١٣٩٩ ساڵێکی دیکەی پڕ لە نەهامەتی بو زەحمەتکێشانی ئێران

✍ئاژوان-سنە

ساڵێک کە تێپەری، ویڕای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ئەو کارەسات و ترسە لەگەڵ خۆی هێنای، ساڵێکی پڕ لە نەهامەتی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان بوو، بۆ ئەو کەسانەی کە ئیتر تواناییەکیان بۆ بەستان نەماوە و چیتر ناتوانن بۆ پاروویەکی نان دە کاژمێر کار بکەن و ئارەق برژێنن، ئەو ساڵەی کە تێپەڕی ساڵێیکی پڕ لە ژان بۆ ئەو دایک و باوکانە بوو کە بە بوونی کۆماری دیکتاتوری ئیسلامیەوە و ئابوورییە بەدناوەکەی کارەکانیان لە دەس داوە و دەرەقەتی هەزینەکانی ژیانیان نایەن و هەر دەم شەرمەساری ئاوات و خواستە بەدینەهاتووەکانی ڕۆڵەکانیان دەبن.

ساڵیک کە تیپەڕی وەک ساڵەکانی پێشوو، ساڵی دڵتەزێن و پڕ لە ڕەنج بۆ مناڵانی بێ دەرەتانی کار بوو، منداڵانێک کە تا چاو دەکەنەوە و هەر لەسەرەتای منداڵییەوە، بێ ئەوەی چێژێ لەو  ژیانە وەر بگرن، ناچارن ڕوو بکەنە شەقامەکان و هەر کامەیان چەرخێک بە دەستەوە دەگرن و دەستەگۆڵێک ،بەستەیەک بنێشت، دەسماڵ کاغەزییەک و … لە بەیانی تا کوو ئێوارە، پیادە بەرەوڕووی کەسانێ دەبنەوە کە دەمێک ساڵە مرۆڤایەتییان لە بیر چووە.

زۆرێک لە خەڵک لە کۆتایی ساڵی ١٣٩٩ و سەرەتایی ساڵی نوێ، تووشی بێهیوایی و نائومێدی بوون. بە خێرایی کارەکانیان لەدەستداوە، و بو کرێ ماڵی ساڵی تازە دلنیگەرانن، هیچ داهاتێکیان نییە، و پارەی تەواویان بۆ دابینکردنی خۆراک لەسەر سفرەکانیان نییە. لە دەوڵەمەندترین وڵاتی ناوچە لە ڕووی سەرچاوە سرووشتییەکانەوە، ملیۆنەها خێزان تووشی برسیەتی ئەبن. نەبوونی ئەمنییەتی خۆراک لە ساڵی پارەوە دوو هێندە بووە، و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستەکانی خۆی .ساڵێک کە تێپەڕی هەر وەک ساڵانی دیکە بۆ چین و توێژە کەمداهاتەکانی کۆمەڵگا پڕاوپڕ بوو لە ستەم و چەوسانەوە لە لایەن سیستمی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار و دەست و پێوەندەکانی کە وەک زاروو دەمیان ناوەتە شاڕەگی خوێنی خەڵک و بە گۆشارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی خستوویانەتە سەر خەڵک بارودۆخێکیان خولقاندووە کە ژیان هیچ بایەخێکی لایان نەماوە. بە پیێ تازەترین ئامار لە سەر ئاست و ڕادەی هەژاری و حەقدەست لە ئێران، ئەو بنەماڵانەی کە لە شارە گەورەکان دەژین و مانگانە داهاتی کەمتر لە ٧ میلیون و ٧٠٠ هەزار تمەن یان هەیە لە ژێر هێڵی هەژاری دان. ئامارێ کە لە لایەن سازمانێکی ڕەسمی وەک تەئمینی ئێجتماعی گۆتراوە و بەراوەرد دەکرێ کە لە ساڵی ١٤٠٠ ئەم ئامارە بگاتە نزیکەی ٩ میلیۆن تمەن بۆ خێزانێکی سێ کەسی. شورای باڵای کار حەقدەستی مانگانەی کرێکارانی لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی ، 2 میلیون و 650 هەزار تمەن راگەیاند. جێگای ئاماژەیە: کە بە پێی بەندی یەک و دووی یاسای کار لە ئێران حەقدەستی کرێکاران دەبێت بە لە بەرچاوگرتنی دوو تەوەر واتا نرخی هەڵاوسانی راگەیندراو لە لایەن ناوەندە فەرمییەکانی حکوومەت و تێچووی مانگانەی بنەماڵەیەکی 4 کەسیی کرێکاری دیاری بکریت. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بانکی ناوەندی ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی رێبەندانی ئەمساڵ نرخی هەڵاوسانی ٨. ٤٩ راگەیاندبوو، لە سەر بنەمای هەمان یاسای حکوومەت ئەو حەقدەستەی بۆ کرێکاران لە ساڵی داهاتوودا دیاری کراوە لە ژێر نرخی هەڵاوساندایە.

