ڕاپەڕینی مانگی خەزەڵوەری خوێناویی: هاوکات لەگەل گران بوونی بەنزین خوێنیش بێ نرخ بوو.
سەیران مستەفازادە
یەک ساڵ بە سەر راپەڕینی خوێناوی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ دا تێپەڕی . خەزەڵوەری خوێنین کە لەگەڵ وەرینی گەڵاکان ، خەڵکی بێ تاوان بوون بە قوربانی زوڵم و کوشتار لەلایەن ماشێنی ترۆری کۆماری ئیسلامی و مرۆڤەکانیش وەک گەڵای دارەکان وەرین و پەڕپەڕ بوون. سەرلەبەیانی رۆژی هەینی کاتێک کە خەڵک لە خەو هەڵدەستن لە ناکاو لەگەڵ بەرزبوونەوەی سێ قاتی نرخی بەنزین رووبەروو دەبنەوە . شیرکەتی نەوتی ئێران بەبێ ئاگاداریی پێشوو لە نیوەشەوی ۲۴ ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹۸ رایگەیاند کە جیرەبندی بەنزین دەست پێکرا و نرخی هەر لیتر بەنزینی جیرەبندی ۱۵۰۰ تمەن و نرخی هەر لیتر بەنزینی ئازاد لە ۱۰۰۰ تمەنەوە بوو بە ۳۰۰۰ تمەن . ناڕەزایەتییەکان سەرەتا لە گەڕەکە فەقیر نشینەکانەوە و بە شێوەی ئاشتی خوازانە دەستی پێکرد و زۆر زوو بوو بە راپەڕینێکی گەورە بە دژ ی رژیمی ئێران وزیاتر لە سەد شاری گەورە و چکولەی گرتەوە . بە دوای راگەیاندنی ئەو هەواڵە، خۆپیشاندان لە شارەکانی تاران، ئەهواز، کرماشان، سنه، جوانڕۆ، مەریوان، ورمێ ، بۆکان،سیرجان و شیراز دەستی پێکرد ولە ماوەیەکی کەمدا شارەکانی تری وەک بەندەر عەباس، ئیسفەھان، کرمان، قەزوین، ماهشەهر، گەچساران، خوڕەم شار، بابول، رەشت، بیرجەند، جیروفت، شوشتەر، ئەندیمشک، کازروون، بێهبەهان، بووشەهریشی گرتەوە. خەڵکێک کە تەنیا بۆ وەرگرتنی مافەکانیان و دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە گرانی و بارودۆخی خراپی ئابووری بە شێوازی ئاشتیخوازانە هاتبوون بۆ سەر شەقامەکان لەگەڵ سەرکوتکردن و توندوتیژی هێزەکانی ئەمنیەتی رژیمی ئێران رووبەروو بوونەوە. خۆپیشاندەران بە دژی ئەو توندوتیژیانە بوێرتربوون. هیزەکان و بەرپرسانی رژیم خۆپیشاندەرانیان ئاژاوەگێڕ و خراپکار ناو نابوو. لە رۆژی ۲۵ ی خەزەڵوەر بە فەرمانی ئەنجومەنی ئاسایش ئینترنێت لە سەرانسەری ئێران راگیرا و بەرپرسانی رژیم کاتی وەسل بوونی ئینترنێتیان نادیار راگەیاند و هۆکاری راگیرانی ئینترنێتیان ئەمنیەتی دەربڕی. سەرەڕای راگرتنی ئینترنێت خەڵک هەواڵەکانی خۆپیشاندانەکانیان بە وێنە و ویدیۆ بڵاودەکردەوە. ویدیۆ و وێنەکان نیشانیان دەدا کە رژیمی ئێران لە ئامرازی شەڕ بۆ رووبەرووبوونەوە لە گەڵ خۆپیشاندەران کەڵکیان وەردەگرت. هەر لە ماوەی ۴۸ کاتژمێردا دوای راگرتنی ئینترنێت ۲۲۰ نەفەر کوژران . ئامارەکانی نافەرمی ژمارەی کوژراوەکانی مانگی خەزەڵوەریان زۆرتر لە ۱۵۰۰ کەس نیشان دا، ئەوە لەحاڵێک دایە کە رژیم حاشای لەو ئامارە کردووە و ئاماری دروست دەشارێتەوە. لە ناو کوژراوەکان زۆرتر لە ۲۳ منداڵ هەبوون کە تەمەنیان لە ژێر ۱۸ ساڵ دا بوو. سەبارەت بە ژمارەی دەستبەسەر کراوان ئاماری دروست لەدەست دا نیە . ئامارەکان نیشاندەری توندوتیژییەکی زۆر و زەبەند و سەرکوتکردنێکی توندی رژیمی ئێران بوو کە تەنیا لە بەر گیروگرفتی ئابووری هاتبوونە سەر شەقامەکان و لە بارودۆخێک کە هاتبووە ئاراوە ناڕازی بوون . لە کوردستانیش خەڵک لەو شەپۆلە وەدوا نەکەوتن. سەرەتا لە مەریوان خەڵک بە راخستنی سفری بەتاڵ لە سەر شەقامەکان ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی هەروەها لە بانە خەڵک بە سواربوونی سێ چەرخە ی منداڵان بە شێوەی سەمبولیک ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی بەڵام رژیم بە شێوازی توند لەگەڵ خۆپیشاندەران رووبەروو بۆوە. بەرەنگاربوونەوەی رژیمی ئێران لە گەڵ ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان