پارەخواردن و ئیختلاس لە شوورای شار و شارەداریی سەقزدا

✍مام ڕەحمان ـ سەقز

دوو ساڵە کە قەیران شورای شار و شارەداریی سەقزی داگرتووە، ئەو ناکۆکی و کێشانە لە ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بەرزتر بووەوە و بووە هۆی دەسلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک لە کاربەدەستان و گیرانی ژمارەیەکی دیکە لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانەوە و دەستێوەردانی دەزاگی قەزایی لە ئەو مەسئەلەیەدا.

هەموو ئەو کێشە و ناکۆکییانەی کە لە پێش چاوی خەڵکی شاری سەقز لەو دوو ناوەندەدا ڕوویان دا نەک لە سەر پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی دانیشتوانی سەقز بەڵکوو شەڕی بەشکردنی سامانی خەڵک و دزی و پارەخواردن بوو کە ئەندامانی پێشوو و ئێستای شوورای شاری والێکرد کە دزییەکانی یەکدی دەرخەن و باسی داگیرکرانی زەوییەکانی شار و فێلکردنی ژمارەیەک لە شارەداران و کاربەدەستانی بەشی شارسازی بۆ وەرگرتنی بەرتیل و دانی زەوی لە ژێر ناوی تەعاونیی بەسیج و کارمەندانی بانک و ئەرتەشدا بکرێ.

ئاستی ئەو ناکۆکی و کێشانەی نێوان ئەندامانی شوورای ئیسلامیی شار ئەوەندە بەرز بوو کە تەنانەت لەسەر دیاریکردنی شارەدار ڕێکنەدەکەوتن و ئەو ناکۆکییانەی نێوان ئەو دوو باند و دەستەیە بووە هۆی ئەوەی دیاریکردنی شارەدار دووساڵی پێبچی و هەر چەند مانگ کەسێکیان وەکوو شارەدار دەناساند کە لایەنی بەرانبەر دزی و بەرتیلخۆری و ئیختیلاسەکانی ئاشکرا دەکرد و ڕێگەی لە بە شارەداربوونی دەگرت. ئەمانە وایکرد کەسێکیان لە بۆکانەوە بە ناوی میرحسامی هێنا و سەرەڕای ئەوەی چەندین ئەندامی شوورای ئیسلامیی شار بەشداری کۆبوونەوەکە نەبوون و باسی زۆر لە سەر گەندەڵی و دزییەکانی ئەو کابرایەش کرا بەڵام لە کۆتاییدا وەکوو شارەدار دیاری کرد و ئێستەش بە کۆڵێک گرفت و کێشەوە لەو پۆستەدا کار دەکا.

کاناڵێکی تێلێگرامی کە دەگوترێ کاربەدەستانی دەزگا ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران بەڕێوەی دەبن بەردەوام باسی ئەو ناکۆکی و باندبازی و کێشانە دەکا کە لە ناو شارەداری و شوورای ئیسلامیی سەقزدا هەیە و هەموو ڕۆژێک بەشێک لەو دزییانە ئاشکرا دەکا و ئەو باسە بێکۆتاییە هەروا بەردەوامە.

جیا لەو نمایش و شانۆیە کە ناوی هەڵبژاردنی شوورای شاریان لێناوە و کەسانێکی دیریکراو تێدا دەبنە ئەندامی شوورای ئیسلامی، دەبێ ئەو خاڵە لەبەرچاو بگرین کە حکوومەت لە دۆخی ئەمڕۆیدا و لە سەدەمێکدا کە هیچ مەشرووعییەتێکی لای خەڵ نەماوە تا دێت خەڵک کەمتر ئامادە دەبن خۆیان لەگەڵ دەسەڵات و دەسەڵاتداران پێناسە بکەن و لەگەڵیان بن و بۆیەش شوورای شارەکانی تا هاتووە کەمتر و کەمتر کەسانی شیا و خۆشناو و شارەزایان تێدا بەدیدەکرێ و لە چەند دەورەی کۆتاییدا لە کوردستان شوورای شارەکان کەوتووتە دەستی کەسانی ناشارەزا و لێنەهاتوو کە سەر بە دەسەڵاتن و توانای بەڕێوەبردنی کارەکانی شاریان نییە و تەنها خەریکی پڕکردنی گیرفانیانن.

هەموو ئەو شەر و کێشانە کە لە نێوان باندەکان و لە ژێر چاوەدێریی دەزگای ئیتیلاعاتی حکوومەت و ناوەندی بەسیجدایە تەنها بۆ دزی و بەرتیلخۆری و داگیرکردنی زەوی و لادانی کەسانی نەبەدڵ و دانانی کەسانی خوازراوی خۆیانە و ئەو باندانە شەڕیان لەسەر ماڵ و سامانی خەڵکە.

هەموو ئەم هەراوهووریایە و دەزگیرکرانی بەرپرسانی شارەداری و شورای شاری پێشو و ئێستە و مانۆڤڕە تەبلیغاتییەکانی دەزگا ئەمنییەتییەکانی حکوومەت نەیانتوانیوە سەرەنجی خەڵک و بەتایبەتی خەڵکی شاری سەقز  ڕاکێشن و خەڵکی وریا و شەریفی کوردستان دەزانن کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی لە شوورا حکوومەتییەکاندا کەسانی سەر بە حکوومەت و بەسیجین و بە فێڵ و لە شانۆیەکدا کە ناوی هەڵبژاردنیان لێناوە دیاری کراون و بۆیە تا کاتێک ئەو شێوازە لە دیاریکردنی کاندیداکان و پەسەندکرانی سەڵاحییەتیان لە لایەن حکوومەتەوە بەردەوام بێ دۆخی شارەدارییەکان و شووراکان هەر وا دەبێ و کاربەدەستانی حکوومەتی لەو دەسەڵاتەیان بۆ دزی و بەرتیلخواردن و داگیرکردنی زەوی و سامانی خەڵک کەلک وەردەگرن.

خەڵکی کوردستان هیوایان بە چاکسازی لەو ئۆرگانە حکوومەتییانە و دامەزرانی کەسانی شیاو و لێهاتوو و جێگەی متمانەی خەڵک نەماوە و دەزانن هەرگیز کەسانێک کە بیر لە ئاوەدانی شار و دێی کوردستان و خۆشبژیویی خەڵک بکنەوە ناگەنە ئەو شوێن و دەسڵاتە و دەزگا ئیتیلاحاتی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ڕێگە نادەن کەسی باش بگاتە ئەو جێگەیە.

بەو جۆرەی وا دیارە ئەم دۆخە هەروا بەردەوام دەبێ و بەرەو خراپی زیاتر دەڕوا و گەندەڵی زیاتر دەبێ و بەو شێوەیەی کە ڕژیم بۆ دیاریکردنی ئەندامانی شوورای شار و کاربەدەستانی دیکە گرتوویەتە بەر خەڵک و شارومەندان زیاتر زەرەرمەند دەبن و شارەکان ئاوەدان ناکرێنەوە و هیچ پێشکەوتنێک مومکین نییە.

بەشداری نەکردنی خەڵکی کوردستان لە شانۆکانی هەڵبژاردنی حکوومەتدا و دەنگ نەدان بە باندە جۆراوجۆرەکانی ڕژیم و بایکۆتی کاربدەستە دز و بەرتیلخۆرەکانی حکوومەت، باشترین وەڵامێکە کە خەڵکی کوردستان دەتوانن بە دزییەکانی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی نادموکراتیک و دژە خەڵکیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بدەنەوە.