ڕۆڵی ژنانی کورد لە ئێستا و داهاتووی شۆڕش

گەلاوێژ عەبدیکانی

کوردستان بە تایبەتی لە ماوەی پاش هاتنە سەرکاری رژیمی کۆماری ئیسلامیی، بە هەموو چین و توێژەکانیەوە لە بەرانبەر سیاسەتەکانی ئەو رژیمە ڕاوەستاوەو کۆڵی نەداوە، بەڵام لەم نێوەدا ژنانی کورد پشکێکی زیاتریان لەم خەبات و شۆڕشەدا گێڕاوە و ژنان کانگای سەرەکی و هێزێکی بزوێنەرو خولقێنەر بوون. ئێستاکەو بە تایبەتی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بزووتنەوەی کوردستان زۆر زیاتر هێمای هاتنە مەیدانی ژنانی بە خۆیەوە گرتووە. 

بەشداریی ژنانی تێکۆشەر و ڕۆڵی خەباتکارانەیان لە لایەک بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە پێناو رزگاریی لە دەست ستەم و چەوسانەوەی رژیمی داگیرکەر و لە لایەکی دیکەوە بۆ گەیشتن بە مافی بەرابەری رەگەزی، دوو ئاستی هەرە گرینگی چالاکی و خەباتی ژنانی کورد بووە. ژنان بە رەتکردنەوەی روانگە دواکەوتووەکان و ئایینی باو و زاڵی دەسەڵات بە سەر کۆمەڵگا کە خوازیاری بەرتەسککردنەوەی بەشداری ژنان لە هەموو ئاستەکاندا بووە، خۆی وەک کاراکتێرێکی شوێندانەر لە رەوتی ئەم خەباتە لە پێناو گەڕاندنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتووریی دەرخستووە.

یاسا ئایینیە داسەپاوەکانی ڕژیمی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو کە هاوکات بەشێک لەو پڕۆژەیە لە لایەن بەرەی دواکەوتوو لە کوردستان ڕەچاو کراوە، هیچکات نەیانتوانی پاشەکشە بە شۆڕشی ژنانی کورد بکەن، بەڵکوو بە پێچەوانە سەرەڕای هەموو کۆت و بەندی پیاوسالارانە، بزووتنەوەی ژنانی کوردستان توانیان بە تایبەتی مۆرکی چارەنووس‌سازی خۆیان لە شۆڕشی ژینا دەربخەن و ئەم وشیاریە قووڵە کۆمەڵایەتیە لە بڕگەیەکی گرینگی شۆڕشی خەڵکی کوردستان بگوازنەوە بۆ جیلەکانی داهاتوو کە سەرچاوەی گۆڕان و هێزو داهێنانن. 

دەیان ساڵ هەوڵی سیستەماتیک بۆ پەراوێزخستن و ناردنی بە پلانی ژنان بۆ کونجی ماڵەکان و داسەپاندنی یاساگەلی دواکەوتوو نەک نەیتوانی ئەو ئاواتەی رژیم بەدی بهێنێت و ژنان وەک سەرچاوەی تاوان ڕوو بە کۆمەڵگا پێناسە بکات، بەڵکوو ژنانی کورد وێڕای بەرپرچدانەوەی بەربڵاو هەوێنی یەکگرتووییەکی بەرینیان لە کوردستان پێکهێنا کە ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو خەباتە لە شۆڕشی ژینادا دەرکەوت. لێرەدا سەرەڕای ئەوەی ژنان سەرجەمی پیلانەکانی رژیمیان لە کوردستان پووچەڵ کردەوە بەڵکوو هاوکات چین و توێژەکانی دیکەیان هێنایە پاڵ ئەو خەباتە بەرینەو بەمشێوە بنەما ئیدۆلۆژیەکانی دەسەڵاتی زاڵیان هێنایە لەرزە کە چیدی مەجالی گەڕانەوەیان بۆ قۆناغی پێشتر نابێت. 

