هەمەلایەنی سنوورەکان بۆ نموونە سنوورەکانی ڕۆژاوای ئەو وڵاتە زۆر بە جیدی دەزانێت و پێیوایە کە “مەبەست لە کۆنتڕۆلی هەمەلایەنە لە لایەن سپای پاسدارانەوە جگە لە زاڵ‌بوونی تەواوەتیی بەسەر پرسە وردودرشتەکانی سنوورەکان لە ڕۆژاوای ئێران‌دا، پێشگرتنە لە دەرچوونی نایاسایی شارۆمەندانی ئێرانی وەک پەنابەر، داخستنی ڕێگا سەرەکییەکانی کۆڵبەران و کۆنتڕۆڵی هەرچی زیاتری گواستنەوەی نایاسایی کۆمەڵێک کاڵای وەک مەڕوماڵات، کەرەستە پزیشکییەکان و دەرمان کە هەم لە لایەن قاچاخچییەکان و هەم لە لایەن هەندێک لە ئەندامانی سپای پاسدارانەوە دەکرێت.”

دەبیر ئەوەڵی “ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”، پێیوایە کە سپای پاسداران یەکێکە لە گەورەترین قاچاخچییەکان لە ئاستی ناوچەکەدا و کەڵک لە هەموو هێز و توانای ئەمنییەتی و دیپلۆماتیک خۆی وەردەگرێت بۆ دابین‌کردنی خەرجییەکانی و بەکارهێنانی بۆشاییەکانی سەرسنوور. بەرێز عەلیزاده دۆزینەوە و کەشفی ١٩ کامیۆن درەمانی قاچاخ لە ئێرانەوە بۆ عێراق بە دەستی ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٩، کە بە “گەورەترین باری قاچاخی دەرمان لە ئێرانەوە بۆ عێراق” بەناوبانگە، بە یەکێک لە نموونە و بەڵگەکانی بانگەشەکەی خۆی دەزانێت: “ئەگەرچی دواتر دەرکەوت کە حەشدی شەعبی سنوورەکەی بۆ گواستەنەوەی ئەم بارە کردۆتەوە؛ ئەویش لە بارودۆخێک‌دا کە خەڵک و تەنانەت دەوڵەت خۆیشی دۆشداماوە بە دەست کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و وڵاتەکە تووشی کورتهێنانی دەرمان بووە. بەڵام ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕاستی‌دا جگە لە کۆنتڕۆڵ، ئاراستەکردن و ڕێکخستنی بازاڕی قاچاخ، ئەزموونی دابین‌کردنی پارەی نامەشرووعیش دەگوازێتەوە بۆ نێو هێزەکانی سەربەخۆی، بۆ وێنە حەشدی شەعبی؛ واتە سازدانی کاناڵێکی سەربەخۆی دارایی بۆ دابین‌کردنی خەرجیی هێزەکانیان لە هەموو ڕێگایەکەوە.”

لە ڕوانگەی ئیبراهیم عەلیزادەوە کێشەی کۆڵبەران یەکێکی‌ترە لە کەڵکەڵە سەرەکییەکانی ئەم چەشنە ڕێکەوتن‌نامانە. چونکە گوشاری دەروونی و پروپاگاندای دانگدانەوەی بەرینی تەقەکردن لە کۆڵبەران لە میدیاکانی دەرەوەی وڵات‌دا، کارەکەی بۆ درێژەدانی ئەم ڕەوتەی کە تا ئێستا گرتوویانەتەبەر دژوار و گران کردۆتەوە: “ئەگەرچی کۆڵبەری لە ئێران‌دا بنەڕەتی یاسایی نییە و لە کاتی هات‌وچۆکردنیان لە ڕێگاکانی سەرسنوورەوە تەقەیان لێ‌دەکرێت، بەڵام دەنگدانەوەکەی جیهانییە. گوشاری ڕووماڵ‌کردنی هەواڵەکانی کۆڵبەران و دەنگدانەوەی کوشتنی کۆڵبەران لە ئاستی جیهانی‌دا بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەندەیە کە دەبێت ڕێگاچارەیەکی بۆ بدۆزێتەوە. بەڵام چونکە ناتوانێت چارەسەری بکات، به سەرکوت و داخستن و تووندکردنەوەی ڕێگای هات‌وچۆی کۆڵبەرەکان دەگرێتەبەر.”

