پێکهێنانی ژیان هاوبەش و بێمافیی ژنان

پێکهێنانی ژیان هاوبەش و بێمافیی ژنان

✍ ژیلا ئەحمەدی

هاوسەرگیری بابەتێکی تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریە. خانەوادە بە درێژایی مێژوو ئاڵۆگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە و دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی و هەروەها شوێنی ژیان و سەردەم خولقێنەری چەندین جۆر ژیانی هاوبەش و خانەوادە بوون وەکوو یەکهاوسەری، چەن هاوسەری، باوک سالار، دایک سالار و هتد. لەباری قەبارە و دابەشکرانی ئەرکەوە خانەوادەکان بە دوو جۆر دابەشکراون. بنەماڵەی گەورە کە زۆربەی جار سێ جیلی لە خۆی دەگرت کە پێکەوە دەژیان و لە باری کولتووری و دابەشکرانی ئەرکەکان و هەروەها لە باری ئابوورییەوە جیاواز بووە لە بنەماڵەیەی بچووک کە ئەمڕۆ بەشی سەرەکیی بنەماڵەکان پێکدێنێ. لە چاو کۆمەڵناسانەوە دوو ڕوانین بەرانبەر بە بنەماڵە وەکوو ئۆرگانی بچووک و بنچینەی هەیە، یەکەم ڕوانینێک کە بنەماڵە وەکوو گرووپێک نۆرماڵ وئیدەئال دەزانێ و بنەماڵە زۆر بە سەرتر لە کۆمەڵگا دەزانێت و دووهەم ڕوانینێک کە پێیوایە پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگا وبنەماڵە دەبێتە هۆی مانا پەیداکردن و خولقێندرانی بنەماڵە و خانەوادە بە شێوەی سرۆشتی بوونی نییە. بە درێژایی مێژوو لە هەموو شێوازەکانی خانەوادەدا و لە هەموو جۆرەکانی خانەوادەی سوننەتیدا ژنان قوربانی و ژێردەستە بوون. نموونەکانی ئەو قوربانی بوونە لە هەندێک ڕەسمی کۆن و دژە مرۆڤدا بە زەقی دیارن یەکێک لەو ڕەسمانە بەشوودانی زۆرەملی ناو بنەماڵەکان بوو، کچێک کە لەدایک دەبوو ناوی کوڕێکی بنەماڵەیان لە سەردادەنا و کاتێک کچە گەورە دەبوو دەبوایە شووی بەو کوڕە بکردایە و ڕەزامەندی کچەکە و تەنانەت کوڕەکەش گرینگ نەبوو. لە یاسای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگە بە کچانی ١٣ ساڵ بۆسەرەوە و کوڕانی ١٥ ساڵ بۆ سەرەوە دراوە ژیانی هاوبەش پێکبێنن بەڵام ئەگەر خێوی کچەکان (باوک یان باپیر یان برا) ڕازی بن دەتوانن کچانێک کە تەمەنیان لە ١٣ ساڵیش کەمترە ناچار بە هاوسەرگیری بکەن ئەمە لە حالێکدایە بەپێی کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافەکانی منداڵان کەسانێک کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمتر بێ منداڵن و بۆیان نییە بچنە ناوی ژیانی هاوبەشەوە و کۆماری ئیسلامیش ئەو کۆنڤانسیۆنەی قەبووڵ کردووە. شێوازێکی دیکەی پێکەوە ژیان کە دژی ماف و سەربەخۆیی ژنانە هاوسەرگیریی کاتییە کە لە مەزهەبی شیعەدا باوە و پێی دەگوترێ سیغە. ئەو دیاردەیە کە زۆربەی جار ناوی لەشفرۆشیی یاسایی و ئاینیی لێنراوە، ژنانی هەژار و بێدەرەتان دەکاتە قوربانی و مافەکانیان پێشێل دەکا و لە ڕاستیدا ناچاریان دەکا بەرانبەر بە بڕە پارەیەک بۆ ماوەیەکی کورت لەگەڵ پیاوێک بژین و تەسلیمی خواستەکانی بن. بە پێی ئەو ئامارانەی لە کتێبی “خانەای بر روی آب ” واتە ماڵێک بەسەر ئاوەوە لە نووسینی کامیل ئەحمەدی، لە ٢١٦ کەس کە لە سێ شاری تاران ، ئیسفەهان ومەشهەد سیغە کراون، ٨٤% پێش ١٨ ساڵان ناچار بە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بوون و دواتر لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە و ڕێژەیەکی یەکجار بەرزی ئەو کەسانە لەبەر پێویستیی ئابووری ڕوو لەو کارە دەکەن. لە زۆربەی نزیک بە تەواوی شێوازەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشدا ژنان بێمافن و وەکوو مڵکی پیاوان چاویان لێدەکرێ و زۆربەی ئەو ڕەسم و سوننەتانەی لە مەسئەلەی هاوسەرگیریدا هەن هەر بە پێی ئەم ڕوانینە دانراون. مارەیی و شیربایی و زێڕ و … کە هەرکامەیان کۆتێک لە دەست و پێی ژنانن و هاوکات بێمافییان لە ژیانی هاوبەشدا و نەبوونی مافی جیابوونەوە و سەرپەرەستیی منداڵ و … ژیانی هاوبەش دەکەن بە دیاردەیەک کە بە کردەوە بازاڕێکە کە تێدا ژنان بێڕێزییان پێدەکرێ و مافەکانیان زەوت و پێشێل دەکرێن. ڕەسمی خوێن بەس کە بۆ کۆتایی هاتن بە شەڕێ نێوان دوو تایفە و عەشیرەت کە خوێنی تێدا ڕژابوو بریتیی بوو لە دانی ژنێک وەک قەرەبوو بەو لایەنەی کەسی لێکوژراوە. ژن بە ژنە و گەورە بە بچووک و زۆر ڕەسمی کۆنی دیکە هەموویان ڕوانینی کۆمەڵگای سوننەتی و پیاوسالار بەرانبەر بە ژنان نیشان دەدەن کە پڕە لە بێڕێزی و مافخوارانی ژنان. دیاری کرانی مافی چەند هاوسەری بۆ پیاوان کە لە یاسای ئیسلامییەوە سەرچاوەی گرتووە یەکێکی دیکە لەو یاسا و ڕەسمانەیە کە تا ئەو پەڕی خۆی دژە ژن و نامرۆڤانەیە.
پێکهێنای ژیانی هاوبەش لە ژێر سێبەری پیاوسالاری و ئاییندا بووەتە خاڵێکی دیکەی ژیانی پڕ لە مەینەتی ژنانێک کە ئەسیری ئەو سیستم و ڕوانینەن. بۆ ئەو کەسانەی خوازیاری پێکهێنانی ژیانی هاوبەشن دەبێ تەنها خۆشەویستی و ویستی دوو کەسەکە بەس بێ و هەموو ئەو ڕەسم و یاسایانەی ژنیان کردووەتە بابەتی کڕین و فرۆشتن و بێڕێزی بە کەسایەتیی ژنان دەکەن دەبێ هەڵبوەشێنەوە.
ژیلا ئەحمەدی