پیرۆزە مانگرتنی یەکگرتوانە و سەرکەوتوانەی کوردستان له دووهەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا

ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

پیرۆزە مانگرتنی یەکگرتوانە و سەرکەوتوانەی کوردستان له دووهەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا

کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان

به بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانە و یەکگرتوانەی مانگرتنی ئەمڕۆ ٢٥ی خەرمانان لە دووهەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، گەرمترین پیرۆزبایتان پێشکەش دەکەین و جارێکیتر پەیامی ئیرادە و عەزمی خۆتان بۆ گەیشتن به مافەکانتان زۆر بەهێز و خۆڕاگرانە به هەمووان گەیاند.
ئێوە نیشانتاندا که شۆڕشی ژینا که به ناوی گەورەترین بزووتنەوەی سیاسی لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە ناوبانگی دەرکردووە، درێژەی هەیە، زیندووە و جێگایەکی شیاوی لە مێژووی بزووتنەوەی کوردستان بۆ خۆی دەستەبەر کردووە.

مانگرتنی سەرتاسەری و پڕشکۆی ئەمڕۆ وەڵامێکی ڕوونە به سیاسەتەکانی ڕژیم که ملهوڕانە و وێڕای شکستهێنانی له سەرکوتکردنی شۆڕشی ژینا و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، پێداگرییان له سەر دەکات. به پێچەوانەی پیلانەکانی چل و پێنج ساڵەی بۆ تەریک خستنەوەی کوردستان و بزووتنەوەکەی و حیزبەکانی، ئەوەی که دەیبینین پەرەسەندنی متمانەی سیاسیی کوردستان و بەکردەوە بوونی کوردستان به قەڵایەکی بەهێزی سیاسی و خەباتکارانە و سەرمایەیکی سیاسی بەنرخە.

مانگرتنی ئەمڕۆ له کاتێکدا بەڕێوەچوو که ڕژیم هەموو هێز و توانای خۆی له عێراق خستوەتە کار بۆ گواستنەوەی ئوردووگاکانی کۆمەڵە له هەرێمی کوردستان، که نیشانیدا حیزبەکانی کوردستان ڕیشەیان له کوردستاندایە و هیچ سەرکوت و پیلانگێڕییەک ناتوانێ له خەڵک جیایان بکاتەوە.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە مانگرتنی ئەمڕۆدا دووپاتیان کردەوە که هێزی لەبن نەهاتووی خەبات و بەرخۆدانن و هەر ئەمەش ڕەمزی مانەوەی حیزبەکانە.

جارێکیتر وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ ئیرادەی لە بن نەهاتوو و یەکگرتوویی و هاوپشتیتان و هەروەها دەستخۆشی له چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و لیدرە مەیدانییەکان، بەڵێن نوێ دەکەینەوە بتوانین شایستەی ئەم نەتەوە سەربەرز و بزاڤە زیندووەکەی بین.
یادی ژینا و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان بەرز ڕادەگرین و لە بەرانبەر خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی سەر دادەنوێنین.

بژی یەکگرتویی خەڵکی کوردستان
بەردەوام بێت شۆڕشی ژینا
ژن، ژیان، ئازادی

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٥ خەرمانانی ١٤٠٣
١٥ی سێپتامبری ٢٠٢٤