ئەیبراهیم عەلیزاده هەروەها سنوورەکانی هەر دوو کوردستانی ئێران و عێراق بە بۆش دەزانێت و پێیوایە کە کۆماری ئیسلامی بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆ ئابووریییەکان، سنوورەکانیان بەبێ ڕەزامەندیی دەراوسێکانی بەکار دەهێنێت: “کۆماری ئیسلامی تا بۆی بکرێت لە بۆشاییەکانی سنووری نێوان هەرێم و کوردستانی ئێران کەڵک وەردەگرێت. لە حاڵێک‌دا “کەڵکوەرگرتنی ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان تا ئێستایشی لەگەڵ بێت زیانی زۆری هەبووە بۆ حکوومەتی هەرێم. لە ڕاستی‌دا یەکێک لە هۆکارەکانی ساردبوونەوە و دوورکەوتنەوەی ئەمریکا و نیگەرانییەکانی لە پێوەندی‌دا بە هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێتەوە بۆ تێپەڕاندن و دەوردانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و کەڵکوەرگرتنی ئێران لە سنوورەکانی.”

ئیبراهیم عەلیزاده جگە لە نیگەران‌بوونی خۆی سەبارەت بە دەوری سپای پاسداران لە هەناردەکردن و گواستنەوەی قاچاخیی مادەهۆشبەرەکان بۆ هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراق، ئەم وڵاتە بە یەکێک لە کاناڵە سەرەکییەکانی هەناردەکردنی مادە هۆشبەرەکان بۆ سووریا، لوبنان، ئۆردۆن و لە کۆتایی‌دا بۆ ئەورووپا دەزانێت و لەو باوەڕەدایە کە “قاچاخی مادە هۆشبەرەکان یەکێکە لەو مەترسییە جیدی و تازانەی کە ماوەیەکە بەرۆکی بە حکوومەتی هەرێم و خەڵکەکەی گرتووە کە ئەمەیش بەبێ گوشار و هەڕەشەی ئابووری لە لایەن ئێرانەوە ناکرێت.”

لە لایەکی دیکەوە، “ڕەزا کەعبی”، جێگری سکترتێری گشتیی “کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان”یش کە بەشێک لە هێزی پێشمەرتەکەیان لە ناوچە سنوورییەکانی شنۆ و پیران‌شاردا جێگرکراون لەو باوەڕەدایە کە ئەم ڕێکەوتن‌نامانە تازە نین. بەڵام ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای پێوەندیی ئابووری و دیپلۆماتیکی هەمیشەیی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینی ١٣٥٧، دەستێوەردان و پەرەدانی دەسەڵاتی زیاتر بووە لە هەرێمی کوردستان‌دا، چ لە ڕێگەی پشتیوانی‌کردن لە حیزبە ئیسلامییەکان و لاوازکردنی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و چ لە ڕێگەی گوشار و هەڕەشە و بەکارهێنانی دەروازە سەرەکییەکانی سنوور وەک یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی گوشارهێنان.

بە گوتەی ڕەزا کەعبی، پێوەندیی بەردەوامی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆردستان لەگەڵ ناوخۆی وڵات کۆماریی ئیسلامیی ئێرانی تەواو نیگەران و بێ‌تاقەت کردووە و هەر لەم پێوەندییەش‌دا ڕوانگەیەکی هەرە ئەمنییەتیی بۆ کوردستان و سنوورەکانی هەیە؛ بە تایبەت پاش ناڕەزایەتییە بەرین و جەماوەرییەکانی ١٣٩٦ و ١٣٩٨ لە بەستێنی ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی ئێستادا. کۆی ئەم پرسانە کۆماری ئیسلامیی هانداوە بۆ ئەم جۆرە ڕێکەوتن‌‌نامانە بە مەبەستی پتەوکردن، بەهێزڕاگرتن و چڕبوونەوەی هەرچی زیاتری هێزەکانیان لەم سنوورانە.

