پۆلێکی دیکە لە کچان و کورانی خەباتکاری کوردستان بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوون

پاش نیوەرۆی رۆژی دووشەممە ١١ی مانگی رەشەمە لە رێورەسمێکی پرشکۆدا پۆلێکی دیکە لە لاوانی خەباتکاری کوردستان رەسمەن بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوون.

ئەم لاوانە کە پێکهاتوو لە ژنان و پێاوانی خەباتکاری ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوون،لە پەلی کاک” حەمە حوسێن کەریمی” دا رێکخرابوون و پاش کۆتاییهاتنی خۆلی راهێنانی سیاسی و نیزامی لە فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە،لە رێورەسمێکدا بە بەشداری کۆمەڵێک لە هاورێیانی پێشمەرگە پاش وەرگرتنی پێناس و چەکی پێشمەرگایەتی رەسمەن بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوون.

رێورەسمەکە بە سروودی بانگەواز،سروودی رەسمیی کۆمەڵە دەستی پێکرد و،دواتر بۆ رێزگرتن لە  یادی ئازیزی هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان دەقیقەیەک بێدەنگی راگیرا. بە بڵاوکردنەوەی سروودێکی شۆرشگێرانە بێدەنگییەکە شکا و هاورێیانی تازە پێشمەرگە چەک و پێناسی پێشمەرگایەتیان وەرگرت.

بە خوێندنەوەی سروودێک و پەیامێک لە لایەن هاورێیانی تازە پێشمەرگەوە رێورەسمەکە درێژەی کێشا.

لە لایەکیترەوە هاوکات لەگەڵ پەیوەست بوونی ئەو هاورێیانە بە ریزەکانی کۆمەڵە،پۆلێکی دیکە لە کچان و کورانی خەباتکاری کوردستان کە بە بڕینی مەترسییەکانی سنوورەکان،خۆیان گەیاندووەتە بنکەکانی کۆمەڵە و،خوازیاری پێشمەرگایەتین و لە بەشی ” وەرگرتن”ی فێرگە چاوەرێی دەستپێکردنی خولی راهێنانن،بە بۆنەی پەیوەست بوونی هاورێیانی پەلی کاک حەمەحوسێنی کەریمی پەیامێکیان خوێندەوە.

ئەم رێورەسمە بە خوێندنەوەی سروود و پەیامی پیرۆزبایی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵە، لە نێو شایی و هەڵپەرکێی هاورێیانی پێشمەرگەدا کۆتایی هات.

ئەمەی خوارەوە بەشێک لە قسەوباسی دەستپێکی ئەو رێورەسمەیە:

…ئەم هاورێیانە لە هەول ومەرجێکدا چەک پر لە شانازی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە دەکەنە شان،کە پێویستیی بوون و بە هێز بوون و لە مەیدان دا بوونی هێزێکی چەپ و سوسیالیست و شۆرشگێر لە گۆرەپانی سیاسی ئێران و کوردستاندا زۆر بە روونی هەست پێدەکرێ. ئەمرۆ حوزووری کۆمەڵە  و دەورونەقشی کۆمەڵە وەک هێزێکی چەپ و ئازادیخواز لە گۆرەپانی خەبات و سیاسەت لە کوردستاندا رێک  وەک ٤٢ ساڵ لەمەوبەر کە خەباتی خۆی ئاشکرا کرد،زەرورەتێکی مێژوویی و حاشاهەڵنەگرە. چوار دەیە لەوە پێش کۆمەڵە بە ئاشکرا کردنی خەباتی خۆی و هاتنە مەیدان و بە ئامادەبوونی لە مەیدانی شۆرش وسیاسەتی ئەو کاتی کوردستاندا،وەک حیزبێکی پێشەنگ،خەباتکار،مەسئوول و بە بەرنامە،لە ئاڵۆزترین قۆناغەکانی ژیانی سیاسی ئەوکاتی کوردستاندا وەک کەشتیوانێکی شارەزا لە کوردستان رۆڵی گێرا. وەک هێزێکی پەیگیر و لێبراو،وەک پشت وپەنا و متمانە پێکراوی خەڵکی کوردستان،لە هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کوردا زۆر شەفاف و بێ پێچ وپەنا بەرگریی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان کرد. لە شانۆگەری رێفراندۆمی ساڵی ١٣٥٨دا بە بێ هیچ دودڵی و راراییەک بەرامبەر بە حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو خەڵکی کوردستانی بە وەلامی “نا” بۆ کۆماری ئیسلامی یەکگرتوو کرد. ئەمرۆ کە پاش زیاتر چڵ ساڵ بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران بە دانی دەنگی “ئەرێ” بە کۆماری ئیسلامی هەست بە پەشیمانی دەکەن،خەڵکی کوردستان لە ژێر لێکدانەوە و بریاری مێژوویی کۆمەڵەدا بۆ رەدکردنەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەست بە غوروور و سەربەرزی دەکەن کە بژاردەیەکی دروستیان هەڵبژاردووە.

