هەواڵێکی داچڵەکێنەر یان ڕووداوێکی چاوەروان‌کراو؟

✍شارام وەحدانی

لە ناوەراستی مانگی ئاگۆستی ئەمسالدا تاڵەبان توانی دەست بە سەر شاری کابول و بەشی هەرەزۆری وڵاتی ئەفغانستاندا بگرێت کە لە ئاکامدا کۆماری ئیسلامیی ئەفغانستان بە سەرۆکایەتی ئەشرەف غەنی داڕما و سەرۆک کۆماریش بەر لە گەیشتنی تاڵەبان بە پاساوی بەرگرتن بە شەڕی ناوخۆیی وڵاتی بە جێهێشت و دەسەڵات و دیوان مایەوە بۆ پیاوە دیندارەکانی تاڵەبان.

ساڵی ١٩٩٦ لە دوایین ڕۆژەکانی مانگی سێپتامبردا، هەر لەم وەرزەدا،  لەوپەڕی ناباوەریدا هێزەکانی تاڵەبان توانییان شاری کابول پێتەختی ئەفغانستان بگرن. ئەو کاتەیش دوای هاتنی تاڵەبان دەوڵەتی  بۆرهانەدین ڕەبانی رووخا و ناوبراو دەسەڵاتی بە جێ‌هێشت و لە مەزار شەریف گیرسایەوە کە دواتر ئەوناوچەیش کەوتە ژێر ڕکێفی تاڵەبان و رەبانی بە ناچار ڕووی کردە دەسەڵاتدارانی ئێران کە لە تەواوی ساڵەکانی شەردا پشتیوان و یارمەتیدەری ڕەبانی بوون. هێزەکانی ئەحمەد شا مەسعوودیش کە چەندین مانگ بوو لەسەر بەدەستەوەگرتنی کۆنترۆلی شاری کابول لەگەڵ ‌هێزەکانی دەوڵەتی ڕەبانی دەستەویەخە بوون، دوای هاتنی تاڵەبان بەرەو دەڕەی پەنجشێر کشانەوە و شارێکی وێرانیان لە دوای خۆیان بە جێهێشت. پێویستە ئاماژەی پێ بکەین کە بورهانەدین ڕەبانی و ئەحمەد شاه مەسعوود هەر کامەیان سەرۆکایەتی باڵێک لە مۆجاهدینی ئیسلامییان وەئەستۆ بوو  کە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت و پاش ڕووخاندنی دەسەڵاتی دوایین سەرۆک کۆماریی سەر بە بەرەی  چەپ واتە دوکتور نەجیب ئەحمەدزی، لەسەر دەسەڵات لە شەڕێکی ماڵوێرانکەر تێوەگلان کە ئاکامەکەی بوو بە سەرکەوتنی تاڵەبان. دواتریش ڕەبانی بە دەستی تاڵەبان کوژرا و ئەحمەدشامەسعوود تەنیا دوو رۆژ بەر لە هێرشەکانی رۆژی یازدەی سێپتامبر بۆ سەر شاری نیۆیۆرک هەر لە لایەن ئەڵقائدەوە ترۆر کرا.