بەڕێز کەعبی لە درێژەی قسەکانی‌دا بانگەشەکەی فەرماندەی هێزەکانی سەرسنووری ئێران سەبارەت بە نائەمن‌بوونەوەی سنوورەکان لە لایەن تیرۆریستەکان، قاچاخچییە چەکدارەکان و قاچاخی‌کردن بە چەک‌وتەقەمەنیی ڕەت کردەوە و وتی: “کۆماری ئیسلامی هەموو ئەو کۆڵبەر و کاسبکارانەی لەم سنوورانە کۆڵبەری دەکەن، بە دژبەری خۆی دەزانێت، تەقەیان لێ‌دەکات و لەژێر کۆمەڵێک ناوی وەک تیرۆریست، قاچاخچیی چەک یاخود قاچاخچیی چەک‌وتەقەمەنی‌دا، کشتار و جەنایەتە قیزەونەکانی پاساو دەدات. جێگای ئاماژەیە کە ئەم ناوانە لە مێژە بۆتە کلیشە و تەنانەت ناوی ڕەمزیی کوشتنی کۆڵبەران.”

ڕەزا کەعبی لە درێژەدا ئاماژەی دایە ئامانجە پەروەردەییەکانی هێزە سەربازییەکانی ئەو چوار حیزبەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە “ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران”ذا کۆبوونەتەوە، وتی: “ئەو یەکە سەربازییانەی کە لە هەندێک ناوچەی سنوورەکانی ڕۆژاوای ئێران‌دا جێگیر کراون نە بانگەشە و نە بەرنامەیەکیان بۆ ئۆپێراسیۆن هەیە بە دژی ئێران. ئامادەبوونی ئەو یەکە سەربازییانەی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری بۆ کۆماری ئیسلامی بیانووە و بۆ وەرگرتنی ئیمتیازە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان. بەڵام ئێمە ئەم ناوچانە پتر بۆ پەروەردە و ڕاهێنانی هێزەکانمان بەکار دەهێنین. کۆماری ئیسلامی زۆریش بێ‌ئاگا نییە لە داڕشەتی یەکە سەربازییەکانمان و دەزانێت کە ئەم هێزە بۆ پەلاماردان و هێرش بۆسەر ئەو جێگیر نەکراوە.”

لە لایەکی‌ترەوە، ڕەزا کەعبی جگە لە بەرگری‌کردن لە مافی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاری‌کردن لە سنوورەکانی خۆی و سازدانی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و واژۆکردنی ڕێکەوتن‌نامە، بڕوای وایە یەکێک لە بڕگەکانی ئەم ڕێکەوتن‌نامەیە کێشەی کۆڵبەرانە بە تایبەت لەو ناوچانەی کە زۆرترین کۆڵبەریان تێدایە.

ڕەزا کەعبی پێیوایە کە ئەم ڕێکەوتنە تازە، لێکەوتەی پروپاگاندایی هەبووە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان. بەڵام لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامی بە واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتن‌نامەیە بە تیرێک دوو نیشانی پێکاوە. هەم شەرعەتێکی زیاتر دەدات بە کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەران و هەم وێنەیەکی خەوشدار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات: “بەداخەوە، لە دوای واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتن‌نامە تازەوە دەستی هێزە ئینتزامی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەرەکان لە سنوورە سەرەکییەکانی پیران‌شار و شنۆ ئاوەڵاتر و کراوەتر دەبێت. لە لایەکی‌تریشەوە، دەنگدانەوەی میدیایی ئەم ئەم ڕێکەوتن‌نامە بە جۆرێکە وەک ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش شەریک و هاودەستی سەرکوتی کۆڵبەرانە.”