هەوڵ بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان ئەرکی هەموومانە

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی مانگی ئۆکتۆبر هەواڵی تاوانێکی گەورە شاری سنە و هەموو کوردستانی هەژاند. کچێک لەئاکامی سووتانی جەستەیدا پاش ماوەیەک مانەوە لە خەستەخانە، گیانی لەدەستدا. بە بێ ئەوەی وردەکاریی هەواڵەکە و ناوی تاوانبارەکە بزانین بە ڕوونی دەیبینین کە ئەمە خەسارێکی کۆمەڵایەتیە و برینێکی قووڵ لە جەستەی کوردستان و پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی کۆمەڵگاکەمانەوەیە. ئەمە نە یەکەمین کارەساتی لەو جۆرەیە و نە بەداخەوە دواکارەساتە. لە کۆمەڵگای سوننەتیی کوردستاندا کە ڕوانینی باوکسالارانە ڕوانینی زاڵی کۆمەڵگایە و دەسەڵاتی زاڵ بەسەر کوردستاندا کە دەسەڵاتێکی دواکەوتووی گشتخوازی ئایینییە و یاساکانی لە بنەڕەتدا نایەکسان و دژە ژنن و ئایینی زاڵی کۆمەڵگاش پشتیوانی لە باوکسالاری دەکا و بەهێزی دەکا و بەڵگەی “ئاسمانیی” بۆ دێنێتەوە، وەها کارەساتهایەک بەردەوام ڕوو دەدەن.

تا کاتێک کە پیاوانی بە تەمەنی کۆمەڵگا خۆیان بە خاوەنی ژنان و منداڵان بزانن و ئەوان بە مڵک و دارایی خۆیان بزانن، ئاساییە کە هەر جۆرێ لادان لە یاسا و ڕێساکانی باوکان وەکوو هەڵەیەکی نەبەخشراو چاوی لێدەکرێ و سزای بۆ دیاری دەکرێ.

بۆ گۆڕینی ئەم دەورە باتڵە و  دەربازبوون لەم بازنە داخراوە خوێناوییە، کۆمەڵگا و دەسەڵات و تاک ئەرکدارن و تەنها بە هەوڵێکی بەرین و بەرنامەی درێژخاین دەتوانین هیوادار بین کە لە داهاتوودا ئەو جۆرە ئاکارانە دەگمەن بن و تاوانبارەکانیشیان سزای شیاو لە چاو تاوانەکەیان و یارمەتیی پێویست بۆ گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگا وەرگرن.

لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا کە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی داگیرکاری ئیسلامیی ئێراندایە، دەسەڵات نەک هەر هیچ هەوڵێک بۆ نەمانی ئەو خەسارە کۆمەڵایەتییە نادا بەڵکوو خۆی یەکێک لە سەرچاوەکانی بەهێزبوونی بیری باوکسالارە و ئەوە نەک یارمەتیی خەڵکی نائاگا و نەشارەزا بە مافی ئینسان نادا بەرەو وشیاری و ناسینی مافی تاک و ڕێزگرتن لە مافی تاک، بەڵکوو لە ڕەوا بوونی بۆچوون و ڕوانینەکەیان دڵنیایان دەکا. یاساکانیش بە پشتیوانی لەو ڕوانینە، تاوانباران سوورتر دەکەن لەسەر بەردەوامبوونیان لەو جۆرە ئاکارە.

کەواتە ئەرکی چارەسەری ئەو خەسارە تا ڕادەی مومکین، دەکەوێتە سەر تاکە وشیار و یەکسانیخوازەکانی کوردستان کە هەم وەکوو تاک و هەم بە شێوەی ڕێکخراوی مەدەنی و هەم لە شێوازی حیزبی سیاسیدا ئەرکدارن و دەبێ بۆ ڕەواندنەوەی ئەو تەمە لە سەر چاوی کۆمەڵگا تێبکۆشن و کۆمەڵگا بەرەو داهاتووی یەکسانیخوازی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و لەم حاڵەتەدا مافەکانی ژنان بەرن.