بە گشتی هێزە سەرەکییەکانی ئەفغاستان لە شەڕی دژ بە هێزەکانی سۆڤیەت و دەوڵەتی چەپی سەر بە سۆڤیەت لە باڵە جیاوازەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی پێکهاتبوون کە هەموویان شان بە شانی یەکتر دژ بە دەسەڵاتی حزبیی دێموکڕاتیکی خەلکی ئەفغانستان  لە یەک سەنگردا بوون. حزبی دێمۆکراتیکی خەڵک بۆ مانەوە و پاراستنی دەسەڵاتی خۆی جگە لە یارمەتی ماڵی و لۆژستیک، ناچار بوو ڕێگە بۆ هێزە چەکدارەکانی سۆڤیەت بکاتەوە، کە هاتنی هێزەکانی سۆڤیەت بوو بە هەوێنی ڕێکخستن و سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی بەرین کە پشتیوانی بەربڵاو و هەمەلایەنەی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمریکای لە پشتەوە بوو. هاتنی ئەرتەشی سووری سۆڤیەت، ئەفغانستانی بەرەو شەڕی ناوخۆیی برد. شەڕێک کە دە ساڵی خایاند تا هێزەکانی سۆڤیەت ناچار ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت و سێ ساڵی دیکەیش درێژەی کێشا تا کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی دوایین کۆماری سکولار و سەر بە بەرەی چەپ لە ئەفغانستان. بەڵام شەڕ هەر تەواو نەبووە، هەتا هاتووە ئەو وڵاتە بەرەو ناسەقامگیری زیاتر و وێرانی هەنگاوی هەڵگرتووە.

ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٩٤ لە گەرمەی شەری ناوخۆیی ئەفغانستاندا ژمارەیەک چەکدار بە دروشمی جەهاد و پێکهێنانی ئەمارەتی ئیسلامی، پەیڕەوکردن و دابەزاندنی یاساکانیی قۆرئان و ئیسلام گەیشتنە ناوچەی سپین‌بولدەک هەڵکەوتوو لە باشووری ئەفغانستان، سەربە ناوچەی قەندەهار. ئەوان بە ناوی بزووتنەوەی ئیسلامیی تالەبان خۆیان دەناساند و لەو بڕوایەدا بوون کە هەرکەس لە ڕێگەی جەهاددا بکوژرێت دەچێتە بەهەشت و هەر بەو هۆیە توانییان لە ماوەیەکی کورتدا سەرەنج و پشتیوانیی خەڵکێکی زۆر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. ئەوە چیرۆکی یەکەم سەرهەڵدانی گرووپێک بوو کە کەمتر لە دوو ساڵی خایاند تا بگەنە ئەرگی دەولەت لە کابول و دەسەڵاتی ئەفغانستان بەدەستەوە بگرن.  ئەگەر زۆر دوور نەچین دەتوانین وا بێژین کە نەهامەتی‌یەکانی ئەفغانستان لەو ساتەوە دەستی پێکرد کە کودتا لە دوای کودتا دەسەڵات لە کابول دەستاو دەست دەکرا و ئەفغانستان لە گەرمەی شەڕی سارددا لە نێوان دوو بەردئاش‌دا بەرەو ناسەقامبوون و دۆخێکی دژوار هەنگاوی هەڵدەگرت. لەلایەکەوە بزووتنەوەیەکی چەپ بریتی لە خوێندکاران و مامۆستایان و رۆشنبیرانی ئەفغانستانی سەری هەڵدابوو کە چاو لە دەستی مسکۆ بوون بۆ یارمەتی وەرگرتن و پێکهێنانی دەسەڵاتێکی سکۆلار و دێمۆکراتیک. لە لایەکی دیکەشەوە وڵاتێکی دواکەوتوو لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە بەستێنێکی ئامادە بوو بۆ گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی ئیسلامی بەرین کە وڵات بەرەو هەڵدێر ببات.