زۆر فراوانتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بوو و ئەوش نیشاندەدات کە رژیمی ئێران لە راپەڕینی گەلی کورد ترسی هەیە . گەلی کورد ماوەی چل ساڵە بە دژی رژیمی ئێران خەبات دەکات . خەباتی خەڵکی کوردستان هۆکاری زۆری هەیە، وەک کوشتنی رۆژانەی کۆڵبەر، لە سێدارەدانی لاوانی کورد ، دەستبەسەر کردنی خەڵکی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر و پێدانی حوکمی قورسی زیندان بۆ بەندکراوەکان ، بڵاوکردنەوەی بەربڵاوی مادە هۆشبەرەکان لەناو گەنجان و لاوان دا و… ئەو خاڵانە بوونەتە هۆکاری بەشداری زۆربەی خەڵکی کوردستان لە خۆپیشاندان . بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی زیاتر لە ۴۴ کەس لە پارێزگای کرماشان ، کوردستان و ورمێ کوژراون . تەنیا لە شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان ۱۴ هاووڵاتی کورد کوژران . ئەو ویدیۆیانە وا لەو شارە بڵاوکراونەتەوە نیشان دەدات کە هێزە چەکدارەکانی رژیم لە سەربانی دادگای شۆڕشی ئەو شارە تەقەیان لە خەڵک کردووە . گەلی کورد بە پێچەوانەی خۆپیشاندانی ساڵی ۹۶ کە بەشدارییان نەبوو ، لە خۆپیشاندانی ساڵی ۹۸ پێشڕەو بوون و بە هۆی پێگەی سیاسی تایبەتی کوردستان سەرکوتکردنی خەڵک لە شارەکانی کوردستان سەد قات زیاتر بووە. زیاتر لە سەدان کەس لە پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان لە خۆپیشاندانی خەزڵوەر دەستبەسەر کراون کە تا ئیستا زۆربەیان لە بەندیخانەکان ماونەتەوە و حوکمی قورسی زیندانیان بەسەردا سە پاوە. بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ژمارەی کوژراوەکان ٤٤ کەسە، ھاوکات سزای زیاتر لە ٥٠ ساڵ زیندان و ٣٠ زەربە قامچی بەسەر ١٧ کەس لە گیراوەکاندا بەڕێوەچووە. رژیمی ئێران بۆئەوەی کە تەرمی کوژراوەکان رادەستی بنەماڵەکەیان بکات داوای پووڵی لە بنەماڵەی کوژراوەکان کردووە و زۆربەی گیراوانی ناچار کردووە بە قبووڵ و دانپێدانانی کارێک کە نەیانکردووە ، یا ناوی شەهیدی رژیمی ئێران بۆ منداڵەکانیان کە بە شێوازیکی زۆر بێ روحمانە بوون بە قوربانی تۆمار بکەن . لە ناو کوژراوەکانی کوردستان ۴ کەس تەمەنیان ژێر ۱۸ ساڵ بووە . ئامارەکانی نافەرمی ژمارەی دەستبەسەرکراوانی لە شارەکانی جۆراوجۆری کوردستان نێوان ۱۰۰۰ بۆ ۲۰۰۰ کەس هەڵسەنگاندووە کە ئەو ئامارە لە سەرتاسەری ئێران دەگاتە نیزیک بە ۷۰۰۰ کەس . لە ناو گیراوانی کوردستان تەنیا شوناسی ۲۴۵ کەس تا ئێستا روون بۆتەوە. گیراوەکان لە گرتووخانەکانی سپای پاسداران رادەگیران و بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەکران . دەستبەسەر کرانی شەوانە لە مەریوان تاماویەکی زۆر بەردەوام بوو و زۆربەی گیراوان لە شارەکانی کوردستان بە هاوکاری لە گەڵ حیزبەکانی کوردستان تۆمەتبار کراون و وایان نیشان دەدا کە ئەو خۆپیشاندەرانە لەگەڵ حیزبەکانی دژبەری رژیمی ئێران له پێوندەی دان . شەش رۆژی پێچوو تا یەکیەتی ئەورووپا سەبارەت بە راپەڕینی خەڵکی ئێران و سەرکوتکردنی خەڵک کاردانەوەی هەبێت .ئەوساڵ کە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٩ یە رژیمی ئێران لە قۆناغێک دایە کە خەڵک لە باری ئابووری و ئاسایی زۆر خراپترن لە ساڵی ۹۸ . ئێران لە هەموو بوارەکانی ناوخۆ و دەرەوی وڵات لاواز بووە و هێز و توانای وەڵامدانەوەی بە پێداویستییەکانی خەڵک نیە و بەستێنێک بۆ گۆڕانکاری هەمە لایەنە ساز بووە. سزاکانی ئامریکا، گەندەڵیی زۆر و لێنەهاتوویی دەسەڵاتدارانی رژیمی ئێران لە هەموو بوارەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە لە ئان و سات دایە کە ئەو بەرمیلە باڕووتە بتەقێتەوە.