بۆیە کاتێ باس لە سەر ڕادەی نەهامەتی ئەم ساڵە دەکەین و ئێژن کە سالێکی سەخت بوو لە بەر ئەوەیە کە بە ڕوونی دیارە کە سفرەی بنەماڵەکان زۆر چکۆلەتر بووە و پێدەچێ بۆ ساڵی ١٤٠٠ لەوەش خراوتر بێت. شایانی وتنە کە لەم ماوەی ڕابردوو دا ڕەوتی بەرزبوونەوەی نرخی شت و مەک  لە هەمووی ئێران بە تایبەت لە کوردستان بووەتە دیارەدەیەکی ڕۆژانە و بەردەوام و هەر ڕۆژە خەڵک لە گەڵ نرخگەلێکی سەیر بەرەو ڕوو دەبن و دوور نییە ئەگەر هەر وا پێش بچێت قەیرانێکی تەواو بۆ ئابووری لەرزۆک و داڕووخاوی کۆماری ئیسلامی و گۆزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش درووست بێت. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە ئەم هێڵی هەژارییە کە سێ بەرامبەری حەقدەستە ئاسەواری زۆر نالەباری لە بوارە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەوە هەیە. بە وتەی پسپۆڕانی ئابووری چینی مامناوەند بە یەکێ لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەشەی ئابووری دەناسرێت و کاتێ چینی مامناوەند زەعیف ئەبێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئابووری بە سەختی بتوانی لە بەرەو پێشکەوتن هەنگاو هەڵگرێت و زۆر ئاسەواری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە. بەم جۆرە و بەم ڕەوتەی کە هەڵاوسان هەر ڕۆژە بەرەو لووتکە هەڵئەکشێت،چینی مام ناوەندیش چکۆلەتر ئەبێتەوە و تێکيڵ بە چینی هەژار و زەحمەتکێشی چەوساوە دەبێت و گرفتەکانی ڕژیم زۆرتر ئەبنەوە. زۆربەی کارمەندا و کرێکاران داهاتی مانگانەیان کەمتر لە ١٠ میلیۆنە و ژێر هێڵی هەژاری دان و بەشێکی زۆریش لە خەڵک بێکارن و لەم دەورانی کڕۆنا هیچ مووچەیەکیان نییە.

” بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە، سیستمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی نەخۆشە، نەخۆشە تا ڕاددەی مردن. نیشانەکانی ئەمە زۆر بە ڕوونی دیارن. لە ژێر ڕووکەشدا. لەهەموو شوێنێک توڕەیی، کینە، بێزاری ، ڕقێکی ئەستووری بەجۆشهاتوو دژ بە سیستمی ئێستا، و دژ بە مۆراڵی پڕ لە ساختەکەی، نادادپەروەری، نایەکسانی بەرگەنەگیراو، بێدەربەستی لە بەرامبەر ئازارەکانی مرۆڤ … هەیە. بەڵام ئێمە گەشبینین بە ئایەندە و دواڕۆژ. گەشبینین کە ئەم دەورانەش و ئەم ساڵانەش تێدەپەڕن و ئاسۆی ڕوون لە بەر ڕێگەمانە.