هەل ڕەخسا و حزبی دێمۆکڕاتیکی خەڵک  لە دوای کودتایەکی خوێنین دژ بە داوود خان کە ئەویش خۆی لە ئاکامی کودتایەکی هاوشێوەدا هاتبووە سەرکار، دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت. دەوڵەتی کودتا  لە دوای سەرکووتی نەیارانی خۆی، بە خێرایی  دەستی دایە هەندێک رێفۆرمی بنەڕەتی و سکولاریزە کردنی کۆمەڵگە کە لە لایەن زۆربەی دانیشتووانی ئەفغانستانەوە پێشوازی لێ نەکرا و بەرپەرچ درایەوە. جارێکی دیکە مێژوو سەڵماندی کە پێکهێنانی سۆسیالیسم لە کۆمەڵگەیەکی کۆنەپارێز، نەخوێندەوار و لادێ نشیندا  کە هێزە بەرهەم هێنەرەکان (بریتی لە مرۆڤ و کەرەستەکانی بەرهەم هێنان) گەشەیان نەکردووە کارێکی ئەستەمە. سەرباری ئەوەش ململانێی نێوان باڵەکانی حزبی دێمۆکڕاتیک (دوو باڵیی خەلکییەکان و پەرچەم) دۆخەکەی رۆژ لەدوای رۆژ ناسەقامگیرتر دەکرد. جگە لە چینی ناوەندی دانیشتووی کابول، بەشی هەرەزۆری ناوچەکانی دیکە کە بریتی بوون لە دێهاتەکان و شارە بچووکەکان لەگەڵ بڕیارەکانی دەسەڵات وەکوو خوێندن بۆ کچان، ناوەرۆکی ناتەبای پەروەردە لەگەڵ ئایینی ئیسلام، ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو دژایەتییان دەکرد. هەروەها دوژمنایەتی وڵاتانی دراوسێ وەکوو ئێران و پاکستان کە پێناسەیان دژایەتی چەپ بوو لە قووڵبوونەوەی قەیرانی ئەفغانستاندا کاریگەر بوون. ئەو چاکسازییە کە لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوە دەچوو، بە هۆی نەبوونی بەستێنی ئامادە و سازگار بە هەند وەرنەگیرا و کاردانەوەی بەرینی کۆمەڵایەتی لێ کەوتەوە .بۆ نموونە هەناردنی زۆرەملی کچان بۆ خوێندن و دروشمی بەرابەری ژن و پیاو لە کۆمەڵگەیەک کە بە تووندی باوەرمەند بە کەلتووری ئیسلامی بوو، بە پێچەوانەی چاوەروانییەکان بوو بە بەستێنێک بۆپەرەسەندنی ڕەوتە ئیسلامییەکان لە ئەفغانستان. ئەوەش نابێت لە بیر کەین کە سەردەم سەردەمی شەری سارد بوو. نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم بە تەواوی مەودایەک بوو کە ململانێی نێوان دوو زلهێز واتە ئەمریکا و سۆڤیەت لە لووتکەی خۆیدا بوو، شەڕێک کە دنیای بە سەر دوو جەمسەری سەرمایەداری و سوسیالیسم*دا دابەش کردبوو. دەستەبەرکردنی دەسەڵات  لە لایەن هێزێکی سەر بە سۆڤیەت لە وڵاتێکی گرینگ لە بواری ژئۆپۆلێتیکەوە وەکوو ئەفغانستان، ئەو وڵاتەی کرد بە شوێنی ململانێی دوو زلهێزی ئەوکات.  ئەو بابەتە لە بارەی ئێرانیشەوە تا ڕادەیەک درووستە. ئێران لە سەردەمی ڕەزاشاوە تا کۆتایی پاشایەتی مەحەمەدڕەزا، بەرەو مۆدێرنیسمێک هەنگاوی هەڵدەگرت کە لە سەرەوە دیکتە کرابوو. مۆدێرنیسمی پەهلەوییەکان بە هۆی بنەڕەتی نەبوون، ناگشتگیری (واتە هەموو وڵاتەکەی نەدەگەرتەوە)، ڕووکەشی بوون و ناهاوئاهەنگی ئەو پێشکەوتنە لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە وای کرد کە لە دوای سەرهەڵدانی ساڵی هەفتاو نۆ، ئیسلامییەکان دەسەڵاتییان دەستەبەر کرد واتە  ئاکامەکەی پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بوو.