کۆمەڵە ئەو سەردەم بە هەست کردن بە پیلانگێریی کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان،بە بێ دوودڵی بە دامەزراندنی یەکەم فێرگەی راهێنانی پێشمەرگە و فەرماندە نیزامییەکانی لە دارستانەکانی ناوچەی سەردەشت و بە بریاری مێژووی و چارەنووس سازی “گەلی کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدا” بەرنگارییەکی شۆرشگێرانەی دژی هێزی داگیرکەر لە کوردستان رێکخست کە هەتا ئەمرۆش ئەم سەنگەری خەبات و بەرخۆدانە هەر ئاوەدانە و خەلکی کوردستان لەو مەیدانەدا سەربەرزانە لە پێناو مافە رەواکانیاندا خەبات دەکەن و سەرەرای هەموو هێرش و پیلانگێرییەکی دوژمن، خەباتی گەلی کورد لە پێناو ئازادی و سەربەستیدا هەر زیندووە.

بەڵێ هاورێیانی ئازیز! کوردستانی سێکۆلار،کوردستانی خەباتکار،ژنانی سەربەست و تێکۆشەر،کرێکارانی وشیار،ئازادیی هەڵسوورانی سیاسی و دەیان دەسکەوت و پێناسەی مۆدێرن و پیشکەوتنخوازانەی بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستان بەرهەمی بوونی کۆمەڵە وەک حیزبێکی چەپ و ئازادیخوازە کە زۆر سەرسەختانە لە پێناو ئامانجەکانی خەڵکی مافخوراو وزەحمەتکێشی کوردستاندا لە مەیدانی خەباتدا ماوەتەوە. کۆمەڵە خۆی بەرهەمی رەنج و فیداکاری و تێکۆشانی ژمارەیەکی بەرین لە باشترین رۆلەکانی ئەم کوردستانە و،ژمارەیەکی بەرین لە تێکۆشەرانی ئازادیخوازی کوردستانە  کە لە پێناو راگرتنی ئاڵای شۆرشگێرانەی کۆمەڵەدا گیانی ئازیزیان بەختکردووە. کۆمەڵە و ناو و ناوبانگی کۆمەڵە بەرهەمی ماندوو بوون و لە خۆبوردووی هەزاران ئینسانی خەباتکارە کە لەو پێناوەدا بەشێک لە ئەندامەکانی  جەستەیان لە دەست داوە،لە سیاچاڵەکاندا ئەشکەنجەکران و لە سێدارەداران. کۆمەڵە حیزبی خەون وئاواتەکانی بە ملیۆن ئینسانی بەشمەینەت و ئازارچەشتووی کوردستانە.

هاورێیانی تازە پێشمەرگە! ئێوە دەبێ خۆتان بۆ وەرگرتنی وەها ئەرک وبەرپرسیارەتییەکی مێژووی و گرینگ ئامادە بکەن. ئێوە ئیتر ئێستا هەر کامەتان خەباتکارێکی شۆرشی چەوساوەکانی کوردستانن کە خەڵکی تینووی ئازادی لە کوردستان چاوی هیوای لە ئێوەیە. ئێوە لەمرۆوە و بە چەک وبەرگی پێشمەرگانەی کۆمەڵەوە دەبنە پارێزەری هەموو ئەو شانازییانەی کە کۆمەڵە لە پێناو وەدیهێنانیاندا نیوسەدەیە بە خوێن و بە گیان و قوربانیدان دەستەبەری کردوون.

هاورێیان! ناوچەکە ئاڵۆزە وگەلێک گۆرانکاری گەورە و چاوەروانکراو لە پێشە.ئێران وکوردستان چەقی هەر گۆرانکارییەکی ناوچەکەن و، بێگوومان لەوەها بارودۆخێکدا کۆمەڵە وەک حیزبی خەباتکاری خەڵکی کوردستان گەلێک ئەرک وکاری گرینگی لەسەر شانە. ئێوە هاورێیانی تازە پێشمەرگە دەبێ خۆتان بۆ وەها بەرپرسیارەتییەک ئامادە بکەن.

هاورێیان بە خێر بێن بۆ لامان.