هەڵەی کوشەندەی ڕژیمی ئیسلامی لە ناوچەکە و هاتنی هیزە توندئاژووەکان
حەمەی حەکیمی
هێگل دەڵیت: هەموو رووداوە توندوتیژیەکان، لە ڕاستیدا دوو جار، لە دوو کەسایەتی جیاوازدا لە دایک دەبن. هەڵبەت هێگل باس لەوە ناکات کە ئەم کەسایەتیانە جاری یەکەم وەک تراژدی و جاری دووهەم بە شێوەی گاڵتەجار “کومێدی” دێنەوە جیهان و مێژوو ناچار دەبێت ئەو کارەساتە دووبارە بکاتەوە. سەرەتا ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، خومینی بە کۆمەڵێک دروشمی بریقەدار دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت و ئێستاش لە سوریە “جولانی” بە هەمان شێوەی خومینی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و مێژوو نە تەنها بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو سوریە دووپات دەبێتەوە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هێڵێکی مێژوویی ناسکدا تێدەپەڕێت، سەیری هەر شوێنێکی ئەم ناوچە دەکەیت قەیران بەرۆکی گرتووە و هێزی توندئاژوی ئیسلامی وەک “داعش، ئەلقاعیدە، تەحریری شام، حەماس و حزبوڵڵا و…” سەریان هەڵداوە یا خەریکە سەرهەڵدەدات و ناوچەکەیان بە گشتی کاولکردوە. بەرچاوە قەیرانی گەورەتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێدایە و ئاڵوگۆڕەکان زۆر بە خێرایی لە ناوچەکە ڕوو دەدن و مۆنۆگرافی و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی دەگۆڕدرێت. دەسەڵاتی “ئەسەد، ئێران و روسیا” سوریەیان کاوڵکرد و بە وتەی “کڵاو سپیەکانی” سوریە، شار و ئاوایەکانی ئەو وڵاتە کە سەردەمانێک پڕ بوون لە ئاوەدانی، ژیان، ئاوات و هیوا، ئێستا لەلایکەوە بە هۆی ماشینی شەڕی “ئەسەد و هێزە توندئاژوەکانی سەر بە وڵاتی تورکیە” بووەتە وڵاتێکی کاول و تژی لە بیرەوەری ناخۆش و لەلایکی دیکەوە ڕژیمی ئیسلامی ئێران لەمپەرێکە لە بەردەم دێمۆکراسی و سەقامگیری لە ناوچەکە و بەشێکی بەرچاو لە کێشەو ئاڵۆزیەکانی، سەرچاوەکەی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانە و هەر ئەوەش وایکردوە کە ناوچەکە تووشی قەیرانی زیاتر ببێت.
هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەموو شتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕی و حەماس بە گشتی لە ناو چوو، حزبوڵڵا وەها زەبرێکی خوارد کە ڕەنگە بۆ دەیان ساڵ نەتوانێ پشتی خۆی لە ژێر باریدا ڕاست بکاتەوە. دوای ٧ی ئۆکتوبر و کوشتن و بە دیل گرتنی سەدان کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە، شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و هێزە بریکارەکانی سەر بە ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە دەستی پێکرد. خامنەیی رێبەری ڕژیمی ئیسلامی ڕاشکاوانە پشتگیری حەماسی کرد و ئەو هێرشەی بە شکەستی گەورە و لە ناوچونی ئیسرائیل شرۆڤە کرد، زۆری پێنەچوو “ئیسماعیل هەنیە” ڕێبەری حەماس لە تاران پایتەختی سێدارە و مەرگ، لەلایەن ئیسرائیل و بە یارمەتی سیخوڕەکانی ئەو وڵاتە لە شوێنی حەوانەوەی سەر بە سوپای ئێران کوژرا و شەڕ لە ناوچەکە چووە قۆناغێکی دیکەوە. بە شوێن ئەوەدا حزبوڵڵا ناوە ناوە درون و موشکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر لوبنان و سەرکردایەتی ئەو هێزە ناحەز و ترسێنەری لە ناو برد. بە چەشنێک کە وای لێهات هیچ ئەندامێکی حزبوڵڵا نەیدەوێرا ببێتە جێگری “نەسروڵڵا”! لەم نێوانەشدا ئێران و ئیسرائیل چەن جار هێرشی درۆنی و موشەکیان بۆ سەر یەک ئەنجام دا.
یەکێک لەو شوێنانەی کە ڕژیمی ئیسلامی ئیران دەیان میلیارد دۆلاری لە ساڵی ٢٠١١وە بۆ تەرخان کردبوو سووریا بوو کە لە ماوەی ١١ ڕۆژدا لەلایەن “تەحریروشام” _ هێزیکی ناشرینتر لە “ئەسەد”_ داگیر کرا و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەگەر تا دوێکە ئێران لە ڕێگەی سوریاوە ببووە هاوسێی ئیسرائیل، ئێستا ئەو ڕێگە بڕاوە و بە هاتنی “ترامپ”یش جارێکی دیکە گەمارۆکان بۆ سەر ئێران زیاد دەکات و وردە وردە ڕژیمی ئیسلامی گۆشاری زیاتری ئابووری دەبینێت و هەروەها پشتگیری و پشتیوانی هێزە بریکارەکانی بە گشتی لە دەستداوە. بە چەشنێ کە تا ئێستا ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە ماوەی تەمەنی نگریسی خۆیدا توشی دۆخیکی وەها خراپ نەبووە.
لە ناوخۆی وڵاتیش بەشی ئابووری ئێران قوربانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بووە، هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و داڕمانی بەشی هەناردەکردن، بەرزبوونەوەی هەژاری و… وایکردووە تەنانەت لە ناو بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسانی سەرەکی رژیم باس لە ڕاپەڕینی خەڵک دژی خۆیان بکەن. ئەمە هەمووی ئاکامی ئەو سیاسەتەیە هەڵەیە کە ڕژیم لە ناوچەکە بەتایبەت لە سووریا و بەربەرەکانێی لەگەڵ ئیسرائیل و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهاندا ئەنجامی داوە و دەدات. ڕژیم بە جێگەی ئەوەی کێشەکانی لە ناوخۆدا و لە ڕیگەی خەڵکەوە چارەسەر بکات، بۆ هاوسەنگیی دارایی خۆی خەریکە نرخی شتومەکەکان دەباتە سەرەوەو ڕۆژێ نان، ڕۆژێ بەنزین و ئێستەش بێ کارەبایی و بێ ئاوی لە پاڵ هەڵاوسانی پتر، چنگیان ناوەتە قۆڕگی خەڵک و خەریکە دانیشتووانی ئێران بە گشتی دەخنکینێت. خەڵک چیدی بەرگەی ئەو هەموو نەهامەتییە ناگرێت.
لە ڕاستییدا ڕژیمی ئیسلامی ئێران ئێستا لە خراپترین دۆخی خۆیدایە و دۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی ئەم ڕژیمەی لاواز کردوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هەلێکی مێژوویی بۆ خەڵک ڕەخساوە بۆ تێپەڕاندن و لەناوبردنی ڕژیمی ئیسلامی. مسۆگەرە دوابەدوای نەمانی ئەم رژیمە ئاسودەیی نە تەنها بۆ ئێران بەڵکوو بۆ هەموو ناوچەکە دەگەڕێتەوە.