لە ئەفغانستان هەموو هەوڵەکان دەرەکییەکان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەر بە سۆڤیەت کەوتنە گەڕ و بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئەو مەبەستەش کێ لە ڕەوتە ئیسلامییەکان باشتر بوو کە تا سەر ئێسقان دژ بە چەپ و کۆمۆنیزم بوون؟ لە ئێرانیش سازماندان و چالاکی هێزە چەپەکان تا دەهات بەرتەسکر دەکرا و چەندە کۆمۆنیسم بڤە بوو، هەر بەو ڕادە دەستی لایەنە ئیسلامییەکان بۆ کار و چالاکی و ڕێكخستن ئاوەڵە بوو. بەهێزبوونی ئیسلام و ڕەوتی ئایینی لە لای وڵاتانی رۆژئاوایی و دەسەڵاتە ناوچەییەکان وەکوو تەنیا ڕێگەی کارا بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرگرتن بە گەشەی بیرۆکەی ئازادی، بەرابەری، یەکسانی و دێمۆکراسی دەناسرا و بەکار دەهات. هەرچەند لایەنە ئیسلامییەکان لەگەڵ پێوەرەکانی رۆژئاوا وەکوو  لیبرالیسم و پێناسەکانی ئابووری سەرمایەداریش ناسازگارن و کۆماری ئیسلامی یان تاڵەبان لەگەڵ رۆژئاوا ناتەبان و بە کردەوە دژ بە یەکترن، بەڵام لە کۆمەڵگەی دینمەدار و ئایینیی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناویین، بەستێن بۆ سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕەوتە ئایینییە ئامادەیە، ئەوە ڕاستییەکی تاڵە. بۆ رۆژئاوا و ئەمریکا  لە نێوان دوو هەڵبژاردەی چەپ یان دەسەڵاتێکی ئایینیدا، ڕەوتی ئایینی جێگرەوەیەکی باشتر دێتە ئەژمار.

١٥ی ئاگۆست هێزە ئیسلامییەکانی تالیبان، دوای ٢٠ ساڵ دووبارە کابول پێتەختی ئەفغانستانیان گرت، دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی ئەشرەف غەنی هەڵوەشایەوە. ئەو هەواڵە بۆ زۆرێک لە خەڵک داچڵەکێنەر بوو. بەڵام ئایا بەڕاستی تاڵەبان لەو وڵاتە بنەبڕ کرابوون و ئێستا دووبارە سەریان هەڵداوەتەوە؟

ئەفغانستان لە کاتێکدا سەری بۆ دەسەڵاتی تاڵەبان دانەواند کە خاوەن ئەرتەشێکی تۆکمەی چەند سەد هەزار کەسی بوو، بەڵام ئەو هێزە توکمە تەنانەت یەک ڕۆژ لەبەرامبەر تاڵەباندا بەرگری لە کابول نەکرد. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هاتنی لەناکاوی تاڵەبان  و خۆبەدەستەوەدانی یەکجاری و خێرای ئەرگی کابول، تەنانەت ئەمریکا و هێزە رۆژئاواییەکانی تووشی شۆک کرد. ئەوان هەستیان بە جێگەی و پێگەی تاڵەبان کردبوو هەر بۆیەش هەم  دەوڵەت و هەم ئەمریکا زیاتر لە یەکساڵ بوو کە سەرقاڵی وتووێژ لەگەڵ تاڵەبان بوون تاکوو بە شێوەیەکی دوور لە شەڕ بتوانن پرۆسەی بەشداری ئەوان لە دەسەڵاتتدا هەموار بکەن. بەڵام خێرایی پرۆسەکە و گەڕانەوەی تاڵەبان تەنانەت یاریزانانی سەرەکیی سێناریۆکەی تووشی سەرسووڕمان کرد.

