لە سێدارەدانی مردوو و هەڵوێستی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ناوخۆ

✍سەیران مستەفازادە

زارا ئیسماعیلی ٤٢ ساڵان بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی خۆی لەلایەن بەناو دادگاکانی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدرانی بۆ دەرچوو و دوای هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی لایەنگرانی مافی مرۆڤ لە ئێران و جیهان و هەروەها رێکخراوە مەدەنییەکانی جیهان لە گرتووخانەی “رەجایی شاری کەرەج” لە سیدارە درا. هاوژینەکەی بە ناوی “عەلی رەزا زەمانیان” لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئیتلاعات بوو. سەبارەت بە هۆکاری کوژرانی هاوژینی قسە و باس زۆرە و دەگوترێت کە ناوبراو لەگەڵ کۆمەڵێک ژن پەیوەندی هەبووە “رەنگە ئەم قسەیە بگەڕێتەوە بۆ پەرەستووەکانی ئیتلاعات” و کوشتنەکەش بە دەستی کچەکی “زارا” روویداوە، بەڵام “زارا” بۆ ئەوەی بتوانێت کچەکەی لە مردن رزگار بکات بۆ خۆی کوشتنەکە گرتە ئەستۆی خۆی.

لە راستیدا کەم سایت و رۆژنامە و گۆڤار ئاماژەیان بە هۆکاری کوشتنی “عەلیڕەزا” بە دەستی ژن یا کچەکەی کردووە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیم بە هەڕەشە و گوشار خستنە سەر ئەو گۆڤار و رۆژنامانە پەردەیان بە سەر راستیەکاندا کێشا. بەڵام هەموو ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە جگە لە یەک دوانێکیان نەبێت ئاماژەیان بەوە دا کە “زارا” بە دیتنی لە سێدارەدرانی ١٤ کەسی دیکە لە ترسان سەکتەی کردووە و مردووە، دواتر تەرمەکەی لە سێدارە دراوە  کە ئەمە خۆی جەنایەتێکە سەرباری تاوانی ئیعدام و تا ئێستا رژیم چەندین جار ئەم شێوە کارانەی کردووە و ئەمە یەکەم جار نییە و دوا جاریشی نابێت.

لەلایەکی دیکەشەوە بەناو دادگای رژیم بە جێگەی ئەوەی باسی هۆکارەکانی کوشتنەکە بکەن  و روونکردنەوە بە خەڵک بدەن، تەنیا راگەیاندنێکیان دا کە لە کاتی لە سێدارەدانی “زارا”دا  ناوبراو نەمردووە و ساغ بووە. یەکێکی دیکە لەو شتانەی کە دەوترێت، ئەوەیە کە گوایە “عەلیڕەزا زەمانیان” ژن و ئەو منداڵەی ژنەکەی ئازار داوە بۆیە کچەکەی بۆ بەرگری لە خۆی و دایکی کوشتوویەتی.

لە پاڵ ئەوەی کە ئەم جەنایەتە بەرهەمی سیاسەتی دەسەڵاتداران و کولتووری نارەوای کۆمەڵگایە، دەبێ ئاماژە بە کاردانەوەی رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئێران بکەین کە زۆر خراپ ئەو تاوانەی دادگا و سیاسەتی رژیمیان پەردەپۆش کردووە و هیچ کام لەوان نەیانویستتووە یان نەیانوێراوە خۆیان تۆزێک ماندوو بکەن و بەدوای راستیدا بگەڕێن و هۆکاری راستەقینەی ئەو کوشتنە بۆ ڕای گشتیی دەربخەن، تەنانەت هیچ کامیان وتەکانی پارێزەری زارا شیان  وەرنەگرتووە و بڵاو نەکردۆەتەوە، کە رەنگە لە زمانی ئەوەوە راستی ئەو کارەساتە بزانن،  کوشتن کەی روویداوە؟ چ کاتێک بووە؟  لە کام گەڕەک و کۆلاندا دەژیان؟ کچی “زارا” سەبارەت بەو کارەساتە چی دەڵێت؟ دراوسێکانی چۆن بیر دەکەنەوە و چییان وتووە؟ “زارا” لە وەسیەتەکەیدا چی وتووە و چۆن بیری کردۆتەوە؟ بنەماڵەی “زەمانیان” سەبارەت بە ژیانی هاوبەشیان چییان وتووە و چی دەڵێن؟ لە هیچکام لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی ناوخۆیی ئێران وەڵامی هیچ کام لەم پرسیارانە نابینی و نادۆزیەوە و هەموویان تەنها باس لە بە مردوویی لە سێدارەدان و هەروەها لە سێدارەدانی ١٦ کەس لە رۆژێکدا دەکەن، کە پیشەی هەمیشەیی حکوومەتی تاوانباری کۆماری ئیسلامییە. هەموان دەزانن کە رژیمی ئیسلامی ، دەیەی شەست لە کەمتر لە مانگێک هەزاران کەسی لە سێدارەدا و ئەوساش هیچ کام لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی ناوخۆ نە تەنها هیچ شتێکیان باس نەکرد بەڵکوو پەردەپۆشی جەنایەتەکانی رژیمیان کرد و وەک هەمیشە بێدەنگییان هەڵبژارد و ئەمەش دەچێتە خانەی ئەوەی کە نە تەنیا رژیم و کاربەدەستانی و دادگاکەی ، بەڵکوو نووسەر و رووناکبیرانی سەربەو حکوومەتەش بەشێکن لەو تاوانانەی کە رژیم لە ئێران ئەنجامی دەدات.