ئەگەرچی ژنانی کورد بە دڕێژایی مێژوو بەردەوام لە خەبات و تێکۆشاندا بوون بەڵام لە مێژووی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو لە کوردستان ڕۆڵێکی گرینگیان لە پێگەی کوردستان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان گێڕاوە و بە بەشداریی خۆیان لە هەموو بوارەکانی خەبات، ئاستی وشیاریی کۆمەڵگایان بەرەو سەرەوە بردووە. لەم بوارەدا ژنان ئەگەر بە هۆی ستەمی دەیان ساڵە مەجالی دەرکەوتنی ئەتۆیان پێ نەدرابوو بەڵام ئەمڕۆکە و پاش شۆڕشی ژینا خۆیان خستە پێگەی رێبەریی ئەم شۆڕشە و بە هێنانە ژێر پرسیاری هەموو بنەماکانی سیاسەت و دەسەڵاتی ئیسلامیی پیاوسالارانە، لە لایەکەوە هەم وەک کارتێکەرترین چەک بەرانبەر بە رژیمی کۆماری ئیسلامیی وەستایەوەو هەمیش لە کۆی ئەم شۆڕشەی کە هێشتاکە بەردەوامە وەک رێبەریی راستەقینە دەرکەوتووە. 

بێگومان رژیمی داگیرکەر لە کوردستان هەرچەند توانیبێتی بە کەڵک وەرگرتن لە چەک و  هێزی داپڵۆسین، پێگەی خۆی بەشێوەی کاتیی بهێڵێتەوە بەڵام شۆڕشی ژنان بە گشتی و ژنانی وشیاری کورد بە تایبەتی بنەماکانی ئەو رژیمەی بە تەواوی لەق کردووە و بەرگەی شەپۆلەکانی داهاتوو ناگرێت و لە داڤیێ‌دا بە هێزی بزووتنەوەی جەماوەریی کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن، ڕادەماڵرێت. 

ئەگەرچی هێشتا یاسا دواکەوتووەکانی دەسەڵات بە کردەوە هەر بوونیان هەیەو ڕۆژانە کاریگەریی لەسەر چۆنیەتی دەرکەوتنی شێوەکانی خەبات نیشان دەدات بەڵام هێزی ژنان چیدی بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و بەڵکوو بەردەوام لە پێشڕەویدا دەبێ. ژنان لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی خەباتتدان و شۆڕشی ژینا بارودۆخێکی بۆ پێگەی ژنان پێکهێنا کە دەبێ بەهێزتر لە جاران جڵەوی ئەم شۆڕشە بەدەستەوە بگرێت، چونکە بەشداری و ڕێبەرایەتیکردنی ژنان جیا لەوەی کە پێگەی ئەم چینە کۆمەڵایەتیە لە داهاتووی گۆڕانکاریەکان بەهێزتر دەکات و بە مافی بەرابەر نزیکتریان دەکاتەوە، لە هەمانکاتتدا هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگا بەشێکی گرینگی بەستراوەتە بە شێوەی ژیان و چۆنیەتی بەشداریی ژنان لە دامەزران و سەرپێخستنی سیستەمی داهاتوو. بۆیە بەشداریی ژنان تەنیا هەوڵێک نیە بە مەبەستی دەربازبوون لە دۆخێکی هەرە خراپ بۆ دۆخێکی خراپ، بەڵکوو دەبێ کۆتایی ئەم شۆڕشە بە شێوەیەکی رێکخراو و بەردەوام بێ بۆ گەیشتن بە لووتکەیەکی تەواو بەرابەر، سەرەڕای ئەوەی دۆخی ژنانی کوردیش بەستراوەتەوە بە دۆخی ژنان لە ئاستێکی گشتیتر، بەڵام ژنانی کورد بەو هەلە مێژوویەی خۆیان لە رەوتی شۆڕشی ژینا خولقێنەری بوون، دەبن بە بەشێک لە شۆڕشێکی گەورەتر لە ئاستی جیهانیدا.