چیی وای کرد کە کۆمەڵگای ئەفغانستان ئاوا لە بەرابەر گەڕانەوەی تاڵەبان بۆ سەر دەسەڵات پاسیڤ و خەمسارد بێت؟ دیارە کە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای ئەفغانستان لەگەڵ هاتنەوەی ئەوان بۆ سەر دەسەڵات نەبوون و ئەوەش زۆر ئاساییە. سەرەڕای گەندەڵی و ناکارامەبوونی دەوڵەتی پێشووی ئەفغانستان بۆ هەر چاودێرێکی ئەمڕۆیی تاڵەبان خراپترین هەڵبژاردە و جێگرەوەیە. تاڵەبانێک کە لە دەوری پێشوودا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٦ تا ٢٠٠١ ڕۆخسارێکی وەها ڕەش و دڕندەی لە خۆ نواند کە مرۆڤ تووشی سەرسووڕمان دەبێت کە وەها گرووپێک بەو کارنامەوە بتوانێت دیسان سەرەنجی خەڵکانێک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت؟

دیارە کە لە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان بە ناو کۆمارێک دامەزرا کە لە مانای دێمۆکراسی بەتاڵ بوو بەو واتا کە کۆ کردنەوەی ئایینی ئیسلام و دەسەڵاتێکی کۆماری یان خەڵکی کۆکردنەوەی دوو واتا و مانای دژ بە یەکن.  کۆمار یان دەسەڵاتێکی خەڵکی، بەو مانایە کە دێمۆکراسی و سکولاریسم بنەما بێت. هەر تاکێک بتوانێت خۆی بۆ خۆی دیاری بکات کە چۆن بژی، چۆن بیر بکاتەوە و خۆی بڕیاردەری خۆی بێت. ئازادی ڕادەربڕین و بیر و بۆچوون هەبێت. بەڵام ئایین بە تایبەتی ئایینی ئیسلام خاوەنی یاسا و ڕێسای تایبەتی و نەگۆڕە کە ڕێگرە لە ئازادی مرۆڤ. ساڵی ٢٠١٥ لە کابول فەرخوندە لەوپەڕی بێ‌بەزەییدا کوژرا و ئاگریان لە جەستەی بەردا، تەنیا لە پێناو هەواڵێک کە گوایە سووکایەتی بە دین و کتێبی ئاسمانی کردووە. ساڵانێکە هەزاران  لاوی خەڵکی ئەفغانستان لە ژێر ئاڵای لەشکەری فاتمیوندا لە بەرەکانی شەڕی سوریەدا بەشدارن و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی خەریکی جەهادن. بە دەیان ژن و کچ لەو وڵاتەدا ڕۆژانە لەگەڵ تووندوتیژی بەرەوڕوون کە خۆی سەرچاوەی لە ئایینێک گرتووە کە بە هیچ شێوازێک پابەند بە مافی یەکسان لە نێوان مرۆڤەکاندا نییە و  ژن لە پلەیەکی خوارتر لە پیاو دەبینێت. ئازادی ڕادەربڕین لەو ئایینەدا مانای نییە کە سەر تا پای بە پیرۆز کراوە و کەس بۆی نییە لەسەری بدوێت. کۆمەڵگەی ئەفغانستان بەداخەوە لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوودا هەتا رۆیشتووە بەرەو ئایینی‌بوونی زیاتر هەنگاوی هەڵگرتووە. لە ٢٠ ساڵی رابردووشدا هەرچەند لە ڕووکەشدا بەرەو مۆدێرن بوون هەنگاوی ناوە بەڵام بە هۆی نەبوونی یاسا و ڕێسا و پەروەردە و سیستەمێکی سکولار و پشت‌بەستوو  بە ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی ڕووی نەداوە و هەر بەو پێیەش دەکرێت بوترێت کە بە داخەوە تاڵەبان لە ناو کۆمەڵگەی خۆیدا خاوەن جێگە و پێگەیە. ئەگینا بە وتەیەک هیچ ستەمکارێکی داپڵۆسێنەر بە بێ ڕەزامەندی خەڵک ناتوانێت دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت.

