ڕاگەیاندنی ژمارە دوو سەبارەت بە تێکهەڵچوونی نێوان هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و داگیرکەرانی کۆماری ئیسلام

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

هاوڕێیان و دڵسۆزانی کۆمەڵە!

هەروەک پێشتر بەڵێنمان پێدابوون، لەم ڕاگەیاندنە وردەکاریی زیاتر لە شەڕی نێوان تیمێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و هێزی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی کە پێنج شەممەی ڕابردوو ڕوویدا، بە ئاگاداریتان ئەگەیەنین.

سەعات دە و نیوی شەوی ٢٨ لە سەر ٢٩ی خەرمانان هاوڕێیانی ئێمە دەکەونە بۆسەی هێزە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە و شەڕ لە نێوانیاندا ڕوو دەدا. پێشمەرگەکانی کۆمەڵە ئازایانە دێنە دەس و شەڕ چەندین سەعات بەردەوام دەبێ کە بە داخەوە هاوڕێ ڕێبوار وەک فەرماندە و بەرپرسی ئەم تیمە، بریندار دەبێ و وێڕای ئەوەیکە خۆی داوا دەکا بە جێی بێڵن بەڵام هاوڕێیانی دیکە هەموو هەوڵی خۆیان ئەدەن کە پێکەوە دەرباز بن، کە دووبارە هاوڕێ ڕێبوار دەکەوێتەوە بەر دەسڕێژی گوللە و وێڕای ئەوەی تا دوایین هەناسە بەرگریی دەکا بەداخەوە گیانی ئازیزی لە دەستدەدا. هاوڕێیانی دیکەمان لە ژێر ئاگری تۆپ و خومپارە کە تا سەعات ٣ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دواتر بەردەوام ئەبێ دەتوانن خۆیان دەرباز بکەن. جێی ئاماژەیە کە ڕۆژی دواتریش واتە ٣٠ی خەرمانان دیسان هێزەکانی رژیم بە تۆپباران کردنی ناوچە و هێزی زۆرەوە هەوڵی لەناو بردن و گرتنی پێشمەرگەکانی ئێمە دەدەن کە هەڵۆ ئاسا دیسان خۆیان دەرباز و دۆژمن بێ هیوا ئەکەن.

پێویستە دووپاتی بکەینەوە که بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بزووتنەوەیەکی سیاسی و حەقخوازانەیە که داگیرکەران شەڕ و کوشتاری به سەردا دەسەپێنن و گەلی کوردیش ناچارە بەرگریی چەکداریی له شۆڕشەکەی بکات. کۆمەڵە هەر له سەرەتاوە پێشڕەو و ئەندازیاری خەباتی مەدەنی و سیاسی بووە که ئەوەش بۆ داگیرکەران تەحەمول نەکراوە و هێرشیان کردووەتە سەری. بە هێز بوونی خەباتی سیاسی و مەدەنیی کۆمەڵگەی کوردستان لە سەرووی هەموویدایە. هەرچەن هاوڕێیانی ئێمە بۆ مەبەستێکیتر و ئەرکێکی تەشکیلاتی تووشی ئەو شەڕە بوون و ئازایانە بەرگرییان لە خۆیان کرد و جارێکیتر حەماسەی خۆڕاگری و کۆڵنەدانیان خولقاند. هێزی پێشمەرگە و داهاتووی لە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستاندا، بێگومان گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و ئەمەش لە بەرچاو دەگرین و دەیپارێزین.

گیانبەختکردنی هاوڕێی ڕێبەر و فەرماندەمان ڕێبوار کەریمیان ناسراو بە ڕێبوار دارسەیران ئەگەرچی خەسارێکی گەورە و کەلێنێکی پڕنەکراوەیە لە نێو هێزی پێشمەرگە، بەڵام ئەو توانی لە شەوەزەنگی چڕدا، گزنگی هیوا و ئومێدی ئاسۆیەکی گەش بۆ ئێمە و نەوەی نوێ بێ. ناو، یاد و فیداکاریی هاوڕێ ڕێبوار بۆ هەمیشە لە دڵی هەموو خەڵکی کوردستان دەمێنێتەوە و چرای گەشی ڕێگامان ئەبێ.

یادی هاوڕێی فەرماندەمان هاوڕێ ڕێبوار بەرز و بەڕێزە و ڕێگای بەردەوامە.
بژی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان

دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٠١ی رەزبەری ١٤٠٣
٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٤