حیزبە سیاسییە پێشکەوتنخوازەکانی کوردستان و لە سەرەوەی هەموویان حیزبە چەپەکانی کوردستان دەبێ خاوەن بەرنامەیەکی تۆکمەی دیاریکراو بۆ کاری یەکسانیخوازانەی ئەمڕۆ و داهاتوو بن و هەوڵێکی چڕ و جیددی بۆ نیشاندانی گرینگیی ئەم پرسە بخەنە گەڕ و لەوبوارەدا پێویستە وەکوو حیزبێکی فیمینیست مەسئەلەی ژنان ئەرکی هەموو تاکەکانی حیزب و بەشێکی سەرەکیی کاری هەموو ئورگان و دامەزراوەکانی حیزبەکان بێت. هەوڵ بۆ ڕۆشنگەری و کار بۆ بڵاوکردنەوەی بیری یەکسانیخوازانە و جێخستنی مافەکانی ژنان و هەموو جنسییەت و مەیلە جینسییەکان لە چوارچێوەی گشتیی مافی مرۆڤدا، ئەرکێکی سەرەتایی و لە ئەستۆی هەر حیزبێکە کە خۆی بە پێشکەوتنخواز دەزانێ. ئەو ڕوانینە لە خودی حیزبەکاندا دەبێ جێگیر بێ و کاری جیددی بۆ بردنە ناو کۆمەڵگا لە ڕێگەی ئۆرگانە تەبلیغییەکان و بڵاوکراوە و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنەکانەوە بکرێ. بە گشتی هەموو بەشەکانی حیزبێکی یەکسانیخواز و بڕوامەند بە مافی یەکسانی ئینسانەکان دەبێ بەشێکی تواناکانیان بۆ کاری یەکسانیی مافەکانی ژن و پیاو و ڕەگەزەکانی دیکە تەرخان بکەن و ڕوانینی یەکسانیخوازانە ڕوانینی زاڵ بە سەر هەموو چالاکییەکانیاندا بێت.

ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی دیکەش ئەرکێکی نزیک لە حیزبەکانیان هەیە و لە بنەڕەتدا کارەکە هەمان کارە بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتی دواکەتووی ئیسلامیی ئێران بەرەوڕوون دەبێ ڕێگە و شوێنی تایبەت بگرنە بەر کە وێڕای درێژەدان بە چالاکییەکانیان بتوانن کاریگەر بن و کۆمەڵگا بەرەوپێشەوە بەرن. نموونەی گرووپە شاخەوانییەکان کە خەڵک بە بێ لەبەرچاوگرتنی جنسییەت تێیاندا بەشدارە و لە بۆنەکانی تایبەت بە ژناندا چالاکن و دوروشم و هەڵسووڕانیان لەسەر مافی یەکسانی ئینسانەکان هەیە، نموونەیەکی باش لەو کارانەن کە سەرەڕای دۆخی ئەمنییەتیی کوردستان کاریگەریی باشیان هەیە و تابوو شکێنن. لە ڕاستیدا مەسئەلەی بەزاندنی ئەو سنوورانە کە مرۆڤەکان دابەش دەکەن و مافی زیاتر بە بەشێک و کەمتر بە بەشێک دەدەن خاڵێکی گرینگی ئەو جووڵانەوە مافخوازانەیە. هەوڵ بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاریی کۆمەڵگا لە هەر ڕێگەیەکەوە دەکرێ و باسکردن لە ماف و ئازادییەکانی ئینسان و یەکسانیی ئینسانەکان گەورەترین کارێکە کە دەتوانێ داهاتوویەکی مرۆڤانی بۆ کۆمەڵگا دەستەبەر بکا. ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکانی مەدەنی دەتوانن لەو بوارەدا خزمەتی گەورە بە کۆمەڵگا بکەن.

ئەو تاکانەی کۆمەڵگای کوردستانیش کە خەم بە داهاتووی وڵاتەوە دەخۆن و کۆمەڵگایەکی مرۆڤانی و دوور لە ستەم و نایەکسانییان دەوێ دەتوانن و دەبێ هەر لە ئێستاوە دەوری خۆیان بگێڕن. تاکە بەرپرسەکان زەمانەتی داهاتووی گەشی کۆمەڵگان. هەموو تاکێک دەتوانێ لە شوێنی ژیان و کاری خۆیەوە دەسپێبکا و هەوڵ بدا خۆی و ئاڵقەی نزیکی دەورووبەری فێری مرۆڤدۆستی و ڕێزگرتن لە مافەکانی ئینسانەکان و بەڕەسمی ناسینی جیاوازییەکان و مافی یەکسانی تاکەکانی کۆمەڵگا بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز و ڕەنگی پێست و پێگەی کۆمەڵایەتی و … بکا. منداڵانێک کە لە ماڵێکی پڕ لە ڕێز و خۆشەویستیدا پەروەردە بن، منداڵانێک کە هەر لە تەمەنی کەمەوە فێری ڕێزدانان بۆ هەموو ئینسانێک بە بێ جیاوازی بن، منداڵانێک کە خۆیان ڕێزیان لێبگیرێ و نەک وەک کوڕ و کچ و بە جیاوازییەوە بەڵکوو وەکوو ئینسان و بە یەکسانی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێ، ئاسۆی ڕوونی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و یەکسان و ئینسانی بەدیاری دێنن.  منداڵەکانمان دەبێ فێر بن کە تەنها ئینسان بوون بۆ خاوەن ڕێز بوون بەسە و هیچ کەس لە بەر جیاوازییە بیۆلۆژیکییەکانی لە هیچکەسێکی دیکە باشتر و بەڕێزتر نییە.

بە هەموومان دەتوانین کۆتایی بەم ئازارە قووڵەی کۆمەڵگا بێنین و ئەو پەڵە ڕەشە لە نێوچاوانی کوردستان بسڕینەوە.