مەگەر تاڵەبان کێن؟ جیالەوەی کە تاڵەبان لە کوێ و چۆن ڕێک‌خراون دەتوانین بۆ خوێنەر ئاوا پێناسەیان بکەین کە تاڵب باوەڕی قووڵی بە ئیسلام هەیە، ئازادی تاکەکەسی و بیروباوەڕ لای ئەو بێ‌مانایە و بە پێی یاساکانی ئەو هەرکەس کە لە ئیمارەتی ئیسلامیدا دەژی ناچارە مل‌کەج و پەیڕەوی ئیسلام بێت، دژ بە ئازادی ژنە و بەرابەری ژن و پیاو لای ئەو مانای نییە و لەگەڵ باوەڕەکانیدا ناتەبان، لەگەل هونەر و موزیک دژایەتی هەیە و بە کورتی ئەوەی کە لە ئایینی ئیسلامدا یاسایە و پەیڕەو دەکرێت (سەرەڕای جیاوازی لە خوێندنەوەی یاساکانی ئیسلام لە نێوان تاقمە جیاوازەکانی ئەو ئایینەدا) پێوەری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ژیانی تاکەکانن و تاڵب بۆ چەسپاندنی ئەو پەیڕەوە چەکی لە شان کردووە. ئەوە کورت‌ترین پێناسەی تاڵبە. بە بڕوای نووسەر تەنیا جیاوازی لە نێوان کەسێکی تاڵب و کەسێکی یاسایی کە خاوەنی هەمان بیرو باوەڕە تەنیا لە هەڵگرتنی چەکدایە. تەنانەت لە وڵاتانی رۆژئاواییدا زۆر جار لەگەڵ کەسانێک ڕووبەڕوو دەبین کە بە بیرو باوەر تاڵبن بەڵام کۆمەڵگە و یاسا لەم وڵاتەنەدا ئەو دەرفەتەیان پێ نادات باوەڕەکان خۆیان بە کردەوە دەربێنن. بێ گۆمان بۆ لێکۆڵینەوە لە بارۆدۆخی ئێستای ئەفغانستان پێوست بە خوێندنەوەیەکی قووڵ و مەیدانییە بەڵام بۆ چاودێرێکی ئاسایی وەکوو نووسەر هەندێک لە ڕووداوەکان کلێلی خەمساردی و لە هەندێک شوێندا شادی خەڵک لە گەڕانەوەی هێزەکانی تاڵەبان بۆ دەر دەسەڵاتە کە بە کورتی ئاماژەی پێ‌کرا.

*مەبەست لە سوسیالیسم لێرەدا بەرەی سەر بە یەکیەتی سۆڤیەتە کە لە ڕاستیدا جۆرێک لە سەرمایەداری دەوڵەتی بوو کە بە سوسیالیسمی ئوردوگاهی ناسرابوو. بۆ نووسەر ئاشکرایە کە ئەوەی لە سۆڤیەت هەبوو ئابووری سوسیالیستیی نەبوو بەڵام لە گوتاری فەرمیدا شەڕی سارد بە ململانێی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەو کێشانە دەوترێت کە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دنیای بە سەر دوو جەمسەردا دابەش کردبوو و لایەنگرانی دوو شێوە لە بەرهەم هێنانی سەرمایەداری و سوسیالیسمی تا لێواری شەڕی سەربازی برد. ئەمریکا ڕیبەرایەتی دنیای سەرمایەداری، بازاری ئازاد و لیبرالیسمی دەکرد. سۆڤیەت و وڵاتانی پاشکۆی سۆڤیەت وەکوو بەرەی چەپ و لایەنگرانی سوسیالیسم پێناسە دەکران کە لە راستیدا وێڕای پڕۆپاگەندە و ڕەش‌نواندنی میدیاکان، کارنامەیان لە کارنامەی لایەنی بەرامبەر واتە دەستەڕاستییەکان گەلێک خاوێنتر و گەشترە.